ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:08 - 16/04/2019

حەشدی شەعبی لە ئێران چی دەکات؟‌

پەیسەر

لە ماوەی ٢٠ رۆژی رابردوودا لافاو نزیک بە نیوەی پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە، پارێزگاکانی لوڕستان و خوزستان زۆرترین زیانیان بەرکەوت، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران زیاتر لە ٧٠ هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە، بەڵام بە دەیان هەزار هاوڵاتیش زەرەمەند بوون.

بەڵام ئەوەی لەم چەند رۆژەدا سەرنجی خەڵکی ئێران و هەندێک لە چاودێرانی ئێرانی بۆلای خۆی راکێشاوە چوونی جێگیربوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق و ئەو گروپە ملیشیا شیعە ئەفغانیانە بوون کە لە سوریا شەڕیان دەکرد، رۆژنامەی کەیهانی ئێرانی کە نزیکە لە رێبەری ئێرانەوە لە سەروتاری رۆژنامەکەدا نووسیوویەتی ئەم هێزانە لەسەر داوای قاسم سولەیمانی بۆ بەهاناوچوونی خەڵکی لافاولێدراوی هاتوونەتە ئێران، رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە کە ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەوهێزانەی لەناوچەکەدا هاوپەیمانی ئێرانن لە هەموو حاڵێکدا یارمەتی ئێران دەدەن وەکچۆن ئێران لە هەموو هەلومەرجێکدا تا ئێستا یارمەتی ئەوانی داوە.

هەندێک لە ماڵپەڕەکانیش وێنەکای ئەبو مەهدی موهەندیس فەرماندەی حەشدی شەعبی و هادی عامریان بڵاوکردوەتەوە کە لە مزگەوتێکی ئەهواز قسە دەکەن، خۆیان دەڵێن مەبەست لە چوونیان بۆ ئێران بۆ ئەوەیە بەر بەو لافاوانە بگرن کە مەترسی ئەوە هەیە لە خاکی ئێرانەوە بڕژێنە ناو خاکی عێراقەوە، بەڵام ە میدیاکانی نزیک لە حکومەتی ئێران دەڵێن ئەوانە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران هاتوون، ئەوەی لە وێنەکانیشدا دەردەکەوێت ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی عێراق و فاتمیونی ئەفغانی بە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازی سوپای ئێرانەوە بە ناو شارەکاندا دەسوڕێنەوە و هیچ کەرەستەیەکی وایان پێ نییە کە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی بیانەوێت بەر لە چوونی لافاو بۆ ناو خاکی عێراق بگرن.

کەواتە حەشدی شەعبی بۆ چووەتە ئێران؟
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە هاوڵاتیان زۆر لە بەرپرسانی ئێرانی توڕەن، کاتێک فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی حکومەت سەردانی ناوچە لافاولێدراوەکان دەکەن لەلایەن خەڵکەوە هێرشیان دەکرێتەسەر، بە وتەی هەندێک لە چاودێرانی ئێرانی لەوانەیە لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا هەرگیز خەڵکی ئێران وەک ئێستا لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە توڕە نەبووبێتن، چەند شەوێکە لە پارێزگای خوزستان خۆپیشاندان دەستی پێکردووەتەوە، لە هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بە وتەی هەندێک لە بەرپرسانی ئێرانی خەڵک بەهۆی دۆخی ئابوری و نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵییەوە زۆر لە دەسەلات توڕە و ناڕازین، ساڵی رابردووش لە خۆپیشاندانەکاندا کە زیاتر لە مانگێکی خایاند و نزیکەی ١٠٠ شار و شارۆچکەی گرتەوە دوو دروشمی سەرەکی خۆپیشاندانەکان بەلای چاودێرانی ئێرانییەوە سەرنجڕاکێش بوون، کە لە دروشەمەکاندا باسیان لەوە دەکرد خەڵک لە هەر دوو باڵی محافزکار و ریفۆرمخواز وەک یەک توڕەن و متمانەیان بە هیچ کام لە باڵەکان نەماوە، دروشمەکەی دیکەش ئەوە بوو کە ئەیانوت درۆیە کە دەڵێن ئەمریکا دوژمنی ئێمەیە، دوژمنی ئێمە ئەوەتا لەناو خۆماندایە.

هەر لە سەروبەندی لافاوەکان و کەمتەرخەمی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بە هاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو، ئەمریکا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە، رەنگە ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا ئەگەر بەر لە چەند ساڵ لەمەوبەر بوایە خەڵکی ئێران لە هەڵوێستەکەی ئەمریکا توڕە بوایەن، بەڵام لە هیچ شوێنێکی ئێران جگە لە بەرپرسانی حکومی نەبێت، هیچ کاردانەوەیەکی ناڕەزایی لە دژی هەڵوێستەکەی ئەمریکا لەلایەن خەڵکەوە نەبینرا، لە بەرامبەر ئەوەدا خەڵک بە لانیکەمەوە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی ناڕەزایەتییان بەرامبەر چوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئێران نیشانداوە.

زۆربەی خوێندنەوەکان سەبارەت بە چوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ملیشیا شیعە ئەفغانی و پاکستانییەکان خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە:
یەکەم: ئەم هێزانە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لافاولێدراو نەهاتوون، ئەگەر مەبەستیان لە یارمەتیدان بوایە ئەوا پێویست بە هاتنی هێزەکەی نەدەکرد و هەر یارمەتییەکانیان دەنارد، جگە لەوەش بە ئۆتۆمبێلی سوپای ئێرانەوە بە شارەکاندا دەگەڕێن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێزی خۆیان و گوێڕایەڵی خۆیان بۆ سوپای پاسداران پیشانی خەڵکی ئێران بدەن نەک یارمەتیدان، کەواتە کاتێک قاسم سولەیمانی داوای لەم هێزانە کردووە بێنە ئێران دوای ئەوەبوو کە قاسم سولەیمانی خۆی سەردانی ئەو ناوچانەی کرد و ناڕەزایی خەڵکی بینی و مەبەستیشی ئەوەبوو کاتێک خەڵک هێرش دەکەنە سەر فەرماندەکانی سوپا، ئەوا سوپای پاسداران توانای ئەوەی هەیە بۆ سەرکوتکردنی خەڵک لە هەموو وڵاتانی دیکەشەوە هێز بهێنێت، هەر وەکچۆن بەر لە چەند مانگ بەرپرسی دادگاکانی شۆڕشی ئێران بە ئاشکرا وتی ئەگەر خۆشیان نەتوانن بەرگری لە کۆماری ئیسلامی بکەن ئەوا حەشدی شەعبی عێراق و حیزبوڵا و گروپە شیعەکانی ئەفغانستان و پاکستان دێن بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامی و ئێران لە خۆڕا ئەو هەموو ساڵە یارمەتی ئەو گروپانەی نەداوە.

دووەم: خوێندنەوەی دووەم کە زیاتر لەناو چاودێرانی ئێرانیدا هەیە ئەوەیە کە لە دوای خستنە لیستی تیرۆری ئەمریکاوە، سوپای پاسداران بە جێگیرکردنی گروپە ملیشیا شیعەکانی عێراق و سوریا و ئەفغانستان و پاکستان ویستوویەتی ئەو پەیامە بداتە ئەمریکا کە سوپای پاسداران توانای جوڵاندنی هەموو ئەم هێزانەی هەیە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەر شوێنێک کە پێی خۆش بێت.

سێیەم: هەندێک لە ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی ناڕازی، لەوانەش رەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشووی ئێران پێیانوایە سوپای پاسداران ئەم هێزانەی بانگهێشت کردووە  بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی ناڕازی کە ئەگەر خۆپیشاندان دەست پێکەنەوە ئەوا هەر بەو هێزانە خەڵک سەرکوت دەکات، وەکچۆن باس لەوەدەکرێت لە رابردوودا لە هەندێک خۆپیشانداندا ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانیان هێناوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی تاران.