ڕاپۆرتی کوردستانی

10:02 - 02/12/2018

كەمئەندامانی كوردستان لە هاتوچۆی شەقام و شوێنە گشتییەكانیش بێ‌ بەشن‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

"شەقامەكان هاوڕێی ئێمە نین، من هاوڵاتی پلە یەكم نەك پلەدوو و سێ‌، دەمەوێت رۆژێك پیاسە بكەم بێ‌ ئەوەی هەست بە كەمئەندامی خۆم بكەم"توانا عەبدولڕەحمان كە زیاتر لە 30 ساڵە لەسەر عارەبانەی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەم جۆرە باسی كۆژانەكانی خۆی كرد بەدەست شەقام و شوێنە گشتییەكانەوە كە رەچاوی هاتوچۆی ئەوانی تێدا نەكراوە.

رەچاونەكردنی تایبەتمەندی هاتوچۆ بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە شەقام و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان، برینەكانی ئەوانی قوڵتركردووەتەوە، وەك خۆیان دەڵێن رۆژانە لەگەڵ دەرچوونیان لە دەرگای ماڵەوە تا گەڕانەوەیان هەست بە "كەمئەندامبوون"ی خۆیان دەكەن، ئەوەش سەرەڕای كێشە زۆرەكانی خۆیان زیاتر برینداریان دەكات.

ئەوان بۆ هاتوچۆ بە شوێنە گشتییەكاندا پێویستیان بە رەمپا و راگر و رێگای تایبەت هەیە تا كێشەیان بۆ دروست نەبێت و وەك هەر كەسێكی ئاسایی دیكە بتوانن بە ئیش و كاری خۆیان رابگەن، بەڵام جگە لەوەی هیچ رێگەو راگر و شوێنێكی تایبەت بۆ ئەوان لە شوێنە گشتییەكان بوونی نییە شۆستەی بەردەم دوكانەكانیش بڕگە بڕگە و هەڵبەزو دابەزی زۆرەو بەردەم هەر دوكانێك بەربەستێكی جیاوازە بۆ هاتوچۆی ئەوان.


سامان حسێن سكرتێری یەكێتی كەمئەندامان، بە حەسرەتەوە بۆ پەیسەر پرێس باسی لە كێشەكانیان كرد كە رۆژانە لە شەقام و شوێنە گشتییەكان رووبەڕووی خاوەن پێداویستییەكان دەبێتەوە.

"چەندین جار ئەم بابەتەمان رووبەڕووی حكومەت كردووەتەوە، بەڵام هەر دەستی دەستیمان پێدەكەن، هەرلایەك دەڵێت خەتای ئەوە، حسابی هیچ بۆ كەمئەندامان ناكەن و هەرلاشیان نەبووە بە بابەت، پارێزگا دەڵێت خەتای شارەوانییە، ئەوانیش دەڵێن خەتای كۆمپانیایە، كۆمپانیاش ئەندازیار خەتابار دەكات"سامان وای وت.

باسیلەوەشكرد، ئەو شوێنانەشی كە زۆرنابێت دروستكراون بە شێوەكی كەم رەچاوی كەمئەندامان دەكەن، تەنها رەمپایەك دروست دەكەن كە مرۆڤی ساغیش ناتوانێت بەسەریدا بڕوات، لەكاتێكدا خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە هەر شوێنێك پێویستیان بە رەمپا و راگر و تەوالێت و كورسیش هەیە لەكاتێكدا لە هیچ شوێنێك ئەوە پەیڕەو ناكرێت.

لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە پاراستنی ماف و ئیمتیازەكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان هەیە، (یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011) لە ماددەی 11ی یاساكەدا بە روونی باس لەوەكراوە كە حكومەت دەبێت، لایەنی فەرمی و نافەرمی ناچار بكات، بۆ ئەوەی  تایبەتمەندی بۆ هاتوچۆی خاوەن پێداویستی تایبەت لەبەرچاو بگرێت لە هەموو شوێنەكان، بۆ سەرپێچی ئەوەش سزای دیاریكردووە بە جۆرێك لەنێوان پێنج ملیۆن دینار بۆ 15 ملیۆن دیناردایە.

سامان حسێن پێی وایە، چارەسەری كێشەكانی ئەوان جێبەجێكردنی ئەو یاسایە كە حەوت ساڵە دەرچووە و نەك تەنها مافی هاتوچۆ، هەموو مافەكانی دیكەی پەیوەست بە خاوەن پێداویستی تایبەتی رێكخستووە بەڵام بەوتەی ئەو تا ئێستا جێبەجێنەكراوە.

توانا عەبدولرەحمان-ی تەمەن 34 ساڵ، هەموو تەمەنی خۆی لەسەر عارەبانە تایبەتەكەی خۆی بەڕێكردووە، ئەو وەك خۆی دەڵێت، یادەوەری ناخۆشی لەگەڵ هەموو كۆڵانەكانی شار هەیە.

توانا وتی،"من هاوڵاتی پلە یەكم، پلەدوو و پلە سێ‌ نیم، كاتێك دەچمە بازاڕ بێ‌ ئەوەی كەسێكم لەگەڵ بێت ناتوانم بۆ هیچ كوێ‌ بڕۆم، بەردەوام پێویستم بە كەسێكە ئەوەش منی زۆر نیگەران كردووە".

ئەو خاوەن پێداویستییە بۆ پەیسەر وتی، لە هیچ شوێنێك رەچاوی بوونی ئەوان نەكراوە، بە جۆرێك "دەڵێیت ئەمشارە تەنها بۆ مرۆڤە ساغەكان دروستكراوە، لە ماڵەوە دەردەچم تا دێمەوە لەگەڵ ئەو مەعاناتە دەژیم، شەقامەكان هاوڕێی ئێمە نین".

ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە وتی، شارەوانی سلێمانی كە خۆی بەرپرسە لە دابینكردنی رێگاو تایبەتمەندی پێویست بۆ ئەوان، بەڵام باڵەخانەی شارەوانی خۆی هەمووی پلیكانەیەو تێیدا هیچ رەچاوی خاوەن پێداویستی تایبەت نەكراوە.

شارەوانی سلێمانی دەڵێت، بۆ ئەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان بە تایبەتمەندی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەستكاری بكرێت پێویستی بە بودجەی زۆرە ئەوانیش ئەو پارەیان نییە.

زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوای سلێمانی بۆ پەیسەر باسیلەوەكرد،  لەدوای ساڵی  2000  ەوە هەر باڵەخانەیەك كە داوای مۆڵەتی كردبێت بەو مەرجە مۆڵەتیان پێداوە كە دەبێت رەچاوی هاتوچۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بكات.

زەردەشت نەیشاردەوە كە لە زۆربەی شوێنە گشتییەكان، رەچاوی هاتوچۆی خاوەن پێداویستی تایبەت نەكراوە بەڵام دەڵێت، ئەو شوێنانە كۆنن و كاتێك دروستكراون كە ژمارەی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شاردا زۆر كەم بوون.

باسیلەوەكرد، كە راستە زۆربەی دوكانەكانی بازاڕ بە ویستی خۆیان دەستكاری شۆستەكانی بەردەمیان كردووە و شۆستەی شەقامەكان بۆ هاتوچۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ناگونجێت، بەڵام بەوتەی ئەو بۆ ئەوەی شەقامەكان رێك بكەنەوە پارەیان دەوێت و ئێستاش ئەو بودجەیان نییەو بۆیان دابین ناكرێت.