ڕاپۆرتی کوردستانی

06:19 - 03/04/2019

بارزانی دەتوانێت ببێتە مەرجەع؟‌

پەیسەر

خەون بینین بە بوونە مەرجەعی سیاسی هەموو کورد ڕەنگە خەونی زۆرێک لە سەرکردەکانی کورد بووبێت، زۆریشیان لە قۆناغێکدا جۆرێک رەفتاریان کردووە کە مەرجەعی هەموو کوردن و بەناوی کوردەوە قسەیان بۆ دنیای دەرەوە کردوە یان بە لایەنی کەمەوە شوێنکەوتووەکانیان جۆرێک قسەیان کردووە کە سەرۆکەکەیان مەرجەعی هەموو کوردە.

 

حیزبێک سەرۆکەکەی بە رێبەری هەموو کورد دادەنێت، حیزبێکی دیکە سەرۆکەکەی بە سەرۆکی کوردستان ناودەبات، حیزبێکی دیکەش سەرکردەکەی بە خەمخۆر و چارەسەرکەری کێشەی هەموو کورد دادەنێت، بەڵام ئەوەی راستی بێت هیچ کام لەم سەرکردانەی کە خۆیان بە سەرۆکی کورد و یان شوێنکەوتووەکانیان بە سەرۆک و مەرجەعی هەموو کوردیان دادەنێن، نەیانتوانیوە وەک سەرۆکی هەموو کورد مامەڵە بکەن و قەتیش نەک هەموو کورد بەڵکو زۆرینەش ئەوانی بە سەرۆکی خۆیان قبوڵ نەکردووە، جگە لە قۆناغێکی مێژوویی کورت کە مەلا مستەفا بارزانی دەرفەتی ئەوەی هەبوو وەک مەرجەعی کورد لە باشور مامەڵە بکات کە ئەویش دواتر لە خۆی تێکدا.

مەلا مستەفا بارزانی چ ئەو کاتەی لە روسیا بوو و چ دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٨ گەڕایەوە دەکرێت بڵێین وەک مەرجەعی سیاسی کورد لە باشوری کوردستان سەیر دەکرا، سەرکردەکانی ئەوکاتی پارتی دیموکراتی کورد کە دواتر بووە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا هیچ پەیوەندییەکیان بە مستەفا بارزانییەوە نەبوو و دەیانتوانی هەر ناویشی نەهێنن بەڵام زۆربەیان سەرسامبوون بە بارزانی و وەک سەرۆکی خۆیان قبوڵیان کردبوو و بەبێ ئاگادارکردنەوەی خۆشی وەک سەرۆکی پارتی هەڵیاندەبژارد، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٣وە مەلا مستەفا ئەم پێگەیەی لە دەستدا و نەیتوانی رۆڵی سەرۆکایەتی و مەرجەعبوون بگێڕێت و خۆی کردە لایەنێکی کێشەی نێوان سەرکردایەتی ئەو کاتی کورد، لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ کەسێک نەیتوانیوە و دەرفەتی ئەوەی بۆ هەڵنەکەوتووە کە وەک سەرۆک و مەرجەعی کورد دەربکەوێت.

مەلا مستەفا هەرچەندە لە ساڵی ١٩٦٣وە بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ باڵی مەکتەب سیاسی دەرفەتی ئەوەی لەدەستدا وەک مەرجەع بمێنێتەوە بەڵام بەو حاڵەشەوە بەهۆی دۆخی ئەو کاتی شۆڕشی کوردەوە پێگەیەکی بەهێزی هەبوو و قسەی کۆتایی هەر خۆی دەیکرد، بارەگاکەی لە هەر شوێنێک بووبێت ئەوا وەک کۆشکی سەرۆکایەتی کوردستان وابوو چونکە هەم لەناو کورد و هەم لە دەرەوەش ئەوانەی گرنگیان بە پرسی کورد دەدا بەردەوام چاویان لەسەر بارەگاکەی مەلا مستەفا بارزانی بوو کە چ بڕیارێک دەدا یان هەڵوێستی چی دەبێت.

مەسعود بارزانی بۆ بارەگای بارزانی زیندوو کردوەتەوە؟
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەردەوامی خەونی ئەوەی هەبووە کە پێگە سیاسییەکەی بۆ ئاستی پێگەی باوکی بەرز بکاتەوە، هەرچەندە لە ساڵی ١٩٧٩وە پۆستە فەرمییەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام لە ئەدەبیاتی فەرمی ئەو حیزبە و لەناو لایەنگرانی پارتیشدا دەستەواژەی سەرۆکی پارتی بۆ بەکارناهێنرێت، بەڵکو لە کۆنەوە تا ئێستا تەنیا بە سەرۆک بارزانی ناوی دەهێنرێت، پێناچێت ئەمەش لە خۆڕاوە بووبێت، بەڵکو زیاتر پێدەچێت بەو تێبینییەوە بووبێت کە پێگەی بارزانی بەرزتر نیشان بدەن لە پێگەی سەرۆکی پارتی، بەو واتایەی کە بڵێن بارزانی تەنیا سەرۆکی پارتییە بەڵکو سەرۆکی هەموو کوردە.

لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠وە پارتی زیاتر بەم ئاراستەیەدا کاری کردووە کە بارزانی وەک سەرۆکی کورد بناسێنێت، تەنانەت کاتێک بارزانی بە ئاسانی رازی بوو بەوەی تاڵەبانی بچێت بۆ بەغدا و خۆی لە کوردستان بێت زیاتر بۆ ئەو حەزەی بارزانی دەگەڕایەوە کە سەرۆکایەتی کوردستان بکات نەک بچێت لە بەغدا ببێتە سەرۆک، هەروەها لە دوای ئەوەش کە لە ساڵی ٢٠٠٥وە بە فەرمی بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میدیاکانی ئەو حیزبەشەوە زۆر بە کەمی وەک سەرۆکی هەرێم ناوی دەهێنرا، بەڵکو هەر زیاتر وەک سەرۆک بارزانی ناوی دەهێنرا و تەنانەت لە کەناڵەکانی وەک کوردستان تی ڤی کە میدیای فەرمی پارتییە زیاتر وەک سەرۆکی کوردستان ناوی دەهێنرا.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٢ و سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٣ کاتێک کە وردە وردە کۆتایی ویلایەتی دووەمی بارزانی نزیک دەبووەوە، بارزانی و پارتی زۆر گرنگیاندا بە پرسی کۆنگرەی نەتەوەیی کە ساڵانێکی زۆر بوو پەکەکە هەوڵی بۆ دەدا، ئەوەبوو لە پیرمام نوێنەرانی نزیک بە تەواوی حیزبەکانی هەرچوار بەشی کوردستان کۆبوونەوە بۆ ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی، لەوکاتەدا باس لەوە دەکرا کە عەبدوڵا ئۆجەلان نامەیەکی بۆ کۆنگرە ناردووە و رەزامەند بووە کە بارزانی وەک سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی دیاری بکرێت، هەربۆیە لەو سەروبەندەدا ئەو بۆچوونە بەهێز بوو کە بارزانی دوای کۆتایی هاتنی ویلایەتەکەی دەیەوێت پێگەیەکی سیاسیی گەورەتر لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ خۆی دەستەبەر بکات ئەویش سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی بوو، لەم حاڵەتەدا بارزانی لە بەدیهاتنی خەونە دێرینەکەی نزیک دەبووەوە کە بە ناوی سەرۆکی هەموو کوردەوە قسە بکات، نامەکەی ئۆجەلان و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پەیوەندی ئاسایی نێوان پارتی و پەکەکە لەو قۆناغەدا دەرفەتێکی لەبار بوو بۆ ئەوەی بەم خەونەی بگات بەڵام دواتر وەک باسی دەکرا بەهۆی پێداگری پەکەکە لەسەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە کۆنگرەی نەتەوەیی بابەتەکە سەری نەگرت و هەندێک کەسیش پێیانوابوو بەهۆی دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە سەری نەگرتووە.

لە چەند ساڵی رابردووشدا هەندێک کەس پێداگرییەکانی بارزانیان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە کە بارزانی دەیەوێت لەڕێی ریفراندۆمەوە( کە ئەگەر سەری بگرتبایە) هەموو سەرکردە مێژووییەکانی دیکە تێپەڕێنێت.

مەسعود بارزانی کە لە دوای ریفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستبەرداری سەرۆکایەتی هەرێم بوو و تەنانەت بۆ ماوەی چەند مانگێکیش تا رادەیەک خۆی دوورەپەرێز گرتبوو، کەچی دوای ماوەیەک دەرکەوت چ بۆ پارتی و چ بۆ خودی بارزانی دوورپەرێز بوونی بارزانی لە بڕیاری سیاسیی کارێکی قورسە، هەربۆیە لە بەهاری ٢٠١٨وە وردە وردە ناوی بارەگای بارزانی کەوتەوە سەر زمان و سەرەتا بە کەمی و دواتر بە ئاشکرا لە میدیاکانی نزیک لە پارتییەوە ناوی بارەگای بارزانی دەهێنرا، تا دواجار راگەیەنراو و ڕوونکردنەوە بە ناوی بارەگای بارزانییەوە بڵاوکرایەوە.

لە ناوەڕاستەکانی ٢٠١٨وە بارزانی بەهەمان هێزی خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ناو سیاسەت، بەبێ ئەوەی پۆستی فەرمی هەبێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان و وەفدە فەرمییەکان سەردانی دەکەن، لە دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆربەی لایەنە شیعەکان پێگەی لە بەغداش بە‌هێزتر بووەتەوە، کاتێک سەردانی ئوردونی کرد وەک سەرۆکی وڵات لەلایەن شا عەبدوڵاوە پێشوازی لێکرا و...

ئێستا پێمانخۆش بێت یان پێمان ناخۆش بێت بارزانی پێگەیەکی بەهێزی هەیە لە کوردستاندا و بە نەمانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە لەسەر لاوازبوونی پێگەکەی، ئێستاش کە بارەگای بارزانی بوژاندوەتەوە و دەیەوێت وەک باوکی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا مامەڵە بکات و پرسە گرنگەکان لە بارەگاکەی ئەو لە سەری ڕەش یەکلایی بکرێتەوە جا با هەر کەسێکی دیکەش سەرۆکی هەرێم بێت، ئەو خۆی بە مەرجەع دادەنێت و حیزبەکەشی کاری بۆ دەکات.

بەڵام ئایا بارزانی دەتوانێت وەک مەرجەع رەفتار بکات؟
وەک باسی کرا بارزانی پێگەکەی نەک لاواز نەبووە بەڵکو بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو بەهێزتریش بووە بە تایبەت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەدا، کە واتە بۆ بوونە مەرجەع کەوتووەتە سەر رەفتار و هەڵسوکەوتی خۆی کە ئایا دەتوانێت ببێتە مەرجەع بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان یان نا، یان ئەوەی هەروەک رابردوو تەنیا دەبێتە مەرجەعی حیزبەکەی خۆی و هیچی تر...

بارزانی ئەگەر بێتو لە ماوەی داهاتوودا بتوانێت خۆی لە کێشەی حیزبایەتی بە دوور بگرێت و خۆی لە ململانێیەکانی نێوان حیزبەکەی و حیزبەکانی دیکە وەرنەدات و زیاتر رۆڵی ناوبژیوان و نێوندگیر ببینێت لەوانەیە بتوانێت لە ماوەی چەند ساڵێکدا زەمینە و متمانەی ئەوە دروست بکات کە لەکاتی قوڵبوونەوەی کێشەکان لایەنەکانی دیکەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا ببەنە بەر بارزانی، بەڵام ئەگەر وەک رابردوو و بە تایبەتیش بە هەمان شێوەی یەک ساڵی رابردوو مامەڵە بکات ئەوە زەحمەتە قورساییەکەی لەوەی ئێستا زیاتر بێت، بۆ نمونە رەفتاری بارزانی لەکاتی کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا و لە هەندێک حاڵەتی دیکەشدا ئەوەندە حیزبیانە رەفتاری کردووە کە لایەنی بەرامبەری پارتی ئامادە نابێت بارزانی وەک کەسێکی سەرووتری پارتی ببینێت.

جگە لەوەش بارزانی نابێت دەستێوەردان لە هەموو بڕیارەکانی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمدا بکات و هەرچی بیەوێت لەڕێی کوڕ و برازاکەیەوە بیسەپێنێت، بەڵکو دەبێت بە پێچەوانەوە تەنیا ئەو کاتانە قسە بکات کە کێشەیەکی گەورە هەیە و چارەسەکردنی بۆ بەرپرسانی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان قورس دەبێت، ئەگەر بێتو بارزانی بەم شێوەیە رەفتار بکات ئەوا لەوانەیە بتوانێت پێگەکەی بەهێزتر بکات، بەڵام بە بەردەوامبوونی لەسەر ئەم شێوازە سیاسەتکردنەی بارەگای بارزانی هەر بارەگاکەی سەرۆکی پارتی دەبێت، کە بەپێی ئەزمونی چەندین دەیەی سیاسەتکردنی مەسعود بارزانی زۆر ئەستەمە بتوانێت شێوازی مامەڵەکردنی بگۆڕێت.