ڕاپۆرتی کوردستانی

03:12 - 28/04/2019

خاڵۆ قوربان پیاوە خۆڵەمێشییەکەی بزووتنەوەی جەنگەڵ‌

پەیسەر

لەو ناوچەی کوردستانی رۆژهەڵات کە کەریم خانی زەند هەڵکەوت و بە پشتیوانی خەڵکەکەی گەیشتە شیراز و فەرمانڕەوایی هەموو ئێرانی کرد، کوردێک دەرکەوت كه‌ توانایه‌كى سه‌ربازى كارامه‌ى هه‌بوو، به‌ڵام نەک هەر پێگەیەکی ئەوتۆی لە ئاستی ئێران بە دەست نەهێنا، بگرە شۆڕشی لە ئازادیخوازانی ئێرانی تێک دا و بەرەو ڕووی نەتەوەکەی خۆیشی بووەوە. خاڵۆ قوربان شەڕکەرێکی ئازا بوو، بەڵام لای گرنگ نەبوو شەڕ بۆ کێ دەکات.

خاڵۆ قوربان

خاڵۆ قوربان خەڵکی دۆڵی گاماسیابی هەرسین سەر بە کرماشانی کوردستانی رۆژهەڵات بووە. لە بارەی رابردووی زانیارییەکی ئەوتۆ لە بەر دەست نییە، بەڵام باسی ئەوە لە ئارایە کە ساڵانێکی زۆر لە خزمەتی کەسایەتییە سیاسییەکانی تاراندا بووە. دواتر لە ناوچەکانی قەزوێن و گیلان سەرقاڵی بازرگانی کەتیرە بووە. وەک رابردووی چالاکی سیاسیشی ئاماژە بەوە کراوە کە لە قۆناغی جەنگی جیهانی یەکەمدا لە ناوچەکانی سنە و کرماشان لە بەرژەوەندی عوسمانییەکان و ئەڵمانیا بەرەوڕووی رووسەکان بووەتەوە.

دواتر خاڵۆ قوربان کە هەواڵی بزووتنەوەی جەنگەڵ بە سەرۆکایەتی میرزا کووچک خانی جەنگەڵی لە باکووری ئێران دەبیسێت و دەبینێ رووس و بەریتانیا دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بووە، خۆی قوتار دەکات و بە دوو تۆپ و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنییەوە کە لە شەڕی رووسەکان دەستی کەوتووە، بەرەو جەنگەڵەکانی باکووری ئێران بەڕێ دەکەوێت.

خاڵۆ قوربان و بزووتنەوەی جەنگەڵ

بزووتنەوەی جەنگەڵ، بزووتنەوەیەکی سیاسی–چەکداری بوو کە لە بارودۆخی شێواوی ئێرانی قۆناغی جەنگی جیهانی یەکەمدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری زلهێزەکان و رێکخستنەوەی فەرمانڕەوایی بێ دەسەڵاتی ئێران لە ساڵی ١٩١٤هەڵگیرسا. ئەو بزووتنەوەیە لە ماوەیەکی کەمدا پەرەی سەند و لە ئاستی ئێراندا پێشوازی زۆری لێ کرا.   
کاتێک خاڵٶ قوربان بە چەک و چەکدارەکانییەوە دەچێتە ناو بزووتنەوەی جەنگەڵ، میرزا کووچک خان پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکات. هەروەها کە دەبینێ کەسێکی ئازا و نەترسە رێگەی بۆ دەکاتەوە ببێتە یەکێک لە رابەرانی بزووتنەوەکە.

ئەو لە بزووتنەوەی جەنگەڵدا کاریگەری و دەسەڵاتێکی بەرچاوی دەبێ و فەرماندەیی هێزێکی چەکداری ٨٠٠ کەسی دەکات، هەروەها هەوڵ و ماندووبووونی زۆری بۆ بزووتنەوەکە دەبێت، بەڵام دوای ئەوەی لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکانی رووسیادا مەیلێکی چەپی بەلشەفی لە ناو بەشێک لە هێزەکانی بزووتنەوەی جەنگەڵدا پەیدا دەبێ، خالۆ قوربان دەچێتە ئەو بەرەیە و پشت دەکاتە میرزا کووچک خان و هێزەکەیشی لەگەڵ خۆی دەباتە ناو ئەو بەرەیەوە.

کاتێک بەلشەفییە توندڕەوەکان لە شاری رەشتی ناوەندی پارێزگای گیلان حکومەتی کۆمۆنیستی پێک دەهێنن، خاڵۆ قوربان دەکرێت بە وەزیری جەنگ و نوێنەرەکانی میرزا کووچک لەو شارە دەر دەکات. بەڵام زۆر ناخایەنێت حکومەتی کۆمۆنیستی هەڵدەوەشێتەوە و جمهوری کاتی گیلان رادەگەیەنرێت، ئیدی لەو کاتەدا خاڵۆ قوربان و ئەو کەسانەی لە میرزا کووچک جیا ببوونەوە جارێکی دیکە لێی نزیک دەبنەوە و کۆمیتەی شۆڕشی ئێران دادەمەزرێنن کە پێک دێن لە ٥ کەس و خاڵۆ قوربانیش یەکێک دەبێ لەو ٥ کەسە. 

ئامانجی دامەزراندنی ئەو کۆمیتەیە بەرگرتن بە ئینشیقاق و سەرهەڵدانی دووبەرەکی بووە لە ناو سەرکردەکانی بزووتنەوەی جەنگەڵدا. چەند مانگێک دوای دامەزراندنی کۆمیتەکە، میرزا کووچک داوا لە خاڵۆ قوربان دەکات کە بڕی ٦٠ هەزار تمەن پارەی خەزێنەی رەشتی لە لایە و رادەستی بکاتەوە، خاڵۆ قوربانیش لە بەرامبەردا داوای رادەستکردنی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لێ دەکات کە هێناویەتی بۆ جەنگەڵ و شاردویانەتەوە، بەڵام هیچیان وەڵامی داواکاری یەکدی نادەنەوە.

لەو سەروبەندەدا میرزا کووچک ئاگادار دەکرێت، بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی شۆڕشی ئێران کە خاڵۆ قوربانیشیان لەگەڵە دەیانەوێ کوودەتای لێ بکەن، بۆیە پلانی دەستگیرکردنیان دادەڕێژێ و بە ناوی کۆبوونەوەی کۆمیتەی شۆڕشی ئێران لە بارەی بابەتێکی گرنگ، بانگهێشتیان دەکات بۆ ناوچەی سوومەعەسەرا.

ئەندامانی کۆمیتەکە وەڵامی بانگهێشتی میرزا کووچک دەدەنەوە و لە کات و شوێنی دیاریکراو ئامادە دەبن، بەڵام پێش ئەوەی میرزا کووچک بگاتە شوێنی کۆبوونەوە، دەستڕێژی گولەیان لێ دەکەن و شەڕ هەڵدەگیرسێ، لەو شەڕەدا خاڵۆ قوربان و هاوڕێکەی بە ناوی خاڵۆ کەریم دەرباز دەبن، بەڵام سەد کەس لە چەکدارانی خاڵۆ قوربان دەکوژرێن.

رۆژێک دوای ئەو رووداوە خاڵۆ قوربان نوێنەری خۆی دەنێرێت بۆ ناوەندی هێزەکانی حکومەت لە ناوچەی مەنجیل و پێیان رادەگەیەنێت ئامادەیە هاوکارییان بکات.

خاڵۆ قوربان و رێککەوتنی لەگەڵ رەزا شا

رەزا شای ئێران کە هەواڵی هاوکاری خاڵۆ قوربان لەگەڵ هێزەکانی حکومەت دەبیسێت زۆر دڵخۆش دەبێت، چونکە هەوڵەکانی بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی جەنگەڵ سەرکەوتوو نەبووبوون، بۆیە خۆی لە تارانەوە بەرەو گیلان بەڕێ دەکەوێت و دوای پێشوازییەکی زۆر لە خاڵۆ قوربان دەستبەجێ هێزەکانیان بەرەو رەشت دەجوڵێنن.

چەکدارانی خاڵۆ قوربان پێش هێزەکانی حکومەت دەگەنە ناو رەشت، لەو سەروبەندەدا خاڵۆ قوربان دەکەوێتە ژێر کاریگەری بۆچوونەکانی کەسایەتییەک بە ناوی محەممەد جەعفەری ئەنساری کە لایەنگری شۆڕش بووە، بۆیە لە هاوکاریکردنی هێزەکانی رەزا شا سارد دەبێتەوە و رایدەگەیەنێت کە هێزەکانی خۆی لە شاری رەشت دەکشێنێتەوە، ئەوەش بەو واتایە دێت کە رەشت بۆ هێزەکانی جەنگەڵ چۆڵ دەکات، بەڵام زۆر ناخایەنێت کە هێزەکانی رەزاشا دەگەنە ناو رشت و خاڵۆ قوربان سەنگەرەکانی خۆی چۆڵ دەکات بۆ ئەوان و دەچێت بۆ بەندەری ئەنزەلی بۆ لای بەلشەفییە توندڕەوەکان کە لە میرزا جیا بووبوونەوە.

بەو شێوەیە هێزەکانی رەزا شا پاشەکشێ بە چەکدارانی جەنگەڵ دەکەن. میرزا کووچک خان کە هاوڕێکانی پشتیان تێکردووە، توانای بەرگریکردنی لە بەرامبەر حکومەتدا نامێنێ و پەنا دەباتە بەر چیاکانی ناوچەی تالش و لەوێ لە سەرما و بۆرانی بەهێزدا رەق دەبێتەوە و دەمرێ.

پێش ئەو رووداوە خاڵۆ قوربان لە رێگەی فەرماندەکانی رەزا شاوە رازی دەکرێ بەوەی لەگەڵیان رێک بکەوێتەوە، بەوشێوەیە جارێکی دیکە دەچێتەوە ریزی هێزەکانی رەزا شا و، ئەوە و هەڵوێستەکانی پێشوویشی پێشان دەدەن؛ کەسایەتییەکی راڕا و ناسیاسی بووە و  تەنیا وزە و حەماسی شەڕکردنی هەبووە و بە هەستی رق و تۆڵە و بۆ بەرژەوەندی مادی و دەستکەوتنی پێگە بۆ خۆی کاری کردووە. رەزا شا سەرەتا پلەی سەربازی کۆلۆنێلی پێ دەخشێ و دواتر پلەی زیاتر بەرز دەکاتەوە.

کاتێک خاڵۆ قوربان هەواڵی شکستی میرزا کووچک خان دەبیسێ و دەزانێ بەرەو چیاکانی تالش رۆیشتووە، شوێنپێی دەگرێ و بە مردوویی دەیدۆزێتەوە، بەڵام بەو حاڵەیش دەستبەرداری نابێ و بە خەنجەر سەری لە جەستەی جیا دەکاتەوە و وەک دیاری دەیبات بۆ رەزا شا و پێشکەشی دەکات. لە بەرامبەر ئەم کارەیدا رەزا شا ناسناوی سەربازی سەردار زەفەری پێ دەبەخشێت.

خاڵۆ قوربان دەچێتە شەڕی سمکۆ
  
بەو جۆرە خاڵۆ قوربان دەبێتە خاوەن هێز و پێگەی تایبەت لە حکومەتی رەزا شادا و کاتێک شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدەگیرسێت، بە فەرمانی شا هێزەکانی بەرەو کوردستان دەجوڵێنێ و بە ئامانجی ئەوەی شۆڕشی سمکۆ سەرکوت بکات و سەری ئەویش وەک سەری میرزا کووچک پێشکەشی رەزا شا بکات هەڵمەت ئەباتە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ.

بەڵام لە راستیدا سمکۆ زیندوو بوو و وەک میرزا کووچک لە سەرمادا رەق نەببووەوە تا بتوانێ بە مردوویی سەری ببڕێ. دواجار خاڵۆ قوربان چارەنووسی وا دەکەوێتەوە کە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی سەیید تەهای نەهری سەر بە سمکۆ، لە ناو سەنگەرەکەیدا و لە پشتەوە بە دەستی هاوڕێی دێرینی خۆی واتە خاڵۆ کەریم دەکوژرێ.

خاڵۆ کەریم بەردەوام لە تەسلیمبوونی هێزەکانیان بە رەزا شا و خزمەتکردنی حکومەت ناڕازی بووە، بەڵام بە ناچاری هاوڕێی خاڵۆ قوربان دەکات تا دواجار لەو سەنگەرەدا و بەو شێوەیە فرسەتی لێ دێنێ و دەیکوژێ. بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی خاڵۆ قوربان دەبێتە هۆی دابەزینی ورەی هێزەکانی و لەو شەڕەدا لە بەرامبەر سمکۆ دەدۆڕێن. ئەو هەواڵە وا دەنگ دەداتەوە کە کورد تۆڵەی میرزا کووچک خانی جەنگەڵی سەندەوە و چیدی ئەوە سەری خاڵۆ قوربانە وەک تۆپ بە دەست منداڵانی سابڵاخەوە (مهاباد) یاری پێ دەکرێت.

رەزا شا لە تۆڵەی خاڵۆ قورباندا، خاڵۆ کەریم و براکەی دەستگیر دەکا و لە تاران گولە بارانیان دەکات. کوژرانی خاڵۆ قوربان و شکستی هێزەکەی لە بەرامبەر سمکۆی شکاکدا، بە رادەیەک دەنگدانەوەی دەبێ کە وەک بەند و باو دەوترێتەوە و بە سەر زاری خەڵکەوە دەگەڕێ:
کارێ تۆ کردت کافری بێ ئێمان
شکاک نەیکردووە بە خاڵۆ قوربان