ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:28 - 23/04/2019

حسێن سەلامی فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران کێیە؟‌

پەیسەر

ماوەی چەند ساڵێکە ناوێکی ناسراوی ناو سوپای پاسدارانی ئێرانە، زیاتر لە هەر فەرماندەیەکی دیکەی سوپا لە تەلەویزیۆنی ئێران دەردەکەوێت و لە بۆنە جوراوجۆرەکاندا وتار دەدات، بەڵام دیاریکردنی وەک فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لەلایەن خامنەییەوە بۆ زۆر کەس چاوەڕواننەکراو بوو.

 حسێن سەلامی کێیە؟
ساڵی ١٩٦٠ لە شارۆچکەی گوڵپایەگانی پارێزگای ئیسفەهان لە دایکبووە، ساڵی ١٩٧٩ لە سەروبەندی شۆڕشی ئێراندا لە زانکۆی پۆلی تەکنیکی تاران وەرگیرا، بەڵام کاتێک سوپای پاسداران دامەزرا بووە ئەندامی سوپا، لە هەشتاکاندا لە شەڕ لە دژی هێزە کوردییەکانی کۆمەڵە و دیموکراتدا بەشداربووە،  لە ریزی لیواکانی ٤١ی ئیمام حسێن و ٢٥ی کەربەلای مازندەران بەشداری لە شەڕی عێراق _ ئێرانیشدا کردووە، لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ کۆڵیژی سەربازی تەواو کرد.

تا ئێستا ئەم بەرپرسیارێتیانەی لە سوپای پاسداراندا هەبووە:
_ لەسەردەمی جەنگی عێراق و ئێراندا ماوەیەک لێپرسراوی ئۆپراسیۆنەکانی قەرارگای دەریایی نوح بووە.
_ ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٧ لێپرسراوی کۆلێژی سەربازی دافوسی سوپای پاسداران بووە.
_ ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٤ جێگری ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپا بووە.
_ ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٩ فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بووە
_ لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٩ جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران بووە.

حسێن سەلامی لە کەسە زۆر توندڕەوەکانی سوپای پاسدارانە، لەناو رای گشتیدا بە قسە و هەڵوێستە توندەکانی ناسراوە، بەردەوام لە وتارەکانیدا هەڕەشە دەکات، رۆژێک هەڕەشە لە ئیسرائیل و رۆژێک لە ئەمریکا و رۆژێک لە ئەوروپا و رۆژێکیش هەڕەشە لە کورد دەکات، زیاتر لە هەر فەرماندەیەکی دیکەی سوپا لە کەناڵەکانی تەلەویزیۆنی ئێران قسە دەکات و شیکاری و شرۆڤە بۆ رووداوە سیاسییەکان دەکات.

بەشێک لە هەڵوێست و هەڕەشەکانی حسێن سەلامی
هەڕەشە لە ئیسرائیل
زۆرجار هەڕەشەی لەناو بردن و سڕینەوەی ئیسرائیل دەکات، بەڵام سەرنجڕاکێشترین قسەی ئەوەبوو کە بەر لە چەند رۆژ لە ئیسفەهانەوە رایگەیاند: " ئیسرائیل لەو ئاستەدا نییە کە ئێمە بە هەڕەشەی بزانین بۆ سەر خۆمان، هەر بە حیزبوڵا ئیسرائیل لەناو دەبەین، داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ دەکەم لە ئێستاوە خۆی فێری مەلەکردن بکات لە دەریای ناوەڕاست، چونکە کاتێک ئێمە هێرش بکەینە سەر ئیسرائیل ناچار دەبێت بە مەلەکردن رابکات".

هەڕەشە لە وڵاتانی عەرەبی
ساڵی رابردوو هەڕەشەی ئیمارات و سعودیە کرد و وتی: " ئێوە زۆر بچوکتر لەوەن ببنە سەرئێشە بۆ وڵاتێکی مەزن و بەهێزی وەک ئێران، ئێوە بۆ ئێران هەر هیچ نین، ئێمە ٤٠ ساڵە لە بەرامبەر گەورەترین زلهێزەکانی مێژوو راوەستاوین و تووشی شکستمان کردوون، ئێوە کێن هەڕەشە لە ئێمە بکەن؟"

لە وتارێکی دیکەیەدا بەمجۆرە هەڕەشە لە وڵاتانی عەرەبی دەکات: " بە سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی دەڵێم ئێوە بۆخۆتان نە سوپاتان هەیە و نەهێزێکتان هەیە بەرامبەر بە ئێران بوەستنەوە، ئێوە خۆتان بە ئەمریکادا هەڵواسیوە و هەست دەکەن بەهێزن، لە ناو کۆشکە بلورینەکانتان وەرنە دەرەوە چونکە رۆژێک دێت تۆڵەتان لێ دەکەینەوە، ئەگەر تا ئێستا هیچمان نەکردووە لەبەر سەبر و دانبەخۆداگرتنی شۆڕشگێڕانەمان بووە، کەواتە عاقڵ بن و لە شوێنی خۆتان دابنیشن..."

 هەڕەشە لە ئەمریکا و ئەوروپا
" ئەوەندە بە چەکوش کێشاومانە بەسەر ئەمریکادا عەقڵیان لە سەردا نەماوە، ئەمریکا لە لێواری کەوتن و هەڵوەشانەوەدایە، ئەمە خواستی خودایە، حەوت تریلیۆن دۆلاریان خەرج کرد سەرنەکەوتن، گەلانی موسڵمان هەموویان لەسەر رێبازی ئیمام خومەینی یەکدەگرن و کۆتایی بە ئەمریکا دەهێنن"

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین جار هەڕەشەی ئەمریکا کردووە، جارێکیان وتی " پێشوازی لە جەنگێکی درێژخایەن لە دژی ئەمریکا دەکەین و ئامادەین کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەناو ببەین.
حسێن سەلامی جاروبار هەڕەشە لە ئەوروپاش دەکات و دەڵێت موشکەکانمان دەتوانن پایتەختەکانتان بپێکن.

هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان
سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ لە وتارێکدا هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کرد ئەگەر بێتو رێگری نەکەن لە جموجۆڵی حیزبە کوردییەکانی نەیاری ئێران : " بە سەرکردەکانی باکوری عێراق دەڵێم پابەندی بەڵێنەکانیان بن چونکە لە هەر شوێنێکەوە هەڕەشە لەسەر ئێران دروست ببێت ئەوا ئێمە ئەو شوێنە وێران دەکەین، یاری بە کلکی شێر مەکەن، ئێمە ئێرانین، ئێران ئێسقانە ئەستوورەکان دەشکێنێت".

بۆچی لەم کاتەدا حسێن سەلامی کرایە فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران؟


رۆژی یەکشەمەی رابردوو خامنەیی لە فەرمانێکدا حسێن سەلامی کردە فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، لەمبارەیەوە بۆچوونی جیاواز هەیە، بەپێی بۆچوونێکیان گۆڕینی فەرماندەی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی رەوتێکی ئاساییدایە، خامنەیی هەر دە ساڵ جارێک فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی گۆڕیوە، ساڵی ١٩٩٧ موحسین رەزایی گۆڕی و یەحیا رەحیم سەفەوی کردە فەرماندەی گشتی، ساڵی ٢٠٠٧ رەحیم سەفەوی گۆڕی و محەمەد عەلی جەعفەری لە جێگەی ئەو دەستنیشان کرد وەک فەرماندەی گشتی، هەرچەندە بەپێی ئەم رەوتە دەبوایە ساڵی ٢٠١٧ ئەم گۆڕانکارییە بکرایە، بەڵام دوو ساڵ دواکەوتووە و ئەمەش دیاردەیەکی ئاساییە.

بەڵام هەندێک لە چاودێران دەڵێن ئەم گۆڕانکارییە پەیوەندی هەیە بەو گۆڕانکاریانەوە هەیە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ناوچەکەدا روو بدەن و هەروەها پەیوەندی هەیە بە فشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بە تایبەتیش کە لەم دوایانەدا سوپای پاسدران لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.

بەبۆچوونی ئەم بەشە لە چاودێران خامنەیی بۆیە حسێن سەلامی لەم قۆناغەدا کردووەتە فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران چونکە بەردەوام بە زمانێکی توند هەڕەشە دەکات و سیاسەتێکی توند و هێرشبەرانەی هەیە، ئەمەش لەم قۆناغەدا بۆ ئێران پێویستە کە لە چەند لایەنەوە کەوتووەتە ژێر فشارەوە، لە بەرامبەریشدا هەندێک لە چاودێران دەڵێن دیاریکردنی حسێن سەلامی کە کەسێکی توندوتیژە و سیاسەتی هێرشبەرانەی هەیە لەم قۆناغەدا بۆ ئێران زۆر مەترسیدارە چونکە ئێستا ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئێسرائیل گەیشتووەتە ئاستێک لەوانەیە هەڵەیەکی بچوک لەلایەن ئێرانەوە ببێتە بینانوو بۆ هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە، حسێن سەلامیش زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە ئامادەیە بۆ ئەوەی ئەو هەڵە بچوکە بکات.

بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە دەڵێت حسێن سەلامی بەهۆی ئەوەوە دەستنیشان کراوە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی فشاری ئابورییەوە لەناوخۆی ئێراندا هەست بە مەترسی سەرهەڵدانی جەماوەری دەکات، لەمبارەیەوە حسێن سەلامی کە کەسێکە بەردەوام هەڕەشە دەکات دەتوانێت بۆ دەسەڵات کەسێکی باش بێت کە بە هەڕەشەکانی خەڵک بترسێنێت، بۆ نمونە لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی ئێراندا حسێن سەلامی خۆپیشاندانەکانی بە ئاژاوە و فیتنە ناوبرد و وتی ئەم فیتنەیە لە فیتنەی جەنگی عێراق و ئێران مەترسیدارتربوو بۆیە دەبێت بە توندی سەرکوت بکرێت.