ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:34 - 31/03/2019

ئەنكەرە و ئاستانبوڵ چارەنوسی پارتەكەی ئەردۆغانیان بە دەستە‌

پەیسەر

راپرسیەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانرەوای توركیا شارەوانی شاری ئەنكەرەی پایتەخت و تەنانەت ئیستەنبوڵیش لەدەست دەدات، رۆژی یەكشەممە پرۆسەی دەنگدان بۆ شارەوانیەكانی توركیا دەستی پێكرد، كە بەتاقیكردنەوەیەكی گرنگ بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆمار دادەنرێت، ئەردۆغان رایگەیاند هەڵبژاردنەكە پرسی ژیان و مردنە بۆ توركیا، ئەوەش دوای نۆ مانگ لەوەرگرتنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە.

چاودێران پێشبینی ئەوە دەكەن كە دەنگدەرانی توركیا سزای پارتی دادوگەشەپێدانی فەرمانرەوا بدەن كە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەوەش بەهۆی كێشەی دابەزینی بەهای لیرەوە كە لەمانگی ئابی ساڵی رابردووەوە دەستی پێكردووە، و بووە هۆی داتەپینی ئابوری كە لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو رووی لەتوركیا كرد، و بەهۆیەوە دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی توركیا رووی لەخراپی كرد.

بنكەكانی دەنگدان لەرۆژهەڵاتی توركیا لەكاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی بەكاتی ناوخۆی و كاتژمێر 4 بەكاتی گرینیج كرانەوە، یەك كاتژمێر دواتر بنكەكانی رۆژئاوای توركیا كرانەوە، و كاتژمێر 4 لەرۆژهەڵات و كاتژمێر 5 لەرۆژئاوای توركیا بنكەكانی دەنگدان دادەخرێن، نزیكەی 57 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە، و پێشبینیش دەكرێت درەنگانی ئەم شەو ناوی دەرچووەكان دەربكەوێت.

ئەردۆغان بەشێوەیەكی دیار بەشداری كەمپینەكانی هەڵبژاردنی كرد، لەگەڵ ئەوەی خۆی كاندید نیە، بەڵام بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بۆ پارتەكەی لە 14 كۆبونەوەی جەماوەری تەنها لەشاری ئیستەنبوڵ و لەرۆژانی هەینی و شەممە بەشداری كرد، ژمارەی دانیشتوانی توركیا نزیكەی 82 ملیۆن كەسە و لەو ژمارەیەش 57 ملیۆن كەسیان مافی دەنگدانیان هەیە.

چاودێران پێیان وایە هەڵبژاردنە خۆجێەكەی توركیا كە لەهەر 81 پارێزگاكەی توركیا بەرێوەدەچێت و هەزار سەرۆك شارەوانی و بەرپرسی خۆجێی لەخۆدەگرێت وەك راپرسیەك وایە بۆ سیاسەتی ئاكەپە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكەی مانگی حوزەیرانی رابردوو، تێیدا ئەردۆغان بەڵێنی توركیایەكی نوێیدا.

ئەم جارە ئەردۆغان رایگەیاند مانەوەی توركیا لەبەردەم سەنگی مەحەكدایە، و ئاماژەی بە ئاستی زیادبوونی رق بەرامبەر موسڵمانان كرد( ترس لەئیسلام) و باسی روداوی تەقەكردنەكەی دوو مزگەوتی نیوزلەنداشی كرد لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارتەكەی.

رێژەی بێكاری لە توركیا گەیشتۆتە 13.5% و ئاستی هەڵاوسانیش 19.6%
لەكاتێكدا تێكرای هەڵاوسانی نرخی كەل و پەلی خۆراكی بەرێژەی 30% بەرزبۆتەوە و بەهۆیەوە حكومەت پەنای بردۆتە بەر چاودێری نرخەكان و فرۆشتنی سەوزە و میوە بەنرخی كەم لەچەند شارێكدا.
ئەردۆغان تەنها سەرۆكی حكومەت و سەرۆك كۆمار نیە بەڵكو سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانیشە، بۆیە ئەگەر ئاستی كاری حزبەكەی خراپتر بێت لەپێش 2014 ئەوە هاوپەیمانیەتیەكەی لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست و پارتی راسترەو دەكەوێتە بەردەم مەترسیەوە، و پێگەی ئۆپۆزسیۆن بەهێز دەكات كە ئەردۆغان بەتیرۆرست وەسفی كردوون، لەسەروبەندی كێشە ئابوریەكەی ساڵی رابردووی توركیا كە بەهۆی ئەوەی لیرە 30%ی بەهاكەی بەرامبەر دراوەكانی تر لەدەستدا، ژمارەیەك لەدەنگدەرانی توركیا ئامادەن سزای ئەردۆغان بدەن.

كاتێك ئەم هەفتەیە دەسەڵاتداران چەند رێكارێكیان بۆ پشتیوانی لیرەی توركی گرتە بەر ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد كە كێشە ئابوریەكەیان بەهۆی هێرشی وڵاتانی رۆژئاواوەیە، گوتیشی  توركیا بەسەر كێشەكانیدا زاڵ دەبێت لەدوای هەڵبژاردنەكەی رۆژی یەك شەممە چونكە خۆی رابەری ئابوریە.

ئەردۆغان رۆژی شەممە لەیەكێك لەكۆبونەوەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن كە لەشاری ئاستانبوڵ بەرێوەچوو رایگەیاند ئەو هێرشە زیادانەی كە پێش هەڵبژاردن دەكرێتە سەر وڵاتەكەی بەمەبەستی دروستكردنی ئاستەنگە لەبەردەم توركیایەكی گەورەی بەهێز.

ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا ئەكەپە لەشاری ئەنكەرە یان ئیستەنبوڵ دووچاری شكست بێت ئەوە كۆتایی بە 25 ساڵ دەسەڵاتی ئاكەپە و پارتە ئاینیەكەی پێش خۆی دێت، و لێدانێكیش دەبێت بۆ خودی ئەردۆغان.

پێش هەڵبژاردنەكەش پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن هاوپەیمانیەتیەكەی هەڵبژاردنی پێكهێنا بۆ كێبركێ كردنی ئاكەپە و هاوپەیمانە نەتەوەیەكانی، بەڵام پارتی دیموكراتی گەلان (هه‌ده‌په‌) بەفەرمی نەچووە ناو هیچ هاوپەیمانیەتیەكەوە و كاندیدیشی بۆ شارەكانی ئەنكەرە و ئیستانبوڵ نیە، ئەوەش لەبەرژوەندی پارتی گەلی كۆماریە.