ڕاپۆرتی کوردستانی

06:10 - 04/05/2019

پەرلەمان دەتوانێت جانتاکە لە ئاشتی هەورامی وەربگرێتەوە؟‌

پەیسەر

کەس بۆی نییە جانتاکەی بپشکنێت تەنانەت پەرلەمانیش، ئێستا خەریکە دەبێت بەبار بەسەر کابینەی داهاتووشەوە، تا ساڵی ٢٠٠٦ لە کوردستان کەس نەیدەناسی تا ئەوەیکە بەرهەم ساڵحی هێنایەوە، کەچی ئێستا چەندین وڵات لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بمێنێتەوە یان بڕوات، ئاشتی هەورامی وەزێرێکی بێدەنگ، جاری وایە بە ساڵ نابینرێت، پێچەوانەی هەموو وەزیرێکی تری ئەم جیهانە زیاتر لە دەرەوەی وڵاتە تا لە ناوەوەی وڵات، هەموو قوتی خەڵک بەستراوەتەوە بە وەزارەتەکەی ئەوەوە کەچی وەک خۆی دەڵێت وەزارەتەکەی لەناو جانتاکەیدایە.

تا بەر لە دوو هەفتە پێکهێنانی حکومەت لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی پەکی کەوتبوو، کەچی دوای رێککەوتنی ئەم دوو حیزبە چارەنووسی ئاشتی هەورامی بووەتە گرێکوێرەیەک لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدا.


ئەوانەی نایانەوێت بمێنێتەوە:
 گۆڕان و یەکێتی حەزیان له چارەی ئاشتی هەورامی نایەت، گۆڕان پێیوایە ئاشتی هەورامی لە رابردوودا کۆمەڵێک گرێبەستی کردووە کە زیانی زۆر گەورەیان بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، گرێبەستەکانی شەفاف نین و پەرلەمانی لێ ئاگادار نەکراوەتەوە، گۆڕان پێیوایە هەتا ئاشتی هەورامی وەزیر بێت ئەوا سیاسەتی نەوت بە ناشەفافی دەمێنێتەوە.

یەكێتیش بە هەمان شێوە پێیوایە هەتا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان بێت ئەوا سیاسەتی نەوت لە کۆنتڕۆڵی پارتیدا دەبێت، لەناو پارتیشدا بارزانی باوک و سەرۆکی پارتی و بارزانی کوڕی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی حکومەت لەم پرسەدا لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی هاودەنگن و دەیانەوێت دووری بخەنەوە، مەسرور بارزانی پێیوایە ئەگەر ئاشتی هەورامی وەزیر بێت ئاوا نێچیرڤان بارزانی کۆنتڕۆڵی سیاسەتی نەوتی هەرێم دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی پەیسەر لەماوەی رابردوودا بەغدا لەڕێی باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە فشاری خستووەتەسەر پارتی بۆ ئەوەی ئاشتی هەورامی وەک وەزیر دانەنرێتەوە، چونکە بەغدا پێیوایە ئاشتی هەورامی هۆکارە بۆ رێککنەکەوتنی بەغدا و هەولێر، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەمریکا و بریتانیا و فەڕەنسا و ئێران لەگەڵ ئەوەدانین ئاشتی هەورامی بمێنێتەوە بە هۆکاری ئەوەی سیاسەتەکانی ئاشتی هەورامی لە رابردوو هۆکارێکی سەرەکی دوورکەوتنەوەی هەولێر و بەغدا بووە و مەترسی ئەوەشیان هەیە کە لەئەگەری دانانەوەی ئەوە لە داهاتووشدا کێشە بۆ رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دروست بکات، هەموو ئەو وڵاتانەش لەگەڵ ئەوەدان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و غاز رێک بکەون.

ئەوانەی لەگەڵ مانەوەی ئاشتی هەورامیدان:
لەناوخۆی هەرێم و لەناوخۆی پارتیشدا تەنیا نێچیرڤان بارزانی پشتگیری مانەوەی دەکات، ئەویش وەک ئاماژەی پێدرا نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لە ماوەی داهاتووشدا خۆی وەک سەرۆکی هەرێم لەڕێی ئاشتی هەورامییەوە سیاسەتی نەوتی هەرێم کۆنتڕۆڵ بکات.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا تورکیا داوای مانەوەی ئاشتی هەورامی دەکات، بەڵام تا ئێستا نازانرێت روسیا هەڵوێستی چۆن دەبێت چونکە ئاشتی هەورامی لە ساڵی ٢٠١٧ هۆکاربوو بۆ ئەوەی هەرێم گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسی بکات.
دەوترێت یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی هەفتەی رابردووی مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەرێم هێشتنەوەی ئاشتی هەورامی بووە لە وەزارتی سامانە سروشتییەکان و بە راشکاویش لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی داوای مانەوەی ناوبراوی کردووە و پێی راگەیاندووە تورکیا سەبارەت بە نەوت و گاز تەنیا مامەڵە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەکات.


تورکەکانیش یەکەمجار لەڕێی چەنگیز چانداری رۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکەوە ئاشتی هەورامی دەناسن، چەنگیز چاندار دەڵێت رۆژێک لەناو فڕۆکەدا بۆ یەکەمجار ئاشتی هەورامی دەبینێت، ئاشتی هەورامی لەناو فڕۆکەکەدا لەسەر نەوت و گرنگی نەوت و غازی هەرێم بۆ تورکیا دەکات و هەندێک ژمارە لەسەر یەدەگی نەوت و غازی هەرێم دەداتە ناوبراو، چەنگیز چاندار کە وەک رۆژنامەنووسێک لە کۆنەوە گرنگی بە پرسی کورد داوە و هۆکاربووە بۆ دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان تورکیا و حیزبە کوردییەکان، ماوەیەک دوای گەڕانەوەی بۆ تورکیا لەبەر رۆشنایی زانیارییەکانی ئاشتی هەورامی وتارێک لەسەر نەوت و غازی هەرێم بڵاودەکاتەوە، لەوکاتەدا تورکیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمدا نەبوو، بەڵام وادیارە دوای وتارەکەی چەنگیز چاندار تورکەکان تەماحی نەوت و غازی هەرێم دەیانگرێت و لە ساڵی ٢٠٠٨وە سیاسەتی خۆیان بەرامبەر هەرێم دەگۆڕن.

ئەم ئاشنایەتییەی تورکیا لەگەڵ ئاشتی هەورامی بەرهەمەکەی ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم بوو لەڕێی تورکیاوە و چەندین گرێبەستی دیکەی نەوت و غاز کە قازانجی زۆری بۆ تورکیا هەبووە، بۆ نمونە بەپێی ماڵپەڕی بلۆمبێرگی ئەمریکی حكومەتی هەرێم 28 مەتر سێجا گازی سروشتی بەنرخی 7 دۆلار بە توركیا دەفرۆشێت ئەوەش لەكاتێكدایە یەك مەتر سێجا غازی سروشتی بە 2 دۆلار و 67 سەنت بووە لەكاتی واژۆكردنی ئەو گرێبەستە بەوەش توركیا بە هەشت جار ئەوەندی غازی وڵاتان كەمتر غازی سروشتی هەرێمی كوردستانی دەست دەكەوێت.


لە ئێستاشدا تورکیا نیگەرانی ئەوەیە بە لاچوونی ئاشتی هەورامی سیاسەتی نەوت و گازی هەرێم لە دەست نێچیرڤان بارزانیدا نەمێنێت و تورکیا لە داهاتوودا لە واژۆکردنی گرێبەستی هاوشێوە بێبەش بێت، بە تایبەتیش کە تورکیا زانیاری ئەوەی هەیە بەپێی رێککەوتنێکی نێوان پارتی و گۆڕان لە حکومەتی داهاتوودا سەبارەت بە هەموو گرێبەستەکانی وزە ژوورێکی هاوبەشی پسپۆڕی یاسایی و پسپۆڕی نەوت پێکدەهێنن و بە هەموو گرێبەستەکانی رابردووی حکومەتی هەرێمدا دەچنەوە، ئەگەر بێتو زانیان لە گرێبەستێکدا فێڵ لە هەرێم کراوە و لەڕێی یاساییەوە بتوانن هەمواری گرێبەستەکە بکەنەوە یان سکاڵا تۆماربکەن بۆ هەموارکردنەوەی گرێبەستەکە ئەوا هەمواری دەکەنەوە، ئەگەر لەڕووی یاساییشەوە نەکرا هەمواربکرێتەوە ئەوا دوای تەواوبوونی ماوەکەی گرێبەستەکە نوێ ناکرێتەوە. 

 تا ئێستا پرسی ئاشتی هەورامی لەنێوان پێداگرییەکانی تورکیا و نێچیرڤان بارزانی و دژایەتییەکانی مەسرور بارزانی و گۆڕان و یەکێتی و بەغدا و وڵاتانی ئەمریکا و فەڕەنسا و بریتانیا و ئێران یەکلایی نەبووەتەوە، پێدەچێت تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئاشتی هەورامی لە دادگایەکی نێودەوڵەتی لە لەندەن لەلایەن چراخان رەفیقی هاوسەری پێشووی ناوبراوەوە فشارێکی باڵی مەسرور بارزانی بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئاشتی هەورامی بهێنرێت و لەڕێی کۆتایی هێنان بە ئاشتی هەورامیشەوە پێگەی نێچیرڤان بارزانی لاواز بکرێت، بەڵام هێشتا روون نییە ئەم هەموو فشارە بۆ لابردنی ئاشتی هەورامی دەرەقەتی پێداگرییەکانی تورکیا و نێچیرڤان بارزانی دێت یان نا.


ئەگەر ئاشتی هەورامی بمێنێتەوە:
_ لەوانەیە مەسرور بارزانی بە ئامانجەکەی خۆی نەكات لە کۆنتڕۆڵکردنی سیاسەتی نەوت
 _  لەوانەیە گۆڕان و باڵەکەی مەسرور بارزانی نەتوانن بە گرێبەستە نەوتییەکاندا بچنەوە.
_ لەوانەیە کێشەی گەورە لەبەردەم رێککەوتنی بەغدا و هەولێردا درووست بێت و ناکۆکییەکان بەردەوام بن.
_ لەوانەیە بۆ مسۆگەرکردنی پشتگیری تورکیا نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هەورامی لە داهاتوودا ئیمتیازی زیاتر بدەن بەو وڵاتە، بەمجۆرە نەوت و غازی هەرێم بە نرخێکی یەکجار کەم بفرۆشرێت بە تورکیا.

 
بەڵام ئەگەر گۆڕان و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە پێداگربن لەسەر لابردنی ئاشتی هەورامی ئەوا بە ئاسانی دەتوانن لە پەرلەمان دەنگی متمانە بە ناوبراو نەدرێت، واتە پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت لاسایی پەرلەمانی ئێران لە ساڵی ١٩٤٧ بکاتەوە، ساڵی ١٩٤٦ ئەحمەدی قەوام سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی ئێران بۆ ئەوەی ستالینی سەرۆکی سۆڤییەت رازی بکات هێزەکانی لە ئێران بکشێنێتەوە و پشتگیری لە کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجانی ئێران نەکات رازی بوو بەوەی ئیمتیاز نەوتی باکوری ئێران بداتە یەکێتی سۆڤییەت، دوای رێککەوتنی ئەحمەد قەوام و ستالین، سۆڤییەت هێزەکانی لە ئێران کشاندەوە و هەردوو کۆماری کوردستان و ئازەربایجان ڕووخان، بەڵام کاتێک قەوام رێککەوتنی پێدانی ئیمتیازی نەوت بە سۆڤییەتی بردە پەرلەمان، ژێربەژێر داوای لە پەرلەمانتارەکان کردبوو دەنگی پێنەدەن، بەمجۆرە قەوام بە ئامانجەکەی خۆی گەیشت و ئیمتیازی نەوتیشی بە سۆڤییەت نەدا.