ڕاپۆرتی کوردستانی

06:10 - 10/04/2019

شەڕی عێراق _ ئێران لە کوردستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە‌

پەیسەر

دەڵێن لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران سەدام حسێن وتوویەتی سەربازەکانم بۆ هەتاهەتایە لە خاکی ئێران دەمێننەوە، ئەم وتەیەی ئاماژە بووە بەو ملیۆنان مینەی سوپای عێراق لەناو خاکی ئێراندا چاندبووی.
ئێران و عێراق لەسەردەمی شەڕدا هەر دوو لایان بە دەیان ملیۆن مین جۆراوجۆریان لە سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتدا چاندبوو، جگە لەوەش هەر دوو وڵات لە خاکی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگە بە ملیۆنان مینی دیکەشیان چاندبوو، ئێستا بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ریزی مەترسیدارترین ناوچەکانی جیهانن، ساڵانە بە دەیان کەس بەهۆی مینەوە دەکوژرێن یان دەبنە کەم ئەندام.

لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕ حکومەتی ئێران لە سنوورەکانی باشور دەستی کرد بە خاوێنکردنەوەی کێڵگەکانی مین چونکە لەو ناوچانە پێویستی بە وەبەرهێنان هەبوو لە بواری نەوت و گازدا، هەربۆیە بە خێرایی زۆربەی ناوچەکانیان خاوێن کردوەوە، بەڵام لە سنورەکانی کوردستان نەک تەنیا ناوچەکانی خاوێن نەکردوەتەوە بەڵکو تەنانەت بە وتەی هەندێک سەرچاوە تا ئەم ساڵانەی دوایش لە ناوچە سنوورییەکان و لەسەر کانیاوەکان بەردەوامبووە لە چاندنی مین.

کاتێک مینێک دەچێنرێت، ئیتر جیاوازییەک نامێنێت لە نێوان کەسێکی سڤیل و سەربازێکدا، مینە چێنراوەکان بۆ ماوەیەکی درێژ و نادیار دوای ئاگربەست و کۆتایی هاتنی شەڕەکان، هێشتا هەر مەترسین و میراتێکی مەرگاویی شەڕەکانن کە بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێ دەمێنن، بە واتایەکی دیکە مینەچێنراوەکان سەربازە شاراوەکانی شەڕن کە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش بەردەوامن لە کوشتنی مرۆڤەکان.

هەربۆیە لە چەند دەیەی رابردوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا گرنگی بەم بابەتە دراوە، بەر لە ٢٢ ساڵ لە رۆژی ١٨ی ئەیلوولی ١٩٩٧ پەیمانی ناسراو بە پەیمانی ئۆتاوا لەلایەن ١٢٣ وڵاتەوە واژۆکرا، بەپێی پەیمانەکە بەکارهێنانی مین لە وڵاتانی ئەندام قەدەغەکراوە و جگە لەوەش وڵاتانی ئەندام ئەرکدارکراون کە کێڵگەی مینە چێنراوەکان خاوێن بکەنەوە و چاودێری کۆمەڵایەتیش بۆ قوربانیان و کەم ئەندامانی مین دابین بکەن. 

ئێران لەسەر ئاستی جیهاندا دووەم  وڵاتە کە زۆرترین مینی چێنراو لە خاکەکەیدا هەیە، کەچی بەو حاڵەشەوە تا ئێستا پەیمانی ئۆتاوای واژۆ نەکردووە و نەبووەتە ئەندامی پەیمانەکە، تا ئێستاش بەرپرسانی ئەو وڵاتە هۆکاری واژۆنەکردنی پەیمانەکەیان روون نەکردوەتەوە.

بە پێی هەندێک ئامار لە نێوان ١٦ بۆ ٢٠ ملیۆن مینی چێنراوی پاشماوەی شەڕی ئێران _ عێراق و شەڕەکانی کوردستان هێشتا پوچەڵ نەکراونەتەوە، بەپێی راپۆرتێکی کەمپینی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی مین لە ١٩٨٨وە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠٠٠ کەس بەهۆی ئەم مینە چێنراوانەوە بوونەتە قوربانی، کە زۆرترین ئاماری قوربانییەکانیش لە سنوورەکانی کوردستانن، لەم رێژەیەش بەشی زۆری قوربانییەکان لە کۆڵبەران و ئاژەڵدارەکانن.

بەهۆی ئەوەی زۆربەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی ناسەقامگیر و شەڕدان، دەستڕاگەیشتن بە ئامارێکی ورد و باوەڕپێکراوە کارێکی ئەستەمە. بەپێی دواین راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوە و چاودێریی مینەچێنراوەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆی گشتیی کوژراو و برینداربووانی مین لەساڵانی ١٩٨٨وە بۆ ٢٠١٨ زیاترە لە ١٠٠٠٠ کەس، کە نزیکەی ٣٠٠٠یان مردوون و زیاتر لە ٧٠٠٠ کەسیش بریندار یان کەمئەندام بوون، تەنیا ڕێژەی تۆمار کراوی قوربانیانی ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە ٨٠ کەسە.

 زۆربەی هەڵسوڕاوانی کۆمەڵگەی مەدەنی متمانەیان بەو ئامارە فەرمییانە نییە کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بڵاودەکرێتەوە و پێیانوایە ئێران ژمارەی راستەقینەی قوربانییەکان ئاشکرا ناکات، چونکە هەر لەو دیو سنوورەکانەوە لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١وە تا ئێستا زیاتر لە ١٣٠٠٠ هاووڵاتی بوونەتە قوربانی کە نزیکەی ١٠٠٠٠ کەسیان بریندار و کەمئەندام بوونە و زیاتر لە ٢٦٠٠ کەسیش گیانیان لە دەست داوە کە ئەمەش بەراوەرد بە ئامارەکانی ئێران واقیعیتر و راستترە.

عوسمان موزەیەن، پارێزەری مافەکانی قوربانیانی مین سەبارەت بە ئاماری قوربانییەکان دەڵێت ئامارێکی ورد لە ژمارەی قوربانیانی مین لە بەردەستدا نییە، بەڵام ئەو ئامارانەش بە راست نازانێت کە حکومەت بڵاوی دەکاتەوە. 

کۆڵبەران گەورەترین قوربانی مینی چێنراو
کۆڵبەران گەورەترین گرووپن کە دەبنە قوربانیی مینە چێنراوەکان، بە پێی هەندێک لە ئامارەکان تەنیا لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە ٨٤ کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون یان کەمئەندام بوون.

بە وتەی هەندێک لەو کەسانەی پسپۆڕی مینن، ئەو مینانەی پێشتر و لە سەردەمی شەڕدا چێنراون زیاتر لە جۆری M14 و والمەرن کە زۆر مەترسیدارن و زیاتر حکومەتی عێراق ئەو جۆرە مینەی بەکاردەهێنا، بەڵام ئەو مینە نوێیانەی ئێران چاندوونی زیاتر لە جۆری مینی پریشکداری دژەنەفەرن کە هەر کامیان دەتوانێ لە چرکەساتێکدا ژیانی هەشت بۆ دە کەس بخاتە مەترسییەوە، جگە لەمەش ئەم مینانە بە کێبل پێکەوە بەستراونەتەوە و ئەگەر یەکیان بتەقێنتەوە، مینەکانی دیکەش کە پێیەوە بەستراون لە چەند چرکەدا دەتەقنەوە و دۆزەخێک دروست دەکەن.

بە پێی هەندێک بەدواداچوونی مەیدانی هەڵسوڕاوانی کۆمەڵگەی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای ئێران لە سەرجەم ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە دەوروبەری هەندێک کانیاو لە سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتیش لە ناوچەکانی سەردەشت و شنۆ و پیرانشار و بانە و مەریوان دەستی داوەتە چاندنی مین. وەک باس دەکرێت ئەم کارەی بۆ پێشگرتن لە هاتنە ناوەوەی پێشمەرگە و گەریلای حیزبە کوردییەکان کردووە، بەڵام تا ئێستا هەواڵی وا بڵاونەبووەتەوە کە پێشمەرگە یان گەریلایەک بەهۆی مینی چینراوەوە بووبێتە قوربانی، کەچی کەم رۆژێک هەیە هەواڵی کوژران یان برینداربوونی هاوڵاتییەکی مەدەنی لەم سنوورانە بڵاونەکرێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک ڕێکخراوی وەک "ناوەندی هاوبەش بۆ قەدەغەکردنی مین" کە ساڵانێک لە ئێراندا چالاک بوو و دواتر داخرا، هەوڵیان دەدا کۆماری ئیسلامی بەوە ڕازی بکەن پەیمانی ئۆتاوا واژۆ بکات و بچێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی چالاکانە لە دژی مین و خەسارەکانی هەوڵ دەدەن، بەڵام تا ئێستاش ئێران رازی نەبووە ببێتە ئەندامی پەیمانەکە، شیرین عیبادی، پارێزەر و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبل هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئێران هێشتا مین بە کار دەهێنێت و پێی خۆش نییە بچێتە پەیمانێکەوە کە بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و بەکارهێنانی مین قەدەغە دەکات، حکومەتی ئێران نەک هەر مین بەکار دەهێنێت، بەڵکوو دەشیفرۆشێت.

هەندێک سەرچاوە باسی ئەوە دەکەن کە لە وڵاتانی ئەفغانستان و تاجیکستان هەندێک لەو مینانەی تەقیونەتەوە و قوربانیان لێکەوتووەتەوە، دروستکراوی ئێران بوون.

مەندوو بالۆجی، لە بەرپرسانی ڕێکخراوی جێنێفا کۆڵ Geneva Call پێیوایە کە ئێران بۆ پاراستنی سنوورە دوور و درێژەکانی مین بەکار دەهێنێت بەڵام ئەزموونی وڵاتانی تورکیا و عێراق کە بۆ پاراستنی سنوورەکانیان مینیان بەکار هێناوە، ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە کە مین ناتوانێ پارێزەری سنوورەکان بێت و لەم نێوانەدا تەنیا هاوڵاتیانی سڤیل دەبنە قوربانی.

جگە لە دەوڵەتەکان رێکخراوی جێنێفا کۆڵ لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵیداوە رێکخراو و پارتە چەکدارەکانیش لە جیهاندا هان بدات کە مین بەکار نەهێنن، بە وتەی مەندوو بالۆجی تا ئێستا زیاتر لە ٤١ ڕێکخراو و گرووپ و پارتی چەکدار بانگهێشتنامەی جنێڤیان واژۆ کردووە و سەرجەم پارتە کوردییەکانی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیمۆکراتی کوردستان، کۆمەڵە، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان، پەکەکە و پژاک ئەم بانگهێشتەیان واژۆ کردووە.