ڕاپۆرتی کوردستانی

05:26 - 07/05/2019

ئایەتوڵا مەردوخی کوردستانی کێ بوو؟‌

پەیسەر

زانا و عارفی گەورە محەمەد مەردوخی کوردستانی، ناسراو بە ئایەتوڵڵا مەردووخ، یەکێک لە گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامە کە خۆی و باو و باپیرانی سەرقاڵی دینداری و خزمەتکردنی ئایینی ئیسلام بوون، بەڵام مەردوخ بە هۆی پێگەی گرنگی کۆمەڵایەتی و بە تایبەت بە هۆی ئەوەی باوباپیرانی پشتاوپشت پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و ئەو پێشنوێژیەیش لە لایەن شای ئێرانەوە بە رەسمی بەوان سپێردراوە، لە زۆربەی رووداوە مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکەدا رۆڵ و کاریگەری بەرچاوی هەبووە.


مەردوخ تەمەنێکی درێژی هەبووە و نزیک بە سەدەیەک ژیاوە و قۆناغەکانی دەسەڵاتدارێتی شەش شای ئێرانی بینیوە. کەسایەتییەکی گرنگی ناو رووداوەکان بووە و زیاتر لە ٥ جار لە لایەن نەیارانییەوە هەوڵی کوشتنی دراوە.

چالاکییە سیاسییەکانی مەردوخ لە سەردەمی  قاجارەکان و رەزاشادا، واتە لە ساڵی (١٣١٤ تا ١٣٤٤ی کۆچی مانگی) بە ٧ قۆناغی جیاجیا دابەش کراون کە بریتین لە:
قۆناغی یەکەم: پێش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی مەشرووتە (بزووتنەوەی مەرجدارکردنی سیستمی پاشایەتی یان بزوتنەوەی دەستور واتە بەپێی دەستور دەسەڵاتی پاشا کەم بکرێتەوە).
قۆناغی دووەم: لە میانەی بزووتنەوەی مەشرووتەدا (لە ساڵی ١٣٢٥ تا ١٣٢٧ی کۆچی مانگی).
قۆناغی سێیەم: لە میانەی راپەڕینی سالارولدەولەی قاجاردا (١٣٢٩ی کۆچی مانگی).
قۆناغی چوارەم: لە کاتی داگیرکردنی سنە لە لایەن رووسەکانەوە، لە ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەمدا (١٣٣٤ – ١٣٣٥ کۆچی مانگی).
قۆناغی پێنجەم: چالاکی لە حزبی سۆشیال رولوسیونێر و دامەزراندنی حزبی سۆشیال ریفۆرمیست (١٣٣٦ – ١٣٣٧ کۆچی مانگی).
قۆناغی شەشەم: ئەم قۆناغە هاوکاتە لەگەڵ فەرمانڕەوایی شەریفولدەولە  لە کوردستان (١٣٣٧ – ١٣٤٠ کۆچی مانگی).
قۆناغی حەوتەم: چالاکی لە کۆمیتەی بزووتنەوەی نیشتمانی کوردستان دژی پاشایی قاجار و لایەنگریکردن لە رەزاخان (١٣٤٢ – ١٣٤٤ی کۆچی مانگی).

مەردووخ لە هەر قۆناغێکی چالاکی سیاسی -  کۆمەڵایەتیدا لە سەر بنەمای بیر و بۆچوون و ئامانجەکانی خۆی و بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی – سیاسی سەردەم، سیاسەتێکی تایبەتی بەڕێوە بردووە، تەنانەت هەندێکجار لە قۆناغێکی دیاریکراودا لە ئاست بابەتێک دوو سیاسەتی لێک جودای گرتووەتە بەر کە دیارە ئەمەیش وەک خۆی تایبەتمەندییەکی سیاسییە.

قۆناغی یەکەم
لەم قۆناغەدا کە مەردووخ تەمەنی ١٢ – ١٣ ساڵە، باوکی واتە عەبدولموئمینی سێیەم، لە نامەیەکدا داوا لە ناسرەدین شای قاجار پادشای ئەو کاتی ئێران دەکات؛ رازی بێ بەوەی لە دوای خۆی کوڕەکەی واتە محەممەدی مەردوخ ببێت بە پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی شاری سنە، بەو پێیەی پێشنوێژی ناوچە سوننەنشینەکانیش بە فەرمان و ڕەزامەندی شای ئێران دانراون.

ناسرەدین شا بەوە رازی دەبێت و بەو شێوەیە کاتێک باوکی مەردوخ نەخۆش دەکەوێت پێشنوێژی بە فەرمی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو، بەڵام کەسانێک بوون کە لە بڕیارەکەی شا ناڕازی بوون و کەوتنە دژایەتیکردنی مەردوخ و کێشەیان بۆ دروست کرد. یەکێک لەوانە مەلا عەبدولڕەزاق ئەمینولئیسلام سنەیی بوو کە بانگەشەی ئەوە دەکرد نابێت لە پشت مێرمنداڵێکی ناباڵغەوە نوێژ بکرێت و خەڵکی هان دەدا لە کاتی نوێژی جەماعەتدا مزگەوت چۆڵ بکەن و پێشنوێژی مەردووخ رەت بکەنەوە.

بەمەش لە ناو مزگەوتدا گرژی و ناکۆکی دروست دەبێت و رۆژێک کە مەردوخ لەگەڵ باوکی لە مزگەوت ئامادە دەبێت، هێرشیان دەکرێتە سەر و هەوڵی کوشتنیان دەدەن، بەڵام لە کۆتاییدا رزگاریان دەبێت،  شا بە لەبەر چاوگرتنی پێگەی بنەماڵەی مەردوخ جارێکی دیکە بە فەرمی پشتیوانی پێشنوێژبوونی  مەردوخ کرد و نەیارەکانی سزادا.

ئەو رووداوە بۆ مەردوخ بووە ئەزموونێک لە سەرەتای ژیانی سیاسییەکەیدا،  و تێگەیشت کە رێگەیەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی لە پێشە.

قۆناغی دووەم
ئەم قۆناغەی ژیانی سیاسی مەردووخ هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوەی مەشرووتە لە ئێراندا. لەو کاتەدا میرزا ئیسماعیل خانی سیقەتولمولک بە فەرمانڕەوای کوردستان داندرابوو. هەرچەند لە لایەن حکومەتەوە ئەو دەسەڵاتەی پێ سپێردراوە، بەڵام بە نهێنی لەگەڵ نەتەوە پەرەستەکان بووە و لەلایەن مەشرووتە خوازانەوە راسپێردرابوو کار بۆ هەماهەنگکردنی کوردستان لەگەڵ شۆڕشی سەرانسەری لە ئێراندا بکات و رێگە خۆش بکات بۆ شۆڕشی مەشرووتە لە کوردستاندا.

سیقەتولمولک دوای ئەوەی دەزانێت بۆچوونی مەردوخ لە بارەی مەشرووتە باشە، داوای لێ دەکات هاوکاری بزووتنەوەکە بکات، مەردوخ کە پێشتر چەند هاوڕێیەکی مەشرووتە خوازی لە تارانەوە داوایان لێ کردبوو ئەنجومەنە نیشتمانییەکان لە کوردستان دابمەزرێنێت، بەڵێنی  هاوکاری پێ دەدات و بەڕێ دەکەوێت بۆ هەورامان و رەزامەندی شێخ عەلی حسامەدین نەقشبەندی عارفی گەورەی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی خەڵک و دامەزراندنی ئەنجومەنەکانی لایەنگری مەشرووتە وەردەگرێت و دەستبەکار دەبێت، هەروەها راگەیانراوێک بڵاو دەکاتەوە و ئەنجومەنێک بە ناوی (ئەنجومەنی سەداقەت) لە سنە دادەمەزرێنێت.

مەردوخ لە هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی مەشرووتە بەردەوام دەبێت و چەند ئەنجومەنێکی دیکە بە ناوەکانی (حەقیقەت) ، (ئیخوەت) و (سەڵاحەت) لە ناوچەکانی سنە دادەمەزرێنێت.

لە مانگی موحەڕەمی ١٣٢٦ی کۆچی مانگیدا بە هۆی هەوڵێکی سەرنەکەوتووی تیرۆری محەممەد عەلی شا، نێوانی شا و مەشرووتە خوازان تێک دەچی و لە ئەنجامدا حکومەتی سەربازی رادەگەیەندرێت و پەرلەمان تۆپباران دەکرێت و دادەخرێت، کە ئەو قۆناغە لە مێژووی ئێراندا بە (استبداد صغیر) ناسراوە.

لەو قۆناغەدا سیقەتولمولک فەرمانڕەوایی کوردستانی لێ دەسەندرێتەوە و لە بری ئەو زەفەرسەڵتەنە دادەنرێت، هەروەها هەموو ئەنجومەنەکان لە سەرانسەری ئێران و کوردستاندا دادەخرێن.

لەو بارودۆخەدا مەردووخ بڕیار دەدات لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بەرەو تاران بچن، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە هەمەدان بە نامەیەک داوا لە شێخ فەزلوڵڵا نوری کەسایەتی ئاینی – سیاسی ئێران دەکات کە دەیانەوێ لە ناوچەی روبات کەریم بیبینن، نوری بە دیدارەکە رازی دەبێ و پاش دیدار لەگەڵ مەردوخ و هاوڕێیانی بەرەو تاران بەڕێ دەکەوێت.

شێخ فەزلوڵڵا نوری بڕوای وابوو کە دەبێ مەشروتە مەشروعە بێت، واتە مەرجدارکردنی دەسەڵاتەکانی شا بە پێی شەرعی ئیسلام بێت و دژی پەرلەمان بوو.

مەردوخ و نوری و هاوڕێیانیان لە تاران لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا کە بە بەشداری زانایانی ئایینی و باڵیۆزەکان و کەسایەتییە حکومییەکان لە باخی شا بەڕێوە دەچێت ئامادە دەبن و مەردوخ وەک پشنوێژی گەورەی کوردستان پەیامێک دەخوێنێتەوە و تیایدا جەخت دەکاتەوە کە هێشتا بارودۆخی ئێران ئامادە نییە بۆ ئەوەی حکومەتی مەشرووتەی تیادا بەڕێوە بچێت، بۆیە بە لە بەرچاوگرتنی بارودۆخی وڵات پشتگیری مانەوەی محەممەد عەلی شا دەکەن.

دیارە مەردوخ رەچاوی ئەوە دەکات کە لەو بارودۆخەدا مەشرووتە خوازی سەر ناگرێت و وا بە باش دەزانێت کە دەسەڵاتی ناوەند لە کوردستان توڕە نەکات، ئەمە لەگەڵ ئەوەی وەک زانایەکی ئایینی بیری مەشرووتەی مەشرووعەی زیاتر لەلا پەسەند دەبێت.

مەردوخ دوای گەڕانەوەی لە تاران، لە چالاکییە سیاسییەکانی بەردەوام دەبێت و رەوتێک بە ناوی (هەیئەی تەرەقی و تەزهیبی ئەخلاق) دادەمەزرێنێت کە زیاتر لە ١٢ هەزار کەس لە چین و توێژەکانی شاری سنە دەچنە ریزەکانییەوە.

یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئەو رەوتە دژایەتیکردنی داگیرکاری رووسیا دەبێت کە ئامادە بوونی خەڵکی کوردستانی شافیعی مەزهەب بۆ جیهادی سەرتاسەری لە دژی هێزەکانی روسیا لە کوردستان رادەگەیەنێت.

قۆناغی سێیەم
دوای ئەوەی لە ئەنجامی فشاری نەیارەکانی، محەمەد عەلی شای قاجار ناچار  بوو خۆی رادەستی باڵیۆزخانەی روسیا بکات، دەستەیەکی پێکهاتوو لە زانایانی ئایینی، پیاوماقوڵان و پەرلەمانتاران، کوڕە گەورەکەی لە شوێنی شا دادەنێن و حکومەتێکی نوێ پێکدەهێنن.

لەو بارودۆخەدا شێخ عەلی حیسامەدین نەقشبەندی، مەردوخ بانگهێشت دەکات بۆ هەورامان و پێیڕادەگەیەنێت کە سالارولدەولەی برای محەممەد عەلی شا بە نهێنی و بە جلی کوردییەوە خۆی گەیاندووەتە لای ئەو و ئاگاداری کردووەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی تاج و تەخت بۆ محەممەد عەلی شا، بڕیاریان داوە لە کوردستان و باکووری ئێرانەوە خۆیان رێک بخەنەوە و هێرش بکەنە سەر تاران. هەروەها داوای لێ کردوون لەو پێناوەدا هاوکارییان بکەن، بۆیە شێخ داوا لە مەردوخ دەکات لە سنە و کرماشان ئامادەکاری بۆ ئەو هێرشە بکات، چونکە سالارولدەولە بەڵێنی پێ داوە  ئەگەر محەمەد عەلی شا دەسەڵات بە دەستەوە بگرێتەوە ئەوا مەرجەکانیان جێبەجێ دەکات.

محەممەد عەلی شا بە تەلەگراف سالارولدەولەی برای ئاگادار دەکات کە لەگەڵ هێزێکی ٦ هەزار کەسی و بە پشتگیری روسیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاران پێشڕەوی دەکات و دەبێت جووڵەی هێزەکانیان لە کوردستانەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ٦ هەزار کەسییەکەی ئەودا بێت.

مەردوخ داواکەی شێخ عەلی حیسامەدین جێبەجێ دەکات و کاتێک سالارولدەولە دەگاتە قەڵای دارولئەیالەی سنە دەستبەجێ داوای بینینی مەردوخ دەکات. لە دیدارەکەدا دەست بە قورئاندا دەنێت و سوێند بۆ مەردوخ دەخوات مەرجەکانی جێبەجێ بکات، داوای لێ دەکات ئەویش سوێند بە قورئانەکە بخوات ناپاکی لێ نەکات، بەڵام مەردوخ سوێند بۆ سالارولدەولە ناخوات و تەنیا بەڵێنی زارەکی پێ دەدات کە هەموو تواناکانی خۆی بۆ سەرکەوتنی بەکار بهێنێت.

لە راستیدا مەردوخ کاتێک بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنێت دەگاتە ئەو قەناعەتەی سالارولدەولە و محەممەد عەلی شا لە کۆتاییدا ناتوانن بەرەوڕووی ئەو هێزانە ببنەوە کە نەیارەکانیان لە سەرتاسەری ئێراندا کۆیان کردوونەتەوە. هەرچەند بەو حاڵەش بەڵێنەکەی دەباتە سەر و بە کۆکردنەوەی خێڵە چەکدارەکانی سنە و کرماشان هاوکاریان دەکات، بەڵام دواجار پێشبینییەکەی راست دەردەچێت و هێزەکانی شا و سالارولدەولەی برای  بەرلەوەی بگەنە تاران لە ناوچەکانی ئیمامزادە جەعفەر و سەوادکو تیکدەشکێن.

بەرلەوەی سالارولدەولە هێزەکانی بەرەو تاران بجوڵێنێت داوا لە مەردوخ دەکات فەرمانڕەوایی کرماشان بگرێتە دەست، بەڵام مەردوخ پێشنیازەکەی رەت دەکاتەوە و لە بەرامبەردا بەڵێنی پێ دەدات عەزدولسوڵتانی برای لە عێراق بۆ بگەرێنێتەوە. مەردوخ بەڵێنەکەی دەباتە سەر و دەگەڕێتەوە بۆ سنە.

بەڵام سالارولدەولە دوای ئەو شکستە دەستبەردار نابێت و دەگەڕێتەوە بۆ کرماشان و لەوێوە داوا لە مەردوخ دەکات بۆ خۆڕێکخستنەوە و هێرشی دووبارە بۆ سەر تاران هاوکاری بکات، مەردوخ دوودڵ دەبێت لە یارمەتیدانی، بەڵام پێداگری سالارولدەولە وا دەکات مەردووخ جارێکی دیکە بە هێزەوە بە فریای بکەوێت، هەرچەند ئەمجارەش سالار لە بەرامبەر نەیارانیدا لە کوردستان شکست دەهێنێت، هەر بۆیە روو دەکاتە ئازەربایجان.

وا دەردەکەوێت مەردوخ لەم قۆناغەدا لە مەشرووتەخوازانی پەرلەمانی تەواو بێهیوا بووە و سووکە هیوایەکی لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو کە لە ئەگەری بە دەسەڵاتگەیشتنەوەی محەمەد عەلی شا، سیاسەتی مەشرووتەی مەشرووعە بەرەو پێش بەرێت کە لە بنەمادا بیرۆکەی شێخ فەزلوڵڵا نوری بوو.

قۆناغی چوارەم
لەم قۆناغەدا جەنگی  جیهانی یەکەم هەڵگیرساوە و تیایدا سیاسییەکانی ئێران سەرەتا دابەش بوون بە سەر دوو بەرەی ئەڵمانیا و عوسمانی لەلایەک، روسیا لە لایەکی دیکەوە.
سوپای رووسیا لە شاری سنە جێگیر ببوون و کوردستان لەلایەن هێزەکانی روسیاوە بە فەرماندەیی (مامانۆف) داگیرکرابوو، بۆ یەکەمجار لە سەرەتای مانگی موحەرەمی ١٣٣٣ی کۆچی مانگی لە ناوچەی ناودەروەنی کامیاران شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی روسیا و هێزە هاوبەشەکانی ئەڵمانیا و نەمسا هەڵگیرسا.

(مامانۆف) بە هێزەکانییەوە لە شاری سنە چووە دەرەوە و لە ساڵی ١٣٣٤ جیهادی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان لە دژی هێزەکانی رووسیا دەستی پێکرد کە مەردوخ رۆڵی بەرچاوی هەبوو لەم رووداوەدا، لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا شێخەکانی نەقشبەندی و موریدەکانیان، سنجرخانی وەزیری، سەردار رەشید خانی ئەردەڵانی و عەلی ئەکبەر خانی سنجابی بەشداریان کرد، لەو قۆناغەدا کورد سەر بە عوسمانی بوون.
هەر لەو سەروبەندەدا دەبێت کە مەردوخ رۆژنامەی (نەدای ئیتیحاد) چاپ و بڵاو کردەوە، هەروەها کاتێک بۆ جاری دووەم هێزەکانی روسیا هێرشیان کردەوە سەر شاری سنە، مەردوخ چەکی هەڵگرت و وەک جیهادی بەشداری لە شەڕداکرد.

قۆناغی پێنجەم
ئەم قۆناغەی ژیانی سیاسی مەردوخ قۆناغی چالاکییەکانیەتی لە (حزبەکانی سۆشیال رولوسیونێر و سۆشیال ریفۆرمیست)دا.

حزبی سۆشیال رولوسیونێر لەلایەن چەندین کەسایەتی ناوداری ئەو کاتی ئێرانەوە دادەمەزرابوو، مەردوخ ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی حزبەکە بوو و کاری سەرەکییان دژایەتیکردنی سەمسامولسەڵتەنەی سەرۆک وەزیری ئێران بوو کە پێیانوابوو شایستەی ئەوە نییە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتی بەدەستەوە بێت، بە تایبەت کە لەو کاتەدا ئێران لە بارودۆخێکی دژواری ئابووریدابوو و قات و قڕی و برسییەتی سەرانسەری وڵاتی گرتبووەوە.

ئەو حزبە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە مزگەوتی شای تاران بەڕێوەبرد کە لەلایەن لایەنگرانی سەمسامولسەڵتەنەوە هەوڵدرا کۆبوونەوەکە بشێوێنن، بەڵام دواجار توانیان وەزیری دەرباری پشا بکێشنە شوێنی کۆبوونەوەکە و ناڕەزایەتی خۆیانی پێ بگەیێنن، لەو کۆبوونەوەیەدا مەردوخ بە نوێنەرایەتی ناڕازییان قسەی کرد و ئامانج و داواکارییەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو:

یەکەم: داوامان ئەوەیە لەم بارودۆخە دژوارە ئابوورییەدا کە خەڵک لە برسییەتیدا لە شەقام و کۆڵانەکان دەمرن، فەرمان بە بەرپرسانی کۆگاکانی ئارد و گەنم بکرێت بە نرخێکی گونجاو و دادپەروەرانە ئارد و گەنم بە خەڵک بفرۆشن.
دووەم: داوامان ئەوەیە لە کاتێکدا کە هەموو دنیا بەرەو  پێشکەوتن هەنگاودەنێت و کەسانی سیاسی شارەزا لە پۆستە باڵاکاندا دادەنێن، هیچ نەبێت ئێوە سەرۆکوەزیرێک دەستنیشان بکەن کە لانیکەم بتوانێت بە زمانی فەرمی واتە فارسی بە باشی قسە بکات نەک ئەوەی لەگەڵ ناوخۆ و بێگانە هەر بە زاراوەی لوڕی بدوێت.
دواجار هەوڵەکانی حزبی سۆشیال رولوسیونێر، لە دەسەڵات خستنی سەمسامولسەڵتەنە و بە دەسەڵات گەیاندنی وسوقولدەولەی لێ کەوتەوە.
دواتر حزبی سۆشیال رولوسیونێر گۆڕا بۆ حیزبی سۆشیال ریفۆرمیست و ئەوەش لەکاتێکدابوو  کە مەردوخ لای سەرۆکوەزیرانی نوێ بە رادەیەک پێگەی بەهێزبوو کە رێگەی پێدرا  خۆی فەرمانڕەوای کوردستان دیاری بکات.
مەردووخ لە تارانەوە عەلی ئەشرەفخان ئەمیر موعەزەزی گەڕوسی وەک فەرمانڕەوا لەگەڵ خۆی دەباتەوە بۆ سنە، بەڵام پێش ئەوەی بگەڕێنەوە وسوقولدەولەی سەرۆکوەزیر ئاگاداری دەکاتەوە کە بەبێ راوێژکردن بە مەردوخ نابێت هیچ کارێک بکات.
پاش ماوەیەک لە تارانەوە فەرمانی سەرۆکایەتی دادگای کوردستان بۆ مەردوخ دەرچوو، هەروەها مەردوخ رادەسپێردرا کە لە بەرامبەر حزبی دیموکراتدا، حزبی سۆشیال ریفۆرمیست لە کوردستان دابمەزرێنێت، هەر بە هۆی دامەزراندنی ئەو حزبەوە، نەیارانی لە شەودا هەوڵی کوشتنی مەردوخیاندا و بە دەمانچە تەقەیان لێکرد بەڵام هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو.

قۆناغی شەشەم
لەم قۆناغەدا کوردستان لە بارودۆخێکی شێواودایە و خێڵەکان بە تایبەت خێڵەکانی نیشتەجێی سەر سنوورەکان لە بەرامبەر حکومەتدا سەرکێشی دەکەن و لایەنگرانی رەوتی دیموکراتیش لە سنە گرژی دروست دەکەن. هەروەها هێزەکانی حکومەت سنەیان بەجێ هێشتووە و گەڕوانەتەوە بۆ تاران.

لەو بارودۆخەدا عەلی محەمەد خانی کاشانی ناسراو بە شەریفولدەولە وەک فەرمانڕەوای کوردستان دادەنرێت کە بۆ رێکخستنەوەی بارودۆخەکە داوای هاوکاری لە مەردوخ دەکات.

مەردوخ پێیڕادەگەیەنێت کە لە پێناو ئارامی شاردا ئامادەیە هاوکاری بکات و ١٥٠ چەکدار رادەسپێرێت بە شەو لە دەوروپشتی شار پاسەوانی بکەن، شەریفولدەولە کە نیازپاکی مەردوخ  دەبینێت هەوڵ دەدات لەگەڵ دیموکراتەکان ئاشتی بکاتەوە و، هەوڵەکەی سەر دەگرێت، زۆر ناخایەنێت بە فەرمانی وەرزیری پەروەردەی ئێران مەردوخ دەکرێت بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و ئەوقافی کوردستان.

هەر لەو سەروبەندەدا حکومەت لە رێگای فڕۆکەوە لە ناوچەکانی خێڵەکانی مەنمی و گەڵواخی راگەیەنراو بڵاودەکاتەوە و ئاگاداریان دەکاتەوە کە دەبێت گوێڕایەڵی فەرمانەکانی حکومەت بن و بە پێچەوانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر.

حکومەت هێرشەکانی دەست پێکرد و زۆربەی سەرکردەکانی ئەو دوو خیڵە و هەندێک لە کەسایەتییەکانی رەوتی دیموکرات کە بە هاندانیان تۆمەتبار کراوبوون لە ناوبرد، مەردوخ کەوتە ناوبژیوانی و هەوڵیدا خێڵەکان رازی بکات بە مەرجەکانی حکومەت و حکومەتیش نەرمی بنوێنێت بەرامبەر بە خێڵەکان و بەم شێوەیە گرژییەکانی ناوچەکە هێور بکاتەوە.

دوای ئەوە نێوانی مەردوخ و شەریفولدەولەی فەرمانڕەوای کوردستان لە سەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان تێک دەچێت و بە فەرمانی شەریفولدەولە و لە ژێر کاریگەری نەیارانی، مەردوخ رێگەی چوونە دەرەوەی لە ماڵی خۆی لێ قەدەغە دەکرێت و دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە و هەموو جۆرە پێوەندییەکی لێ یاساغ دەکرێت.

مەردوخ بە نهێنی لەوە ئاگادار دەکرێت کە نەیارانی بەرتیلیان داوە بە شەریفولدەولە و کۆنسوڵی بەریتانیا، بۆ ئەوەی بە کوشتنی رازی بن، بۆیە پێدەچێت دەستگیر بکرێت و لە سێدارە بدرێت. دوای بیستنی ئەو هەواڵە مەردووخ بە نهێنی و بێ ئەوەی چاودێرانی شەریفولدەولە پێی بزانن لە ماڵەکەی دەردەچێت و خۆی دەگەیەنێتە هەورامان و لەوێوە بە نامەیەک وسوقولدەولەی سەرۆک وەزیر لە پیلانی فەرمانڕەوای کوردستان ئاگادار دەکاتەوە. وسوقولدەولە دەستبەجێ لەگەڵ سەرزەنشتکردنی شەریفولدەولە چارەسەری کێشەکە دەکات و مەردووخ دەگەرێتەوە بۆ سنە.
زۆر ناخایەنێت کابینەی وسوقولدەولە کودەتای لێ دەکرێت و سەیید زیائەدین تەباتەبایی بە دەسەڵات دەگات کە لەگەڵ مەردووخ لە کۆنەوە پەیوەندی باشیان هەبووە. سەیید زیائەدین بڕیار دەدات هەموو پیاوان و شازادەکانی سەر بە حکومەتی پێشوو دەستگیر بکرێن، بەڵام مەردوخ فریای شەریفولدەولە دەکەوێت و داوا لە تەباباتەبایی دەکات لە فەرمانڕەوایی کوردستان لای نەدات، داواکەی مەردووخ قبوڵ دەکرێت و فەرمانڕەوا لە پۆستەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە، بەڵام پاش ماوەیەک ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سنە دژی دەوەستنەوە و لە مزگەوتی هاجەرە خاتوون گردبوونەوەیەکی گەورە لە دژی بەڕیوە دەبەن. مەردوخ لە گردبوونەوەکەدا لە بەرژەوەندی خەڵک بەشداری دەکات و بە شەریفولدەولە رادەگەیەنێت من خەڵکی ئێرەم و لەگەڵ خەڵکەکەم دەبم بۆیە چیدی پشتگیریت ناکەم.

لەم قۆناغەدا مەردوخ هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی لە ناوچەکە داوە و ئەو کارتانەی لە دەستیدا بوون بۆ پاراستنی ئارامی و هاوسەنگی بەکاری هێناون، بە جۆرێک کە لە ئەنجامی گۆرانکارییەکان زیانی کەمتر بە خەڵک و ناوچەکە بگات.

قۆناغی حەوتەم
قۆناغی حەوتەمی چالاکییە سیاسییەکانی مەردوخ، کاریگەری ئەو رووداوانەی بە سەرەوەیە کە رەزاخانی میرپەنج ( رەزا شا) بۆ کۆتاییهێنان بە زنجیرەی پادشایی قاجارەکان دەیانخولقێنێت.
کاتێک رەزاخان دەبێت بە وزیری جەنگ و فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە دەستەوە دەگرێت، نەیارانی لە چەندین ناوچەی ئێران هەوڵ دەدەن خێڵە چەکدارەکان لە دژی بجوڵێنن، لە کوردستان لە ناوچەی روانسەر هەوڵی کۆکردنەوەی خێڵەکان بۆ ئەو مەبەستە دەست پێ دەکات، بەڵام شازادە ئەسەدوڵا میرزای شەهابولدەولە کە لە ٢٨ی مانگی شەعبانی ١٣٤٠ی کۆچی مانگی بە فەرمانڕەوای کوردستان دەسنیشان کرابوو، داوا لە مەردوخ دەکات سەرۆک خێڵەکانی کوردستان بۆ پێملبوون بە فەرمانەکانی حکومەت بانگهێشت بکات، سەرۆک خێڵەکان پێشوازی لە بانگهێشتەکەی مەردوخ دەکەن و ئامادە دەبن لە خوانێکی نیوەڕۆدا لەگەڵ فەرمانڕەوای نوێی کوردستان کۆببنەوە و پێکەوە وێنەی یادگاری تۆمار بکەن.
بەڵام جووڵەی نەیارانی رەزاخان بەو نیوەڕۆخوانە کۆتایی نایەت و لە چەندین ناوچەی دیکەی وەک بانە و هەورامان گرژی و رووبەڕووبوونەوە سەر هەڵدەدات کە دیسان بە ناوبژیوانی و رۆڵ بینینی مەردوخ چارەسەر دەکرێن.
لەو قۆناغەدا ناوبژیوانی مەردوخ تەنیا لە کوردستان نابێت و لە تارانیش کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان رەزاخان و موئتەمینولمولکی سەرۆکی پەرلەمان گرژی تێدەکەوێت، مەردوخ هۆکارێکی کاریگەر دەبێ بۆ یەکخستنەوەیان.
مەردووخ لە ٢٨ی رەجەبی ١٣٤٢ی کۆچی مانگیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی (کۆمیتەی رابوونی نیشتمانی کوردستان) دادەمەزرێنێت، کۆمیتەکە پێک دێت لە پیاوماقوڵان و کەسایەتییە سیاسی – کۆمەڵایەتییەکانی سنە،  چالاکی سیاسی دژی دەسەڵاتی پاشایەتی قاجار دەست پێ دەکات و پشتگیری رەزاخان دەکات. هەر بۆ ئەو مەبەستە مەردوخ لە مزگەوتی دارولئیحسانی سنە میتینگێک ساز دەکات و تیایدا پەیامی بێزاری خەڵک لە بنەماڵەی قاجار بە پەرلەمانی ئێران دەگەیەنێت.

بە دوای ئەوەدا دیسان زانایان و دەوڵەمەند و خانەدانەکان و بازرگانانی سنە لە ناوچەی (جەنەت باخی) ئەو شارە کۆدەکاتەوە و وتارێکی توند لە دژی پاشایەتی قاجار دەدات کە تیایدا وەک بنەماڵەیەکی ستەمکار و خوێنڕێژ شەرمەزاریان دەکات، بە هۆی ئەو وتارەوە نەیارانی مەردوخ هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکەن و پشتگیریکردنی لە رەزاخان بە کارێکی ناشەرعی و حەرام دادەنێن، بەڵام مەردوخ دژیان دەوەستێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی رەزاخان.

دوای ئەو رووداوانە رەزاخان شەهابولدەولە لە فەرمانڕەوایی کوردستان لا دەدات و موزەفەرخانی سەردار ئینتسار بە فەرمانڕەوا دادەنێت، مەردوخ لە سەردەمی پاشایەتی رەزاخان و دواتر کوڕەکەیشیدا پێوەندییەکی باشی لەگەڵیان دەبێت و لەلایەن ئەوانیشەوە رێز و پێگەی تایبەتی بۆ دادەندرێت.
رەنگە ژیانی سیاسی مەردووخ ئەوە پێشان بدات کە لە هەموو قۆناغەکاندا سیاسەتی سەرەکی پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان کوردستان و حکومەتی ناوەندی ئێراندا بووە و بەردەوامیش پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ حکومەتەکانی تاراندا هەبووە.a