ڕاپۆرتی کوردستانی

05:24 - 28/04/2019

شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە چۆن بوو؟‌

پەیسەر

ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی کردەسەر کۆبانێ هەموو کورد و جیهانیش سەرسام بوون بە خۆڕاگری شەڕڤانان کە نزیکەی سێ مانگ توانیان بەرخۆدان بکەن و نەهێڵن داعش کۆبانێ بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکات، لەوکاتەدا زۆر کەس خۆڕاگری کۆبانێیان بەراورد دەکرد بە خۆڕاگری ستالینگراد لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا کە سوپای روسی سەرباری ئەوەی لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە لە هەرچوار لاوە گەمارۆ درابوون توانیان نزیکەی ساڵێک خۆڕاگری بکەن، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەندێک کەس خۆڕاگری ٢٤ رۆژەی شاری سنەیان هاتەوەبیر کە لە ساڵی ١٩٨٠دا سەرباری گەمارۆدان لە چوار لاوە و بە چەکێکی کەم ٢٤ رۆژ رێگەیان نەدا سوپای ئێران بچێتە ناو شاری سنەوە، تەنیا ئەو کاتە سوپای ئێران توانی بچێتە ناو شارەوە کە هێزە کوردییەکان ناچار بوون بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی زیاتر نەکوژرێن لە شارەکە بچنە دەرەوە.

شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە
ساڵی ١٩٧٩ تەنیا ٤٠ رۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕش، خەڵکی سنە هەوڵیاندا وەک تاران و زۆربەی شوێنەکانی دیکە دەستبگرن بەسەر بنکەی سەربازی سوپا کە هێشتا بەرپرس و فەرماندەکانی هەمان ئەو کەسانە بوون کە لە سەردەمی دەسەڵاتی شادا دانرابوون، بەڵام پێچەوانەی هەموو شوێنەکانی دیکە ئایەتوڵا خومەینی و حکومەتی تاران پشتگیریان لەو بنکە سەربازییە کرد، هەربۆیە لەوکاتەی کە خەڵک هێرشیانکردەسەر بنکە سەربازییەکە تەقە لە خەڵک کرا و زیاتر لە ٢٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش برینداربوون، ئەم رووداوە بە نەورۆزی خوێناوی سنە بەناوبانگە.

پێنج مانگ دوای نەورۆزی خوێناوی سنە دانووستانەکانی نێوان نوێنەرانی کورد و حکومەتی ناوەندی هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتووە، لە ١٩ی ئابدا ئایەتوڵا خومەینی رێبەری ئێران فتوای جیهادی راگەیاند و داوایکرد لە هەموو هێزە چەکدارەکانی ئێران لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا هێرش بکەنەسەر کوردستان، دوای ئەم بڕیارە لە چەند قۆڵەوە هێرشکرایە سەر کوردستان و شەڕێکی گەورە ڕوویدا کە بە شەڕی سێ مانگە بەناوبانگە بەوپێیەی ئەم شەڕە سێ مانگی خایاند و خەڵک و هێزە کوردییەکان توانیان پاشەکشێ بە سوپا و هێزە چەکدارەکانی ئێران بکەن، دوای سێ مانگ شەڕ ئایەتوڵا خومەینی پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوایکرد شەڕ بوەستێنرێت. 

لە دوای پەیامەکەی خومەینییەوە جارێکی دیکە دانووستان دەستی پێکردەوە بەڵام ئەمجارەشیان هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتەوە، حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە پێیانوابوو لە دوای شەڕی سێ مانگە کە سوپا تووشی شکست هاتووە مەبەستی خومەینی لە ئاگربەست تەنیا ئەوەبووە کات بکڕێت بۆ ئەوەی سوپا خۆی ڕێک بخاتەوە و جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر کوردستان، ئەوەبوو چەند مانگ دواتر هێرشەکانی سوپای ئێران دەستی پێکردەوە، کوردستان لە ڕووی ئابورییەوە گەمارۆ درابوو و خەڵکی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان لە دۆخێکی زۆر ناخۆشدابوون، بەڵام بە وتەی شایەتحاڵەکان و ئەوانەی ئەو قۆناغەیان لەبیرە سەرباری ئەوەی حکومەتی ئێران لەڕووی ئابورییەوە گەمارۆی خستبووە سەر کوردستان کەچی ورەی خەڵک بەرزبوو و دڵخۆش بوون بەو ئازادی و خۆبەڕێوەبەرییەی کە ماوەی ساڵێک هەیانبوو، لە شاری سنەدا هەموو هێزە کوردییەکان بنکە و بارەگایان هەبوو و بانگەشەیان بۆ خۆیان دەکرد و کێشەیەکی ئەوتۆشیان پێکەوە نەبوو، ئەمەش خەڵکی گەشبین کردبوو، هەربۆیە بەرگەی گەمارۆی ئابورییان گرت و ئامادەبوون لە بەرامبەر هێرشی سوپادا بە چەکێکی کەمەوە خۆراگری بکەن.

سنە یەكێك لەو شارانە بوو كە بە قورسی كەوتە بەر هێرش، کۆماری ئیسلامی سنەی بە دڵی شۆڕشی کورد دادەنا، هەربۆیە هێزێکی زۆری ناردەسەر سنە، بەڵام خەڵكی سنە و هێزە سیاسییەکان بڕیاری خۆڕاگرییان دا، سوپا و حکومەتی ناوەندی پێشبینی ئەو خۆراگرییەیان نەکردبوو و پێیانوابوو بە ئاسانی دەتوانن شارەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

ڕۆژی ١٨ی نیسانی ١٩٨٠ هێزێکی زۆری سوپا لە ڕێگەی کرماشانەوە بەرەو سنە جوڵەی پێکرا، بەڵام خەڵک و هێزە کوردییەکان بەر لەوەی ئەم هێزە نزیکی شار ببێتەوە ڕێگەی هاتنە ناو شاریان لێ گرت، لە دەوروبەری شاریش هێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی سوپا بوونەوە و ناچاریان کردن بەرەو فڕۆکەخانەی سنە پاشەکشێ بکەن، بەڵام سوپا پێداگربوو لەسەر ئەوەی بە هەر نرخێک بێت شار کۆنتڕۆڵ بکات.

 سەرهەنگ سەدری، فەرماندەی لیوای ٢٨ی سنە لەو کاتەدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیتلاعاتدا وتبووی هێزەکانی سوپا لە فڕۆکەخانەی سنە جێگیرکراون و بەر هەر جۆرێک بێت دەچنە ناو شارەوە، تەنانەت ئەگەر بڕیار بێت  لە شاخەکانیشەوە دابەزنە ناو شار، چونکە ئەمە فەرمانی خومەینییە.

ڕۆژنامەی ئیتلاعات لە ژمارەی ڕۆژی دواتریشدا بڵاویکردوەتەوە: " شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی خەڵک و سوپادا دەستی پێکردووە و فڕۆکەکانی سوپا بە سەر ئاسمانی شارەوە دەسووڕێنەوە و سوپا بە هاوەن  گەڕەکانی شار بۆردومان دەکات و تا ئێستا چەندین خانوو ڕووخاون و ژمارەیەکیش کوژراو و برینداریش هەیە".

رۆژ لە دوای رۆژ شەڕەکە قورستر دەبوو، بەهۆی بۆردومانەکانەوە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی دەکوژران یان بریندار دەبوون، خەڵک لە ترسی بۆردومانەکانی سوپا کوژراوەکانیان نەدەبردە گۆڕستانی شار و هەر لە حەوشەی ماڵەکانیاندا بە خاکیان دەسپاردن.

سەرباری ئەوەی چەندین مانگ بوو هەموو شارەکانی کوردستان لە ژێر گەمارۆی ئابووریدا بوون کەچی بەو حاڵەشەوە خەڵکی شار و گوندەکانی دەوروبەر یارمەتییەکانی خۆیان دەیانگەیاندە شاری سنە، پزیشک و پەرستارە کوردەکانی نەخۆشخانەی سنە سەرباری کەمی دەرمان و زۆربوونی ژمارەی بریندارەکانەوە بەردەوام خەریکی تیمارکردنی بریندارەکان بوون.

مینو هەمیلی یەکێک لەو پەرەستارانەیە بەمجۆرە باسی ڕووداوەکانی شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە دەکات: 
" هێزەکانی سوپا لە ماوەی ٢٤ ڕۆژدا بە هەموو شێوەیەک هێرشی کردە سەر شار و تەقەیان لە خەڵک دەکرد و سەدان کەسیان کوشت و هەزارانیان بریندار کرد، لە پادگان و بنکەی ئەفسەرەکانەوە هاوەنبارانی گەڕەکەکانی شاریان دەکرد".

مینو هەمیلی بەم شێوەیەش باسی دۆخی نەخۆشخانەی سنە دەکات: 
" ئەو کاتە من وەک پەرستار لە ژووری نەشتەرگەری نەخۆشخانەی شەهیدانی شاری سنە کارم دەکرد و شەهێن باوەفا ( کە دواتر لە سێدارەدرا ) منی وەک چاودێری ئەو کۆمەڵە پزیشکە دیاریکرد کە لە تارانەوە هاتبوونە کوردستان، چونکە پێیوابوو ئەوانە جێی متمانە نین و لەوانەیە گیانی بریندارەکان بخەنە مەترسییەوە، کە هەرواش بوو".

هەمیلی هەروەها باس لە زۆر بوونی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ئەو شەڕە دەکات و دەڵێت کاتێک دەستی و لاقی قرتاوم دەبردە ساردخانە، تەرمی کوژراوەکان تا بن میچی ساردخانەکە لەسەر یەک کەڵەکە کرابوون، دەرفەتی بە خاکسپاردنی جەنازەکان نەبوو، خەڵک لە ماڵەکانی خۆیانەوە سەهۆڵیان دەهێنا بۆ ساردخانە بۆ ئەوەی تەرمەکان بۆگەن نەبن."

خەڵکی سنە پشت ئەستوور بوون بە یارمەتییەکانی خەڵکی گوند و شارەکانی دەوروبەر، بەڵام دوای چەند رۆژێک هێزەکانی سوپا توانیان ئەو رێگایانە کۆنتڕۆڵ بکەن کە لەوێوە یارمەتییەکان دەگەیشتە خەڵکی سنە، بەمجۆرە خەڵکی سنە ئەوەندەی دیکە کەوتنە ژێر فشار و مەترسییەوە.

دوای ٢٤ ڕۆژ خۆڕاگری لەکاتێکدا سوپا نەیتوانبوو بێتە ناو شارەوە بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی گیانی خەڵك و بۆ ئەوەی لەوە زیاتر خەڵكی مەدەنی نەکوژرێن ناچار بوون بڕیاربدەن لە شار بچنە دەرەوە، دوای چوونە دەرەوەی پێشمەرگە، سوپا چووە ناو شارەوە و دەستیانکرد بە پشکنینی هەموو ماڵەکان و ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکرد و بەپەلە لە دادگایی سەربازیدا سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپاندن  و هەر خۆشیان سزاکەیان جێبەجێ دەکرد.

دوای تێپەڕبوونی ٣٩ ساڵ بەسەر شەڕی ٢٤ رۆژەی سنەدا هێشتا ئامارێکی ورد و دروست لەبەر دەستدا نییە، بەپێی ئامارەکانی سوپای پاسداران لەنێوان ٧٠٠ بۆ ١٠٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش برینداربوون، بەڵام هەندێک سەرچاوەی نافەرمی دیکە باس لە کوژرانی ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ هاوڵاتی دەکەن، ژمارەی کوژراوەکان ئەوەندە زۆر بووە کە لەو کاتەدا ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی وەک جینۆساید ناساندبووی.