ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:25 - 02/05/2019

دوایین زانیاری له‌باره‌ی ئامانج و هه‌وڵه‌كانی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن‌

پشدەر بابەكر

سێ لایەنی عێراقی هەوڵی دروستكردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز دەدەن، سەركردەی یەكێك لەو لایەنانەش دەڵێت ئامانجیان دوورخستنەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق نیە، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت ئەو بەرە ئۆپۆزسیۆنە لەبەرژوەندی تەواوی گەلانی عێراقدا دەبێت.

سەعد متڵەبی سەركردە لەدەوڵەتی یاسا بەپەیسەرپرێسی راگەیاند، ئەوەی باس دەكرێت گفتوگۆیە، و تائێستا نەگەیشتۆتە ئاستی ئەوەی هاوپەیمانی رابگەیەندرێت، دەشڵێت لەرابردوودا گەورەترین كوتلە دیار بوو، بەشێوەیەكی راست ئاراستەی حكومەتی دیاری دەكرد، بەڵام لەم خولەدا بەهۆی دیارنەبوونی گەورەترین كوتلە، بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ئەرێنی، بۆتە پێویستیەكی گەورە، بەڵگەش بۆئەمە تائێستا وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری و پەروەردە و داد پڕنەكراونەوە، ئەوەش كەم و كوڕیەكی گەورەیە لەو بوارەدا، بۆیە پێویستمان بەكوتلەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز هەیە كە كاری حكومەت بەهێز بكات، وە یارمەتیدەری حكومەت دەبێت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی كابینەكەی.

هەوڵی دروستكردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز پێشتر وەها خوێندوەی بۆ كراوە، كە هێندەی پەیوەندی بە ململانێكانی وڵاتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان هەیە پەیوەندی بە كێشە ناوخۆییەكانی عێراقەوە نیە، دەنگۆی دروستكردنی ئەم بەرەیەش باسوخواسی دوای نزیكبوونەوەی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی لە سعودییەو سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران گەرمتر بوو.

بەڵام سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا نایەوێ لەم بارەوە ئەوە بڵێت و پێی وایە كە ئۆپۆزسیۆن بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی حكومەتە و دەڵێ‌: بەدڵنیاییەوە كاری ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان دەبێت نەك بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لەكابینەی حكومەت. دەشڵێت هیچ پلانێك نیە بۆ گۆڕینی بەرێز عادل عەبدولمەهدی لەم قۆناغەدا.

 سەبارەت بەكاریگەری وڵاتانی دراوسێش ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەكی نیە لەسەر ئەوەی وڵاتێكی دراوسێ یان وڵاتانی دراوسێ لەپشت دروستكردنی ئەو بەرەیەوە بن، دەشڵێت ئەوەی دیارە ئەوەیە كە پێویستیەكی عێراقی ناوخۆیە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان، بەوپێیەی شەڕی دژی داعش كۆتایی هاتووە، و شەڕی دژی تیرۆر كۆتایی لەقۆناغی كۆتاییدایە،بۆیە ئێستا قۆناغی ئاوەدانكردنەوە و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵیە و ئەم قۆناغە پێویستی بەهەوڵی دڵسۆزانەی هەموو لایەنە عێراقیەكان هەیە جا كورد بن یان عەرەب یان توركمان.

 مەتڵەبی دەشڵێت، بەڵگەیەكی تر ئەوەیە كە لەهەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران هاوڵاتیان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد و بەشێوەیەكی كاریگەر بەشداری هەڵبژاردنیان نەكرد، بۆیە ئێستا تەواوی كوتلەسیاسیەكان هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی كارەكان بەشێوەی ڕوونتر بەرێوەبچن. 

دروستبوونی حكومەت و كابینەی نوێ‌ بە ژانێكی گەورە لەدایكبوو بۆیه‌ نیگه‌رانییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م حكومه‌ت تا دێت فراوانتر ده‌بێت و كوتله‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌كانی به‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی كاندیدی خۆیان بكه‌نه‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌چاوێكی ئۆپۆزسیۆنانه‌ له‌م كابینه‌یان روانیوه‌.

له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه‌ په‌یسه‌ر وتوێژی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاری كورد ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید كرد و ئه‌و پێی وایه‌، كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ نه‌یتوانیوه‌ پێداویستییه‌كانی دۆخی عێراق پڕ بكاته‌وه‌ وده‌ڵێ دوای ئەوەی حكومەتی عێراق پێكهێندرا لەئەنجامی نەگەیشتنە رێككەوتن دەربارەی كوتلەی گەورە كێ بێت، دواجار گەیشتنە ئەوەی كەكاندیدێك هەڵبژێرن كە سەر بەهیچ كام لەو دوو كوتلەیە نەبێت كەخۆیان خۆیان بەكوتلەی گەورە دەزانی ئەوانیش كوتلەی بنا و كوتلەی نەسر، بەڵام دوای ئەوەی ئەم حكومەتە نەیتوانی پێداویستیەكانی دۆخی عێراق پێشكەش بكات، وە ئەو هێزە سیاسیانە بەشێوەیەك لەشێوەكان كابینەی حكومەت لەگەڵ خواستی ئەوان نەبوو بۆیە بووە هۆی ئەوەی كە بیر لەوەبكرێتەوە كە ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك دروست بكرێت، لەئەنجامدا هێزە سیاسیەكان بیریان لەوەكردەوە كە كوتلەی نوێ دروست بكەن.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:  بۆیە دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی نەسر لەیەك نزیك بوونەوە كە لەئێستادا باس لەوەدەكەن كە توانیویانە 86 كورسی پێكبهێنن، بەڵام نەچووەتە بواری پراكتیكی، رەوتی حكمەش بڕیاری كۆتاییان دابوو كە دەبنە ئۆپۆزسیۆن و بڕیاربوو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بوونە ئۆپۆزسیۆنی خۆیان رابگەیەنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هادی عامری بەپەلە لەگەڵیان كۆبۆوە، هەندێك كەس باس لەوە دەكەن كە لەبەرامبەر چەند دەستكەوتێك بابەتەكەیان وەستاندووە بەڵام ئەوەی من لەنزیكەوە قسەم لەگەڵ كردوون بەتایبەتیش كە مەكتەب سیاسیەكانم بینی باسیان لەوەكرد كە تائێستا ئەگەری ئۆپۆزسیۆن بوونیان نزیكە و پێدەچێت دوای رەمەزان ئۆپۆزسیۆن بوونیان رابگەیەنن.

سەبارەت بەو كوتلانەی دەبنە ئۆپۆزسیۆن ئەحمەد حاجی رەشید رایگەیاند: ئەو نوێنەری كوتلەكەی عەبادی بینیووە و پێی راگەیاندووە كە ئەوان هەموو ئەو كوتلانە بانگهێشت دەكەن كە لەم كابینەی حكومەتە پشتگوێ خراون، بەڵام تائێستا دیار نیە بەرەی ئۆپۆزسیۆن زۆرینە دەبێت یان حكومەت و ئەگەرئۆپۆزسیۆن ببێتە زۆرینە ئەوە حكومەت بەلای خۆیدا رادەكێشێت.

سەبارەت بەوەی دەگوترێت ئێران لەپشت ئەو هەنگاوەیە ئەحمەد حاجی رەشید رایگەیاند، ناتوانێت ئەوە رەت بكاتەوە بەڵام قسەیەكی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە كە ئەوانەی دژی ئێرانن، دەیانەوێت حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەقامگیر نەبێت، چونكە جۆرێك لەنەرمی هەیە لەلایەن عادل عەبدولمەهدی بەرامبەر ئەو هێزانەی لەئێرانەوە نزیكن.

سەبارەت بەكاریگەری ئەو هەنگاوە لەسەر هەرێمی كوردستان ئەحمەد حاجی رەشید رایگەیاند، ئەگەر حكومەتێك لەعێراق دروست بێت و ئۆپۆزسیۆنێكی چالاكی هەبێت كە بتوانێت چاودێری ئەو حكومەتە بكات، بۆ هەموو گەلی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە سودی هەیە، بەڵام ئەگەر هەرێمی كوردستان لەجێبەجێكردنی دادگەری زەرەربكات، دیارە هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی دادگەریدا نیە، و ئەگەریش هەرێم لەقۆرخكاری سود مەندبێت ئەوە كارێكی خراپە.