ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:12 - 25/04/2019

ئێران ناكۆكیەكانی لەگەڵ ئەمریكا دەگوازێتەوە بۆ عێراق‌

پەیسەر

سوپای پاسدارانی ئێران سەكۆی هەڵدانی موشەكی زەمین بەئاسمانی گواستۆتەوە بۆ ناو خاكی عێراق وەك ئامادەكاریەك بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەرهێرشێكی ئاسمانی كە لەئایندەدا لەلایەن فرۆكەكانی ئەمریكاوە بكرێتە سەر وڵاتەكەی.

میسال ئالوسی سیاسەتمەداری دیاری عێراق و سەرۆكی پارتی ئومەی عێراقی، باسی هەرەشەكانی سوپای پاسداران و ئەو سەكۆ موشەكیانەی كردووە، كە لەلایەن رژێمی ئێران دروستكراون، ئەمەش بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەنگاوێكی ئەمریكا دژی سیستمی ویلایەتی فقهی هەروەك ماڵپەری " العین " ی هەواڵی بڵاویكردەوە.

ئالوسی ئاماژەی بەوەشكردووە كە سوپای پاسداران بەردەوامە لەچالاكیە كانی لەناوچەكەدا و لەسەر زەویش هاوڵاتیانی عێراقی و سوری و لوبنانی لەناو میلیشیا چەكدارەكانی پرچەك دەكات، بەهەموو جۆرە چەكێكی ووشكانی و دەریایی و ئاسمانی و بەكارهێنانیان لەشەر دژی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدەرەوەی خاكی ئێران و هەروەها هەوڵی داخستنی گەرووی باب المندب دەدات.

هەرەشەكانی ئێران بۆ ئەوەیە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام نەبێت لەفشارەكانی بۆسەر تاران 

سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشا كە ئێران دەیەوێت ئەوە بەجیهان بڵێت كە هەر جوڵانەوەیەك دژی سیستمی ویلایەتی فقهی لەناو ئێران بەمانای هەڵگریسانی ئاگری شەڕێك لەناوچەكە دێت، ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژە بەوەش دەكات كە هەرەشەكانی ئێران بۆ ئەوەیە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام نەبێت لەفشارەكانی بۆسەر تاران و سنورداركردنی چالاكیەكانی ئێران لەناوچەكە و جیهان.

ئالوسی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئێران جۆرەها موشەكی زەمین بەزەمین و زەمین بەئاسمان و زەمین بەدەریای لە عێراق و سوریا جێگیركراوە و ژمارەیەكی زۆری ئەو موشەكانەشی لەرێگەی خاكی عێراقەوە بۆ لوبنان و یەمەن گواستۆتەوە و ئامانجیش لێی دروستكردنی هەرەشەیە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراست و كەنداوی عەرەبی بەتەواوەتی.

سەرۆكی پارتی ئومە رونیشیكردۆتەوە كە سوپای پاسداران بەشێك لەو موشەكانەی بەتەواوەتی رادەستی میلیشیا عێراقیەكان كردووە  و بەشەكەی تری لەناو خاكی عێراق لەلایەن میلیشیاكانی سەر بەحەشدی شەعبی بەستراون بە سەرپەرشتی راستەوخۆی فەیلەقی قودس باڵی دەرەوەی میلیشیاكانی سوپای پاسداران كە بەرپرسیاری هێرشە سوپای پاسدارانە لەدەرەوەی سنورەكانی ئێران و ئەو موشەكانەش دوای بەستنیان لەرێگەی فرۆكەخانەی نەجەفەوە گواستراونەتەوە بۆ سوریا و لەوێشەوە بۆ میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی و حوسیەكانی یەمەن، سەرباری ئەوەش ژمارەیەكی زۆر لەو موشەكانە لەرێگەی وشكانیەوە گواستراونەتەوە بۆ سوریا و لوبنان.

ئالوسی دەشڵێت، فرۆكەخانەی نەجەف بەتەواوەتی كەوتۆتە دەست سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ گواستنەوەی چەك و پارە و موشەك و ئەندامانی گروپە میلیشیاكان بۆ ناوچە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەتیش بۆ سوریا و لوبنان و یەمەن.

بەپێی زانیاریەكانی ئالوسی سوپای پاسداران بنكەی پێشكەوتووی لەناوچەی جەرف سەخری ستراتیژی لەباكوری پارێزگای بابل ی باشوری بەغداد دروست كردووە و ئەو بنكە سەربازیە چەك و موشەكی جۆراوجۆری لەخۆی گرتووە و چەندین ئەندامی فەیلەقی قودس و میلیشیا ئێرانیەكانی تری تێدایە سەرباری ئەوەش ئەو میلیشیایانە چەندین زیندانیان لەو ناوچەیە دروستكردووە ، كە هەزاران زیندانیكراوی عێراقیان تێدایە كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی عێراق دەستگیركراون.

ئەم سیاسەتمەدارە، سیاسیە عێراقیەكان و ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەت بە" دیلی دەستی سوپای پاسداران" وەسف دەكات، رونیشی كردۆتەوە كە ئێران لەرێگەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس توانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی رابردوو ساختە بكات و میلیشیا شیعیەكان بگەیەنێتە پەرلەمان، بەوەش فەیلەقی قودس لەئێستادا كۆنترۆڵی عێراق و پەرلەمان و دۆسیەی ئەمنی كردووە، داواش دەكات، ئەندامانی میلیشیا شیعیەكان و رێكخراوی بەدر و میلیشیا ئێرانیەكانی تر و ئەو كەسانەی لەعێراق ویلایەتی فقهی بەمەرجەعی خۆیان دەزانن و پابەندی بڕیارەكانین و پلانی تیرۆرستی لەعێراق و ناوچەكە و جیهان جێبەجێ دەكەن دادگای بكرێن.

لەچەند مانگی رابردوودا هەرەشەكانی سوپای پاسدارانی و سەركردەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و حزبە عێراقیەكانی سەر بە ویلایەتی فقهی لەئێران بەرامبەر ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا زیادیكردووە، جا هەرەشە لەبوونی هێزەكانی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەراست بن یان هەرەشە بە داخستنی گەرووی هۆرمز لەبەردەم دەریاوانی نێودەوڵەتیدا.

دیاریكردنی حسێن سەلامی بە فەرماندەی سوپای پاسداران لەچوارچێوەی ئامادەكاریەكاندایه‌ بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەمریكا

وا پێدەچێت كە دیاریكردنی حسێن سەلامی بە فەرماندەی سوپای پاسداران لەلایەن عەلی خامەنەیی رابەری شۆرشی ئێران لەچوارچێوەی ئامادەكاریەكانی ئێراندابێت، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش كە سەلامی بەوەناسراوە كە لەچەند ساڵی رابردوودا كاتێك جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران بوو هەرەشەی زۆری لەنەیارەكانی تاران دەكرد.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەبەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای گواستەوە كە واشنتۆن داوای لەئێران كردووو هەردوو گەرووی هۆرمز و بابلمەندەب بەكراوەی بهێڵێتەوە، ئەو بەرپرسە ئەمریكیە رایگەیاند وڵاتەكەی داوای لەئێران و تەواوی وڵاتانی جیهانی كردووە كە رێز لە ئازادی بازرگانی بە وزە و بازرگانی تر لەناو گەرووەكان بگرن.

پێشتریش واشنتۆن رایگەیاند، لەهەفتەی داهاتووەوە هیچ وڵاتێك لەكڕینی نەوتی ئێران نابەخشرێت لەچوارچێوەی پلانی دابەزندانی هەناردەی نەوتی ئێران تا دەگاتە كۆتایی هێنان بەهەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بەتەواوەتی.

لای خۆیەوە جوی هود كاربەرێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ یەكێك لە كەناڵە ئاسمانیەكانی عێراق رۆژی 20 ی نیسان رایگەیاند میلیشیا شیعیەكان خاكی عێراقیان بۆ هەڵدانی موشەك بەكارهێناوە بەبێ ئەوەی رەزامەندی حكومەتی بەغداد بۆ ئەو مەبەستە وەربگرن، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەو روداوە لە چەند مانگی رابردوودا لەشەنگال بووە.