لێکۆڵینەوە

02:54 - 01/12/2018

كەرتی كشتوكاڵی هەرێم و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی‌

پشدەر بابەكر


كشتوكاڵ بە بوارێكی گرنگی ئابوری و خۆبژێوی و هەلی كار دادەنرێت بەڵام بەپێی پێویست لە هەرێمی كوردستان سودی لێوەرنەگیراوە، پەیسەرپرێس بە پشت بەستن بە ژمارەیەك داتا و ئاماری حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكان و وەزارەتی كشتوكاڵ لێكۆڵینەوەیەكی لەسەر ئاڵنگاریەكانی بەردەم ئەم كەرتە كردووە.

هەرێمی كوردستان خاوەنی ڕووبەرێكی فراوانی زەوی كشتوكاڵیە كەچی چاوی لە وڵاتانی دراوسێ و جیهانە بۆ ئەوەی پێداویستیەكانی بۆ دابین بكات، پرسیارەكە ئەوەیە بۆنەتواندرا سود لەو خاكە بەپیتە وەربگیردرێت؟ هەرێمی كوردستان خاوەنی شەش ملیۆن و 619 هەزار و 19 دۆنم زەوی شیاوە بۆ چاندن

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا كەرتی كشتوكاڵی هەرێم لە ئاستێكی خراپدایە و نەیتوانیوە بگاتە ئاستی خۆ بژێوی ئەوەش بەهۆی ژمارەیەك هۆكار:
ئاستەنگەكانی بەردەم كەرتی كشتوكاڵ
یەكلایی نەبوونەوەی خاوەنداریەتی زەویەكان
یەكلایی نەبوونەوەی خاوەنداریەتی زەویە كشتوكاڵیەكان و بوونی كێشە لەسەر خاوەنداریەتی ئەو زەویانە لە بەشێكی فراوانی خاكی باشوری كوردستان


وەبەهێنان و دروستكردنی خانوو
لەدوای راپەرینەوە  یەك ملیۆن و 651 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی دراوەتە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم و شارەوانیەكان و دابەش كرا پرۆژەی حكومی لەسەر جێبەجێكرا

بەنداو یەكێك لەگرفتەكانی كەرتی كشتوكاڵ
كێشەیەكی تری كەرتی كشتوكاڵی هەرێم نەبوونی بەندوە بۆ گلدانەوەی ئاوی زستانە و بەكارهێنانەوەی لەوەرزی هاوین و پایزدا بەجۆرێك لە هەرێمی كوردستان 17 بەنداو هەیە كە 3 بەنداویان لەسەردەمی رژێمی پێشوو دروست كراون ئەو 14 بەنداوەی حكومەتی هەرێم دروستی كردوون توانای گلدانەوەی 31 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە بەوەش دەتواندرێت 14  هەزار دۆنم زەوی بەراور بكرێت، لەبەرامبەردا 57 بەنداو كە 21 بەنداویان بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا وەستاوە و تەواوكردنی 8 بەنداویان پێویستی بە تەنها 10 ملیار دینار هەیە 20 بەنداویش تەنها دیزانیان تەواو بووە كاركریان تێدا ناكرێت، و 16 بەنداوەكەی تریان تەنانەت دیزانیشیان بۆ نەكراوە، بەڵام بەپێی كەشفی وەزارەتی كشتوكاڵ شوێنی گونجاون بۆ دروستكردنی بەنداو.
سێ بەنداوەكەی سەردەمی رژێمی پێشووش بریتین لە بەنداوەكانی دەربەندیخان و دووكان و دهۆك كە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە
سەرباری ئەوەش بەرای شارەزایان، هەرێمی كوردستان پێویستی بە گلدانەوەی 15 بۆ 20 ملیار مەتر سێجا هەیە كە دەكرێت لەرێگەی 350 بەنداوی بچوك و مام ناوەند و گەورەوە ئەو بڕە ئاوە گل بدرێتەوە.


گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك و رووباری سیروان و رووباری ئەڵوەند كێشەكی ترە كە بەرۆكی كەرتی كشتوكاڵ و تەنانەت ئاوی خواردنەوەی هەرێمیشی گرتووە.

كێشەیەكی تری كەرتی كشتوكاڵی هەرێم ساغ نەبوونەوەی بەرهەمە
ساغ نەبوونەوەی بەرهەم یەكێكی ترە لە كێشەكانی ئەو كەرتە بەنمونە ساڵی 2016 هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 616 هەزار تۆن گەنمی هەبووە كەچی پێویستی بە 950 هەزار تۆن هەیە بۆ ئارد، ئەو جوتیارانەشی گەنمەكەیان رادەستی حكومەت كرد پارەكەیان وەرنەگرت، حكومەتی هەرێمیش نە شوێنی بۆ هەڵگرتنی گەنمی زیادە دروست كردووە و نە ناردنەدەرەوەشی لە بەرژوەندی جوتیارانی هەرێم دەبێت.

 هەروەها بەشێوەیەكی گشتی ساڵانە 240 هەزار تۆن پەتاتە  لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێندرێت كەچی بازارەكانی ناوخۆ پێویستیان بە 90 هەزار تۆن پەتاتەیە و حكومەتی هەرێمیش نەك هیچ پلانێكی نەبووە بۆ ناردنەدەرەوەی بەڵكو رێگریشی لە هێنانی پەتاتەی وڵاتانی تر نەكردووە.

كەمی بودجەی تەرخانكراو بۆ كشتوكاڵ
بەپێی راسپاردەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەبێت وڵاتان ساڵانە 10%ی بودجەكەیان بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان بكەن بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو ساڵانەی بودجە هەبوو لە باشترین حاڵەتدا 4%ی تێپەڕنەكردووە.

ئاوەدان نەكردنەوەی گوندەكان و دامەزراندنی هەرەمەكی
كێشەیەكی تری كەرتی كشتوكاڵ ئاوەدان نەكردنەوەی گوندەكان و دامەزراندنی هەرەمەكی یەكێتی و پارتی بوو كە بەهۆیەوە بێكاریەكی گەورەی شاراوە لە هەرێم دروست بوو بەنمونە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی 1992 تەنها  130 هەزار موچەخۆر بووە ساڵی 2000 ژمارەكە بۆ 450 هەزار موچەخۆر بەرز دەبێتەوە و لە كاتێكدا بەپێی دوا ئاماری حكومەتی هەرێم یەك ملیۆن و 249 هەزار و 481 موچە خۆر لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەوەش زۆرینەی هاوڵاتیان لەبری پەنا بردنە بەر كەرتی كشتوكاڵ و كاركردن لەو كەرتە بوونە موچەخۆری حكومەت و گوندەكان چۆڵ بوون تا كار بەوە گەیشت كە  لەم ساڵدا لەكۆی 5 ملیۆن و 895 هەزار و 52 هاوڵاتی دانیشتوی هەرێمی كوردستان 4 ملیۆن و 799 هەزار و 713 كەسیان دانیشتووی شارەكانن و تەنها یەك ملیۆن و 95 هەزار و 339 كەسیان نیشتەجێی گوندەكانن.

هەناردەنەكردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە
لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2017 هەزار و 389 هۆڵی بەخێوكردنی مریشك هەبووە و بەرهەمی ساڵانەشیان 160 هەزار تۆنە ئەوەش لە كاتێكدایە پێداویستی هەرێم بە گۆشتی مریشك 148 هەزار و 411 تۆن، بەڵام حكومەتی هەرێم نە كۆگای دروستكردووە بۆ هەڵگرتنی گۆشتی مریشك و نەهیچ رێگایەكیش هەیە بۆ ناردنەدەرەوەی جگە لەوەی كە خاوەن كێڵگەكان ناچارن هەندێك جار بەرهەمەكانیان بە نرخێكی كەم بە بازرگانانی باشور و ناوەراستی عێراقی بفرۆشن.

سەبارەت بە گۆشتی سوریش لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2017 ساڵانە بەرهەمی گۆشتی سور71 هەزار و 500 تۆن بووە پێداویستی ناوخۆ 89 هەزار و 419 تۆن بووە، بەوەش دەردەكەوێت كە ئاستی گۆشتی سوری بەرهەم هاتوو لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی پێداویستی ناوخۆ كەمترە،
سەبارەت بە گۆشتی ماسیش تا ساڵی 2016 لە هەرێمی كوردستان 383 پرۆژەی بەخێوكردنی ماسی هەبووە و بەرهەمەكەشی 4 هەزار و 730 تۆن بووە ئەمەش لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان ساڵانە 18 هەزار تۆن ماسی بەكار دەهێنێت، بەوەش بۆ دابینكردنی ماسی پشت بە باشور و ناوەراستی عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت.

سەبارەت بە سەوزەش پێداویستی ساڵانەی هەرێم 750 هەزار تۆنە ئەوەش لەكاتێكدایە بەرهەمی ناوخۆ 630 هەزار تۆنە، بەوەش بەشێك لە سەوزەی بازارەكانی هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی دراوسێەوە دەهێندرێت،

هەروەها بەرهەمی هێلكە لە هەرێم لە ساڵی 2017 ملیار و 150 ملیۆن هێلكە بووە ئەوەش لەكاتێكدایە بازارەكانی هەرێم پێویستیان بە 931 ملیۆن و 450 هەزار هێلكە بووە، بەوەش دەردەكەوێت بەرهەمی هێلكەی كوردستان لە پێداویستی بازار زیاترە.

سەبارەت بە میوەش لە ساڵی 2017 دا لە هەرێمی كوردستان 543 هەزار و 16 تۆن میوە بەرهەم هاتووە بەڵام پێداویستی بازار 310 هەزار و 484 تۆن بووە بەڵام حكومەتی هەرێم هیچ پلانێكی نەبوو بۆ ئەوەی ئەو میوە زیادەیەی جوتیاران بەرهەمیان هێناوە هەناردەی دەرەوەی بكرێت و زەرەرمەند نەبن.تا ساڵی 2014 ڕووبەری 229 هەزار و 37 دۆنم زەوی هەرێم رەز و باخ بووە، بەڵام تا ئێستا كارگەیەكی گەورە لەهەرێم نیە بۆ سود وەرگرتن لە میوەی رەز و باخەكانی كوردستان، ئاسۆیەكیش نابیندرێت بۆ پەرەپێدانی ئەو بوارە گرنگەی كشتوكاڵ.

زیادەڕەوی ئاستەنگێكی تری بەردەم كەرتی كشتوكاڵ
یەكێكی تر لە كێشە هەرەگەورەكانی بەردەم كەرتی كشتوكاڵی هەرێم بوونی زیادەڕوویەكی زۆرە بۆسەر زەویە كشتوكاڵیەكان بەجۆرێك لە ئێستادا زیاتر لە 90 هەزار باخ و ڤێلا لە هەرێمی كوردستان لە سەرزەوی كشتوكاڵی دروستكراون كە زۆرینەیان خاوەنداریەتیەكەیان بۆ بەرپرسان و خەڵكانی باڵادەست و چینی سەرەوەی كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، هەروەها 22 هەزار بیری ئاو بەنایاسایی لەناو ئەو باخ و ڤێلایانەدا لێدراون. ئەوەش زیانی زۆری بە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی كوردستان  گەیاندووە، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان خاوەنی 30 ملیار مەتر سێجا ئاوی سەرزەوی و 5 ملیار مەتر سێجا ئاوی ژێر زەویە و ساڵانەش 3 ملیار مەتر سێجا ئاو دێتە هەرێمی كوردستان لەبەرامبەردا بەكارهێنانی ئاو لەهەرێمی كوردستان ساڵانە 8 ملیار مەتر سێجایە، بەهۆی خراپی پلانی حكومەت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی هەرێم نەتواندراوە وەك پێویست سود لەو سامانە سروشتیە وەربگیردرێت.

چارەسەری كێشە كشتوكاڵیەكان
گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ پێویستی بە ژمارەیەك رێكار هەیە لەوانەش:
1-یەكلاییكردنەوەی خاوەنداریەتی زەویە كشتوكاڵیەكان لەسەرتاسەری كوردستان بەمەرجێك لە بەرژوەندی جوتیاران بێت.
2- راگرتنی كاركردن بەیاسای ژمارە 4ی ساڵی2006 ی تایبەت بە وەبەرهێنان.
3- راگرتنی دابەشكردنی زەوی بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆ كشتوكاڵ شیاون، هاندانی فراوان بوونی شارەكان بەشێوەی ستونی لەبری ئاسۆیی.
4- تەرخانكردنی بەشێك لە بودجەی هەرێم ساڵانە بۆ كشتوكاڵ كە 10% كەمتر نەبێت.
5- دروستكردنی ژمارەیەك بەنداو لەنزكیترین دەرفەتدا.
6- پشت بەستن بەرێگا پێشكەوتووەكانی كشتوكاڵ كردن بەتایبەت سود وەرگرتن لە سیستمی ئاودێری پێشكەوتوو.
7- هاندانی جوتیاران بە فراوانكردنی زەویە كشتوكاڵیەكان بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ دانراو، بەتایبەتی كە بەشێك لە زەویە كشتوكاڵیەكان لەگوندەكان دەتواندرێت سیفەتی كشتوكاڵیان بۆ بگەڕێندرێتەوە بە كەمكردنەوەی بەردەڵان و لەوەرگای سروشتی.
8-دروستكردنی كارگە بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جوتیاران.
9- واژۆكردنی گرێبەست لەگەل ژمارەیەك بازرگان بۆ بردنەدەرەوەی بەرهەمی جوتیاران بۆ بازارەكانی جیهان.
10- رێگری لەهێنانی بەرهەمی بیانی لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی.
11-پێدانی ئیمتیاز بەو جوتیارانەی لە گوندەكان دەمێننەوە و سەرقاڵی بەرهەمی كشتوكاڵین.