ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:11 - 20/04/2019

گۆرانی گەورە لەپەیوەندیەكانی عێراق و سعودیە بەمانای چی دێت؟‌

پەیسەر

"له‌ پەیوەندیەكانی لەگەڵ سعودیە عێراق لەبەردەم گۆرانكاریەكی گه‌وره‌دایه‌"، ئەمە قسەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقە كە هەفتەی رابردوو بۆیەكەم جار سەردانی سعودیەی كرد، لەدوای شەش مانگ بوونی به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، عادل عەبدولمەهدی لەسەردانەكەیدا چاوی بە سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیەكەوت.

سەرۆك وەزیرانی عێراق لەچوارچێوەی گەشتێكی هەرێمیدا لەچەند هەفتەی رابردوودا سەردانی تاران و قاهیرەشی كرد، عێراق هەوڵ دەدات پەیوەندیەكی هاوسەنگ دروست بكات، هەنگاوێك كە هەندێك كەس بەقورس پێناسی دەكەن، هاوسەنگی لەپەیوەندیەكی سێ قۆڵی نێوان ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتیش وڵاتانی كەنداو.

عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند وڵاتەكەی پارێزگاری لەپەیوەندیە بەهێزەكەی دەكات لەگەڵ تاران و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و دراوسێكانی، وەك ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە لەناو ئەو دراوسێیانەدا تاران و ریاز هەن كە دوو نەیاری یەكترن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی چوارشەممە بەیاوەری وەفدێكی گەورەی وڵاتەكەی كە ژمارەیەك بەرپرس و خاوەن كاری لەخۆگرتبوو سەردانی سعودیەی كرد، پرسی بازرگانی بەتەوەری سەرەكی سەردانەكە دادەنرێت لەنێوان ئەو دوو ووڵاتەی ئەندامی ئۆپیك، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند لەمیانی سەردانەكەیدا عادل عەبدولمەهدی 13 رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی لەنێوان عێراق و عەرەبستانی سعودی واژۆكردووە لەچەند بوارێكدا لەناویاندا بازرگانی و وزە و هاوكاری سیاسی.

سعودیە كونسوڵخانەكەی لەبەغداد كردەوە
لەم مانگەدا سعودیە كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە بەغداد كردەوە ئەوەش دوای ماوەیەك لەداخستنی، سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیە رایگەیاند وڵاتەكەی یەك ملیار دۆلار دەداتە عێراق بۆ دروستكردنی دامەزراوەی وەرزشی.

وا دەردەكەوێت شانشینی سعودیە سەركەوتنی لەبواری هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی پەیوەندیەكانی عێراق و وڵاتانی كەنداو بەدەست هێناوە، لەوانەش فراوانكردنی چوارچێوەی بەرژوەندی هاوبەش، و كەمكردنەوەی ئاستی هەژمونی ئەو لایەنە عێراقیانەی كە لەئێرانەوە نزیكن لەسەر بڕیاری عێراقی.

رێگا گۆڕینی سعودیە
سعودیە لەماوەی چوارساڵی رابردوودا چەند جارێك سیاسەتی وڵاتەكەی بەخێرایی بەرامبەر عێراق گۆریوە، لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2015 باڵیۆزخانەی لەبەغداد كردەوە ئەوەش دوای چارەگە سەدەیەك لەداخستنی، هەروەها عادل جوبەیر وەزیری پێشووی دەرەوەی سعودیە لەمانگی شوباتی ساڵی 2017دا سەردانێكی گرنگی بۆ عێراق ئەنجامدا، هەر لەهەمان ساڵدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق سەردانێكی مێژووی بۆ سعودیە ئەنجامدا ، یەكێك لەبەرهەمەكانی سەردانەكەشی دروستكردنی ئەنجومەنی هەمەهەنگی نێوان هەردوو وڵات بوو لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2017.

پاشان بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەكۆتایی ساڵی 2018 دا سەردانی سعودیەی كرد، هەموو ئەمانە بوونە هۆكاری دروستبوونی ئاراستەی بنەرەتی لەئاراستەی پەیوەندیەكانی هەردوو وڵات.

ساڵی رابردووش ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا ژمارەیەك سزای قورسی بەسەر كەرتەكانی وزە و بانكی تاراندا سەپاند، بەڵام واشنتۆن لێخۆش بوونی كاتی بۆ بەغداد دەركرد بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هاوردەكردنی گازی سروشتی و كارەبا لەئێرانەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاویكردەوە ئەو لێخۆش بوونە كاریگەری گەورەی لەسەر كەرتی وزەی عێراق هەیە.

ئاستەنگ و خواست
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویكردەوە لەگەڵ ئەوەی عێراق بەچوارەم گەورەترین یەدەگی نەوت دادەنرێت لەجیهاندا، بەڵام ژمارەیەك ئاڵنگاری ڕووبەڕووی بۆتەوە بەهۆیەوە نیتوانیوە رۆڵێكی سەرەكی لەبازاری نەوتی جیهانی ببینێت و كێشەكانیشی ئەمانەن:
1- ئاڵۆزیە سیاسیەكان
2- بیرۆكراتیەت
3- گەندەڵی
4-نەبوونی ژێرخانی پێویست بۆ هەناردە
5- عێراق پێویستی بە فرۆشتنی نەوتی خاوی زیاتر هەیە بۆ دروستكردنەوەی ژێرخانە تێكشكاوەكەی و دابینكردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ رێگری لە زیادبوونی نارەزایەتیە ناوخۆیەكان و مانەوەی كۆمپانیا بیانیەكان كە كێڵگە نەوتیەكان بەرێوەدەبەن.
6- ئاڵنگاریەكی تر خۆی لەناكۆكیەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی لەبەغداد و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبینێتەوە، لەسەر داهاتی نەوتی فرۆشراو و چارەنوسی شاری كەركوكی دەوڵەمەند بەنەوت.

ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشكردووە كە عێراق 143 ملیار بەرمیل نەوت دەبینێتەوە ، عێراق هەوڵەكانی چركردۆتەوە بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت تا ساڵی 2025 بۆ حەوت ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرزبكاتەوە.
بەڵام كۆمپانیای " وود ماكنزی" بۆ راوێژكاری پێی وایە تا ئەو كاتە هەناردەی نەوتی عێراق دەگاتە شەش ملیۆن بەرمیل نەك حەوت ملیۆن و 500 هەزار.

ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژە بەوە دەكات تەنانەت ئەگەر عێراق نەشتوانێت بەو ئامانجەی بگات، بەڵام زیادبوونی توانای بەرهەم هێنان، نامەیەكی روونە بۆ ئۆپیك كە عێراق دەتوانێت كاریگەری لەبازاری نەوتی جیهان دروست بكات.

ریكاردو فابانی شیكەرەوە لەكۆمپانیای راوێژكاری " ئێنەرجی ئسبیكتس" دەڵێت زیادكردنی توانا واتای ئەوەیە كە عێراق دەتوانێت جارێكی تر دانوستان لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیك بكات سەبارەت بەپشكی عێراق لەناو رێكخراوەكە.

بلومبیرگ جەخت لەوە دەكاتەوە كە عێراقیان خواستی ئەوەیان هەیە كاریگەریەكی گەورەتریان لەناو رێكخراوی ئۆپیك هەبێت لەیاریكردن لەبازاری وزەی جیهانی، بەوپێیەش قەبارەی بەرهەم هێنان بەواتای توانا لەبازاری نەوت دێت.

عێراق پەیوەندیەكانی لەگەڵ سعودیە بەستراتیژی دەزانێت
پێشتر ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی " حه‌یات" ی راگەیاندبوو، پەیوەندیەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ سعودیە ستراتیژیە، و چۆتە ناو قۆناغێكی بەرزی هەمەهەنگی و بەئاراستەی گەشەكردنی زیاتر هەنگاو دەنێت لەبواری ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان و پیشەسازی و كشتوكاڵی ڕووبەڕووبونەوەی بیری توند رەوی.

ئاماژەی بەوەشكربوو كە عێراق یەك سیاسەتی دەرەوەی هەیە كە پشت بەوە دەبەستێت نەبێتە بەشێك لەهیچ بەرەیەكی هەرێمی، دەشڵێت ئاسایش عێراق پەیوەندیدارە بە ئاسایشی ناوچەكە كە ئەگەر هەر لایەنێك پشتگوێ بخرێت سەقامگیر نابێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد لەپەیوەندیدان لەگەڵ ناوەندە گرنگەكانی لێكۆڵینەوەی سعودیە لەسەرووی هەمووشیانەوە ناوەندی " میانڕەوی" بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بیری توند رەوی.

كابینەی پێشووی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی ( 2014-2018 ) دەستی كرد بەهەنگاو نان بەئاراستەی دووبارە دروستكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و بەهۆیەوە بەرپرسانی عێراق و وڵاتانی كەنداو چەند جارێك كۆبونەوە.

رۆژنامەی "عەرەب" ی لەندەنی بڵاویكردەوە بەرهەم ساڵح دوای ئەوەی لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بەسەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا یەكەم سەردانی دەرەوەی بە چوونە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەست پێكرد هەروەها چووە ئوردن و میسریش.

بەرای چاودێران چەندین هۆكار كاریگەریان لەسەر گۆرانی خێرای ئاراستەی سعودی بەرەو عێراق هەبووە لەوانەش وڵامدانەوەی ئەرێنی بەرپرسانی عێراق لەم چەند ساڵەی كۆتاییدا، هەروەها رۆڵی ئەمریكا و كاریگەری ئێران و هۆكاری ئەمنی و كاریگەری ئابوری سەرباری رەچاوكردنی لایەنی كۆمەڵایەتی لەدروستكردنی قۆناغێكی واقعی و ئارام لەپەیوەندیەكانی ئەم دوو وڵاتە عەرەبیە دراوسێیە كە بەهێزكردنی پەیوەندیان كاریگەری سعودیە لە گۆرەپانی هەرێمی و جیهانی زیاد دەكات.