ڕاپۆرتی کوردستانی

02:39 - 16/04/2019

بۆ رۆژی رەشی کورد کۆشکی سپی چی کرد؟‌

پەیسەر

په‌یسه‌ر- زه‌مه‌ن

ئەو رۆژانەی کە دەسەڵاتی بەعس، دەیویست بە گازی کیمیایی و روخانی گوندەکان شادەماری ژیانی کورد ببڕێ، رێک لەو کاتەدا جوتیارانی خاوەن مەرەزە و گەنمی ئەمریکا خەنی بوو بوون بەو گرێبەستە ملیۆن دۆلارییانەی دەوڵەتەکەیان لەگەڵ سەدام بەستبووی.

ئیدارەی دۆناڵد ریگان لە کۆشکی سپی، باش دەیزانی کورد لە عێراق لە چ رۆژێكی رەشدان، بەڵام ئایا گرێبەستە بازرگانی و کشتوکاڵییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی بەعس گرنگترە یان گیانی دەیان هەزار مرۆڤ لە شوێنێکی چەپ و لە بیرکراوی دنیا؟ کۆشکی سپی دۆلارەکانی هەڵبژارد و دواتر بە ئامار ئێسکوپروسکی قوربانییەکانی ژمارد.

ئایا ئەمریکا دەیتوانی بەر بە ئەنفال بگرێ؟ سەدام بایی ئەوە ترسم و بیمی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دڵدا مابوو تا سڵ بکاتەوە لە دڕندەیی؟ 
بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە بەڵێ ئەمریکای سەرۆک ریگان ئەگەر هێندە دڵفراوان نەبووایە لە پێدانی بەخشش لە شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ ئێران و چاوپۆشی لە تاوانەکانی سوپای عێراق، ئەوا هەرگیز تاوانێک نەدەبوو بەناوی ئەنفال، هەرگیز گۆڕی بە کۆمەڵ نەدەدۆزرایەوە لەو بیابانە دوورە دەستانەی کە ئێستا پڕکراون لە ئێسکوپروسکی کورد.

ئەمریکاییە بە ویژدانەکان
مانگی ئازار و نیسانی ساڵی ١٩٨٨ تاوانی ئەنفالی کورد و کیمیابارانی کوردستان گەیشتە لوتکە، مانگی ئەیلولی ئەو ساڵە سیناتۆر (کڵەیبۆر پێڵ) یاسای "سزادان و ئابڵوقەی عێراقی"ی بە کۆنگرێس ناساند لە پای کوشتنی خەڵکی سڤیلی کوردستان، ئەو ساڵەبوو کە گرێبەستی پێنج سەد ملیۆن یەکەی کشتوکاڵیی ئەمریکا بە عێراق هێشتا کۆتایی نەهاتبوو. لەو یاسایەدا بازرگانی و هاوکاری بە حکومەتی بەعس قەدەغە دەکرد، کەچی کۆشکی سپی سێ مانگ دواتر، قەبارەی هاوکاری و بازرگانیی لەگەڵ دەسەڵاتی سەدام حسێن بۆ دووقات زیاد کرد و گەیشتە یەک بلیۆن دۆلار!

ئەمریکاییە بە ویژدانەکانی وەکو سیناتۆر کڵەیبۆر پێڵ و پیتەر گاڵبرێس، زۆر هەوڵیاندا و سەریان بە دەرگای زۆر کەسدا کرد تا ئەمریکا هێز و پێزی خۆی بەکاربێنێ بۆ بەرگرتن بە جینۆساید لە کوردستانی عێراق، بەڵام لە واشنتۆن هێزی دۆلار زاڵبوو بەسەر هێزی مرۆڤدۆستیدا.

بە باشی دەمانزانی کە شتێکی ترسناک روو دەدات و عەلی حەسەن مەجید سەرپەرشتی کوشتارەکان دەکات. کەچی باڵیۆزخانەمان لە بەغدا جەختی دەکردەوە ئەوانە ئۆپراسیۆنی کاتین 

لاری پۆپ بەرپرسی دۆسێی عێراق – ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٨ دەڵێت: ئەو راپۆرتانەی لە عێراقەوە حەفتانە بە رێکوپێکی دەهاتن. مەگەر چۆنها ئەگینا نەدەگەیشتە دوو حەفتە. تێیدا بە روونی دەریدەخست کە سوپای عێراق دڵڕەقانە گوندی کوردەکان خاپوور دەکات. بە باشی دەمانزانی کە شتێکی ترسناک روو دەدات و عەلی حەسەن مەجید سەرپەرشتی کوشتارەکان دەکات. کەچی سەرباری ئەو هەموو زانیارییە، بەڵام باڵیۆزخانەمان لە بەغدا جەختی دەکردەوە ئەوانە ئۆپراسیۆنی کاتیی و بەغدا مافی خۆیەتی ئاسایشی خۆی دابین بکات!

لە یەکێک لە نامەکانیاندا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا نووسیویەتی: لە بری ئەوەی بەتالیۆنێک سەرباز بە فیڕۆ بدرێ، گوندێک تێک دەدرێ و دانشتوانەکەی دەگوازرێتەوە شوێنێکی تر!

میدیای ئاگادار و بێدەنگ
رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمریکی جۆناسان راندەڵ، چەند وێنەیەکی کیمیاباران و خاپوورکردنی گوندەکانی کوردستان دەداتە سەرنووسەری یەکێک لە رۆژنامە بەناوبانگەکانی واشنتۆن تا بڵاوی بکاتەوە لەسەر تاوانی جینۆسایدی کورد، کەچی سەرنووسەر بە راندەڵ دەڵێت: کێ گرنگیی بەمانە دەدات راندەڵ!

لە رۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست، زۆرجار راپۆرتی خاپوورکردن و راگواستنی گوندەکانی کوردستان بڵاو کراونەتەوە لە ساڵی ١٩٨٨ و ١٩٨٩ بەڵام نە رای گشتی و نە کۆشکی سپی بایەخیان پێ نەدەدا و دەیانوت ئەوانە رووداوەکانی ناو جەنگێکن!

بێویژدانییە بوترێ میدیاکانی ئەمریکا و سیناتۆرە مرۆڤدۆستەکانی وەکو پێڵ و گاڵبرێس کاریگەرییان نەبوو لەسەر تاوان و جینۆسایدەکانی سەر کورد، بەڵام کاتێک کاریگەریی هەوڵەکانی ئەوان سەریگرت و کۆشکی سپی لە نەشئەی گرێبەستە ئابووری و سەربازییەکان هاتە دەرەوە، کە ئیتر کوردە بێچارەکان یان لەژێر گڵدا بە کۆمەڵ نووستبوون، یان بەگازی کیمیایی ژیانیان لێ سەنرابوویەوە یان پەستێنرابوونە ئۆردوگای زۆرە ملێ.

کۆشکی سپی درەنگ بە سەدام و دەسەڵاتە دڕندەکەی وت: ئیتر بەسە. کاتێک پێیوت کە سوپا و سەدام ماندوو بوون لە قڕکردن و قەڵاچۆی کوردان. کاتێک وتیان دەست هەڵگرە کە ئیتر ژێر دەستی سەدام خەریکبوو کوردی تێدا نەدەما!

زانیارییەکانی ناو ئەم راپۆرتە لە کتێبی (ئەمریکا و ئەنفال) لە نووسینی خاتوو سەمانسا پاوەر و وەرگێڕانی بەختیار کەریم وەرگیراوە. ئەو کتێبە ساڵی ٢٠٠٦ وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و زانیاری زۆر گرنگ  وهەستیاری تێدایە سەبارەت بە جینۆسایدی کورد و هەڵوێستی ئەمریکا.