ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:25 - 20/04/2019

كارلێكردنی نێوان حزبوڵا و ئێران بریكارنامەیی نەك هاوبەشی‌

پەیسەر

لەكاتێكدا كە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا سزاكانی لەسەر ئێران و بریكارەكانی زیادكردووە، گفتوگۆ كلاسیكیەكان دەربارەی پۆلێنكردنی حزبوڵا دەستی پێكردۆتەوە، كە ئایە حزبوڵا هاوبەشە یان بریكاری ئێران بەبەرچاوی بەیروت و واشنتۆنەوە، پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایە ئەمە گروپێكی كاریگەری لوبنانیە یان لقێكی سەربازی ئێرانی؟

 

 كاتێك مانگی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی لوبنانی كرد، هەریەك لە میشال عەون سەرۆكی لوبنان و جبران باسیل وەزیری دەرەوە ،حزبوڵایان بە پارتێكی لوبنانی وەسفكرد كە خاوەنی پێگەیەكی جەماوەریە و تیرۆرست نیە، ئاماژەیان بەوەشكرد كە سزاكانی ئەمریكا زیان بەئابوری لوبنان دەگەیەنێت، هەروەك ژمارەیەك لە چاودێرانی ناوخۆی لەواشنتۆن پێیان وابوو كە دانانی حزبوڵا وەك بریكارێكی راستەوخۆی ئێرانی تێگەیشتنێكی هەڵەیە، وەك ئەوەی گۆڤاری فۆرین بولیسی بڵاویكردەوە، بەڵام ئەم بۆچوونە ژمارەیەك بەڵگەی مێژووی رەتدەكاتەوە كە پەیوەندی حزبوڵا بە سوپای پاسدارانی ئێرانی دەسەلمێنێت، و ئەمەش یارمەتی ئەو رێكخراوە تیرۆرستیە دەدات خۆی لەسزاكانی ئەمریكا بدزێتەوە.

هاوبەشیكردن نیە
پەیوەندی حزبوڵا بە ئێرانەوە زیاتر ئەندامیەتیە، وەك لەوەی هاوبەشی كردن بێت، و چەندین بۆنەش هەیە لەمێژووی ئەو حزبەدا كە تاران كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بریارەكانی هەبووە و بەشێوەیەكی ئاشكرا تاران فەرمانی بە حزبوڵا كردووە، دەكرێت هاتنەناوەوەی حزبوڵا لەشەری ( لەپێناو حەڵەبدا) لە ساڵی 2015 بەهەند وەربگیردرێت، هەتا ئەوكاتە حزبوڵا بیانوی ئەوەی بۆلایەنگرەكانی دەهێنایەوە كە هۆكاری چوونە ناو شەری سوریا بۆ پاراستنی سنورەكانی لوبنان و گوندە شیعیەكان و شوێنە پیرۆزەكانی شیعیە لەدیمەشق، ئەم بنەما لۆژیكیە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی ئێران فەرمانی بەحزبوڵا كرد كە شەر لەحەڵەب بكات، شارێك كە نە شیعەنشینە وهەروەها  لەسنورەكانی لوبنانیش دوورە و ژمارەیەكی زۆر كەمیش مەزاری شیعەكانی تێدایە، كاتێك حزبوڵا ژمارەیەكی زۆر لەچەكدارەكانی لەو شەڕەدا لەدەستدا توانای ئەوەی نەما بیانو بۆ قوربانیدانەكانی بۆ گەلی لوبنان و كۆمەڵگەی شیعە بهێنێتەوە.

لەچوارچێوەی دڵنیابوونەوە لەوەی كە ئێران فەرمانی بەو حزبە كرد چەكدارەكانی رەوانەی حەڵەب بكات، ژمارەیەك لەچەكدار و بەرپرسەكانی حزبوڵا لەگفتوگۆ و چاوپێكەوتنەكانیاندا دانیان بەوەدانا كە فەرماندەی سەربازی ئەوان لەو كاتەدا مستەفا بەدرەدین لەسەرەتادا رەتیكردۆتەوە هێز بنرێت بۆ ئەو شارە، زۆرینەی ئەوانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە پێیان وایە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران مستەفا بەدرەدینی ناچاركرد بەپێچەوانەی خواستی خۆی مامەڵە بكات و رازی بێت هێز رەوانەی حەڵەب بكات، و هەر ئەویش فەرمانی كوشتنی لەكۆتایی ساڵی 2016 دا دەركرد، لەدوای ئەوەش چەند راپۆرتێك باسی ئەوەیان كرد كە سولەیمانی خۆی سەرپەرشتی تەواوی پرۆسەسەربازیەكانی حزبوڵای دەكرد، هەروەك یەكێك لەچەكدارەكان ساڵی 2017 رایگەیاند زۆر دیاربوو كە كاری لەپێشینەی سولەیمانی پاراستنی ئێرانیەكان بوو، ئەو بەلایەوە ئاسایی بوو قوربانی بە چەكدارانی حزبوڵا و تەواوی هێزە شیعیەكانی دەرەوەی ئێرانیەكان بدات، بەشێكی تر لەچەكدارەكان گومانی ئەوەیان هەبوو كە هاوپەیمانە ئێرانیەكانیان لەگۆرەپانەكانی شەر جێیان هێشتوون، ئەم روداوانە بەئاشكرا بووە هۆی زیادبوونی زیانە گیانیەكانی حزبوڵا، و دواتریش بەشێك لەچەكدارەكانیان ئامادەنەبوون لەژێر فەرماندەیی ئێرانیەكان شەڕبكەن.

لەگەڵ زیادبوونی بێ ئومێدیەكان، سولەیمانی تارادەیەك نەرمی بەرامبەر ئاڵنگاری لوبنانیەكان پیشاندا، یەكێك لەسەركردەكان گوتی كاتێك سكاڵاكان زیادیانكرد و سەركردایەتی حزبوڵا داواكاری سولەیمانی بۆ ناردنی چەكداری زیاتر بۆ حەڵەب دواخست، موچە بۆماوەی سێ مانگ وەستا، تا ئەوكاتەی حزبوڵا داواكاریەكەی جێبەجێكرد.

زۆرینەی ئەو كەسانەی كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ دەكرێت خۆیان لەو پرسە دەدزنەوە، بەڵام دەڵێن هەستیان بە رێز و ترس كردووە ئەوان پەیوەندیەكە وەك پەیوەندی كرێكار و خاوەن كار دەبینن، زیاتر لەوەی پەیوەندی هاوبەش بێت.

جگە لەشەركردن لە حەڵەب و لەسەر داوای ئێران حزبوڵا لەژمارەیەك پلانگێری و هێرشی تیرۆرستی لەدەرەوەی لوبنان تێوەگلا لەم چەند ساڵەی دوایدا ئەویش لەرێگەی یەكەیەكەوە بەناوی " یەكەی پرۆسە دەرەكیەكان" و زۆرینەی ئەو پلانگێریانەش ئامانجی سیاسی دەرەوەی ئێرانیان پێوە دیاربوو، هەروەها زیانی بە وێنەی حزبوڵا وەك بزوتنەوەیەكی خۆراگری گەیاند، بەڵام ئەم كاریگەریانە قۆناغە سەرەتاییەكانی حزبوڵا بیردەخەنەوە، كاتێك هێرشی كردە سەر یەكەكانی ئەمریكا و فەرەنسا لەهێزە فرەرەگەزەكان ساڵی 1983 ، یەكێك لەبۆچوونەكان پێی وابوو ئەو هێرشانە پاڵنەری نەتەوەییان دژی داگیركەرە بیانیەكان لەپشت بووە و بۆ گەرانەوەی خۆراگری بووە بەڵام دەستوەردانی بەهێزی ئێران و سەلماندنی بەشداری ئێران لەو پرۆسانەدا وێنەیەكی جیاوازتریان پێدەدات، بەجۆرێك كە ئێران بەشێوەیەكی رێژەیی دەیویست تۆڵە لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بكاتەوە بەوەی كە پارەكانی بلۆك كردبوو و قەدەغەی چەك كرینی لەسەر لانەبردبوو، هەروەها حەزی ئێران بۆ تۆڵەكردنەوە لەفەرەنسا بەوپێیەی مافی پەنابەرێتی دایە سەرۆك وەزیرانی سەردەمی شا دوای ئەوەی بەهۆی شۆرشی ساڵی 1979 پەنای بۆ ئەو وڵاتە برد.

هەروەها حزبوڵا ژمارەیەك لەخەڵكانی بیانی لەنێوان ساڵانی 1982- 1991 رفاند، ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دەستی پێكرد كە میلیشیا مەسیحیەكان چوار كارمەندی باڵیۆزخانەی ئێرانیان رفاند كاتێك بەرەو باكوری لوبنان دەچوون، لەساڵی 1986 حزبوڵا هێرشی كردە سەر هێزە ئاشتی پارێزەكانی فەرەنسا لەباشوری لوبنان.

لەچاوپێكەوتنێكیشدا كە ساڵی 2005 لەگەڵ فرناند ویبو باڵیۆزی پێشووی فەرەنسا لەلوبنان كرا، تێیدا باڵیۆز ئاماژەی بەوەكرد كە ئێران هەموو هەوڵێكی دەدا بۆ ئەوەی پاریس ناچار بكات سنورێك بۆ رەوانەكردنی كامیۆنی چەك بۆ عێراق دابنێت و یاخیبوانی تارانیش دەربكات، لەسەر ئەو بنەمایەش فەرمانی بەحزبوڵا كرد هێرش بكاتە سەر هێزە جیهانیە كاتیەكان لەلوبنان، ئەم هێرشە بووە هۆی ئەوەی كە پاریس هێزەكانی لە ناو هێزە فرەرەگەزەكان لەباشوری لوبنان بكێشێتەوە.

هەروەها چوونی چەكدارانی حزبوڵا بۆ لوبنان بۆ ئەوەی شان بەشانی حوسیەكان شەر بكات كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن نمونەیەكی تری روونە لەسەر چالاكیە هەرێمیەكانی ئەو حزبە بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری، لەكاتێكدا یەمەن هیچ پەیوەندیەكی بە لوبنان و سیاسەتەكەیەوە نیە، چەند میدیایەكی جیاوازیش بڵاویانكردەوە كە چەكدارانی حزبوڵا لەكاتی پرۆسە سەربازیەكانیان لە یەمەن كوژراون، هەروەها حەسەن نەسروڵا رابەری حزبوڵا خۆشی دانی بەوەداناوە لەچاوپێكەوتنێكدا كە لەتۆری ئینتەرنێت بڵاوكراوەتەوە.

گۆرانكاری دیمۆگرافی ئێران پەیوەندیدار بە لوبنان
یەكێك لە ئامانجەكانی ئێران لەسوریا و عێراق دروستكردنی پردێكی وشكانی بوو كە ئێران بە پێگەی حزبوڵا كە باشوری لوبنانە ببەستێتەوە، بەوەش ئێران دەیەوێت لەرێگەی بریكارەكەیەوە بگاتە سنورەكانی لوبنان –ئیسرائیل، حزبوڵا و ئەندامەكانیشی بەشێكن لەو هەوڵانە.

لەسوریا ئەو پردە لە ئەلبوكەمال لەسەر سنورەكانی عێراق درێژدەبێتەوە و بە دێرەزوور لەباكوری رۆژئاوادا دەروات، پاشان بۆ كەناراوەكانی دەریای ناوەراست، تا دەگاتە سنورەكانی لوبنان، بەمەبەستی بەستنەوەی ئەو رارەوانە و بەهێزكردنیان پێویستە ئێران و حزبوڵا دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بگۆرن لەچەند ناوچەیەك، بەجۆرێك عەرەبی سوننە هان بدەن بۆ ئەوەی كۆچ بكەن بۆ شارەكانی باكور و ئیدلب یان لەرێگەی دەروازەكانەوە بۆ ناو لوبنان لەبەرامبەردا هێنانی شیعەی سوری و شیعەی بیانی و نیشتەجێكردنیان لەو رارەوانە، بەنمونە لەئێستادا شارۆچكەی قەسیر كە دەكەوێتە سنورەكانی سوریا هیچ سوننەیەكی تێدا نەماوە و بەتەواوەتی كەوتۆتە ژێر دەستی حزبوڵا.

حزبوڵا گۆرانكاری هاوشێوە لەچەند شوێنێكی لوبنانیش كردووە، ئەوەش بەمەبەستی بەهێزكردن و دڵنیابوونەوەی ئەو پردە وشكانیە لەسەر چەند ئاستێك: لەنێوان باشور -بەیروت لەرێگەی چەند شارۆچكەیەكی سونی نشین، هەروەها لەنێوان  باشوری لوبنان و دەشتی بقاع لەرێگەی چەند شارۆچكەیەكی سوننە نشین و مەسیحی نشین بەلای رۆژئاوادا.

هەروەها لەنێوان بقاع و كەناراوەكان لەناوچەی دروزیەكان لە قەزای شوف، چەند وتارێك كە لە پێگەی ئەلیكترۆنی باشوری لوبنان بڵاوكراونەتەوە ئاماژە بەوە دەكەن كە كۆمپانیای تاجكۆ كە لەلایەن خێزانی تاجەدینەوە دروستكراوە، كار ئاسانی بۆ ئەو هەوڵانەی حزبوڵا دەكات، حكومەتی ئەمریكاش ئەو كۆمپانیایەی خستە لیستی ئەو كۆمپانیایانەی كە پەیوەندیان بەحزبوڵاوە هەیە، ئەو كۆمپانیا لەچەند پرۆژەیەكی نیشتەجێ بوون لەچەند ناوچەیەكی گرنگی لوبنان كاردەكات، زۆرجاریش ئەوانەی ئەو یەكەنیشتەجێیانە بەكاردەهێنن خێزانە شیعیەكانن، كۆمپانیاكە دەیەوێت خێزانەشیعیەكانی باشور و بقاع لەو شوقانە بەنرخی گونجاو نیشتەجێ بكات، لەهەمان كاتدا، دانیشتوانی ئەو ناوچانەی بەهۆی ئەم سیاسەتەوە زەرەرمەند بوون حزبوڵا بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ئەو پرۆژانە بۆ سەپاندی سەربازیانەی خۆی بەكاردەهێنێت، هەروەها بۆ ناچاركردنی پیاوانی سوننە و مەسیحیەكان كە بەهۆی هەژاری و نەبوونی و بێكاریەوە پەیوەندی بە یەكە سەربازیەكانی ( بەرگری لوبنانیەوە) بكەن كە میلیشیایەكە پەیوەندیدارە بە چالاكیەكانی ئاسایشی ناوخۆ و شیعە نیە.

پێدەچێت حزبوڵا پرۆژەی موشەكی و دامەزراوە سەربازیەكانی تری لەناوچەی پردی وشكانی لەلوبنان لەسەرداوای ئێران بگوازێتەوە بەشێوەیەكی سەرەكی ناوچەی دروز لەشوف كە ناوچەیەكی سونیە لە بقاع، چەند زانیاریەكیش هەن باسی ئەوە دەكەن كە كۆمپانیای تاجەدین لەم هەوڵە تێوەگلاوە ئاماژە بەوەش دەكەن كە پرۆسەی كرینی 3 ملیۆن مەتر چوارگۆشە لە دەلهیمە بەشێكە لەو هەوڵە.

كۆتایی
تائێستاش زۆر كەس لە بەیروت و واشنتۆن و ئەوروپا پێیان وایە پەیوەندیەكانی حزبوڵا بە ئێران پەیوەندیەكی ستراتیژیە و ئەو گروپە پشت بە تاران دەبەستێت و قەرزداری چاكەكانی نیە، بەڵام پەراوێزی حزبوڵا لە پرۆسەی بریاردان بەشێوەیەكی سەربەخۆ تائێستاش زۆر كەمە و بەخێرایی لەبەردەم بەرنامەی دەستوەردانی قاسم سولەیمانی پاشەكشە دەكات، سەبارەت بەكاریگەری سیاسەتی لوبنانی، تائێستاش ئێران حەسەن نەسروڵا و چەند گەورە بەرپرسێكی تری حزبوڵا وەك مەرجەعی باوەرپێكراو دەبینێت، بەڵام لەكۆتایدا كێ دروستكەری بریارە گرنگەكانە.

كاتێك وتاری ئەمریكا دژی ئێران توندتر دەبێت گومانی تێداینە بیانوی زیاتر دەربارەی جیاوازی نێوان حزبوڵا و ئێران دەهێندرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو بەڵگانەی پێشوو باسكران هەروەها بەڵگەی تر پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێندرێت، هەروەك نەسروڵا خۆی سەبارەت بەتێبینیەكانی رابردووی ئاماژەی بەوەكرد كە شانازی دەكات كە ئەندامی " حزبی ویلایەتی فقهی" بووە ئەوەش دانپێدانانێكی ئاشكرا و دەگمەنە كە خۆی و گروپەكە لەژێر دەسەڵاتی رابەری باڵای شۆرشی ئێراندان.
حەنین غەدار- هاورێ لەزەمالەی فریدمان سەبارەت بە جوگرافیای سیاسی لە سیاسەتی عەرەبی لە پەیمانگای واشنتۆن.