ڕاپۆرتی کوردستانی

06:30 - 09/04/2019

یەکێتی بۆ داوای پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم دەکات؟‌

پەیسەر

لە ساڵی ٢٠٠٥وە لەو کاتەوە کە مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەلبژێردرا، جێگری سەرۆکی هەرێم لای یەکێتی بووە و کۆسرەت رەسوڵ عەلیش جێگری سەرۆکی هەرێم بوو، بە درێژایی ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٥ هەرگیز وەک ئەم قۆناغە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بەلای یەکێتییەوە گرنگ نەبووە.

 

 لە رابردوودا زۆرجار یەکێتییەکان خۆیان وەک پۆستێکی کارتۆنی و تەشریفاتی سەیری پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمیان دەکرد، پێشناچێت لەو دە ساڵەدا کە کۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆکی هەرێم بوو، پۆستەکەی خێرێکی ئەوتۆی بۆ یەکێتی بووبێت، هەربۆیە ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەمجارەیان بە تایبەت دوای ئەوەی پارتی و گۆڕان لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم رێککەوتن، بۆچی یەکێتی ئەو هەموو پێداگرییەی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم یان یاریدەدەری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی کرد؟ یان بە واتایەکی دیکە ئەمجارەیان بۆ شەڕ لەسەر پۆستێکی بە رواڵەت بێ دەسەڵات و کارتۆنی دەکەن؟

وەڵامی ئەم پرسیارە خۆی لە چەند خوێندنەوە و ئەگەردا دەبینێتەوە:
یەکەم: پێشتر مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم بوو کە کەسێکی بەهێز بوو و کۆسرەت رەسوڵ ببوو بە ژێر هەژمونی ناوبراوەوە بۆیە لەوانەیە ئاسایی بێت کە کۆسرەت رەسوڵ بەهۆی بارزانییەوە رۆڵی دەرنەکەوتێبێت و نەیتوانیبێت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت، بەڵام ئەمجارەیان چونکە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانییە و پێگەی نێچیرڤان بارزانی بەراورد بە پێگەی مەسعود بارزانی زۆر لاوازە و تەنانەت لەناو حیزبەکەی خۆشیدا ئێستا پێگەی لە مەسرور بارزانی لاوازترە، هەربۆیە لەوانەیە یەکێتییەکان وایان لێکدابێتەوە ئەمجارەیان کاندیدەکەیان لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم یان وەک یاریدەدەری سەرۆکی هەرێم بتوانێت رۆڵێکی باش ببینێت.

دووەم: خوێندنەوەی دووەم ئەوەیە کە بەوپێیەی سەرۆکی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، جێگرەکەشی دەبێتە جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، بەپێی هاوکێشە ناوخۆییەکان فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کە سەرۆکی هەرێمە لە زۆنی زەرد دەسەڵاتی دەبێت و جێگرەکەشی زیاتر لە زۆنی سەوز، هەربۆیە یەکێتی نایەوێت کەسێک لە گۆڕان ببێت لەڕێی پۆستی جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بڕیار بەدەست بێت لە زۆنی سەوز.

لێدوانەکەی جەعفەر شێخ مستەفا بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەم مەبەستە کە دەڵێت ئەگەر کەسێک لە گۆڕان ببێتە جێگری سەرۆکی هەرێم ئەوا ئەو وەک فەرماندەی هێزەکانی یەکەی ٧٠ی یەکێتی گوێی لێ ناگرێت.

سێیەم: ئەو خوێندنەوەیەش بەهێزە کە ئەم داوایەی یەکێتی پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانی ناو یەکێتییەوە هەیە، بنەماڵەی تاڵەبانی و بنەماڵەی کۆسرەت رەسوڵ رکابەرییەکی توندیان هەیە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، ئەگەر پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی بێت و بۆ قوباد تاڵەبانی بێت، ئەوا سەرۆکی پەرلەمان بۆ بنەماڵەی کۆسرەت رەسوڵ دەبێت و دەدرێت بە ڕێواس فایق کە لەسەر باڵی کۆسرەت حیسابە، بەڵام لەم نێوانەشدا هەندێک کەسی دیکەی ناو مەکتەب سیاسیش کە لەسەر هیچ کام لەو دوو بنەماڵەیە حیساب نین داوای پۆست گەورە دەکەن، لەوانە عیماد ئەحمەد و قادر حەمەجان، هەربۆیە بەپێی ئەم بۆچوونە پێداگری یەکێتی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم یان یاریدەدەری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی بۆ رازیکردنی ئەم کەسانەیە لەناو مەکتەبی سیاسییدا.

چوارەم: درزخستنە ناو رێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان
بەپێی ئەم خوێندنەوەیە یەکێتی بە ئانقەست داوای پۆستێکی کردووە کە پێشتر گۆڕان و پارتی لەسەری رێککەوتوون، بەو هیوایەی متمانە لەنێوان پارتی و گۆڕاندا لاواز بکات، بۆچوونێک هەیە کە یەکێتی لە ساڵی ٢٠١٤وە نیگەران بووە لەوەی پەیوەندی نێوان پارتی و گۆڕان باش بێت، چونکە باشبوونی پەیوەندی نێوان ئەم دوو لایەنە بە واتای دابەشکردنی پشک و دەسەڵاتەکانی زۆنی سەوز دێت لەنێوان یەکێتی و گۆڕان.

ساڵی ٢٠١٤ کاتێک گۆڕان و پارتی رێککەوتن، یەکێتی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دارایی و وەزیری پێشمەرگە و چەندین پۆستی گرنگی دیکەی لە دەستدا، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥دا پەیوەندی نێوان گۆڕان و پارتی تێکچوو و پارتی گۆڕانی لە حکومەت دەرکرد پێگەی یەکێتی لەناو حکومەت بەهێزتر بوو هەرچەندە یەکێتی پۆستەکانی گۆڕانی پڕ نەکردەوە بەڵام پێگەی یەکێتی بەهێزتر بوو.

هەربەپێی ئەم خوێندنەوەیە یەکێتی ناڕاستەوخۆ لە ساڵی ٢٠١٥دا رۆڵی هەبووە لە تێکدانی پەیوەندی نێوان گۆڕان و پارتیدا بەوەی بەر لە گۆڕان پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی پێشکەش کرد و وای دەنواند کە لە گۆڕان سورترە لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە، بەپێی ئەم بۆچوونە ئەو پێداگریی و توندڕەوییەی یەکێتی لەو کاتەدا تەنیا بۆ هاندانی گۆڕان بووە، کەچی کاتێک کە پەیوەندی نێوان گۆڕان و پارتی تێکچوو، یەکێتی وازی لە توندڕەوییەکەی هێنا و بە وتەی خۆیان لەو کاتەدا هەوڵی هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان گۆران و پارتیان دەدا.

جگە لەوەش پێدەچێت ترسی یەکێتی لەوەبێت کە بە نزیکبوونەوەی پارتی و گۆڕان، هاوسەنگی هێز ئەوەندەی دیکە بگۆڕێت و یەکێتی لەڕووی سیاسییەوە ئەو قورساییەی ئێستای نەمێنێت، پارتی لەڕێی گۆڕانەوە بۆچوونی خراپی دانیشتوانی زۆنی سەوز بە نیسبەت خۆی بگۆڕێت و گۆڕانیش لەڕێی پارتییەوە هەندێک چاکسازی لە حکومڕانیدا بکات و بەم شێوەیە پێگەی خۆی بەهێز بکاتەوە.

هەربۆیە بەپێی ئەم بۆچوونە یەکێتی بە مەبەستی تێکدانی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان دەستی بۆ ئەم پۆستە بردووە، بۆ ئەوەی متمانەی گۆڕان بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی لاواز بکات.

لە چەند رۆژی رابردووشدا بەپێی زانیارییەکان رازیبوونی پارتی بە پێدانی پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی بە یەکێتی، گۆڕانی توڕە کردووە و لە دواین کۆبوونەوەدا وەفدی گۆڕان نیگەرانی خۆیان بە وەفدەکەی پارتی راگەیاندووە، ئێستاش کەوتووەتە سەر ئەوەی پارتی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشە نوێیەدا دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی پەیسەر لە دوو رۆژی رابردوودا بەرپرسانی پارتی و خودی مەسعود بارزانی چەند جارێک پەیوەندییان بە بەرپرسانی گۆڕانەوە کردووە کە هەر داوایەکیان لە پارتی هەبێت پێی رازین بەڵام با گۆڕان بە پێدانی یاریدەدەرێک بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم رازی بێت بۆ ئەوەی یەکێتی بیانووی نەمێنێت و جارێکی دیکە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت نەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر.

ئەگەرێکی لاوازە کە گۆڕان بەهۆی ناڕەزایی بە پێدانی پۆستی یاریدەدەر بە یەکێتی پرۆسەکە پەک بخات و بەمجۆرە یەکێتیش بەپێی خوێندنەوەی چوارەم بە ئامانجەکەی بگات، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە لە بەرامبەری رازیبوونی گۆڕان، پارتی لە شوێنێکی دیکە بۆ گۆڕانی قەرەبوو بکاتەوە، چونکە وادێتە بەرچاو لە بەرامبەر یەکێتیدا جارێ گۆڕان و پارتی پێویستیان بە یەکترە.