ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:59 - 08/04/2019

لەدوای بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لەلایەن ئەمریکاوە چی ڕوو دەدات؟‌

پەیسەر

 بڕیارە تا چەند کاتژمێرێکی دیکە ئەمریکا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە کە سوپای فەرمی وڵاتێک لە جیهاندا بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.
ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وەک لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن بەڵێنی دابوو لە رۆژی ٨ی ئایاردا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کشایەوە و دواتریش سزا ئابورییەکانی سەر ئێرانی گەڕاندەوە، لە ماوەی رابردووشدا هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی باسی ئەوەیان دەکرد کە لە ساڵیادی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە سوپرایزێکی نوێیان دەبێت بۆ ئێران، بەڵام کەمتر کەسێک بیری لەوە دەکردەوە سوپرایزەکە خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران بێت.

 
کاتێک ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز و رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال بڵاویان کردەوە کە لەم هەفتەیەدا ئەمریکا سوپای پاسداران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە، هەر بەپەلە بەرپرسانی ئێرانی و فەرماندەکانی سوپا کاردانەوەی توندیان نیشاندا، جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وتی ئەمریکا بووەتە شوێنکەوتەی ئیسرائیل و ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە و ئەو وڵاتە لە زەلکاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستد نوقم دەبێت، فەرماندەکانی سوپاش لە لێدوانە جیاوازەکانیان هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە لە ئەگەری ئەوە بڕیارەدا ئێران وەک داعش سەیری هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکات، بەر لە ماوەیەکیش محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو ئەگەر سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری ئەمریکاوە، ئەوا دەبێت هێزەکانی ئەمریکا بە دووری هەزار کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئێران بکشێنەوە.

لە پەرلەمانی ئێرانیشەوە بڕیاری ئەوە دراوە هەر دوابەدوای ئەوەی ئەمریکا بە فەرمی سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە ئەوا ئەوانیش سوپای ئەمریکا دەخەنە لیستی تیرۆرەوە و وەک داعش سەیری سوپای ئەمریکا دەکەن، چ لەناوخۆی ئێران و چ لە دەرەوەش زۆربەی ئەو کەسانەی ئەم هەڕەشانەی بەرپرسانی ئێرانیان بەر گوێ دەکەوێت زیاتر وەک نوکتەیەکی سیاسی سەیری دەکەن و پێی پێدەکەنن، بەوپێیەی ئەگەر ئێران سوپای ئەمریکا بخاتە لیستی تیرۆرەوە ئەمریکا چی لە دەست دەدات؟

ئەگەر سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە چی روو دەدات؟
لەوانەیە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک هەست بەوە بکەین کە بڕیاری بە تیرۆریست دانانی سوپای پاسداران هیچ گۆڕانکارییەکی دروست نەکردووە، بەڵام ئەگەر بڕیارەکەی ئەمریکا تەنیا لە ئاستی قسە و هەڵوێستدا نەبێت ئەوا پێشبینی دەکرێت کاریگەری گەورەی لەسەر ئێران و هەژمونی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا دابنێت.

یەکەم: سوپای پاسداران گەورەترین و بەهێزترین سوپای سەربازی ئێرانە، لە ڕووی ئابورییەوە خاوەنی هەزاران کۆمپانیایە، بە وتەی سەرچاوە ئێرانییەکان لەسەدا ٣٠ بۆ لەسەدا ٤٠ ئابوری ئێران لەلایەن کۆمپانیاکانی سوپاوە قۆرخ کراوە، بەشێکی زۆری کۆمپانیا و دامەزراوە داراییەکانی سوپای پاسداران چ بۆ خەڵکی ئێران و چ بۆ ئەمریکا ناسراون، هەربۆیە یەکەم دەرنجامی خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران گەمارۆ خستنەسەر ئەو کۆمپانیایانە دەبێت، هەر وڵات و کۆمپانیایەکی بیانی ئەگەر مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکەن لەلایەن ئەمریکاوە وەک یارمەتیدانی تیرۆر لێک دەدرێتەوە، بۆیە بەم بڕیارە سزا ئابورییەکانی سەر ئێران قورستر دەبێت و وڵاتانی بە ئاسانی ناتوانن مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بکەن.

دووەم: هیچ وڵات و کۆمپانیایەکی بازرگانی لەمەودوا  بە ئاسانی ناتوانێت چەک بە ئێران بفرۆشێت، چونکە ئەمەش بە واتای فرۆشتنی چەک بە هێزێکی تیرۆریست لێک دەدرێتەوە.

سێیەم: چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکە سنووردار دەکرێت، سوپای پاسداران و لقی نێودەوڵەتی ئەو سوپایە واتە سوپای قودس لە چەند ساڵی رابردوودا لە چەندین وڵاتی وەک عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان و ئەفغانستان شوێنپێیەکی پتەویان بۆ خۆیان دروستکردووە، لە راستیشدا سوپای پاسداران سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەو وڵاتانەدا دیاری دەکرێت، باڵیۆزەکانی ئێران لەو وڵاتانە لەلایەن سوپای پاسداران دادەنرێن و لە ئەندامانی ئەو سوپایەن.

هەربۆیە ئاساییە ئەمریکا دەست ئاوەڵاتر دەبێت لە هەڕەشەکردن و فشارخستنە سەر ئەو گروپ و لایەنانەی پەیوەندییان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە، بۆ نمونە ئەگەر لە عێراق زۆرێک لە گروپەکانی حەشدی شەعبی کۆتایی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوپای پاسداران و ئیران نەهێنن، ئەوا ئەمریکا لەژێر ناوی یارمەتیدانی تیرۆر فشار دەخاتە سەر ئەو گروپانە.

لەوانەیە بۆ ئەم مەبەستەش هێزە عێراقییەکان زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە باجی ئەم بڕیارەی ئەمریکا بدەن، ئێران پێدەچێت وەک کاردانەوەیەک بە بڕیارەکەی ئەمریکا لەمەودوا فشاری زیاتر بخاتەسەر هێزە عێراقییەکان بۆ پەسندکردنی دەرکردنی سوپای ئەمریکا لە عێراق، بەر لە دوو رۆژ خامنەیی ڕێبەری ئێران بە ئاشکرا ئەم داوایەی لە عادل عەبدولمەهدی کرد، هەربۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێت ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەناو خاکی عێراقدا زیاتر پەرە بستێنێت.

چوارەم: نەیارانی سیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا دەست کراوەتر دەبن، بۆ نمونە ئەگەر لەومەودوا هێرشەکانی ئیسرائیل لە سوریا بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران وەک شەڕی تیرۆر دەناسێنرێت.

پێنجەم:  دەستی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئاوەڵاتر دەبێت لە یارمەتیدانی ئەو گروپە چەکدارانەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە لەناو خاکی ئێراندا چالاکی سەربازی دەکەن، ڕەنگە لەمەدا هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان قازانج بکەن و دەتوانن شەڕی خۆیان وەک شەڕی تیرۆر بناسێنن.

شەشەم: مەترسیدارترین ئەگەر، ئەگەری بەریەککەوتنی سەربازی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێرانە.

لە ئێستادا پاراستنی ئاوەکانی کەنداو لەلایەن ئێرانەوە بە سوپای پاسداران سپێردراوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە دەیانجار کەشتی و بەلەمە تیژڕەوەکانی سوپای پاسداران خۆیان لە کشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا نزیک کردووەتەوە، بەڵام هەموو جارێک کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا تەنیا هۆشدارییان بەو بەلەمە تیژڕەوانە داوە، بەڵام مەترسییەکە ئەوەیە کە لەمەودوا چیتر هێزەکانی ئەمریکا دەست ئاوەڵاتر دەبن لەوەی تەقە لە بەلەمە ئێرانییەکان بکەن کە لێیان نزیک دەبنەوە، چونکە ئەم بەلەمانە بە بەلەمی دوژمن و گروپێکی تیرۆریستی دادەنرێن و لەم حاڵەتەشدا سوپای ئەمریکا دەتوانێت تەقەیان لێ بکات، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێ دەکەوێتەوە ببێتەهۆی بەریەککەوتنی سەربازی، هەربۆیە وەک باسی دەکەن ژەنەراڵەکانی سوپای ئەمریکا لە هەموو کەس زیاتر دژی ئەم بڕیارەی کۆشکی سپین، پێدەچێت نیگەرانی ئەوەبن کە ئەم بڕیارە ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران و جەنگێکی نوێی گەورە سەرهەڵبدات.

حەوتەم: چیتر وڵاتانی دیکەش ناتوانن هاوکاری سەربازی ئێران بکەن، بۆ نمونە سوپای تورکیا ناتوانێت بڵێت لەگەڵ سوپای ئێران ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش لە سنوورەکان ئەنجام دەدەین، چونکە ئەمەش بە واتای یارمەتیدانی تیرۆر لێک دەدرێتەوە.
هەشتەم: ئەم بڕیارە گەمارۆکانی سەر ئێران قورستر دەکات، چونکە بە تایبەت بەشێکی زۆری ئەو کۆمپانیا ئێرانییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە وەبەرهێنانیان کردووە سەر بە سوپای پاسدارانن.

ئەمانە بەشێک بوون لەو ئەگەرانەی لە حاڵەتی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداراندا روو دەدات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا دەیەویت ئەم بڕیارە بە تەواوی جێبەجێ بکات، بە جۆرێک  کە هەر کەس و لایەنێک لەگەڵ سوپای پاسداران پەیوەندی هەبێت وەک یارمەتیدەری تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

بە تێبەڕبوونی کات وەلامی ئەم پرسیارە و جددییەتی ئەمریکا زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانکراوە ئەوەیە کە ئەمریکا لە هەر شوێنێک پێویست بکات بڕیارەکەکە جێبەجێ دەکات، بۆ نمونە کاتێک چەند لایەن لەناو هەرێمی کوردستان و لە عێراقدا پەیوەندییان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە پێناچێت هەر لە دوای دەرچوونی بڕیارەکە ئەمریکا هەوڵ بدات لە ماوەیەکی کورتدا پەیوەندی هەموو ئەو لایەنانەی لەگەڵ ئێراندا ببچڕێنێت، بەڵکو پێدەچێت زیاتر کاتێک فشار دەخاتە سەر ئەو لایەنانەی لە ئێرانەوە نزیکن کە ئەم لایەنانە لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەنگاو بنێن، لەم حاڵەتەشدا ئەمریکا دەتوانێت بە ئاسانی لەژێر ناوی یارمەتیدانی تیرۆر ئەو گروپانە سزا بدات.