ڕاپۆرتی کوردستانی

01:49 - 01/12/2018

سالار جاف یەکەم کوردی عێراق لە پەرلەمانی ئێران و کۆشکی شادا‌

پەیسەر

ئێران هەمیشە جێی داڵدەدان و حەوانەوەی ئەو کەسانەبووە کە لە عێراقەوە بەهۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڵاتوون، بەڵام بە دەگمەن کەسێکیان تێدایە وەکو سالار جاف هێندە نزیک بووبێتەوە لە شا و دەوڵەتی ئێرانەوە بە ڕادەیەک ببێتە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

 
سالار کوڕی داود بەگی جافە و لە زستانی ساڵی 1944 لە گوندی (کەلاری کۆن) ...کە ئێستا بووەتە گەڕەکێکی شاری کەلار و هەر ئەم گوندەش بناغەی دروستبوونی شارەکەیە... لە نزیکی قەڵای شێروانە کە هێمای شکۆ و دەسەڵاتدارێتی جافەکانە لە دایکبووە. سالار جاف خوێندنی سەرەتایی لە کەلار و کفری و قۆناغی ناوەندنی لە شاری باقوبە تەواو کردووە و دواتر چووەتە خانەقین.


لە پاشای عێراقەوە بۆ پاشای ئێران
داود بەگی باوکی سالار جاف یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناسراوەکانی کوردستان و عێراق لە دەیەی سییەکانی سەدەی رابردوو. داود  بەگ بە درێژایی چەند خولی پەرلەمانی عێراق لە سەردەمی حوکمی پاشایی دا، ئەندامی پەرلەمان بووە وەکو نوێنەری ناوچەی کەرکوک و گەرمیان تا كودەتاكەی عەبدولکەریم قاسم لە ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨.
دوای سەرکەوتنی ئینقلابەکەی قاسم و هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشایەتی، داود بەگی جاف بیری لەوە کردەوە عێراق و کوردستان بەجێ بهێڵێ، بۆ ئەمەش داوای لە (محەمەد رەزا شا)ی ئێران کرد داڵدەی خۆی و بنەماڵەکەی بدات. شای ئێرانیش پیشوازیی لەو داوایە کرد و لە نزیکی کرماشان جێی بۆ دابینکردن.
دوای جێگیربوونیان لە کرماشان و ساڵانێک ژیان لەناو جافی جوانڕۆدا، کوڕەکانی داودبەگ بیریان لەوە کردەوە بچن بەرەو قوڵایی ئێران. بۆ ئەمەش تارانیان هەڵبژارد. هەڵبەت ئەمەش بە رەزامەندی دەوڵەتی ئێران بوو.


لە دوای چوونیان بەرەو تاران و جێگیربوونیان لە ناوچەی (خوڕەم دەرە) ی سەر بە پارێزگای زەنجان لە باکووری ئێران، ئیتر دەرفەتێکی گەورە لە بەردەم کوڕانی داود بەگ بە تایبەت سالاردا دەکرێتەوە تا تێکەڵی سیاسەت و بازرگانیی ببێ. دەگوترێت لەو ماوەیەدا لە خوڕەم دەرە دەبنە خاوەنی پرۆژەی گەورەی کشتوکاڵیی،بە جۆرێک کە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران سەرسام دەبێت بە تۆکمەیی و پڕ بەرهەمی ئەو پرۆژە کشتوکاڵییانە.


ساڵی ١٩٦٦ داود بەگ کۆچی دوایی دەکات و لەوێ بە خاك دەسپێردرێت، ئیتر لێرەوە سالار جاف دەبێتە جێگرەوەی باوکی و بە تەواوی تێکەڵی سیاسەت دەبێت. سالار جاف یەکەم وێستگەی تێکەڵبوونی بە دنیای سیاسەتی ناوخۆی ئێران لەڕێی (حزبی پان ئێرانیست)ــەوە دەبێ. بەهۆی دەوڵەمەندی و ناوبانگی سەرمایەدارییەکەی، سالار دەبێتە  کەسێکی ناسراو لەناو ئەو حزبەدا کە دواجار دەیکات بە کەسایەتییەکی سیاسی ناسراو لە تەواوی ئێراندا.


دوای وازهێنانی لە حزبی پان ئێرانیست، سالار جاف دەچێتە ریزەکانی پارتی (ایران نوین- ئێرانی نوێ) ئەم دوو حزبەی سالار دەبێتە ئەندامیان، هەردووکیان بە دروستکراوی شای ئێران ناو دەبرێن و هیچ کات دژایەتی ستەم و زۆردارییەکانی دەوڵەتی شاهەنشایی ئێرانیان نەکردووە. بۆیە هەر کەسێک دەبووە ئەندام  ودەست ڕۆشتوو لەناو ئەو دوو حزبەدا، دەبوو پەسەندکراو و دڵخوازی خودی شای ئێران بوونایە. سالار جافیش بە درێژایی تێکەڵبوونی بە دنیای سیاسەت و بازرگانی ئێران، کەسێکی پەسەندکراوی شای ئێران بووە.


کوردێکی عێراق لە پەڕلەمانی ئێراندا
بەهۆی هۆگریی و نزیکی لە دەوڵەتی شا و خزمەتەکانی بە سیستمی پاشایەتی ئێران، سالار جاف بەناوی نوێنەرایەتی پارێزگای کرماشان و ناوچەی جوانڕۆ، دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی ئێران. سالار هەرگیز لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە کە سێکی دڵخواز و خۆشەویستی خەڵک چونکە ئەوەندەی لە خزمەتی سیستمی پاشایەتیدا بوو، لێی نەبینراوە لە خزمەتی پرسی کورد و ستەمەکانی سەر ئەو نەتەوەیەدابێت لە دەوڵەتی شاهەنشایی ئێراندا.


سالار جاف بە کەسێکی دژە چەپ  وکۆمۆنیست ناسرابوو کە ئەمەش ستراتیژ و بەرنامەیەکی سەرەکی دەوڵەتی ئێران و خودی محەمەدرەزا شابوو، لە یەکێک لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی ئێراندا سالار جاف دەڵێت: من نازانم کە ئاینی ئیسلام هەیە بۆ داکۆکی لە چینی هەژاران و دابەشکردنی سامانی گشتی بە شێوەیەکی هاوسەنگ، ئیتر کۆمۆنیست یەعنی چی؟ خەڵک ئاینی ئیسلامی هەبێت کۆمۆنیستی بۆ چیە تا داکۆکی لێ بکات!.

مردن لە پێناو شا دا
لەسەر وەختی سەرهەڵدان و خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی خەڵکی ئێران دژی شا و تێکچوونی بارودۆخی وڵات، سالار جاف دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی کرماشان و جوانڕۆ و سەرکردایەتی چەندین خۆپیشاندانی فریودەرانە و هەڵخەتێنەرانە دەکات تا وای نیشان بدات خەڵک پشتگیریی لە شای بێزراو دەکەن. لە کاتێکدا لە تەواوی ئێراندا خۆپیشاندان و راپەڕین هەبوو دژی شا و دەوڵەتەکەی.
لە یەکێک لەو خۆپیشاندانە فریودەرانەدا کە سالار جاف سەرکردایەتی دەکرد، لە شارۆچکەی پاوە تێکهەڵچوون و ئاڵۆزی لە نێوان نەیارانی شا و لایەنگرانی رووکەشانەی ئەودا هاتە ئاراوە و چەندین کەس کوژران یان برینداربوون.


دوای رووداوەکانی پاوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بڕیاری دەستبەسەرکردنی سالار جاف دەرکرد و خرایە زیندانەوە. سالار جاف لە ژوورەکانی زینداندا بوو کاتێ شۆڕشی ئێران سەرکەوت و کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی هێنرا.


سالار هەر چەندە لە زیندانە بەڵام ئەمە نابێتە پاکانە بۆی و رزگاری ناکات لە توڕەیی خەڵکی راپەڕیوو. هەر بۆیە کاتێ دەکەوێتە دەستی خەڵکی خرۆشاوی تارانەوە دواتر تەسلیمی دادگاکانی ئینقلابی دەکەن کە لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشەکەدا ئەو دادگایانە بوونە هێمایەکی دڵڕەقیی و دڕەندەیی و سەدان کەس بە سەرپێی دادگایی دەکران و دەمودەست لە سێدارە دەدران.
سەرانی شۆڕشی سەرکەوتووی ئێران بە رادەیەک توڕە و قین لە دڵن لە سالار جاف، کاتی دادگاییکردنەکەی دەکەوێتە دوای سەرۆکی رێکخراوی بەدناوی (ساواک) و پێنج فەرماندەی هەرە باڵای سوپا و پۆلیسی سەردەمی شای لە کارخراو.


ئەو شەوەی بڕیار دەدرێت سەرۆکی دەزگای سیخوڕیی و سەرکوتکەری ساواک و فەرماندەی هێزی ئاسمانیی و پۆلیسی تاران دوای دادگاییەکی سەرپێی لە سێدارە بدرێن. بە ئامادەبوونی خودی ئیمام خومەینی و سەرۆکوەزیرانی کاتیی و چەندین بەرپرسی باڵای تر، داوا دەکرێت سالار جافیش لەگەڵ ئەو پێڕەدا لە سێدارە بدرێت کە ئەمە یەکەمین پەرلەمانتاری ئێران بوو لە ریزی کاربەدەستە باڵاکانی ئێرانی سەردەمی شادا بەر توڕەیی سەرانی شۆڕش کەوت.


هەرواش بوو، سالار جاف بووە یەکەمین پەرلەمانتاری ئێران کە لە یەکەمین پرۆسەکانی لە سێدارەدانی سەرانی دەوڵەتی شاهەنشایی لە سێدارە بدرێت و ناو و وێنەی سالار لەسەر لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامە بەناوبانگەکانی ئەو کاتی ئێران. بە گەورەیی لە پاڵ دەسەڵاتدارە بەدناوەکانی دەوڵەتدا چاپ بکرێت!

کۆتایی سەر و سامان

سادق خاڵخاڵی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی: دوای دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی سالار جاف پێگموت وەسێتت چییە؟ سالار وتی خاوەنی ١٧ هەزار تمەنم.

 
سادق خاڵخاڵی حاکمە دڵڕەق و بەدناوەکەی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێران کە بڕیاری لە سێدارەدانی سالار و دەیان بەرپرسی باڵای ئێرانی دەرکرد، لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی: دوای دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی سالار جاف پێگموت وەسێتت چییە؟ سالار وتی خاوەنی ١٧ هەزار تمەنم، ئێوە بۆم بکەن بەخێر چونکە خێزان  وکەسوکارەکەم نوێژ ناکەن و بڕوایان بە خێرکردن نییە. بەڵام کە سالارمان ئیعدام کرد دەرکەوت خاوەنی ٢٠ هەزار تمەنە و سەعاتەکەی دەستیشی بایی حەوت هەزار تمەن بوو، ئەویشمان فرۆشت و بەسەر هەژاراندا بەخشیمانەوە.


سالار و بنەماڵەکەی کاتێ عێراق و کوردستانیان جێهێشت لە ساڵی ١٩٥٩ بەهۆی ئەوەوە بوو کە سیستمی پاشایەتی لە عێراق کۆتایی پێهات و داودبەگی باوکی هەستیکرد ئیتر لەم وڵاتەدا جێیان نابێتەوە. بەڵام لە ئێران لە پەنای شای ئێراندا بوونە خاوەنی سامانێکی زۆر و تێکەڵی سیستمی شاهەنشایی بوون. کەچی لە کۆتاییهاتنی سیستمی پاشایەتی ئێراندا سالار نەک بەرژەوەندییەکانی بەڵکو گیانی خۆیشی دانا و بۆ هەمیشە بوو بە چیرۆکی پیاوێک کە لە خزمەتی دەوڵەتێکی ستەمکاردا سەری دانا.


داود بەگ و سالاری کوڕی، نموونەی چیرۆکێکە بۆ ئەوانەی کاتێک لەناو دەوڵەتێکی ستەمکار و نا نیشتمانیدا خزمەت دەکەن، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەو سیستمەدا بۆ هەمیشە ناو ناوبانگ و کۆششەکانیان دەپێچرێتەوەو لەناو دێڕەکانی ستەم و ستەمکاریدا ناویان دەدۆزرێتەوە هەرچەندە خۆشیان ستەمکار نەبووبن.