لێکۆڵینەوە

10:47 - 01/12/2018

هەماهەنگى سعودییە و ئەمریکا لە فرۆشتنى چەک لەپێناوى هەژمووندا‌

پەیسەر

پەیوەندى ستراتیژى ئەمریکا و سعودییە لەسەر بنەمایەکى سادە بنیاتنراوە: واشنگتن لەڕووى ئەمنییەوە سعودییە دەپارێزێت، لەکاتێکدا ڕیازیش وەکو هاوبەشێکى هەماهەنگیکارى دژەتیرۆریزم و لایەنێکى سیاسیییە، و وەڵامیشى هەیە بۆ بازاڕى وزەى جیهانى. فرۆشتنى چەک پێکهێنەرێکى سەرکى ئەو پەیوەندییەیە. ئەرکى بەردەوامیى سوپایەکى فراوانى سعودییە واشنگتن و ڕیاز بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەکاتێکدا کە کڕینى چەک و تەقەمەنى ئەمریکى و هۆکارە پەیوەستەکانى دیکەش بەشێوەیەکى فراوان لەلایەن شانشینى سعودییەوە وایکردووە کە ئابوورى ئەمریکا بەگشتى و پیشەسازى بەرگرى ئەمریکا بەهێزتر بکات.


لەبنەڕەتدا، پەیوەندییەکان لەسەر بنەماى ئەو پێشبینییە بووە کە ئەمریکا پێشڕەوى دەبێت لەبوارى سیاسەتى دەرەکى و ئەمنییەوە بۆئەوەى سعودییە بپارێزێت. بەڵام، لەسەردەمى ئیدارەى ئۆبامادا ئەو هاوکێشەیە گۆڕا بۆ پەیوەندى لەسەر بنەماى هاوبەشى بەشێوەیەک کە سعودییە هاندرا هێزى زیاتر دروست بکات و گەشەیان پێبدات بۆئەوەى خۆى ئەمنیەتى خۆى بپارێزێت. ئەوەبوو سعودییە بەشێوەیەکى پێشبینى نەکراو دەستیکرد بە فراوانکردنى بەرژەوەندییە ئەمنییەکانى خۆى، ئەمەش قەیرانى دیکەى لێکەوتەوە لەوانەش جەنگى خوێناوى یەمەن، و پەراوێزخستنى قەتەر، و دوورخستنەوەى سەعد حەریرى سەرۆکوەزیرانى لوبنان، و کوژرانى ڕۆژنامەنووسى سعودى جەمال خاشقچى.

ئەو گۆڕانکاریانە ئەو هەستەى زیاتر کرد لەناو کۆنگرێسى ئەمریکادا کە پێویستە پێداچوونەوە بکرێت بۆ هەماهەنگى ئەمنى ئەمریکا لەگەڵ سعودییە، ئەو تێڕوانینە دەکرێت زۆر زیاتر ببێت لەدواى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا لە شەشى تشرینى دووەمدا. هەوڵى زیاتر بۆ ئەو دووبارە هەڵسەنگاندنەوەیە زیاتر دەبێت بەتایبەت ئەگەر لایەنە بەشداربووەکانى جەنگى یەمەن نەیانتوانى ئەو ئاگر بەستە بگەیەننەجێ کە لەلایەن مایک پۆمپیۆ  وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و جیم ماتیس وەزیرى بەرگرى ئەمریکاوە داوا کراوە.

هەڵسەنگاندن بۆ گەورەترین کڕیارى چەکى ئەمریکا
لە مانگى ئایارى 2017ـەوە دۆناڵد ترەمپ بەشێوەیەکى بەردەوام گوتوویەتى کە سعودییە دەیەوێت بەبڕى 110 ملیار دۆلار چەک و پێداویستى سەربازى  و خزمەتگوزارى دیکەى لە ئەمریکا بکڕێت، ئەو ئامارە ئەو چەک و پێداویستییانە دەگرێتەوە کەلەئێستادا گرێبەستى کڕینیان بەڕێوە دەچێت یان ئەو لێکتێگەیشتنانەى کەلەنێوان هەردو وڵاتدا هەیە بۆ لەداهاتوودا کڕینى چەک و پێداویستى زیاتر. ئامارەکان هەرچۆنێک بن، پلانى بڕى ئەو چەک و تەقەمەنیەى کە ڕیاز دەیەوێت بیکڕێت گومانى تێدانییە زۆر زەبەلاحە. لەماوەى 10 ساڵى ڕابردوودا، شانشینەکە ئامادەبووە بەوەى چەک و پێداویستى زیاتر بکڕێت، و هەروەها داواى خزمەتگوزارى زیاتر و مەشق و ڕاهێنانى زیاترى کردووە بەراورد بەهەر کڕیارێکى دیکەى بیانى، لەکاتێکدا کە کۆنگرێس ئاگادارکراوەتەوە لەبارەى کڕینى سەرەتایى بەبڕى 138 ملیار و 900 ملیۆن بەمشێوەیە: 90 ملیار و 90 ملیۆنى لەماوەى هەشت ساڵى ئۆباما و 48 ملیار و 810 ملیۆنى لەماوەى دوو ساڵى سەرۆکایەتى ترەمپ. لەمیانى ئەو کڕینانەى کە دەزگاى توێژینەوەى سەربە کۆنگرێس ئاماژەى پێداون ئەمانەى خوارەوەن:
63 ملیار دۆلار بۆ سیستمى باڵى فڕۆکە، لەوانەش بۆ فڕۆکەى جەنگى و ناجەنگى، چەک و تەقەمەنى و پێشخستنى ئەلیکترۆنى
49 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ سیستمى جەنگى وشکانى، لەوانەش ئۆتۆمبێلى گوللـەنەبڕ و موشەک و تەقەمەنى
49 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بۆ سیستمى هێلیکۆپتەر، لەوانەش ئەپاچى گوللەنەبڕ و هۆکارى گواستنەوە
24 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بۆ سیستمى بەرگرى موشەکى، لەوانەش موشەکى پاتریۆت و سیستمى تێرمیناڵى ناوچەى بەرگرى ئاسمانى کە سیستمێک دەبێت نزیکەى 15 ملیار دۆلارى تێدەچێت
12 ملیار دۆلار بۆ سیستمى دەریایى، لەوانەش بەلەمى دەریایى جیاوازى جەنگى کەناراوەکان کە بەپێى پڕۆژەکان نزیکەى 11 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارى تێدەچێت


چەک و تەقەمەنى ئاڕاستەکراو
فرۆشتنى چەک و تەقەمەنى ئاڕاستەکراو لەڕێگەى فڕۆکەوە یەکێکى دیکەیە لە پرسەکانى پەیوەندى هاوبەشى ئاسایشى نێوانیان. لەدواى گەڕى 2009 بۆ 2010ى شەڕى حوسییەکان، شانشینى سعودییە هەوڵیدا کە چەک و تەقەمەنییەکانى نوێبکاتەوە لەڕێگەى کڕینى 1300 بۆمبى دژە کەسى ئەمریکى لەجۆرى (سى بى یو 105) کە جۆرێک لە تەقەمەنییە کە هەستى هەیە. ئەو جۆرە تەقینەوەیە زیاتر جێگەى متمانەیە کە بەرهەمهێنەرانى ئەو تەقینەوەیە دەڵێن ئەو بۆمبە وەکو بۆمبى هێشوویى نییە و بڕێکى کەمى لێبەرهەمهێنراوە. بەڵام بەپێى بەدواداچوونى تۆمارى هێرشەکان کەلەلایەن پەیمانگاى واشنتنەوە ئامادەکراوە، لە تشرینى دووەمى 2015دا دواى هەشت مانگ لە جەنگى ئێستاى یەمەن، سعودییەکان نزیکەى 2600 چەک و تەقینەوەى ئاڕاستەکراویان بەکارهێناوە.
لە وەڵامى ئەوەدا سعودییەکان داواى 19 هەزار چەک و تەقەمەنى ئاڕاستەکراویان کردووە بەپاکێجێک بەبڕى یەك ملیار و 290 ملیۆن دۆلار، و لە تەموزى 2017دا دەست بە ڕەوانەکردنیان کرا بۆ سعودییە. سەرەڕاى ئەو پاکێجە، لە حوزەیرانى 2017دا، ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا ڕەزامەندى دەربڕى لەسەر فرۆشتنى ئەو جۆرە لە چەک و تەقەمەنى بە بڕى 500 ملیۆن دۆلار بە سعودییە، کە ئەوەش یەکەم بەشى ڕێککەوتنێکى پێنج ساڵى داهاتوو بوو کە هەر ساڵێک بڕى 4 ملیار و 460 ملیۆن دۆلار دەبێت بۆ ڕەوانەکردنى 104 هەزار چەک و تەقەمەنى ئاڕاستەکراوى ئەمریکى بۆ سعودییە. پێدەچێت ڕیاز ئاستى کڕینى خۆى زیاتر بکات بەهۆى پێشبینیکردنى درێژبوونەوەى جەنگى یەمەن و زیاتر بەکارهێنانى ئەو جۆرە لە چەک و تەقەمەنى.

بەپێى ئەو ئامارو زانیارییانەى پەیمانگاى واشنتن کە لە سعودییە و یەمەن کۆکراونەتەوە ، لە مانگى ئازارى 2015ـەوە هێزەکانى سعودییە 14 هەزار و 500 چەک و تەقەمەنیان بەکارهێناوە، کە ئەمەش بەنزیکەیى هەموو ئەو چەک و تەقەمەنییە ئاڕاستەکراوانەبوون کە کڕیویانە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە 2015دا بۆ هەر مانگێک بڕى 333 تەقەمەنى ئاڕٍاستەکراو بەکارهاتووە بەڵام لە ئەمساڵدا ڕێژەکە دابەزیوە بۆ 270 دانە لە هەر مانگێکدا. ئەو چەک و تەقەمەنیانەى کە گەیشتون بە سعودییە لە تشرینى دووەمى 2017دا داواکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕیاز پێى وابوو پێویستى بە چەک و تەقەمەنى ئاڕاستەکراوى زیاتر دەبێت لە 2019دا، بەڵام دواى چەند ساڵێک ئاماژەیەکى وادەرنەکەوت کە ژمارەى ئەو چەک و تەقەمەنیانە کەمبن.
لەسەر بنەماى تێگەیشتنێکى ڕوکارى لەسەر کڕینى پێش جەنگ و گۆڕانکاریە بەردەوامەکان، وادەردەکەوێت کە ڕیارز بەردەوامى بدات بە ئاستى ئێستاى بۆمبارانەکانى بۆماوەى چەند ساڵى داهاتوو، ئەگەر هەموو گرێبەستەکانى چەک و تەقەمەنى ئاڕاستەکراوى ئەمریکاى ڕەتکرانەوە. لەبەرئەوەشە، لەکاتێکدا کۆتایهێنان بە فرۆشتنى ئەم جۆرە لە چەک و تەقەمەنى ئاماژەیەک دەبێت بۆ نیگەرانی ئەمریکا یان بەئاشکرا دوورکەوتنەوەى واشنتن لە جەنگ، بەڵام بەپێى ئامار و زانیارییەکان ئەوە نابێتەهۆى ئەوەى کە هێرشى ئاسمانى بەمزوانە کەم ببێتەوە.

ڕێکخستنى فرۆشتنى چەکى ئەمریکا

بەهۆى بەکارهێنانى ئەو بۆمبانەى کە لەلایەن ئەمریکاوە دابینکراون بۆ خوێناویترین و کارەساتبارترین جەنگە ناوخۆییەکان، کۆنگرێس چەندین بیانووى لۆژیکى هەیە بۆ ڕێگریکردن، دواخستن، یان مەرجدارکردنى فرۆشتنى چەک و تەقەمەنى بە سعودییە لەداهاتوودا.  بەخوێندنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییەى ئەمریکا، لە ئەنجومەنى پیران 47 کورسى دژ بەمجۆرە لە فرۆشتنى چەک و تەقەمەنین بە سعودییە و دەکرێت ببنە زۆرینە. تێکەوتنى سعودییە بە کەیسى خاشقچى یان گفتوگۆکانى ئاشتى لە یەمەن دەکرێت وابکات سیناتۆرى زیاتر پشتیوانى لە پڕۆژە بڕیارێکى هاوبەش بکەن لەسەر پاکێجى نوێى فرۆشتنى چەک بە سعودییە. لە هەموو گریمانەکاندا، سەرۆک ڤیتۆى وەها بڕیارێک دەکات مەگەر کۆنگرێس بتوانێت ئەوە بخاتەڕوو کە بەتەواوى قورسایى ئەو وەها بڕیارێکى لێکداوەتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنى پشتگوێخستنى پێویستى ئەمنی هاوبەشێکى درێژخایەن و زیانگەیاندن بە پێگەی ئەمنیى ئەمریکا وەکو هاوپەیمانێک و فرۆشیارى چەک.

بۆ چارەسەرى ئەو پرسانە، دەبێت ئەمریکا هەندێ ڕێوشوێن بە تێگەیشتنى گشتى بگرێتەبەر:
-پێشتر بیربکاتەوە و پێداچوونەوە بکات بە وردەکارى فرۆشتنى چەک. لەسەردەمى ئیدارەى ئۆبامادا، سعودییە توانایەکى زۆر فراوانترى سەربازى بەدەستهێنا و تواناى ئەوەى پێبەخشرا کە بۆخۆى ئەمنیەتى خۆى بپارێزێت. نەبوونى وردەکارى، و چاودێرى و پێداچوونەوەى ورد بۆ فرۆشتنى چەک بە ریاز ئەو ڕاستیەى بەنهێنى هێشتەوە. بەرلە بیرکردنەوە لە فرۆشتنى چەکى دیکە، پێویست دەکات کۆنگرێس سووربێت لەسەر ئەوەى کە وەزارەەتى دەرەوە و پنتاگۆن وردەکارى تەواو و هەڵسەنگاندنى ورد بکەن بۆ جەنگ و پێدادانەکانى سعودییە بەو توانا سەربازییەى کە دەستى دەکەوێت، هەروەها بەو دامەزراوە ئەمنییەى کە دروستى دەکات، و پلانەکانى داهاتووى لەبەرچاو بگیرێت لەسەر بنەماى ئەو خواستى کڕینەى کە دەیخاتەڕوو، هەروەها بژاردەى کریارى دیکە لەبەرچاو بگیرێت، و ڕەنگدانەوەى ئەو گرێبەستانە لەبەرچاوبگیرێت کە کاریگەریان دەبێت لەسەر ئاسایشى ئەمریکا. فرۆشتنى چەک دەبێت بە بەرچاوڕوونى بێت، هەڵسەنگاندنى درێژخایەن بکرێت بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانى ئەمریکا، و نابێت تەنها خواستى ئابوورى یاخود ئەو کارە لەپێشینانە لەبەرچاو بگیرێت کەلەلایەن بەرپرسانى سعودییەوە دەخرێتەڕوو.
-ئەو سیستمانە نادیدە نەکرێن کە بەشێوەیەکى زۆر سروشتێکى بەرگریان هەیە. هەندێک لە تواناکانى سعودییە بەشێکە لە هەڵگرتنى کێشەى هێزەکانى ئەمریکا لە بەرگریکردن لە ناوچەى کەنداو و سنووردارکردنى ئێران. خواستنى واشنتن بۆ بەرپرسیارێتى هەڵگرتنى بەرپرسانى سعودییە بۆ ئەو  کاروبارى پڕکێشە مایەى تێگەیشتنە، بەلام نابێت بەشێوەیەک بێت کە سیاسەتى ئەمریکا بەشێوەیەک دابڕێژرێت کە خەڵاتکردنى تاران بێت. ئەمریکا بەرژەوەندى بەهێزى ستراتیژى هەیە لەبەردەوامیدان بە سیستمى دەریایى، و بەرگرى موشەکى و پشتیوانیى بەرگرى سنوورەکان و هێزى بەرگرى لە ڕووبەڕوو بوونەوەى مین و ڕووبەڕوو بوونەوەى سیستمى هێرشى ناڕاستەوخۆ. ئەو سیستمانە بڕى 54 لەسەدا (یان 26 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار) پێکدەهێنن لەو 48 ملیار و 810 ملیۆن دۆلارەى کە سعودییە تاوەکو ئێستا وەکو کڕینى چەک پێشنیازى کڕینى کردووە بۆ ئیدارەى ترەمپ، و ئەمەش خەڵاتێکى گەورەیە بۆ ئابوورى ئەمریکا.
-مەرجدارکردن و بەهێواشى بەخشینى ئەو سیستمانەى کە زۆرینەى  بۆهێرش بردنن. وەکو ئەوەى باسکراوە لە سەرەوەدا، شانشینى سعودییە دەکرێت بەشێک لەو سیستمانە بەکاربهێنێت بۆئەوەى جەنگێکى گەورەتر لە یەمەن ئەنجام بدات، لەوانەش تانکى ئێم 1 ئەى2 ئێس، هەروەها موشەکى ئاڕاستەکراو و چەک و تەقەمەنى ئاڕاستەکراو. دواخستن یان مەرجدارکردنى ڕەوانەکردنیان شتێکى دادوەرانەیە، دەکرێت بە مەرجى ئەوە بێت کە لە یەمەن بەکارنەهێنرێن مەگەر لەحاڵەتێکدا حوسییەکان ئامادەنەبن کە بچنە دانوستانى ئاشتیانەوە. واشنتن دەکرێت فرۆشتنەکانى ڕابگرێت لەحاڵەتێکدا ئەگەر هێرش بکرێتەسەر ناوچەى نیشتەجێبوونى هاووڵاتیان، ئەمەش لە 30ى تشرینى یەکەمدا لەلایەن وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاوە ئاماژەى پێدرا.

 
مایکڵ نایتس، لێکۆڵەرى باڵایە لە پەیمانگاى واشنتن، چوار جار سەردانى یەمەن و هاوپەیمانێتى کەنداوى کردووە لەئەمساڵدا