ڕاپۆرتی کوردستانی

06:57 - 20/04/2019

نەوەی نوێ لە بەردەم جیابووەنەوەدا‌

پەیسەر

ساڵی رابردوو لەم رۆژانەدا لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا شار بە شار و قەزا بە قەزا دەگەڕا و بە حەماسەوە دەیوت: " ئێوە دەنگمان بدەنێ و تاقیمان بکەنەوە، دڵنیابن کۆتایی بە حوکمی بنەماڵە و دەسەڵاتی جوت بنەماڵە دەهێنین"، کەچی ساڵێک تێپەڕنەبوو لەناو حیزبەکەی خۆی و لەناو پەرلەمانتارانی حیزبەکەی خۆیەوە هاواری ئەوە بەرزبووەتەوە کە خەڵکینە ئاگاداربن شاسوار عەبدولواحید حیزبەکەی کردووە بە حیزبی خێزان و بنەماڵە.

بەر لە چەند هەفتە رۆژنامەی " زەمەن" هەنگاوەکانی بە خێزانی کردنی نەوەی نوێی کردە مانشێتی سەرەکی و لە زمانی دوو ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێوە بڵاوی کردبووەوە کە ناڕەزاییەکی گەورە لەناو جوڵانەوەکەدا دژ بە شاسوار عەبدولواحید دروست بووە، هەر لەو سەروبەندەدا هەندێک زانیاری لەسەر سەرهەڵدانی بەرەیەکی ناڕازی لەناو نەوەی نوێ کەوتە دەست پەیسەر پرێس، بەڵام بڵاومان نەکردەوە لەبەر ئەوەی هیچ بەرپرس و پەرلەمانتارێکی ئەو حیزبە ئامادەنەبوو بە ئاشکرا زانیارییەکان پشتڕاست بکاتەوە.

بەڵام لە ئێستادا رابون مەعروف پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئاشکرا ئەم بابەتەی ورووژاندووە و لە ژێر ناوی " نا بۆ حیزب و حکومڕانی بنەماڵە"دا دەڵێت: " لەگەڵ ھاوڕێکانم، بڕیارمان داوە لەگەڵ خەڵك راستگۆ بین و لە وتنی راستی نەسڵەمینەوە... وەك جوتحیزبی حوکمڕان و حیزبە تەقلیدیەکان و باندە سیاسییە تازەکان، تۆڕی فراوانی میدیامان نییە: تەلەفیزیۆن و رادیۆمان نیە، رۆژنامە و گۆڤارمان نیە، سەدان پەیج و گروپی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان نیە!..."


بەر لە دوو رۆژیش ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی پەیامی کۆمەڵی ئیسلامی وتبووی لە ئێستادا جۆرێکی دیکە لە گەندەڵی دروست بووە، جاران حیزب کۆمپانیایان دروست دەکرد و گەندەڵییان دەکرد، ئێستا بە پێچەوانەوە کۆمپانیا دروست بووە و دەزگای میدیایی گەورە دروست دەکات و حیزب دروست دەکات و خەڵک دەنێرێتە پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارانە بەکار دەهێنن بۆ فشار دروستکردن لەسەر حکومەت بۆ ئەوەی حکومەت سازش بکات بۆ کۆمپانیاکانیان و بە ملیۆنان دۆلار بە دەست بخەن...

ئەم وتانەی رابون مەعروف لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق هیچ لایەنێکی دیکە ناگرێتەوە جگە لە شاسوار عەبدولواحید، جگە لەم وتانەی رابون مەعروف کۆمەڵێک زانیاری دیکەش هەن کە ئاماژەن بۆ ناڕەزایی گەورە لەناو نەوەی نوێ لە دژی شاسوار عەبدولواحید.

زانیارییەکان چین و ناڕازییەکان لەچی توڕەن؟
_ لە بەغدا هەر چوار پەرلەمانتارەکەی نەوێ نوێ لە دژی سەرۆکی حیزبەکەن، پەرلەمانتارێکیان کە سەر بە تەڤگەری ئازادییە، سێ پەرلەمانتارەکەی دیکە لە رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی شاسوار عەبدولواحید و خوشکەکەی واتە سروە عەبدولواحید نیگەرانن، بەبێ ئەوەی پرسیان پێ بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە دەچن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆدەبنەوە، بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی پەرلەمانی کوردستانیش بە هەمان شێوە ناڕازین لەوەی بەبێ ئاگاداری و پرس کردن بەوان پەیوەندی بە حیزبەکانەوە دەکرێت و خەریکە نەوەی نوێ دەکرێتە قوربانی رێککەوتنی ژێربەژێر.

_ ناڕازییەکان دەڵێن شاسوار عەبدولواحید گوێ لە کەس ناگرێت، هەموو پەرلەمانتارەکان بە قەرزاری خۆی دەزانێت، لە کرداردا ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێی سڕ کردووە، ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە ماوەی ساڵێکدا جارێک کۆبووەتەوە ئەویش بۆ ئەوەبووە هەڵەیەکی سیاسی شاسوار ڕاست بکەنەوە کاتێک لە دوای هەڵبژاردنەکان وتبووی بەشداری لە پەرلەمان ناکەین، بەڵام ئەنجومەنی باڵا کۆبووەوە و بڕیاری بەشداری کردنیان دا بۆ ئەوەی شاسوار عەبدولواحید لە دواڕۆژدا بە درۆ نەکەوێتەوە و بڵێت ئەوە بڕیاری ئەنجومەنی باڵا بووە دەنا من ئێستاش دژی ئەوەم نەوەی نوێ بەشداری لەو پەرلەمانەدا بکات کە یەکێتی و پارتی بەڕێوەی دەبەن...

_ ناڕازییەکان دەڵێن نابێت شاسوار عەبدولواحید سەرمایەی و بازرگانییەکەی تێکەڵ بە حیزبەکە بکات، ئێستا هاوسەرەکەی و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی لەڕێی کۆمپانیای نالیاوە و دارایی حیزبەکەوە جوڵانەوەی نەوەی نوێیان بۆخۆیان قۆرخ کردووە و بێ منەتن لە خۆبەخشان و بەرپرسانی دیکەی نەوەی نوێ، هەر لەم چوارچێوەیەدا ناڕازییەکان دەڵێن دەبێت شاسوار عەبدولواحید کێشەی کێشەی پشکەکانی چاڤی لاند یەکلایی بکاتەوە و ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبەوە نییە کەچی زۆر بە قورسی لەسەر حیزبەکە کەوتووە و پەرلەمانتارەکان دەچنە هەر شوێنێک دەبێت پاساو بۆ شاسوار بهێننەوە.

_ ناڕازییەکان دەڵێن سروە عەبدولواحید کاتێک چووە ناو ریزەکانی  نەوەی نوێوە بەبێ ئەوەی کۆنگرە ببەسترێت ئان ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بڕیاریدا دابێت کەچی وەک جێگری سەرۆکی جوڵانەوەکە هەڵسوکەوت دەکات، جگە لەمەش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی جوڵانەوەکە پێویست بوو شاسوار عەبدولواحید جێگرێکی هەبێت، کەچی رێگا نادات جێگر هەڵبژێردرێت.

_ بەپێی زانیارییەکان لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان شاسوار عەبدولواحید هەڕەشەی لێکردوون هەر پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ جیاببێتەوە ئەوا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات و هەموو ئەو پارە و خەرجییانەی لە کاتی بانگەشەدا بۆ خەرج کراوە لێیان دەستێنێتەوە، چەند پەرلەمانتارێک کە شۆقە و ئۆتۆمبێلیان لە کۆمپانیای نالیا و گوندی ئەڵمانی وەرگرتبوو، وەک ناڕەزایی بە هەڵوێستەکانی شاسوار رادەستیان کردووەتەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی جوڵانەوەکە دەستی لە کارەکەی کێشاوەتەوە، هەندێک لە هەندێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی جوڵانەوەکە دەرکەوتنیان لە ئێن ئاڕتی  قەدەغە کراوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید بۆ بەم ڕۆژە گەیشتن؟
ڕەنگە بەشێک لە وەڵامی پرسیارەکە لەو لێدوانەی رابون مەعروفدا خۆی ببینێتەوە کە دەڵێت کۆمپانیا حیزبی بۆخۆی دروست کردووە، شاسوار عەبدولواحیدی خاوەن کۆمپانیای نالیا کاتێک لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧دا حیزبی دروستکرد، لەو کاتەوە تا ئێستا بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی کە کۆمپانیاکەی پێ بەڕێوەبردووە حیزبەکەشی پێ بەڕێوە دەبات، خۆی و لایەنگرەکانی ئەمە بە خاڵی بەهێز دادەنێن و دەڵێت وەک چۆن لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکەیدا سەرکەوتوو بووە ئەوا لە بەڕێوەبردنی حیزب و لە داهاتووشدا حکومەتیش سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام لە راستیدا ئەزمونی ئێدارەدانی حیزب و کۆمپانیا دوو ئەزمونی زۆر لێک جیاوازن.

شاسوار عەبدولواحید لە کۆمپانیاکەیدا چۆن مامەڵەی لەگەڵ کرێکار و ئەندازیارەکان دەکرد ئەوا بە وتەی ناڕازییەکان بە هەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانتار و خۆبەخشەکانی حیزبەکەیدا دەکات، بە واتایەکی دیکە پێیوایە وەکچۆن کرێکار و ئەندازیارێک دەبێت لە خزمەت پڕۆژەکەی ئەودابن، بە هەمان شێوە پەرلەمانتارێکیش دەبێت لە خزمەت بەرژەوەندییە  شەخسییەکانی ئەودابێت و نابێت خاوەنی بۆچوونی خۆی بێت.

ئەو کاتەی وەک خاوەن خاوەنی کۆمپانیای نالیا خۆی دەناساند کەسێک بەڕێوەبەری نووسینگەکەی بوو، ئەوا ئێستا هەمان ئەو کەسە بەڕێوەبەری نووسینگەکەیەتی لە حیزبەکەیدا، ڕەنگە ئەمە شتێکی ئاسایی بێت بەڵام کاتێک بەڕێوەبەری نووسینگەکە بە هەمان شێواز کە تەلەفونی بۆ کرێکار و فەرمانبەرێکی کۆمپانیاکە دەکرد ئێستاش بە هەمان شێواز رۆژانە تەلەفون بۆ پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بکات ئەوا پەرلەمانتارێک بە ئاسانی ئەم شێوازە قبوڵ ناکات.

جگە لەمەش بەپێی زانیارییەکان شاسوار عەبدولواحید خشتەیەکی بۆ پەرلەمانتارانی حیزبەکەی ئامادە کردووە کە بەپێی خشتەکە بۆیان هەیە لێدوان بدەن، بۆ نمونە ئەگەر کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە رۆژی چوار شەمەدا بوو تەنیا ئەم پەرلەمانتارە بۆی هەیە لەسەر ئەم بابەتە قسە بکات، جا با هیچ شارەزاییەکی لەسەر بابەتەکەش نەبێت، دیاریکردنی خشتە بۆ لێدوانی پەرلەمانتاران یان دەرکەوتنیان لە میدیا جگە لەوەی عەقڵییەتێکی دروست نییە بۆ بەڕێوەبردنی حیزب، بەڵکو جۆرێکە لە سوک سەیرکردنی پێگەی کەسەکان و شارەزایی و توانایی پەرلەمانتارەکان.

وەک لە زۆربەی لێدوان و چاوپێکەوتنەکانیدا دەردەکەوێت زیاد لە رادەی پێویست متمانەی بە خۆی و بە عەقڵی خۆی هەیە، ئەمەش بە وتەی هەندێک لەو کەسانەی کە لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ کردووە جۆرە کەسایەتییەکی لەناوبراو دروست کردووە کە خۆی زۆر پێ عاقڵە و لە بەرامبەریشدا متمانەی بە عەقڵی کەسانی دەوروبەری خۆی نییە و بە پێویستی نازانێت پرس و راوێژیان پێ بکات و گرنگی بە بۆچوونەکانیان نادات.

بەپێی هەڵسوکەوتی سیاسی  دوو ساڵی رابردووی، کەسایەتی ناوبراو لە جۆری کەسایەتییە پۆپۆلیستەکاندا جێ دەگرێت، کەسایەتییە پۆپۆلیستەکانیش خۆیان بە نوێنەری هەموو خەڵک دادەنێن و هەر کەسێکیش پێچەوانەی ئەوان بیر بکاتەوە ئەوا بە ئاسانی تەخوینی دەکەن، هەر لە هەنگاوی یەکەمدا چەند کەسێکی حیزبەکەی وەک شێروان شێروانی و ئیبراهیم عەباس کە ناڕازیبوون لە هەڵسووکەوتی ناوبراو تۆمەتبارکران بەوەی سەر بە پاراستنن، بەشێک لەو رۆژنامەنووسانەشی کە لەگەڵ ناوبراو کاریان دەکرد و دواتر کاتێک تێکەڵ بە سیاسەت بوو لێی جیابوونەوە بە هەمان شێوە تۆمەتباری کردن بەوەی سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکانن، بە دەیان پەیجی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە کە بەردەوام رەخنەگرانی تۆمەتبار دەکەن بە سیخوڕی،  دواین قوربانی رۆژنامەنووس کەمال چۆمانی بوو کە تۆمەتباری کرد بەوەی کار بۆ پاراستن دەکات، ئەم هەموو تۆمەتبارکردنەی خەڵکی رەخنەگر بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە کەسانی نزیکی نەتوانن پاساو بۆ حیزبەکەیان بهێننەوە، کاتێکیش پاساو دەهێننەوە لاواز دەردەکەون و دەبنە مایەی گاڵتەجاڕ، بۆ نمونە پاساوهێنانەوەکەی سەرکەوت شەمس کاتێک کەمال چۆمانی تۆمەتبارکرا بە سیخوڕی ئەوەندە لاواز لەناو خەڵکدا دەرکەوت کە بە زیانی سەرکەوت شەمس تەواوبوو، هەربۆیە هەندێک لە ئەندامانی نەوەی نوێ لەوە زیاتر بەرگەی ئەم جۆرە رەفتارانە ناگرن و توڕەبوون.

نەوەی نوێ پێچەوانەی زۆربەی هێزەکانی دیکە کە لەسەر گوتار و ئایدۆلۆژیا و بەها و پرەنسیپی تایبەت دامەزراون، هیچ گوتارێکی تایبەت بە خۆی نییە، کاتێک باسی گۆڕانکاری دەکات، ئەمە گوتاری بزوتنەوەی گۆڕانە، کاتێک باسی دژایەتیکردنی حیزبی بنەماڵە دەکات، ئەم گوتارەش سەرەتا گوتاری یەکێتی بوو و دواتر بووە بەشێک لە گوتاری گۆڕان، جگە لەوەش بەپێی وتەی خۆبەخشە ناڕازییەکان ئەگەر یەکێتی دوای ٤٠ ساڵ خەریکە بەرەو بنەماڵەیی هەنگاو دەنێت ئەوا نەوەی نوێ بە چەند مانگ تەمەنەوە بووەتە حیزبێکی خێزانی، ئەمەش سێحری وتارە ئاگرینەکانی بەتاڵ کردووەتەوە.

شاسوار عەبدولواحید لەسەرەتاوە کاتێک حیزبی دروستکرد زۆر هەوڵی دەدا خۆی وەک ترەمپ بناسێنێت و بەردەوام لە میدیاکەیەوە باسی ئەوەی دەکرد کە بازرگانێک کە هیچ ئەزمونێکی سیاسی نەبووە ئێستا بووەتە سەرۆکی ئەمریکا و کەسێکی سەرکەوتووە، لە کوردستانیش دەبێت بازرگانێک ئەم رۆڵە ببینێت و ئەم بازرگانەش بۆخۆیەتی، ئەگەر لە زۆر لایەنەوە ترەمپ و شاسوار عەبدولواحید لە یەک نەچن ئەوا لە دوو ڕووەوە هاوشێوەی یەکن، یەکەم هەر دووکیان پۆپۆلیستین و دووەم هەروەکچۆن ترەمپ بەهۆی تاکڕەوییەوە هەموو ئەو کەسانەی لێ دوورکەوتنەوە کە لەسەرەتاوە کاریان لەگەڵ دەکرد و ڕۆڵیان هەبوو لە سەرکەوتنەکەی، ئێستا شاسوار عەبدولواحیدیش خەریکە بەهۆی تاکڕەوییەوە هەموو هاوڕێکانی لە دەست دەدات.