ڕاپۆرتی کوردستانی

05:50 - 25/04/2019

کۆتایی شاسوار، کۆتایی پۆپۆلیزم‌

پەیسەر

شاسوار عەبدولواحید ئەو پۆپۆلیزمەی گەیاندە لوتکە کە لەم ساڵانەی دواییدا وەکو دیاردەیەک هەرێمی کوردستانی گرتبووەوە، هەر کەسێک بە دەنگی بەرزتر و بە زمانێکی زبرتر قسەی بکردایە ئەوا جەماوەری زیاتری دەبوو، شاسوار توانی بەم پۆپۆلیزمە بەشی ٨ کورسی دەنگ کۆبکاتەوە.

 

 پۆپۆلیستەکان بە گشتی زوو دەکەون، بەڵام سێحری شاسوار عەبدولواحید زۆر زووتر لەوە بەتاڵکرایەوە کە چاوەڕوان دەکرا، ساڵی ٢٠١٧ لەم کاتانەدا وردە وردە خۆی ئامادە دەکرد بچێتە ناو دنیای سیاسەتەوە، لەڕێی تەلەویزیۆنەوە یان لە ڕێی سیمینارەکانیەوە چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی لە بوار بازرگانیدا دەگێڕایەوە و دەیوت ئەم سەرکەوتنە لە بازرگانییەوە بۆ سیاسەت دەگوازمەوە، سەرباری ئەوەی  بزوتنەوەی گۆڕان و هەندێک لایەنی دیکە وەک بەرهەم ساڵح و حیزبە ئیسلامییەکان هەوڵیاندا پێشی پێ بگرن بەڵام بەو حاڵەشەوە شاسوار بە پشت بەستن بەو میدیاکەی سواری ئەو شەپۆلە پۆپۆلیزمە بوو کە لە کوردستان دروست ببوو و توانیشی تا رادەیەکی زۆر پاشەکشێ بە گۆڕان و حیزبە ئیسلامییەکان بکات.

تەنیا مانگێک لەمەوبەر بوو کە بە هەڵمەتی دەستبردن بۆ چاککردنی پرد و تاسەی جادەکان رای گشتی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، کەچی ئێستا شەقام بە ئاراستەیەکی پێچەوانەوە سەرقاڵە بە دیاردەی شاسوارەوە، هەرچەندە زووە باس لە کەوتنی بکرێت، بەڵام لە رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوودا زەبرێکی وای بەرکەوت کە ئەستەمە بتوانێت هەستێتەوە، سیاسییەکی کەم ئەزمون کە بووە مایەی نوکتە و گاڵتەجاڕی کۆمەڵگا چیتر ناتوانێت گەشە بکات، لە دوو رۆژی رابردوودا بە دەیان و بە سەدان نوکتەی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر دروستکراوە کە ئەمەش تا ئەندازەیەکی زۆر دەکرێت بڵێین لەناو کورددا بێ وێنە یان کەم وێنە بووە.

گرنگ نییە ئەو قسەیەی شادی نەوزاد راست بێت یان نا، ئەوەی کە وتی هەڕەشەی لێکراوە کە ڤیدیۆی ساختەی رووتی لێ بڵاو دەکەنەوە، گرنگ ئەوەیە لە ناکۆکییەکانی ناو حیزبەکەیدا کە تەنیا چەند رۆژێکە ئاشکرا بووە پەنا براوە بۆ ئەم بابەتە، ئەمەش لەناو هیچکام لە حیزبەکانی دیکە  بەم شێوەیە نەبووە، هەموو حیزبەکانی دیکە کێشەی ناوخۆییان هەبووە و هەیە، لەوانەیە بە شێوازی جۆراوجۆریش پەنا برابێتە بەر بابەتی سێکس بۆ رەشکردنی نەیارەکان، بەڵام لە هیچکام لەم حیزبانەدا بەم راشکاوییە ئەم بابەتە باس نەکراوە و نەتەقیوەتەوە.

پێناچێت شاسوار عەبدولواحید دوای ئەم رووداوانە بە ئاسانی بتوانێت سەربەرز بکاتەوە چونکە لەلایەکەوە نە خاوەنی گوتارێکی سیاسیی تایبەت بە خۆیەتی کە خەڵک بەهۆی گرنگی گوتارەکەوە چاوپۆشی لێ بکەن، نە حیزبەکەشی توانیویەتی رەگ دابکوتێت لەناو کۆمەڵگادا و نە کادیر و رێکخستنێکی ئەوتۆی دروست کردووە کە بە ئاسانی تێک نەشکێت.

کاریگەرییەکانی کەوتنی شاسوار عەبدولواحید
یەکەم و گەورەترین کاریگەری کەوتنی شاسوار رەنگە ئەوەبێت کە ئەو متمانەیەی کە لە دە ساڵی رابردوودا بە نەوەیەکی گەنج لەناو سیاسەتدا دروست ببوو، ئەو متمانەیە لەناو کۆمەڵگادا لاوازبووە،  لە ئێستا بە دواوە خەڵک بە ئاسانی متمانە بە کەسێکی دیکە ناکەن کە بێتە مەیدان و بڵێت دەمەوێت گۆڕانکاری بکەم، ئەگەر چەند ساڵێکی دیکە کەسێکی دیکە بیەوێت ئەزمونێکی نوێ پێشکەش بکات، لەلایەن حیزبەکانی دیکەوە بە ئاسانی دەتوانن بڵێن ئەمەش شاسوارێکی دیکەیە، یان لەوانەیە خەڵک خۆیان ئەم گومانە بکەن.

کاریگەرییەکی دیکە کەوتنی شاسوار لاوازبوونی دیاردەی پۆپۆلیزمە لە کوردستان، رەنگە چیتر ئەگەر کەسێک قسەی توند و رەخنەی توند بگرێت بەو شێوازەی کە تا ئێستا هەبووە و پێشوازی لێکراوە پێشوازی لێ ناکرێت، چونکە لەناو رای گشتیدا وێنەی شاسوار عەبدولواحید دەکەوێتەوە بیری خەڵک، هەربۆیە لەوانەیە لەمەودوا گوتاری میانڕەوانەتر برەوی هەبێت لەناو کۆمەڵگادا، پێشدەچێت سەلاحەدین بەهائەدین هەمان خوێندنەوەی هەبووبێت کە لە دوای ئەم رووداوانە بە ئەندامانی حیزبەکەی وت " دەرکەوت تەمەنی موزایدەی سیاسی کورتە".

کەوتنی شاسوار عەبدلواحید دواجار زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی گۆراندا تەواو دەبێت چونکە نەوەی نوێ دەنگە توندڕەو و رادیکاڵەکەی گۆڕانی بردبوو، هەربۆیە ئەم دەنگە توندڕەوە یان بێ هیوا دەبێت و بەشداری لە هەلبژاردنەکانی داهاتوودا ناکات، یان ئەگەر بەشداریش بکات بە ئەگەری زۆر دەگەڕێتەوە بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان.