ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:59 - 31/03/2019

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادادپەروەرترین ناوچەی جیهان‌

پەیسەر

" نان، ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی" ئەمە دروشمێکی سەرەکی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری قاهیرە بوو لە ساڵی ٢٠١١، دادپەروەری کۆمەڵایەتیی لە چەقی داواکارییەکانی شۆڕشی میسر بوو، بەڵام ئەگەر سەیری ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی میسر لە سەردەمی حوسنی موبارەک بکەین، یەکێک نا شارەزابێت وا هەست دەکات دۆخی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵاتی لە میسر وەک هەشتاکانی وڵاتانی ئەسکەندیناڤی وایە، کە واتە ئەگەر بەپێی ئامارە فەرمییەکان بێت بۆچی خەڵکی میسر داوای یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیان دەکرد؟

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن کۆلێژی ئابوری پاریسەوە ئەنجام دراوە دەیسەلمێنێت لەنێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠١٦ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاستی نایەکسانی کۆمەڵایەتی زۆر بەرزتر بووە لە ناوچەکانی دیکەی جیهان، ئەم توێژینەوەیە کە لەلایەن تۆماس پیکیتی و فاکۆندۆ ئالواردۆوە کە دوو ئابوریناسی ناسراون ئەنجام دراوە، هەرچی زانیاری هەبووە سەبارەت بە داهاتی وڵاتەکان و خێزانەکان و ژمارەی ملیاردەر و ملیۆنەرەکان کۆکراونەتەوە و هەوڵ دراوە بە میتۆدێکی نوێ هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی نایەکسانی لە ناوچەکەدا بکەن، هەر لە میسرەوە تا دەگاتە ئێران، بەپێی ئەم میتۆدەش بەو دەرەنجامە گەیشتوون کە ئاستی نا یەکسانی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا بەرزترە لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان.

بەڵام لەم توێژینەوەیەدا کێشەی سەرەکی ئەوە بووە کە زانیاری و ئاماری ورد و مەتمانەپێکراویان دەست نەکەوتووە جگە لە لوبنان نەبێت کە زانیارییەکانی شەفافن و لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٤ هەندێک گۆڕانکاری لە چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتەکان ڕوویداوە.
 بەپێی توێژینەوەکە نایەکسانی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانە سیاسییەکانی ناوچەکەیە هەر لە هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیتەوە بگرە تا دەگاتە قەیرانەکانی ئەم دوایانە.

لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠١٦ ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکە نزیکەی لەسەدا ٧٠ زیادی کردووە واتە لە ٢٤٠ ملیۆن کەسەوە گەیشتووەتە ٤١٠ ملیۆن کەس، بەڵام ئاستی ئاستی داهات لەو ناوچەیەدا بەو ڕێژەیە بەرز نەبووەتەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی هەڵاوسان تەنیا لەسەدا ١٥ بەرزبووەتەوە.

جگە لە چەند وڵاتی عەرەبی کەنداو نەبێت ( وەک قەتەر و ئیمارات وکوەیت و بەحرەین و سعودیە ) وڵاتەکانی دیکەی وەک ئێران و تورکیا و وڵاتە عەرەبییەکانی دیکە داهاتێکی زۆر کەمیان هەیە و لەنێوان لەسەدا ١٠ بۆ لەسەدا ٢٥ی نێونجی داهاتی وڵاتانی ئەورپایە، هەربۆیە جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان داهاتی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، هەرچەندە لەو ماوەیەدا واتا لەنێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠١٦ کەمێک جیاوازییەکە کەمتر بووەتەوە.

کەمبوونەوەی جیاوازییەکەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گەشەسەندنی ئابوری چەند وڵاتێک وەک تورکیا، هروژمی کرێکارانی بیانی بۆ وڵاتانی کەنداو، زۆربوونی کرێکارانی بیانی لە وڵاتانی کەنداو بووەتەهۆی ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی ئەم وڵاتانە بەرزبێتەوە و بەمەش رێژەی داهات بە نیسبەت ژمارەی دانیشتوان کەمی کردووە، بەڵام سەرباری هەمووی ئەمانەش هێشتا جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان داهاتی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لە ساڵی ٢٠١٦ لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتانی کەنداو لەسەدا ١٥ی کۆی ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکەبوون، بەڵام خاوەنی لەسەدا ٥٠ داهاتی ناوچەکەبوون.

لەسەدا ١٠ دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە خاوەنی نزیکەی لەسەدا ٦٤ی داهاتی ناوچەکەن ئەمە لە کاتێکدایە لە ئەوروپا لە سەدا ١٠ی دەوڵەمەندەکان خاوەنی لەسەدا ٣٨ی داهاتی ئەوروپان، ئەم رێژەیە بۆ ئەمریکا لەسەدا ٤٧ و بۆ برازیل لەسەدا ٥٥ و بۆ ئەفریقای باشوریش لەسەدا ٦٢یە، هەرچەندە بەرازیل و ئەفریقای باشور بەوەناسراون کە زۆرترین نەیەکسانیان هەیە لە چۆنیەتی دابەشکردنی داهات.

لەسەدا ١ی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی لەسەدا ٢٧ی داهاتی ناوچەکەن، لە ئەوروپا خاوەنی لەسەدا ١٢ و لە ئەمریکا لەسەدا ٢٠ و لە برازیل لەسەدا ٢٨ و لە چین لەسەدا ١٤ و لە ئەفریقای باشور لەسەدا ١٨ و لە هیندستان لەسەدا ٢١ە.

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەد ٥٠ی خەڵکی هەژار و کەمداهات تەنیا خاوەنی لەسەدا ٩ی کۆی داهاتی ناوچەکەن، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە بۆ ئەوروپا لەسەدا ١٨یە، دەبێت ئەوەش لە بەرچاوبگرین کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی چۆنیەتی دابەشکردنی داهات بەرزترین رێژەی ستەمی نەژادی و نەتەوایەتی هەیە، بەرزتر لەوەی لەسەردەمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشور هەبوو، لە ئەفریقای باشور لەسەدا ١٠ی دەوڵەمەندەکان سەر بە سپی پێستەکان بوون، یان لە بەرازیل کاتێک لە ساڵی ١٨٨٧دا سیستمی کۆیلایەتی هەڵوەشایەوە ئەم ئامارە تەنیا لەسەدا ٣٠ بوو.