ڕاپۆرتی کوردستانی

01:37 - 21/04/2019

ئه‌و كوردانه‌ی له‌ پشت سه‌ركه‌وتنی سینه‌مای ئێرانه‌وه‌ن‌

پەیسەر

پاڵه‌وان ساڵه‌ح

له‌ دوای ساڵی 2000ه‌وه‌ سینه‌مای ئێرانی شێوازێكی نوێی گرتۆته‌ به‌ر، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر كه‌سێكی بیانی سه‌یری هه‌ر فیملێكی ئێرانی بكات و ئه‌گه‌ر به‌ زمانێكی دیكه‌ش بێت، هه‌ستده‌كه‌یت ئه‌مه‌ سیناریۆ  و نووسینه‌كه‌ی له‌ كه‌شێكی ئێراندا نووسراوه‌، ئه‌گه‌رچی سینه‌مای ئێرانی به‌ زمانی فارسی پێشوازی له‌ بینه‌ره‌كانی ده‌كات، به‌ڵام چه‌ندین كه‌سیان تێدایه‌ بۆته‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و سینه‌مایه‌ كه‌چی زۆر به‌كه‌می شووناسی ئه‌و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌رانه‌ ونكراوه‌.

سینەمای ئێران لەم دوایانه‌دا گەشەکردنێکی به‌رچاوی به‌ خۆوه‌ بینیووە. لە وڵاتانی دەرەوەدا له‌ زۆر لایه‌نی سینه‌مایه‌وه‌،  بوون بە خاوەنی خەڵاتی گرنگ بەناوبانگ. له‌و ڕێگه‌یشه‌وه‌ توانیویانە سەرنجی سینەماکاران و خەڵکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریکا بۆخۆیان ڕابکێشن. لەناوخۆشدا سینەمای ئێران تا دێت بینەری فیلمە سینەماییەکان زیاد دەکات و خاوەنی فیلمگەلێکی سەرنجڕاکێشن. لەناو سینەمای ئێراندا کەم نین ئەو هونەرمەندە کوردانەی کە سەرکەوتنێکی بەرچاویان هەیە و خاوەنی ناوبانگی ناوخۆی و دەرەکین و چەندان خەڵاتی ناوخۆی و دەرەکیشیان بەدەستهێناوە و لەناو ئێرانیشدا خۆشەویستن. ئەم سینەماکارە کوردانە دەتوانین بڵێین لە سەرکەوتنی سینەمای ئێراندا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە.

ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ كێن؟
نەوید محەمەدزادە
یەکێکە لە ئەستێرە بەناوبانگەکانی ئەم ڕۆژانەی سینەمای ئێران لە ساڵی1986  لە شاری میهرانی پارێزگای ئیلام لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. لە سەرەتادا ئەکتەری شانۆ بووە و لە کەناڵی (جام جم)یشدا کاری پێشکەشکاری کردووە بۆ بەرنامەی دوستان. یەکەم بەشداریکردنی لە سینەما دەگەڕێتەوە بۆ فیلمی (آن دو) بەدەرهێنەری بەهرۆز قوبادی برای بەهمەنی قوبادی ڕۆڵی سەرەکەی گێڕاوە.
ناوبانگی نەوید دەگەڕێتەوە بۆ فیلمی (عصبانی نیستم)، نەوید محەممەدزادە لە 32 هه‌مین فیستیڤاڵی فەجر له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی دادوه‌رییه‌وه‌ وەکو باشترین ئەکتەر دیاریکرا ، بەڵام بەھۆی فشاری گروپگەلێک لە دەرەوەی سینەما فیلمەکە لە فیستیڤاڵەکە دەرکرا و  خەڵاتەکەی پێنەدراو. خەڵاتەکە درایە ڕەزا عەتاران و فیلمەکەش بۆ ماوی چەند ساڵ ڕاگیرا. ڕەزا عەتاران لە گفتوگۆیەکیدا ئەوەی ڕاگەیاند" ئەو خەڵاتەی من وەرم گرتووە ھی نەوید محەممەدزادەیە و بۆیە من بە خەڵاتی خۆمی نازانم."

محەممەدزادە لە 34هه‌مین فیستیڤاڵی فەجر بە ڕۆڵگێڕان لە فیلمی (ابد و یک روز) توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پاڵپشتی دەستەبەر بکات. لە 35هه‌مین خولی ھەمان فیستیڤاڵیش توانی بۆ دووەمین جار لەسەریەک خەڵاتی باشترین ئەکتەری پاڵپشتی بەرێتەوە بەھۆی ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی (بدون تاریخ، بدون امضا). هاوكات لە دەرەوەی ئێرانیش توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەر بۆ فیلمی (ناهید) بەدەستبهێنێت. نه‌وید  لە فیستیڤاڵی براتیسلاوا لە ساڵی 2015  بۆ فیلمی (بدون تاریخ بدون امضا) خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە فیستیڤاڵی (ڤنیز) بەدەستهێنا، بۆ هەمان فیلم لە فیستیڤاڵی سلێمانیش خەڵاتی باشترین ئەکتەری بردەوە و بەزمانی کوردی قسەی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لەناو هاوزمانەکانیدا ئەم خەڵاتە بەدەستدەهێنێت.
نه‌وید كوڕه‌ كورده‌كه‌ بۆ جارێکی دیکەش لە وڵاتی سلۆڤاکیا لە فیستیڤاڵی (براتیسلاوا) خەڵاتی باشترین ئەکتەری پێدرا بۆ هەمان فیلم، لە فیستیڤاڵی (ئاسیان پاسیفیکیش) بەهەمان شێووە بووە باشترین ئەکتەر.
ده‌كرێت باس له‌وه‌ بكرێت، نەوید محەمەد زادە خەڵاتی براتیسلاڤای پێشکەش بە خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی کرماشان کرد. هەرخۆشی سەردانی کرماشانی کرد و سەرپەرەشتی کۆمەڵێک لەو هاوکارییانەی کرد کە بۆ خەڵکی کرماشان کۆکرابوونەوه‌.

فه‌رهاد ئه‌سڵان
یەکێکی تر لەو ئەکتەرانە فەرهاد ئەسڵانیە، لە شاری بیجاری خۆرهه‌ڵاتی کوردستان لە ساڵی 1966 لەدایکبووە. بەشداری زیاتر لە 30 فیلمی سینەمایی و زیاتر لە بیست دراما کردووە. فه‌رهاد  توانیوویەتی بۆ فیلمی (دختر) لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆسکۆ، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی باتومی، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هیند، دەیەمین خولی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاسیا و ئۆقیانوس، فیستیڤاڵی داکا ، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی مونس، خەڵاتی (پیففا مالیزیا)خەڵاتی باشترین ئەکتەر بەدەستبهێنێت.
لە ناوخۆشدا بۆ فیلمەکانی (خرس و زندگی خصوصی) خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە سێهەمین خولی فیستیڤاڵی فەجر بەدەستهێنا.

سه‌عدیدی ئاغاخانی
سەعیدی ئاغاخانی ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری ئێران، لە ساڵی 1972  لە بیجار لەدایکبووە، کاری دەرهێنانی بۆ چەندان دراما کردووە کە هەندێکیان لە باشوری کوردستانیش ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد، لەوانە درامای (ژنی بابە، دز و پۆلیس، خۆشنشینان، نوقتە سەری دێڕ)، لەم دواییەشدا درامایەکی کرد بە ناوی (نون خ) کە لەناوچەکانی کوردستاندا کاری وێنەگرتنی بۆ کرا و ڕۆڵی کوردێک دەگێڕێت . ئاغاجانی له‌ 33هه‌مین فیستیڤاڵی فەجر توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستبهێنێت بۆ فیلمی (خداحافظی طولانی)، لەگەڵ ئەوەشدا لە فیلمی (کامیون) ڕۆڵی کوردێکی ئێران دەگێڕێت کە فیلمەکە لەسەر خێزانێکی ئێزدییه‌ کە لەباشوری کوردستانەوە دەیانەوێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی باوكیان بگه‌نه‌ تاران.

هوتەن شەکیبا
هوته‌ن شه‌كیبا کە لەم چەند ساڵەی دواییدا ناوبانگی زۆری دەرکردووە، لە شاری سنەی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان  لە ساڵی 1984 لە دایکبووە.لە 37مین  فیستیڤاڵی فەجر بۆ فیلمی (شبی کە ماه کامل شد) بووە براوەی باشترین ئەکتەری فیستیڤاڵەکە. به‌ هه‌مان شێوه‌ لە درامای تەلەفزیۆنی (لیسانسەها) توانی ببێتە باشترین ئەکتەر.لە بواری شانۆشدا چەند خەڵاتی گرنگی بەدەستهێناوە.

عەلی شادمان
عه‌لی شادمان لە ئیلام لەساڵی 1996 لەدایکبووە.لە فیلمی بەناوبانگی (میم مثل مادر) ەوە دەرکەوت، هەر لەسەرەتاوە خۆی و فیلمەکەشی توانی سەرکەوتنێکی گەورە لەناو ئێراندا بەدەستبهێنن و خەڵاتی باشترین ئەکتەری منداڵی بەدەستهێنا و فیلمەکەشی کاندیدی ئێران بوو بۆ خەڵاتی ئۆسکار.لە فیلمی زمانی برای دوست داشتنیش توانی ڕۆڵێکی جوان بگێڕێت و خەڵات بەدەستبهێنێت.

سیاوەش چراغیپوور
سیاوه‌ش  خەڵکی شاری قەسری شیرینی کرماشانە و بەشداری زیاتر لە بیست فیلمی سینەمایی کردووە لەگەڵ چەند درامایەکی تەلەفزیۆنی
.

مەریەم بوبانی
ئه‌م خانمه‌  لەشاری سنە لەدایکبووە و بەشداری لە زیاتر لە 30 فیلمی سینەمایی کردووە لەگەڵ زیاتر لە20 دراما.

پوران درەخشەندە
پوران ده‌رخشه‌نده‌، دەرهێنەری بەناوبانگی فیلمی (وسس... کچان هاوار ناکەن)و فیلمی (رویای خیس)، کە لە باشوری کوردستان خاوەنی هەواداری زۆربوون، لەدایکبووی ساڵی 1951ی شاری کرماشانە. چەند خەڵاتێکی لەناوخۆ و دەرەوەدا بەدەستهێناوە و ئەندامە کە ئەنجوومەنی فیلمسازانی ژنی ئەمریکا WIF، دەرهێنەرانی سەربەخۆی ئەمریکا IFP، ناوەندی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و نه‌وجەوانانی یونسکۆ CIFEJ..

شەهرام موکری
شه‌هرام موكری  دەرهێنەریش بەهەمان شێوە لەدایکبووی شاری کرماشانە و لە ساڵی 1978 لەدایکبووە و بۆ فیلمی ماسی و پشیلە خەڵاتی تایبەتی باشترین دەرهێنەری لە فیستیڤاڵی ڤنیز لە 2013 بەدەستهێنا بەهۆی ناوەڕۆکی داهێنەرانەی فیلمەکە.چەندان خەڵاتی دیکەشی بەدەستهێناوە بەتایبەت بۆ فیلمە کورتەکانی.

به‌همه‌ن قوبادی
یەکێک لەو دەرهێنەرانەی کە لای خەڵکی باشوری کوردستان زۆر ناسراوە، بەهمەنی قوبادییە کە لە شاری بانە لە ساڵی 1969 لەدایکبووە، خاوەنی چەندان خەڵاتی نێودەوڵەتییە و لەزۆرێک لە فیستیڤاڵيکاندا وەکو داوەر هەڵبژێردراوە و لە ساڵی 2000خەڵآتی کامێرای ئاڵتوونی لە فیستیڤاڵێ کان بردەوە. به‌همه‌ن خاوەنی ناوبانگێکی زۆرە لە وڵاتانی دەرەوەدا و بە دەرهێنەرێکی سەرکەوتووی سینەما دادەنرێت کە یەکێکە لەو دەرهێنەرانەی توانی دەنگ و گوزەرانی کوردەکان لە ڕێگەی فیلمەکانیەوە بە دونیا بگەیەنێت.