ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:40 - 18/04/2019

ئه‌و كورده‌ی لە خۆراسان ده‌سه‌ڵاتى ئێران و ئینگلیزى تێكشكاند‌

پەیسەر

خوراسان ناوچەیەکی بەرینە لە خۆرهەڵاتی ئێران کە لە چەندین رووەوە پێگە و گرنگی تایبەتی هەیە، ئەو ناوچەیە پێشتر بە (پارساوا) ناوی هاتووە و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ساسانییەکاندا ناوی گۆڕاوە بە خوراسان بە واتای (سەرزمینی خۆر).

بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، کورد لە رابردووی دوورەوە لەو ناوچەیە هەبوون، بەڵام بە تایبەت لە سەردەمی شاعەباسی سەفەویدا هەم بە مەبەستی لاوازکردنیان لە ناوچەکانی خۆیان و هەم بە مەبەستی ئەوەی لە بەرامبەر تورکمان و ئۆزبەک و مەغۆلەکاندا وەک شەڕکەری ئازا پارێزگاری لە سنوورەکانی ئێران بکەن، لە چەندین ناوچەوە کۆچی زۆرە ملێیان بۆ خوراسان پێ کراوە.

کورد لەو ناوچەیەش مێژووی سەرهەڵدان و بەرەنگاربوونەوەی خۆی هەیە و لە قۆناغە جیاجیاکاندا سەرکردەکانی دەستیان داوەتە راپەڕین و سەرهەڵدانی گەورە و کاریگەر کە یەکێک لەوانە راپەڕینی کۆمۆنیستی خوداوێردی سەردارە کە بە (خەدو سەردار) ناسراوە. ئەو راپەڕینە لە ژێڕ کاریگەری شۆڕشی کۆمۆنیستی ١٩١٧ی سۆڤێت و لە ساڵی ١٩٢٠ لە ناوچەی شیروانی خوراسان هەڵگیرسا. 

خەدو سەردار سەر بە خێڵی پاڵەوانلووی یەکێک لە خێڵەکانی کوردانی کرمانج بوو و، لە گوندی تەکمەرانی سەر بە شارۆچکەی شیروان لە خێزانێکی هەژار هاتبووە دنیا، بە هۆی دەستکورتی و هەژاری، باوکی رازی دەبێت بەوەی کە یەکێک لە خزمە دوورەکانیان بە خێوی بکات، بۆیە ساڵانێک دوور لە خێزانەکەی خۆی دەژیێت.

دایکی تازەی گرنگی زۆری پێ دەدا، پۆشتە و پەرداخی دەکات و بەردەوام پێی دەڵێ تۆ لە خێڵی پاڵەوانلوویت و دەبێ ببی بە پاڵەوانێکی گەورە، دواتر خەدو وەک گەنجێکی سەرکێش و ئازا ناوبانگ دەردەکات و بە خێرایی لە ئەسپسواری و شمشێر وەشاندن و تیر هاویشتن کارامە دەبێ. 

خەدو ناوەناوە سەردانی دایک و باوک و خوشک و براکانی خۆی لە گوندی تەکمەران دەکات و لە یەکێک لەو سەردانانەندا محەمەد ئیبراهیم خانی رۆشنیی حاکمی شیروان، چوستی و سوارچاکی لێ دەبینێ و داوای لێ دەکات بچێتە ریزی پیاوەکانی ئەوەوە. خەدو زۆر بەوە دڵخۆش دەبێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەی باوکە بەخێوکەرەکەی ئامۆژگاری دەکات بەوەی بوون بە پیاوی خان و ئاغاوات ئەنجامی باشی نییە و بە نانەڕەقی رەعییەتی خۆی رازی بێ باشترە، دایکە بەخێوکەرەکەی هانی دەدا شوێن خان بکەوێ و ئەوە بکات بە دەرەفتێک بۆ سەرکەوتن و گەورەبوونی خۆی، بۆیە نان و پیتاکی بۆ دەپێچێتەوە و بەڕێی دەکات و بە چاوی پڕ فرمێسک پێی دەڵێت"هەرچەن زۆر بە بەخێوکردنتەوە ماندوو بووم و دڵم بە رۆیشتنت بڕوایی نادا، بەڵام خێری تۆ لەمەدا دەبینم و دڵنیام داهاتووت روون دەبێ".

هەر کە خەدو دەچێتە بارەگای خان، خانی گەورە رادەسپێرێ باشترین راهێنانی لە سوارچاکی پێ بکەن و ئەسپ و رەختی زۆر باشی پێ بدەن. محەممەد ئیبراهیم خان بنەچەی دەچووەوە سەر خێڵی زەعفەرانلووی قووچان کە هەر لە سەرەتای چوونی کوردان بۆ خوراسان فەرمانڕەوایی ناوچەکەیان لە دەستدابووە. خەدو رۆژ لە دوای رۆژ لە بارەگای محەممەد ئیبراهیم خاندا زیاتر پێش کەوت تا ئەوەی بوو بە فەرماندەی سوارەکانی زەعفەرانلوو لە شیروان. هەروەها هەر ئەرکێکی گرنگ و هەستیاری پێ بەخشرا و بۆ هەر شەڕێک نێردرا بە سەرکەوتوویی و باشترین شێوە جێبەجێی کرد. بەڵام دوای ئەوەی محەممەد ئیبراهیم خان لە لایەن شوجاعولدەولەی کوڕە مامی خۆی کە والی خوراسان بوو دەسەڵاتدارێتی شیروانی لێ سەندرایەوە، خەدو سەرداریش شیروانی بەجێ هێشت و رووی کردە سنوورەکانی نێوان عیشق ئابادی سۆڤێت و خوراسان. 

چوونی خەدو بۆ ئەو ناوچەیە هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵەکانی سۆڤێت بۆ تەشەنەکردنی زیاتر لە ناو خاکی ئێران و پێکهێنانی حکومەتی کۆمۆنیستی سەربەخۆی، واتە لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٩ بۆ ١٩٢٠، هەرچەند سۆڤێت سوپای سووری نەبردبووە ناوچەی خوراسان، بەڵام لە هەوڵی ئەوەدا بوو بە رێگای دیکە دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بگرێتە دەست، لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا خەدو سەردار لەو سنوورانە لە رێگەی تورکمانێکی کۆچەرییەوە سەرکردە کۆمۆنیستەکانی عیشق ئابادی ناسی و سۆڤێتییەکان کە زانیان شەڕکەرێکی ئازا و بێباکە، پێشوازی گەرمیان لێ کرد و بەڵێنی پشتگیریکردنیان پێ دا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کۆمۆنیستی لە باکووری خوراسان.

دەرکەوتنی خەدو سەردار وەک سەرکردەیەک

خەدو وەک کەسێک کە بە هەژاری و چەرمەسەری گەورەبووە و لەگەڵ خەم و ئازارەکانی هەژاران و چینی بندەستی کۆمەڵگا ژیاوە، بیروبڕوای کۆمۆنیستی زۆر لە لا پەسەند دەبێ و دەستبەجێ لەگەڵ سۆڤێتییەکان رێکدەکەوێت، دوابەدوای رێککەوتنەکەی، محەممەد سادق بەگی ئەسفراینی وەک نوێنەری خۆی بۆ بەشداریکردنی لە یەکەم کۆنگرەی کۆمۆنیستی باکۆ رەوانە دەکات.

زۆری نەخایاند خەدو سەردار ناوەندی فەرماندەیی خۆی لە قەڵای گلیان لە باشووری رۆژهەڵاتی شیروان دامەزراند و کۆمۆنیستەکان دووسەد سندوق فیشەک، ٥٠ بۆ ٦٠ سندوق زێڕ و دراوی زیوی ئێرانی، نزیکەی هەزار چەکی ئینگلیزی و رەشاشی رادەست دەکەن.

خەدو سەردار چالاکییە سیاسییەکانی دەستپێدەکا و لەگەڵ قەوامولسەڵتەنەی والی نوێی خوراسان کە لە دوای شوجاعولدەولە والیگەرێتی دەگرێتە دەست، دەکەوێتە دانوستان، بەڵام بە هۆی ئەوەی قەوامولسەڵتەنە لەو قۆناغەدا پشتگیری بەریتانییەکان دەکات ناگەنە رێککەوتن.

خەدو هەروەها لەگەڵ گریگوری زینوڤیف، بەرپرسی کۆمیتەی جێبەجێکاری کۆمینترێن و لە نزیکانی جۆزێف ستالینی سەرۆکی سۆڤێت کۆ دەبێتەوە و بەڵێنی هاوکاری زیاتری لێ وەردەگرێت. لەو قۆناغەدا حەیدەرخان عەموغڵی کەسایەتی کۆمۆنیست لە شاری مەشهەدی ناوەندی خوراسان سەرقاڵی چالاکی کۆمۆنیستی دەبێ و سۆڤێتییەکان رایدەسپێرن هاوکاری خەدو سەردار بکات، بۆیە حەیدەر عەموغڵی سەردانی قەڵاکەی خەدو لە گلیان دەکات و هێڵی تەلەفۆنی بۆ دادەمەزرێنێت هەم بۆ ئەوەی لە کاتی شەڕدا بۆ گەیاندنی فەرمانەکان بەکاری بێنێت هەم بۆ ئەوەی لەگەڵ ناوەندێکی نهێنی سۆڤێتییەکان لە شارۆچکەی قووچان پێوەندی هەبێت.

قەوامولسەڵتەنەی والی خوراسان هەوڵ دەدات لە رێگەی بەرتیل پێدان خەدو سەردار لە راپەڕینە کۆمۆنیستییەکەی پەشیمان بکاتەوە، بۆیە شمشێرێکی گرانبەها و فەرمانی حوکم کردن بە سەر رێگاکانی نێوان ناوچەکانی بجنوورد، شیروان، قوچان و باجگیرانی بۆ دەنێرێت، بەڵام خەدو رەتیان دەکاتەوە. لەو ماوەیەدا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە خەدو سەردار دەیەوێ بە هاوکاری سۆڤێتییەکان هەموو خانە کوردەکان یەکبخات و هێرش بکەنە سەر مەشهەد و لەوێوە پەلاماری هەموو ئێران بدەن. ئەم هەواڵە بە گوێی حکومەتی پاشایەتی دەگاتەوە و قەوامی والی خوراسان رادەسپێرن راستەوخۆ بچێتە مەیدانی شەڕ و کۆتایی بە راپەڕینی خەدو سەردار بهێنێت.

راپەڕینی خەدو سەردار دەرفەتی ئەوەی پێ نادرێت ببێتە هۆی پێکهێنانی کیانێکی سیاسی هەر چەند کورتمەودایش، جگە لەوەی هێزەکانی حکومەتی پاشایەتی لە چەندین لاوە پەلاماری دەدەن، بەریتانییەکانیش کە بە هۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ناو خاکی ئیراندا بوون چونکە بە لایەنگری سۆڤێتی دەزانن هێرشی دەکەنە سەر، ئەمە لەگەڵ ئەوەی چەند خانێکی کوردی سەر بە حکومەتیش کە دوژمنایەتی کۆنیان لەگەڵی هەبووە لە دژی یەک دەگرن و هورووژمی بۆ دەکەن.

خەدو سەرداری کرمانج ماوەی سێ مانگ بەربەرەکانێی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی حکومەت و خانە کوردەکانی سەر بە حکومەت دەکات. بە شێوەیەک کە لە ناوچەی ئەسفراین بەرەوڕووی لەشکری وەلیخانی قارەمانلووی سەر بە حکومەتی پاشایەتی دەبێتەوە و پاشەکشەی توند و خێرای پێ دەکات، هێزی رووبەڕووبوونەوەی خەدو سەردار و توانای بۆ تێکشکاندنی لەشکری بەرامبەر بە رادەیەک لە ناوچەکەدا دەنگ دەداتەوە کە نوێنەری حکومەت لە شارۆچکەی شیروان لە ترسان شوێنی خۆی بەجێ دێڵێ و روو دەکاتە گوندەکان، هەروەها حکومەتی ناوەندی ئاگادار دەکاتەوە تا سوپایەکی تۆکم و تەیار بۆ پاڵپشتی نەنێرن ناگەڕێتەوە شیروان.

هێزەکانی خەدو سەردار ناوە ناوە گورزی سەخت لە هێزەکانی حکومەت دەوەشێنن و لە یەکێک لە هێرشەکاندا دەست بە سەر پۆستەیەکی گرانبەهادا دەگرن کە دەبێتە یارمەتییەکی دارایی بەرچاو بۆیان و زیاتر پێی پۆشتە و پەرداخ دەبن. بەریتانییەکان کە ئەو دۆخە دەبینین خۆیان راستەوخۆ دەستبەکار دەبن و هێزێکی ١٢٠٠ کەسی لە سەربازانی بەکرێگیراوی هیندی بە ٢٠ تۆپ و کەرەستەی تەواوی جەنگی دەگوازنەوە بۆ ناوچەی خوراسان و لە سەربازگەیەک لە ناوچەی باجگیران جێگیریان دەکەن. بەریتانییەکان زۆر لەوە دەترسان کە لە رێگای خەدو سەردارەوە خوراسان بکەوێتە دەست سۆڤێت و سۆڤێتییەکان لەو سنوورەوە دەستیان بگاتە ئەفغانستان و بە دوایشیدا هیندستان کە بۆ بەریتانیا ستراتیژیترین وڵات بوو. ئەم نیگەرانییە وا دەکات بەریتانییەکان هەموو کارێک بۆ شکستپێهێنانی خەدو سەردار بکەن، ئەوانیش هەندێک لە خانە کوردەکان لە دژی خەدو بە کرێ دەگرن و بۆ ئەوەی چەکدارانی ئەو خانە کوردانەیان لەگەڵ هێزە کوردەکانی دیکە لێ تێکەڵ نەبێ سەر باسکیان بە نیشانە داخ دەکەن. 

لە بەرامبەردا کوردانی لایەنگری خەدو لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی خوراسانەوە، دەچنە ریزی هێزەکانییەوە و ئەوە نیگەرانی حکومەتی پاشایەتی زیاتر دەکات و بەردەوام لە ناوەندەوە بە تەلەگراف فەرمان بە بەرپرسانی ناوچەکە دەکرێت هەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی راپەڕینی خەدو سەرکوت بکەن. یەکێک لە تەلەگرافەکان بۆ قەوامولسەڵتەنەی والی خوراسان، مێژووی ١٣ی شوالی ساڵی ١٣٣٨ی مانگی، لە سەر نووسراوە.  

والی خوراسان هەموو هێزی خۆی و خانە کوردە بەکرێگیراوەکانی ناوچەکە کۆ دەکاتەوە کە ژمارەیان دەگاتە ١٥ هەزار کەس و بە مەودای فەرسەخێک دەوری قەڵای خەدو لە گلیان گەمارۆ دەدات. ئەو هێزە چەندینجار و لە چەند لایەکەوە هێرش دەکاتە سەر قەڵای گلیان بەڵام هەر جارە و بە شێوەیەکی خراپ شکست دەدرێ و بە ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندارو بەدیلگیراو دەکشێتەوە، تا کار دەگاتە ئەوەی خەدو بەو هەموو کوژراوە نیگەران دەبێ و دەڵێت ئەم کوشت و بڕە خواستی من نییە، ئەو وەک زۆربەی سەرکردە کوردەکان لەگەڵ برینداران و بەدیلگیراوان بە بەزەیی هەڵسوکەوت دەکات و رادەسپێرێت خزمەت بکرێن. 

 خەدو سەردار لە داڕشتنی پلانی سەربازیدا زۆر زیرەک بووە و بە درێژایی ئەو سێ مانگەی شەڕی قورسی لەگەڵ دەکرێت بۆ جارێکیش تووشی شکست نابێ، بۆیە دواجار لەگەڵ گەمارۆی سەربازی گەمارۆی ئابووریشی دەخرێتە سەر و ناچار دەبێ لە ناو قەڵاکەیدا ژەمەکانی خۆاردن بۆ سەربازەکانی کەم بکاتەوە، بەڵام بەو حاڵەیش نەک هەر توانای بەرگری لاواز نابێ، بگرە هێرشی دووبارە دەست پی دەکاتەوە و جگە لەوەی شەوان پەلەمارەی ئەو هێزانە دەدات قەڵایان گەمارۆ داوە، هێزێکی دووسەد کەسیش رەوانەی شیروان دەکات بۆ دەستگیرکردنی والی خوراسان.

لە زمان چەکدارەکانییەوە و لە بارەی ئیرادەی خەدوو بۆ بەرەوڕووبوونەوەی دوژمنەکانی ئەم شیعرە گێڕداروەتەوە کە گوایە خەدو سەردار لە کاتی شەڕدا وتوویەتی:
ژاندارم بێوە دووسەد هەزار 
مینا دەوان دەکەم قەتار 
واتە ئەگەر دوو سەد هەزار جەندەرمە بێن وەک قەتار بە دوای یەکدا ریزیان دەکەم.

دواجار والی خوراسان بە پیلانی خانە کوردە بەکرێگیراوەکان بیر لەوە دەکاتەوە بە رێگەی فێڵ و فریو قەڵای گلیان بە خەدو سەردار چۆڵ بکەن. خانە بەکرێگیراوەکان پیرە پیاوێک بە ناوی حاجی تاتار بە والی خوراسان دەناسێنن کە سێ کوڕی چەکداری خەدون و خەدو متمانەیەکی زۆری پێیەتی، والی خوراسان بە حاجی تاتار رادەگەیەنێت کە تۆپێکی زۆر پێشکەوتوویان پێ گەیشتووە و دەتوانن راستەوخۆ قەڵای گلیانی پێ بپێکن و ئەوەی تێایدایە دەستبەجێ لەناوی ببەن، بەڵام حەز ناکەن ئەوە روو بدات و خەڵک و کوڕەکانی ئەویش لە ناو بچن، بۆیە بچێت خەدو رازی بکات خۆی قەڵا چۆل بکات و بە بێ شەڕ بڕوات.

بەو شێوە پیرە پیاوی دڵپاک لە شەودا دەچێتە لای خەدو سەردار و رازی دەکات کە قەڵای گلیان بەجێ بێڵێ، خەدو سەردار بە رادەیەک متمانەی بە حاجی تاتار بووە هەمان شەو قەڵای گلیان چۆل دەکات و دەڵێت خەڵک زۆر کوژراوە و منیش مەبەستمە لەوە زیاتر خوێن نەڕژێت بۆیە بەرەو سنوورەکانی سۆڤێت دوور دەکەوێتەوە.

بۆ سبەی پیاوانی حکومەت دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە خەدو سەردار هەڵاتووە، هەرچەند خەڵکی ناوچەکە بڕوا بە هەواڵەکە ناکەن، بەڵام زۆر ناخایەنێت والی خوراسان بە پێش چاوی خەڵکەوە دەچێتە ناو قەڵای گلیان و دەست دەگرێت بە سەر چەک و تەقەمەنییەکی زۆردا کە خەدو بەجێی هێشتوون. چەک و تەقەمەنییەکان رەوانەی مەشهەدی ناوەندی خوراسان دەکرێن و خەدو سەردار ئەو بڕە چەکەیش لەگەڵ خۆی بردوویەتی لە ڕیگادا دەرزییان لێ دەردەکات و فڕێیان دەدات.

وەک دواتر دەردەکەوێت خەدو سەرداری کرمانج وا نەڕۆیشتووە کە نەگەڕێتەوە، بگرە بە ئامانجی بە دەستهێنانی چەک و کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو رووی لە سۆڤێت کردووە، بەڵام لە گەڕانەوەیدا دەردەکەوێت لە راستیدا سۆڤێتییەکان هاوکارییەکی ئەوتۆیان نەکردووە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە سۆڤێتییەکان بێهیوا بوون لەوەی بتوانن لە خوراساندا بیر و بڕوای کۆمۆنیستی پەرە پێ بدەن، بە تایبەت کە حەیدەر عەموغڵی نوێنەریان لە مەشهەد پێی راگەیاندبوون لەو قۆناغەدا هەلومەرج بۆ شۆڕشێکی کۆمۆنیستی لە ناوچەکە لەبار نییە.

لەو ماوەیەدا حکومەتی ئێران بە رەسمی داوا لە سۆڤێت دەکات خەدو سەردار رادەستی ئێران بکەنەوە، داوایەک کە هیچ کات وەڵامی نادرێتەوە. سەرباری ئەوە خەدو سەردار لەگەڵ کەسە نزیکەکانی بە نهێنی دەگەڕێتەوە بۆ خوراسان و دەیەوێت جارێکی دیکە راپەڕین بکات، ئەو بە هۆی متمانەی بە سەرداری بجنوردی کە لەو کاتەدا ناوچەی بجنورد لە کۆنترۆڵی تەواوی خۆیدا بووە و هێزەکانی حکومەت رێگەپێدراو نەبوون سنووری ببەزێنن، دەچێتە ناو بجنورد و بە هاوئاهەنگی سەردار لە کاروانسەرایەک دەمێنێتەوە، بێ ئاگا لەوەی سەرداری بجنوردی ناپاکی لێ دەکا و دەست لەگەڵ پیاوانی حکومەت تێکەڵ دەکات و رێگەیان پێ دەدات لەناکاو بچنە سەر کاروانسەراکە و خەدو و یاوەرانی دەستگیر بکەن.

سەرداری بجنوردی بە بیانوی چوون بۆ راو لە شار دەچێتە دەر و، پیاوانی حکومەت کاروانسەراکە گەمارۆ دەدەن و هێرش دەکەنە سەر خەدو سەردار، هەرچەند براکانی خەدو بەرەنگاری دەکەن و خەڵکی بجنورد کە بە رووداوەکە دەزانن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی پاشایەتی دەکەونە شەڕ، بەڵام لە کۆتاییدا خەدو و هاوڕێیانی ناچار دەبن خۆیان بە دەستەوە بدەن و دەستگیر دەکرێن. لەو شەڕەدا برایەکی خەدو و چەند کەسێکی خەڵکی بجنورد دەکوژرێن.

خەدو سەردار بە دەستبەسەرکراوی رەوانەی مەشهەد دەکرێ و دوای ٦٥ رۆژ لە زیندانیبوونی بە فەرمانی کۆلۆنێل محەممەد تەقی خانی پەسیان والی نوێی خوراسان بە دەستڕێژی گولە دەکوژرێت.

بەو شێوەیە راپەڕینی خەدو سەرداری خوراسان کە لە نێوەی دووەمی ساڵی ١٢٩٨ی هەتاوی هەڵگیرسا لە کۆتایی مانگی رەشەمەی ١٢٩٩ی هەتاوی شکستی تەواوەتی پی دەهێندرێت. خەدو سەردار لە بەرەبەیانی ٧ی پووشپەڕی ١٣٠٠ی هەتاوی سزای مەرگی لە سەر جێبەجێدەکرێت و هەواڵی کوژرانی لە گۆڤاری هاوکاری باکووری کوردستان و هەندێک رۆژنامەی کۆمۆنیستی سۆڤێت بڵاو دەکرێتەوە.

هۆکارەکانی شکستی راپەڕینی خەدو سەردار بەم خاڵانە راگەیەندراون:
١ – ناپاکی کردنی خانە کوردەکان.
٢- لەبارنەبوونی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کەلتووری بۆ شۆڕشی کۆمۆنیستی.
٣- هەڵە کردنی خەدو سەردار لە بەدەستەوەدانی قەڵای گلیان.
٤- پشتگیرینەکردنی سۆڤێتییەکان لە دووبارە هەڵگیرساندنەوەی راپەڕینی خەدو.
٥ – هەژمۆنی هێزەکانی بەریتانیا بە سەر ناوچەی خوراساندا .