ڕاپۆرتی کوردستانی

06:11 - 02/04/2019

یەکێتی بۆ ناتوانێت هەڕەشەکانی بۆسەر گۆڕان جێبەجێ بکات؟‌

پەیسەر

بزووتنەوەی گۆڕان حیزبێکی خێر لە خۆ نەدیوە، لەوەتی دامەزراوە بەردەوام لەژێر هەڕەشە و سزادا بووە و هیچکام لە حیزبەکانی دیکەی کوردستان ئەوەندە لەژێر فشاردا نەبوون.

لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ پارتی و یەکێتی کە ئەو کاتە هاوپەیمانی ستراتیژی بوون پێکەوە گەمارۆی گۆڕانیان دابوو، لە میدیاکانی هەر دوو حیزبەوە شەو و رۆژ هێرش دەکرایە سەر گۆڕان، هەڵسوڕاوانی گۆڕانیش تەنیا بە تاوانی گۆڕانبوون نانبڕاو دەکران، لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان چەندین جار فراکسیۆنی گۆڕان لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە کرایە دەرەوە، تەنانەت کەمال کەرکوکی وشەی حەسیر مەیدانی بەکارهێنا.

لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣ و بەهۆی رێککەوتنی پارتی و گۆڕانەوە، ئەمجارەیان لە سلێمانی گۆڕان کەوتەوە ژێر فشاری یەکێتی بە تاوانی ئەوەی بەر لە یەکێتی چووە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتووە، ساڵی ٢٠١٥ لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم کاتێک گۆڕان سازشی بۆ پارتی نەکرد، لەلایەن پارتییەوە لە هەولێر شاربەدەرکرا، هەولێر لە سەرۆکی پەرلەمان قەدەغەکرا، وەزیرەکانی دەرکران و...

لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ی پەرلەمانی عێراق یەکێتی هێرشی کردەسەر گردی زەرگەتە و خەڵک بە هانای گۆڕانەوە چوون، لەم دوایانەشدا دوای ئەوەی کە گۆران و پارتی رێککەوتوون ئەمجارەیان لەلایەن یەکێتییەوە هەڕەشەی شاربەدەرکردن لە گۆڕان دەکرێت.

یەکێتی بۆ هەڕەشە لە گۆڕان دەکات؟
لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئەیلول کە لەو کاتەدا ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار گەیشتبووە لوتکە، پارتی هەڕەشەی لە یەکێتی دەکرد کە لە حکومەتی هەرێمدا چیتر ئامادەنییە وەک خولەکانی رابردوو نەرمی بۆ بنوێنێت و زیاتر لە بەرکەوتەی هەڵبژاردن پۆست بەو حیزبە بدات، یەکێتی بۆ ئەوەی پارتی لەو هەڵوێستەی پاشگەز بکاتەوە بیری لەوەکردەوە کە بەرەیەک لە دژی پارتی پێک بهێنێت کە لە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و یەکێتی پێک بێت، هەربۆیە داوای کۆبوونەوەی کرد لە بزوتنەوەی گۆڕان.

گۆڕان کە ئەزمونی تاڵی لەگەڵ یەکێتی هەبوو و لە مەبەستەکەی یەکێتیش تێگەیشتبوو کە تەنیا ئامانجی بە کارهێنانی گۆڕان و حیزبەکانی دیکەیە بۆ فشارخستنە سەر پارتی بۆ وەگرتنی پۆستی زیاتر، هەربۆیە گۆڕان هەر ئامادەش نەبوو لەگەڵ یەکێتی کۆببێتەوە چ بگات بەوەی ئامادەبێت یەکێتی ئەو حیزبە لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکاربهێنێت، ئەم رەفتارەی گۆڕان یەکێتی توڕەکرد هەربۆیە بۆ ماوەیەک لە میدیاکانی خۆیانەوە کەوتنە هێرشکردنەسەر گۆڕان.

توڕەبوونی یەکێتی لە گۆڕان ئەو کاتە زیاتر بوو کە گۆڕان و پارتی زۆر بە ئاسانی توانیان لەسەر کارنامەی کابینەی نۆیەم و پۆستەکان رێک بکەون، لەم رۆژانەشدا لە دوای وەڵامەکەی پارتی بۆ یەکێتی گەیشتووەتە لوتکە، لەسەر ئاستی جۆراوجۆر هەڕەشە لە گۆڕان دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان و تەنانەت هەندێک لە ماڵپەڕەکانی نزیک لە بەرپرسانی یەکێتی بڵاویان کردوەتەوە کە رۆژی دووشەمە یەکێتی لە دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ نامەیەکی هەڕەشەئامێزیان بۆ گۆڕان ناردوە، هەرچەندە سەرەتا بڕیاربوو راگەیەنراوێک لە دژی گۆڕان و پارتی بڵاوبکەنەوە، بەڵام دواتر لەژێر فشاری دەرەکیدا بووبێت یان هەر هۆکارێکی دیکە لە جیاتی راگەیەنراو نامە هەڕەشە ئامێزەکەیان ناردووە بۆ گۆڕان.

لە نامەکەدا هۆشداری دراوە ئەگەر گۆڕان بەوجۆرەی لەگەڵ پارتی رێککەوتوون پرسی سەرۆکایەتی هەرێم یەکلایی بکەنەوە ئاوا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا هەر کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گۆڕان روویدا ئەوە خۆیان بەرپرسیارن، ئەمەش هەڕەشەیەکی زۆر روونە کە یەکێتی لەوانەیە بیەوێت لە سلێمانی و زۆرنی سەوز هەندێک کێشەی گەورە بۆ گۆڕان دروست بکات بە جۆرێک هەڵسوراوەکانیان لە پاراستنی گیانی خۆیان دڵنیانەبن.

لەسەر ئاستێکی دیکەشدا هەندێک لە کادیرەکانی یەکێتی یان لە سۆشیال میدیاوە بە ئاشکرا باسی شاربەدەرکردنی گۆڕان دەکرێت و هەڕەشە دەکەن کە خەڵکی سلێمانی گۆڕان لە سلێمانی دەردەکەن.

 یەکێتی دەتوانێت گۆڕان شاربەدەر بکات؟
پارتی لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بە  ئاسانی توانی گۆڕان لە هەولێر شاربەدەر بکات، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەبوو، یەکەم لەبەر ئەوەبوو هیچ کام لە حیزبەکانی دیکە لەو کاتەدا پشتی گۆڕانیان نەکرد هەرچەندە پڕۆژەی هاوبەشیان هەبوو لەگەڵ گۆڕاندا بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، نەک پشتیان نەگرت و هەڵوێستی جدیان نەبوو تەنانەت ئامادەش نەبوون وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر هەڵوێستەکەی پارتی لەو کاتەدا لە حکومەت بکشێنەوە، هەندێک کەسی سەر بە گۆڕان پێیانوایە لەو کاتەدا بەشێک لە یەکێتییەکان لەژیرەوە پێشیانخۆش بووە کە پارتی گۆڕانی لە هەولێر شاربەدەر کردووە چونکە دەرفەت بۆ یەکێتی دروست بوو بۆ نزیکبوونەوە لە پارتی.

دووەم لە بەر ئەوەبوو کە گۆڕان لە هەولێر پێگەی بەهێز نەبوو و پێگەی سەرەکی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لە سلێمانی و ناوچەی زۆنی سەوز بووە، بۆیە لە هەولێر خەڵکیش کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان لە دژی پارتی نەبوو، سێیەم هۆکار رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە گۆڕان لەسەر ئاستی ناوچەییدا هەرگیز پەیوەندییەکی دیپلۆماسی بەهێزی نەبووە یان بە وتەی خۆیان پیاوی هیچ وڵاتێک نەبوون بۆیە هیچ وڵاتێکیش داکۆکی لێ نەکردوون.

بەڵام ئیستا ئەگەر بێتو یەکێتی بیەوێت هەمان سیناریۆی پارتی لە سلێمانی دژی گۆڕان دوبارە بکاتەوە دۆخەکە جیاوازە و بە ئاسانی بەسەر یەکێتیدا تێپەڕ نابێت، لەبەر ئەم هۆکارانە:
یەکەم: گۆڕان هەرچەندە پێگە بەهێزەی چەند لەمەوبەری نەماوە و بەشێک لە دەنگدەرانی لێی توڕەن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە پێگەی لە سلێمانی ئەوەندە لاوازبووە کە یەکێتی بتوانێت بە ئاسانی دەستی بۆ ببات، گۆڕان هێشتا لەناو شاری سلێمانیدا بەهێزترین هێزی جەماوەرییە، جەماوەرەکەشی جەماوەرێکی توڕەن لە یەکێتی، بۆیە ئامادەن داکۆکی لێ بکەن، هەر بۆ نمونە کاتێک شەوی ١٢ی ئایاری ساڵی رابردوو هێرشکرایە سەر گردی زەرگەتە لەماوەی چەند خولەکێکدا بە هەزاران کەس خۆیان گەیاندە گردەکە، کەواتە لە سلێمانی ئەگەر یەکێتی بیەوێت دەست بۆ گۆڕان ببات ئەوا سەقامگیری سلێمانی بە ئەگەری زۆر تێکدەچێت و لەم حاڵەتەشدا لەوانەیە یەکێتی خۆی زیاتر لە هەر لایەنێک زیانی پێ بگات.

دووەم: ئێستا لەڕووی هاوکێشەی نێودەوڵەتییەوە لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری روویداوە، ئەمریکای ئێستا ئەمریکای ساڵی ٢٠١٥ نییە کە بەرامبەر بە نفوز و دەستێوەردانی ئێران بێدەنگ بێت یان بەرامبەر بە هەر رووداوێک بێدەنگ بێت کە دەرفەت بۆ دەستێوەردانی ئێران دروست بکات، ئەمریکییەکان یەکێتی و بە تایبەتیش بەشێک لە یەکێتی بە درێژکراوەی سیاسەتی ئێران دادەنێن و پێشیانوایە بە تێکچوونی سەقامگیری سلێمانی ئێران سودمەند دەبێت، هەربۆیە بە ئاسانی لە یەکێتی خۆش نابن.

بۆ نمونە دوای رێککەوتنەکەی گۆڕان و پارتی بڕیاربوو یەکێتی لە سلێمانی خۆپیشاندانی جەماوەری لە دژی گۆڕان و پارتی دروست بکات، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەیسەرپرێس کە لەوکاتەدا بڵاوکرایەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەر ئەو رۆژە پەیوەندی بە بەرپرسانی یەکێتی دەکات و خۆپیشاندانەکەیان پێ هەڵدەوەشێنێتەوە چونکە پێیانوابووە ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندی هەرێم ناکات و خزمەت بە بەرژەوەندی ئێران دەکات، هەربۆیە یەکێتی ناچاربوو رۆژی دواتر خۆپیشاندانە بگۆڕێت بۆ کۆبوونەوەیەک ئاسایی کۆسرەت رەسوڵ و حاکم قادر بۆ کادیرەکانی یەکێتی لە تەلاری هونەر.

لە ئێستاشدا پێشبینی ناکرێت کە ئەمریکا بە ئاسانی رێگە بە یەکێتی بدات کێشە بۆ گۆڕان دروست بکات و سەقامگیری سلێمانی تێک بچێت، تەنانەت هیچ دوور نییە لەو حاڵەتەدا ئەمریکا ئەمە بکاتە بیانوویەک بۆ کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە ناوچەی سلێمانی، کەم لەم حاڵەتەشدا یەکێتی خۆی زەرەرمەند دەبێت.

سێیەم: پێدەچێت پارتی پشتگیری گۆڕان بکات و حیزبەکانی دیکەش بە ئاسانی پشتگیری یەکێتی ناکەن لە دژی گۆڕان.

پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو سلێمانی پێویستی بە بزووتنەوەی گۆڕانە، هەربۆیەش ئەمجارەیان بە ئاسانی ئامادەبوو هەموو مەرجەکانی گۆڕان قبوڵ بکات بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا، بۆیە لەوانەیە پارتی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنەسەر یەکێتی، بە تایبەت کە لەم کاتەدا پەیوەندی یەکێتی و پارتی زۆر خراپە.

جگە لەوانەش حیزبەکانی دیکەی وەک نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو بە ئاسانی ئامادەنابن پشتگیری لە یەکێتی بکەن لە دژی گۆڕان، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو حیزبانە کە پێگەی سەرەکیان هەر لە سلێمانی و زۆنی سەوزە بێدەنگ بن بەرامبەر بە دەستبردنی یەکێتی بۆسەر گۆڕان ئەوە بە ئەگەری بە‌هێز پێگەی جەماوەریان لاواز دەبێت و لاوازبوونی پێگەی ئەو حیزبانەش بەر لە هەر لایەنێک لە بەرژەوەندی خودی گۆڕانە.

چوارەم: خەڵکی سلێمانی تەنانەت ئەو خەڵکەی کە گۆڕانیش نین بەڵام بە ئاسانی رازی نابن کە یەکێتی هێرش بکاتە سەر گۆڕان، رەنگە یەکێتی زیاتر لە هەر شتێک لە کاردانەوەی توندی خەڵک بترسێت.
بەپێی ئەم شیکارییە هەرچەندە یەکێتی لەم رۆژانەدا لەڕێی جۆراوجۆرەوە هەڕەشەی شاربەردەکردن لە گۆڕان دەکات بەڵام ئەگەرێکی لاوازە بتوانێت هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات.