ڕاپۆرتی کوردستانی

01:06 - 06/05/2019

عەلی دایی دوای ٣٠ ساڵ یەکێک لە بکوژانی قاسملووی ئاشکرا کرد‌

پەیسەر

عەلی دایی یاریزانێکی ناسراوی پێشووی تۆپی پێی ئێرانە و لەم دوایانەشدا ڕاهێنەری یانەی تۆپی پێی سایپای ئێران بوو بەڵام لە ناکاو لەلایەن بەڕێوەبەری یانەکەوە کە ناوی موستەفا مودەبر بوو لە راهێنەرایەتی دوور خرایەوە، ئەم دوورخرانەوەیە کاردانەوەی توندی عەلی دایی لێکەوتەوە و لە کۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا قسەیەکی کرد کە لەوانەیە خۆی نەیزانیبێت ئەم قسەیەی چ واتایەکی هەیە و ئاشکراکردنی شوناسی بکوژێکی دوکتۆر عەبدولرەحمانی قاسملۆ سکرتێری پێشووتری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە کە لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەنا تیرۆرکرا.

عەلی دایی چی وت؟
عەلی دایی لە کۆنفڕانسە رۆژنامەییەکەیدا وتی: " ئەو کەسێک ناناسێت بە ناوی مستەفا مودەبر کە بەڕێوەبەری یانەی سایپا بێت، ئەو کەسە با لەپێشدا شوناس و ناسنامەی راستەقینەی خۆی راست بکاتەوە جا ئەو کاتە بێت بڕیار لەسەر دەرکردنی من بدات."
عەلی دایی وتیشی من ئەم پیاوە لەو کاتەوە دەناسم کە لە لێپرسراوی بەشی ئەمنی و هەواڵگری دامەزراوەی رادیۆ و تەلەویزیۆنی ئێرانە، کاتێک بە تەلەفون لەگەڵ بەرنامەی نەوەد ( کە بەرنامەیەکی هەفتانەی وەرزشییە) قسەی دەکرد دەنگیم ناسییەوە زانیم ئەم پیاوە هەمان سەردار غەفوری دەرجزی دولەقە کە هاوشاری خۆمە و خەڵکی ئەردەبیلە.

بە وتەی عەلی دایی لە مەراسیمی ناساندنی موستەفا مودەبر وەک بەڕێوەبەری یانەی سایپا ئەویان وەکو بەڕێوبەرێکی پلەباڵای  تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران ناساندبوو.

عەلی دایی دەڵێت نازانم ئەم غەفوری دەرجزیە چۆن بووە بە موستەفا مودەبر؟ خۆزگە کەسێک لە فەرمانگەی رەگەزنامە لێرە بووایە و پرسیارم لێبکردایە تا بزانم کەسێک دەتوانێت بەپێی هاوکات ناو و نازناوەکەی بگۆڕێت؟
عەلی دایی بەم شێوە واژۆی ژێر کاغەزی دەرکردنەکەی لە یانەی سایپای بردووەتە ژێر پرسیار و گوتوویەتی دەبێت فەرمانگەی رەگەزنامە  شوناسی ڕاستەقینەی ئەم کەسە ئاشکرا بکات.

ئەو ڕەخنەی لە بوونی ئەم کەسە لە پۆستی بەڕێوەبەری یانەی سایپا، بەبێ پێشینەی وەرزشی گرتووە.ئەمە یەکەمجار نییه‌ کە چالاکی سەردارانی سوپا لە تۆپی پێی ئێراندا  ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە.

سەردار غەفوری دەرجزی دوولەق کێیە؟
ڕەنگە عەلی دایی نەیزانیبێت غەفور دەرجزی دوو لەق کێیە و بۆچی ناوە و نازناوەکەی خۆی گۆڕیوە، بەڵام عەفور دەرجزی هەمان ئەو کەسەیە کە لەگەڵ محەمەد جەعفەری سەحرارودی  تاوانبارە بە تیرۆرکردنی عەبدولرەحمان قاسملوو لە ساڵی ١٩٨٩دا.

ئەو کاتەی قاسملوو لە ڤییەنا تیرۆر کرا سێ کەس ناویان وەک تۆمەتبار بڵاوکرایەوە، یەکێکیان محەمەد جەعفەری سەحراروودی بوو کە ئێستا بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە و کەسەکەی دیکەش ئەمیر مەنسور بزورگیان بوو و کەسی سێیەمیش مستەفا ئاجودی پارێزگاری سنە بوو، لەناو ئەو سێ کەسەدا ئەمیر مەنسور بزورگیان کەس نەیدەزانی کێیە، هەر ئەوەندە دەزانرا کە ئەم ناوە ناوێکی خوازراوە و بە پاسپۆرتی ساختەوە چووەتە ڤییەنا، تا ئەو کاتەی لە دوای تیرۆری دوکتۆر سادق شەرەفکەندی سکرتێری دواتری حیزبی دیموکرات، کە بە دۆسیەی میکۆنوس ناسراوە لەلایەن یەکێک لە شایەتحاڵەکانەوە ناوی راستەقینەی ئەمیر مەنسور بزورگیان ئاشکرا کرا.

سادق شەرەفکەندی سێ ساڵ دوای قاسملو لە بەرلین تیرۆر کرا، بەڵام دادگای ئەڵمانیا پێچەوانەی دادگای نەمسا ماوەی سێ ساڵ بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کرد و لە ئەنجامیشدا هەر یەکە لە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران و هاشـمی رەفسەنجانی سەرۆک کۆماری ئەو کات و عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران بە بڕیاردەر و تاوانباری تیرۆرەکە دەستنیشان کران.

لە پرۆسەی دادگایی کردنەکە شایەتی دانی کەسێک کە لەو کاتەدا بە ناوی شایەتحاڵی (س) ناسرابوو رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە بڕیاری دادگاکەدا، دوایی دەرکەوت کە شایەتحاڵی س هەمان ئەبولقاسم مسباحییە کە خۆی یەکێک بووە لە ئەندامانی باڵای سوپای پاسداران کە کاتێک بەهۆی ئەوەی زانیاری هەبووە لەسەر چۆنیەتی تیرۆرکردنی رێبەرانی حیزبی دیموکرات هەستی کردووە گیانی لە مەترسیدایە هەربۆیە  بە کۆمەڵێک بەڵگەنامەوە هەڵدێت و دەچێتە پاکستان و لەوێوە داوای مافی پەنابەری دەکات و پەیوەندییش بە ئەبولحەسەنی بەنی سەدەرەوە دەکات لە فەڕەنسا، بەنی سەدر یەکەمین سەرۆک کۆماری ئێران بوو کە بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ خومەینی ئێرانی بەجێهێشت.

ئەبولقاسم میسباحی بەڵگەنامەکانی رادەست بەنی سەدر دەکات و بەنی سەدریش یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی لە پاکستانەوە بۆ شایەتیدان لە دادگای میکۆنوس بچێتە ئەڵمانیا، لە بەشێک لە شایەتیدانەکانی ئەبولقاسم مسباحی باسی ئەوەکرابوو کە لە تیرۆری قاسملووشدا ئەمیر مەنسور بزورگیان هەمان  غەفور دەرجزی دوو قەلە کە فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانە.

بەڵام ئەمیر مەنسور بزورگیان ( غفور دەرجزی) دوای تیرۆری قاسملوو کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە جارێکی دیکە ناوی خۆی دەگۆڕێت و بە ناوی موستەفا مودەبرەوە لەناو سوپا و دامەزراوەکانی حکومەتی ئێراندا چالاکی دەکات، هەربۆیە لە ماوەی نزیک بە ٣٠ ساڵی رابردوودا کەس ئاگاداری ئەوە نەبوو موستەفا مودەبر هەمان غەفور دەرجزی دوو قەلە، کەچی عەلی دایی ئاشکرایی کرد.