ڕاپۆرتی کوردستانی

09:28 - 02/04/2019

هه‌موو شتێك له‌باره‌ی سلێمانییه‌وه‌‌

پشدەر بابەكر

رۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1784 ئیبراهیم پاشای بابان بەردی بناغەی شارێكی نوێی لە قەدپاڵی چیای گۆیژە دانا، بۆ ئەوەی بیكاتە پایتەختی میرنشینی بابان و پایتەختەكەی لەقەلاچوالانەوە بگوازێتەوە بۆ شارە نوێكە، شارەكە بەناوی باوكی ئیبراهیم پاشا كەناوی سلێمان بوو ناونرا سلێمانی، ئەو رۆژە بووە سەرەتایەكی نوێ لە باشوری كوردستان دواتر سلێمانی لەزۆر بواردا بووە پێشەنگ و لەزۆر بواری تریشدا كاریگەری و رۆڵی دیاری هەبووە، دوای ئەوەش مێژووی سلێمانی بەژمارەیەك قۆناغ و هەوراز و نشێودا تێپەڕیووە.

میرنشینی بابان ساڵی 1851 لەسەردەستی عوسمانیەكان روخێندرا،  سلێمانی كەوتە دەست خەلافەتی عوسمانی تا ساڵی 1922 و لەو ساڵەدا خەلافەتی عوسمانی بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە روخا و ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ هەوڵی مەلیك مەحمود  بۆ دروستكردنی دەوڵەتێك كە سلێمانی پایتەختی پایتەختی دەوڵەتەكەبوو تا ساڵی 1924، دواجار سلێمانی بەدەرلەخواستی خۆی دەلكێندرێت بە دەوڵەتی تازە دروستكراوی عێراقەوە لەدەیەی دووەمی سەدەی رابردوودا و تائێستاش بەشێكە لەخاكی ئەو وڵاتە.

سلێمانی پایتەختی روحی ناسیۆنالیزمی كوردیە
كریس كۆچێرا نوسەر و رۆژنامەنوسی دیاری فەرەنسی دەربارەی سلێمانی دەڵێت، سلێمانی پایتەختی روحی ناسیۆنالیزمی كوردی عێراقە، بەهۆی ئەوەی سلێمانی نەچۆتە ژێر باری پلانی ئینگلیزەكان كە لەمیانی جەنگی جیهانی یەكەم هاتنە باشوری كوردستان و ئەو پارچەی كوردستانیان بە دەوڵەتی عێراقەوە لكاند، بەڵام هەرزوو دەنگی نارەزایەتی لەلایەن دانیشتوانی سلێمانیەوە بەرزبۆوە و بەهۆیەوە بووە یەكەم شار ساڵی 1918 دژی داگیركاری ئینگلیزەكان خۆپیشاندانی كرد، و گرژی پەیوەندی ئینگلیزەكان و سلێمانی بووە هۆی ئەوەی ساڵی 1922  راستەوخۆ لەلایەن فرۆكەكانی بەریتانیاوە شارەكە بۆردومان كرا.

پلانی دروستكردنی دەوڵەتی عێراق لەلایەن ئینگلیزەكانەوە لەساڵی 1917 دارێژرا كاتێك لەبەسرەوە هاتنە عێراق، بەڵام پلانەكە پێچەوانەی خواستی كورد بوو بۆیە مەلیك مەحمود لەسلێمانی دەوڵەتێكی راگەیاندوو خۆی بووە مەلیكی دەوڵەتەكە، بەڵام ئینگلیزەكان لەگەڵی كەوتنەشەر و كۆتاییان بەدەسەڵاتەكەی هێناو خۆشیان دوورخستەوە.

ساڵی 1924 و ئەوكاتەی كۆمەڵەی گەلان هەبوو لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە و راپرسی دەربارەی چارەنوسی ویلایەتی موسڵ رەوانەكرد، تابزانێت دانیشتوانی ئەو ویلایەتە لەنێوان چونەپاڵ عێراق و چوونەپاڵ توركیا و سەربەخۆیی چی هەڵدەبژێرن دواین شوێن كە لەو ویلایەتەسەردانی دەكەن شاری سلێمانی دەبێت، لەو بارەیەوە ئی ئەف وێرسن سەرۆكی لیژنەكە كە بەرەگەز سویدی بووە لەبیرەوەریەكانیدا نوسیویەتی ( مانەوە لەسلێمانی زۆر خۆش بوو مرۆڤ دەیتوانی وێنەیەكی چاكی عەقڵیەتی نوێی كورد لەوێ ببینێت، لەسلێمانی هەوڵی رۆشنبیری كوردی بەدی دەكرا و داهاتویەكی گەشی لێ چاوەڕوان دەكرێت).
ئازاره‌كانی سلێمانی له‌ عێراقی نوێدا
سلێمانی هەمیشە دژی دەسەڵاتە داگیركەر و دڵرەقەكانی بەغداد بووە بۆئەمەش قوربانی زۆری داوە، لەساڵی 1930 ئینگلیزەكان رێككەوتنێكیان لەگەڵ حكومەتی عێراق كرد، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێككەوتنەكە باسی كوردی تێدانەبوو بەهۆیەوە دانیشتوانی شارەكە بایكۆتی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 6ی ئەیلولی ساڵی 1930 یان كرد كە دەبوایە پەرلەمان رێككەوتنەكە پەسەند بكات، نەك هەر ئەوەش بەڵكو خەڵكی شارەكە خۆپیشاندانێكی فراوانیان ئەنجامدا بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندانەكە بۆ پێكدادان گۆڕدرا و توندوتیژی تێكەوت 34 خۆپیشاندەر كوژران، لەسەر دەمی بەعسیەكانیشدا شاری هەڵه‌بجە كە ئەوكاتە بەشێك بوو لەپارێزگای سلێمانی بەگازی كیمیایی هێرشی كرایەسەر و چەند ناوچەشی ئەنفال كرا، لە بەهاری ساڵی 1991یشدا سلێمانی پێشەنگ و دەستپێشخەری راپەرینەكەبوو.

سلێمانی دوای راپەرین
لەدوای راپەرینیش سلێمانی لەبیری نوێ و رۆشنبیری و رۆشنگەری پێشەنگ بووە، ئەگەرچی یەكێتی و پارتی شەڕی ناوخۆیان كرد و هەموو دەرگاكانی ئازادیان داخست، بەڵام هەموو ئەمانە نەیانتوانی رۆڵی سلێمانی لەفكر و ئەندێشەی نوێ پەك بخەن.
رۆژی 5/11/ساڵی 2000 و لەقۆناغێكی زۆر ناسك و هەستیاردا كە هێشتا كاریگەریەكانی شەری ناوخۆ و ئاوارەیی بەرۆكی هەرێمی بەرنەدابوو یەكەم رۆژنامەی ئەهلی لەسلێمانی دەرچوو كە رۆژنامەی هاوڵاتی بوو، هەروەها لە 25/7/2009 و لەسەردەستی نەوشیروان مستەفا بۆیەكەم جار لەمێژووی كوردا ئۆپۆزسیۆنێكی پەرلەمانی لەشاری سلێمانیەوە دروست بوو.

هەروەها لە 17ی شوباتی ساڵی 2011 لەشاری سلێمانیەوە، یەكەم كەناڵی ئەهلی بێلایەن دروستكرا كە كەناڵی ئێن ئارتی بوو، ئەم كەناڵە لەسەرەتای كاركردنی وەك میدیایەكی سەربەخۆی رەخنەگر رۆڵی گرنگی لەهۆشیاری خەڵكی هەرێمدا بینی.

ئامارەكان دەربارەی پارێزگای سلێمانی
ژمارەی دانیشتوان
تا سەرەتای ساڵی 2017 دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی 2 ملیۆن و 210 هەزار و 879 كەس بووە كە بەسەر شاری سلێمانی و 16 قەزا و 46 ناحیە و 2 هەزار و 248 گوندا دابەش بوون، ئەم ژمارە مرۆڤە لەچوارچێوەی 420 هەزار خێزان كۆبونەتەوە ئەوەش لەكاتێكدایە 620 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون لەسنوری ئەو پارێزگایەدا هەیە، سەرباری ئەوەش 15%ی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی كرێچین..
شاری سلێمانی
ناوەندی شاری سلێمانی لە 470 كیلۆمەتر چوارگۆشە پێكهاتووە، شارەكە لە 213 گەرەك پێكدێت و 8 پاركی سەوزایی گەورە و 523 باخی بچوكی هەیە و بەشێوەیەكی گشتی 13%ی رووبەری شارەكە سەوزایە، لەسنوری شاری سلێمانی 27 گۆڕستان هەیە،  لەدوای راپەرینەوە حكومەتی هەرێم 20 هەزار و 843 پارچەزەوی لەسنوری شارەوانی سلێمانی دابەشكردووە و لەدوای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنانیش لەساڵی 2006 وە 40 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەسنوری ئەو شارە دروستكراون.
سلێمانی لەبواری تەندروستیدا
لەسنوری پارێزگای سلێمانی 36 نەخۆشخانەی حكومی و 16 نەخۆشخانەی ئەهلی و 524 بنكەی تەندروستی هەیە، و 2 هەزار و 329 پزیشك تێیاندا دەوام دەكات لەو ژمارەیەش 839 پزیشكیان تایبەتمەندن و 347 پزیشكیشیان پسپۆری دەرمانسازن هەروەها 503 پزیشكی ددان لەپارێزگاكە هەیە، 9 هەزار و 753 كارمەندی پزیشكیش لەو نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیانەدا دەوام دەكەن.

سلێمانی لەبواری گەشتیاریدا و په‌روه‌رده‌یدا
لەسنوری پارێزگای سلێمانی 287 ئۆتێل هەیە هەروەها 7 ئۆتێلی پێنج ئەستێرەش هەن.
 لەبواری پەروەردەیشدا لەسنوری پارێزگای سلێمانی 2 هەزار و 234 خوێندنگا هەن كە نزیكەی 600 هەزار خوێندكار دەوامی تێدا دەكات و 51 هەزار و 152 مامۆستا بەشێوەی میلاك وانە بەخوێندكاران دەڵێنەوە. لەبواری خوێندنی باڵاشدا لەسنوری پارێزگای سلێمانی 5 زانكۆی حكومی و 5 زانكۆی ئەهلی هەیە بەهەردوو جۆرە زانكۆكەش نزیكەی 50 هەزار خوێندكاریان تێیدا لەلایەن زیاتر لە 3 هەزار مامۆستاوە وانەیان پێدەگوترێتەوە. هەروەها 11 پەیمانگا لەسنوری سلێمانیدا هەن كە ژمارەی خوێندكارەكانیان نزیكەی 15 هەزار خوێندكارە.
سلێمانی لەبواری گواستنەوەدا 
لەسنوری پارێزگای سلێمانی تا سەرەتای ساڵی 2017 ، 562 هەزار و 484 مۆڵەتی شۆفێری تۆماركراوە و 459 هەزار و 124 ئۆتۆمبێلیش تۆماركراوە، یەك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەیە. و له‌م پارێزگایه‌ش رێگای ئاسنین و ئاوی بوونیان نیە.
سلێمانی لە بواری ئابوری 
هەتا سەرەتای ساڵی 2017 بەپێی ئامارەكان 46% و پۆینت 9ی دانیشتوانی شارەكە لەكەرتی حكومی كاریان كردووە لەبەرامبەردا 51% و پۆینت 4 لەكەرتی تایبەت و 1% و پۆینت حەوت لەكەرتەكانی تر كاریان كردووە و تێكرای خەرجی خێزان لەمانگێكدا 850 هەزار دیناربووە ئەوەش لەكاتێكدایە تێكرای داهاتی خێزانێك لەمانگێكدا 750 هەزار دینار بووە، تێكرای خەرجی تاكێك لەمانگێكدا 170 هەزار دیناربووە، بەڵام داهاتی تاك لەمانگێكدا 150 هەزار دینار بووە. رێژەی ئەو كەسانەی لەژێر هێڵی هەژاریەوەن لەسنوری پارێزگای سلێمانی 10%

سلێمانی لەبواری كشتوكاڵدا
بەپێی ئامارەكان تاسەرەتای ساڵی 2017 لە سنوری پارێزگای سلێمانی كۆی زەوی شیاو بۆ كشتوكاڵ 2 ملیۆن و 496 هەزار و 644 دۆنم هەبووە هەروەها زەوی بەراو بریتیە لە 286هەزار و 715 دۆنم، جگه‌ له‌وانه‌:
ژمارەی مەر بریتیە لە 1 ملیۆن و 816 هەزار و 859 سەر
ژمارەی بزن لە پارێزگای سلێمانی 563 هەزار و 618 سەرە
ژمارەی مانگا 184 هەزار و 246 سەرە
ژمارەی گامێش 3 هەزار و 815 سەرە
ژمارەی هۆڵی بەخێوكردنی پەلەوەر 526 هۆڵە
ژمارەی خانوی پلاستیكی 3 هەزار و 70 خانویە
ژمارەی حەوزی ماسی 344 حەوزە 
ژمارەی كورە هەنگ 67هەزار و 465 كورەیە
ژمارەی بیری ئیترتیوازی 2هەزار و 100 بیرە

غازی سروشتی لەسلێمانی
80%غازی سروشتی هەرێم كەوتۆتە پارێزگای سلێمانی بەڵام جگەلەوەی 2 هەزار مێگاوات لەو غازە بەرهەم دەهێندرێت تەنها 34%ی كارەبای هەرێم دەدرێتە سلێمانی ئەوەش لەكاتێكدایە بەغازی سروشتی چەمچەماڵ و بەنداوەكانی دەربەندیخان و دووكان زیاتر لە 55%ی كارەبای كوردستان لەسلێمانی بەرهەم دەهێندرێت.

كێشەكانی سلێمانی
1- سلێمانی پێویستی بەدروستكردنی پاڵاوگەیەكی نەوت هەیە بەوپێیەی تائێستا جگە لەپاڵاوگەی بازیان كەلەلایەن كۆمپانیایەكی نزیك لەیەكێتیەوە خاوەنداریەتی دەكرێت و توانای پاڵاوتنی سنوردارە، هیچ پاڵاوگەیەكی گەورەی یاسای لەو پارێزگایە نیە.

2- سلێمانی پێویستی بەلامەركەزیەت هەیە بۆ ئەوەی چیتر لە پرۆسەی گەشەكردن و ئاوەدانی دوانەكەوێت بەراورد بەشارەكانی تری كوردستان، بەوپێیەی داهاتی مانگانەی سلێمانی زیاتر لە 70 ملیار دینارە كەچی نۆژەنكردنەوەی هێڵی ئاوی یەكی دووكان-سلێمانی پێویستی بەچەند  ملیۆن دینارێك هەبوو حكومەتیش رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی ئەو پارەی پیشان نەدا تا ئەوكاتەی حكومەتی ژاپۆن بڕی 320 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانكرد بەسەرپەرشتی یوئێندی پی جێبەجێكرا و رۆژی 5/7/2017 لەلایەن عومەر قەڵادزەیی لەبری پارێزگاری ئەوكاتەی سلێمانی پرۆژەكە كرایەوە، هەروەها بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی پێویستی بە دوو ملیار دینار بوو، بەڵام وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیان لەسەر خەرجكردنی ئەو بڕەپارەیە پیشان نەدا تا ئەوكاتەی رۆژی 6/8/2018 هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی سەردانی وەزیری دارایی كرد و تێیدا بەڵێنی خەرجكردنی ئەو برەپارەیە درا.

3- پێویستە سلێمانی بەشێك لەداهاتی مەرزە و خاڵە سنورەیەكانی پارێزگاكەو  و غازی سروشتی و نەوت و داهاتەكانی تر بۆ پارێزگاكە خەرج بكرێت بۆئەوەی هەست بكرێت كە حكومەت كۆتایی هێناوە بەسیاسەتی جیاوازیكردن لەنێوان شارەكاندا، بەوپێیەی ئەوانەی سەردانی سلێمانی دەكەن هەرگیز هەست بەوەناكەن كە ئەم شارە دەوڵەمەندە بەسامانی سروشتی و كشتوكاڵ و ئاو و ناوچەی گەشتیاری و وەك ناوچەیەكی پشتگوێ خراو دەێتە پێش چاو.