ڕاپۆرتی کوردستانی

11:21 - 02/05/2019

ناكۆكی پارتی و یەكێتی لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌

پشدەر بابەكر

ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك كێشە لەنێوان یەكێتی و پارتی دروست دەكات، بەجۆرێك یەكێتی پشتیوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك هاوكات لەگەڵ پارێزگاكانی تری عێراق دەكات، لەبەرامبەردا پارتی دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە و پێی وایە كورد بەم دۆخە بچێتە هەڵبژاردنەوە بە دۆراوی لێی دەردەچێت.

ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( یەكێتی) بەپەیسەرپرێسی راگەیاند، ئەگەر پارتی رێگری لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكات بەوپێیەی پێی وایە كورسیەكانی ئێستای كە 11 كورسیە دەپارێزێت، ئەوە هەڵە دەكات, چونكە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق راستەوخۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكار دەخرێت، و پارێزگار كارەكان دەكات.

گوتیشی: بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هیچ رۆڵێكی نامێنێت و مەبەستی پارتیش لە رێگری لەئەنجام نەدانی هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە یەكێتی باڵادەست نەبێت بەوپێیەی دەزانێت نیوەی پۆستەكانی شارەكە بەدەست دەهێنێت.

ئەحمەد عەسكەری هەروەها دەڵێ‌: ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام بدرێت ئەوە هەر لایەنێك قەبارەی خۆی دەزانێت و بەپێی قەبارەی خۆشی پۆستی پێدەدرێت.

پارتی ئامادە نیە بە ئاسانی ملبدات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەو پارێزگایەو چونكە پێی دۆخەكە وەك خۆیەتی و بەردەوامە

پارتی دیموكراتی  كوردستان كەركوك بە داگیركراو دەزانێت، هەر بۆیە لە كاتی بەشدارینەكردنی ئەم حیزبە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دۆخی كەركوك بە داگیركراو وەسفكردبوو، ئێستاش ئامادە نیە بە ئاسانی ملبدات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەو پارێزگایەو چونكە پێی دۆخەكە وەك خۆیەتی و بەردەوامە، بیانوی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا گەڕانەوەی كەركوك بۆ دۆخی پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.


محه‌مەد كەمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەسەر لیستی ( پارتی ) بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: بەدڵنیاییەوە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لەم كاتەدا لەكەركوك لەبەرژه‌وەندی كورد نیە، چونكە دۆخی شارەكە ئاسایی و یاسایی نیە، دەسەڵات لەلای هێزی سەربازی و دەسەڵات وەك حوكمی عورفی وایە، ئەفسەرێك دەتوانێت هەموو بڕیارێك بدات، هەروەها زۆرینە خەڵك لەشارەكە دەرچووە، بەتایبەتی كادیری پارتی لەو شارە نەماوە، و بارەگاكانمان و هەندێك ماڵی كادیرەكانمان داگیركراون.


 ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای دەپرسێت، چۆن هەڵبژاردن  لەبەرژوەندی كورد دەبێت لەكاتێكدا دانیشتوانە كوردەكەی بەرەو سلێمانی و هەولێر و گوندەكانی دەوروبەری چەمچەماڵ هەڵهاتوون، ئەوەش بەهۆی بارودۆخە نائاساییەكە، بۆیە كورد زەرەرمەندی یەكەم و توركمان زەرەرمەندی دووەم دەبێت، دەشڵێت یەكێك لەسەركردە توركمانەكان لەماوەی رابردوودا رایگەیاندووە كەركوك بۆتە گوندێكی عەرەبی، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە تەعریب لەكەركوك پەرەی سەندووە و كەركوك بەشێوەیەكی مەترسیدار ڕووبەڕووی گۆرانی دیمۆگرافی بۆتەوە.


محه‌مەد كەمال  گوتی: ناو شارەكە بەدەست عەرەبەوەیە، بۆیە ئەگەر كورد بەشداری هەڵبژاردن بكات لەوەها دۆخێكدا ئەوە بەزەرەرمەندی لێی دەردەچێت، هەروەها دەڵێ‌, راكان جبوری رایگەیاندووە، 260 هەزار كەسیان تۆمار نەكراوە، ئەم 260 هەزارە لەكوێ بوون وا تۆمار نەكراون، بۆیە ئەم ژمارەیە مەترسییە و یەكسانە بەچەند كورسیەك و كورد لەكەركوك بێدەسەڵاتە بۆیە هەر هەڵبژاردنێك لەدژی كورد و توركمان و لەبەرژوەندی عەرەب دەبێت.


لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە محەمەد كەمال دەڵێت، واپێدەچێت لەعێراقیش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوابخرێت، چونكە گەر لەمانگی پێنجدا یاسا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموار نەكرێت ئەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دوا دەخرێت.


بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە لەم دۆخەدا هەرگیز كورد زۆرینە بەدەست ناهێنێتەوە، بەڵام ئەگەر بارودۆخی كەركوك بگۆریت و خەڵك بگەڕێتەوە و بەرێوەبەرە كوردەكان كە دوورخراونەوە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان ئەوە كورد زۆرینە دەبێت.

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دۆخی كورد لە كەركوك باش نیە و بەهۆی سیاسەتێكی نوێی بەغداوە لەو شارە، كورد چەندین پۆستی هەستیار و گرنگی ئەو شارەی لە دەستداوە،جگە لەوەش تەعریبێكی رێكخراو لەو شارە دەستی پێكردووە و پارتی و یەكێتی لەسەر ململانێكیان نایانەوێت پارێزگارێكی كورد دەستبەكاربێت، لایەنە سیاسییەكانیش چاوەڕێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەك كە وەك هیوایەك بۆ بەهێزبوونەوەی كورد، بەڵام وا دیارە بەهۆی پارتی و یەكێتییەوە ئەم هیوایەش بەدیهاتنی لە تونێلێكی تاریكدایە.


سەبارەت بەدۆخی كورد لە كەركوك ئەحمەد عەسكەری پێی وایە كورد هێشتا زۆرینەیە لەو پارێزگایە، گوتیشی، رەنگە چەند ماڵێك نەهاتبنەوە كەركوك بەڵام وەك زۆرینە كورد هەر زۆرینەیە.

حكومەتی عێراق دەسەڵاتی هەبێت هەرێمی كوردستانیش داگیردەكات

لەبارەی مەترسییەكانی سەر كەركوك ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لەپشكی یەكێتییە گوتی:  هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لەكاتێكدا گرنگە ئەگەر دەستور و یاسا هەبێت لەعێراق ، بەڵام ئەگەر دەستور و یاسا نەبێت ئەوە كورد هەموو كورسیەكانیش بەدەست بهێنێت لێی دەستێنن، حكومەتی عێراق دەسەڵاتی هەبێت هەرێمی كوردستانیش داگیردەكات و دەیكاتەوە بەپارێزگایەكی عێراق، ئەگەر بەو عەقڵیەتە بیانەوێت حوكمرانی عێراق بكەن ناوچەیەك كە دەستیان رۆیشت دەستی بەسەردابگرن و هەموو مافەكانی زەوت بكەن، ئەوە حكومەتی عێراق هەم دەسەڵاتی هەیە و هەمیش زۆرینەیە بۆیە هەرێمی كوردستانیش دەكاتە پارێزگایەك لەعێراق.

ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی بووەتە هەوێنی پەرتبوونی كورد لەو پارێزگایە، بەڵام وەك ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك دەڵێ‌ لایەنەكانی توركمان و عەرەبە سەرباری ناكۆكییەكانیان بەڵام دژی كورد یەك هەڵوێستن.


سەبارەت بەو مەترسییانی كە ئەحمەد عەسكەر باسی لێوەدەكات لەبارەی سیناریۆكانی دوای ئەنجامنەدانی هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و چارەنوسی ئەو ئەنجومەنە،محمد كەمال رایگەیاند، ئەنجومەنی ئێستای پارێزگای كەركوك دەتوانێت بمێنێتەوە، وەك چۆن لە2005 وە تائێستا ماوەتەوە و لەعێراق دوو خولی تری هەڵبژاردن بەرێوەچووە بەڵام لەكەركوك نەكرا، دەتواندرێت بۆ ساڵێكی تریش بمێنێتەوە بەجۆرێك لەبری 2019  با لە2020 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكرێت بەمەرجێك دۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە".


كێشەی یەكێتی و پارتی لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی، لەكاتێكدایە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی 9/11/2019 ی بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكردووە.


لەئێستادا سەركردەكانی پارتی بە ئاشكرا دژایەتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكەن و یەكێتیش هەوڵەكانی چركردۆتەوە بۆ ئەوەی بەرێوەبچێت، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا یەكێتی و پارتی لەسەر پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە رێكنەكەوتوون، و بەهۆیەوە راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەت لەپۆستەكەی بەردەوامە، و رۆژانەش بەرپرسانی كورد لەپۆستەكان دووردەخاتەوە.