لێکۆڵینەوە

01:26 - 11/05/2019

ئۆجالان ئەردۆغان رزگاردەکات یان برینەکەی قوڵتردەکاتەوە؟‌

پەیسەر

شه‌شی ئایاری ٢٠١٩ دەزگای باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ی گەورەشاری ئەستەنبوڵی هەڵوەشاندەوە، کە تێیدا بۆ یەکەم جار و دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ، ئاکپارتی شارەکەی لەدەستدا. رۆژێک پێش ئەم بڕیارە و دوای هەشت ساڵ و تۆمارکردنی ٨١٠ داوکاری بۆ بینینی، دەوڵەتی تورکیا مۆڵەتیدا عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ پارێزەرەکانیدا چاوپێکەوتن ئەنجامبدات.بەشێکی زۆر لە چاودێرانی سیاسیی تورکیا ئەم دوو رووداوە گرنگە بەیەکەوە دەبەستنەوە و بە سەرەتای دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری دادەنێن.

دوو رۆژ دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکە و لە ٧ی ئایاردا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا، کە ئایا ئەم چاوپێکەوتنەی ئۆجالان و پارێزەرەکانی سەرەتای قۆناغێکی نوێی پڕۆسەی چارەسەرییە؟ رایگەیاند، "بابەتێک لە ئارادا نییە بە ناوی پڕۆسەی چارەسەرییەوە، پێشتریش رێگەمان بە خێزانەکەی داوە و محەمەدی براشی لە ماوەکانی رابردوودا بینیویەتی."

دواتریش فەخرەدین ئاڵتون سەرۆکی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا وتی، "پڕۆسەیەکی چارەسەری نوێ نییە."


ئەم دوو لێدوانە رێگر نییە لەوەی ئەم دوو رووداوە چاوەڕواننەکراوە بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ دابنڕێت بۆ دەستپێکردنەی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا، ئەویش لەبەر چەند هۆیەک:

یەکەم؛ هەشت ساڵە رێگە بە پارێزەرەکانی ئۆجالان نەدراوە سەردانی بکەن، بەڵام بەبێ هیچ گۆڕانکارییەکی دیار و بیانوویوکی جددی، مۆڵەت بە پارێزەرەکانی درا سەردانی ئیمرالی بکەن. ئەمەش گومانی زیاتری خستە سەر ئەم رووداوە چاوەڕواننەکراوە، چونکە ھەمان ئەو بیانووانەی دەوڵەتی تورکیا وەک خۆیان ماونەتەوە کە بەھۆیەوە رێگەی بەم چاوپێکەوتنە نەدەدا.

دووەم؛ گرنگی پەیامەکەی ئۆجالان بۆ ئاکپارتی؛ پەیامەکەی ئۆجالان بۆ ئێستای ئاکپارتی و دەوڵەتی تورکیاش وەک فریادڕەسێک وەهایە. گرنگترین خاڵەکانی پەیامەکەش بۆ تورکیا بریتین لە؛

* پەیامی ئۆجالان بۆ دۆخی ناوخۆی تورکیا؛
 ئۆجالان  دەڵێت: "ئێمه‌ ده‌توانین كێشه‌كانی توركیا و هه‌رێمه‌كه‌ به‌ هێزی نه‌رم واته‌ هێزی ئه‌قڵ، سیاسیی و كولتووری چاره‌سه‌ر بكه‌ین، نه‌ك به‌ شه‌ڕ و ڕێبازه‌كانی تووندوتیژیی جه‌سته‌یی."

ئەمەش پەیامێکی روونە بۆ سەرکردایەتیی پەکەکە تاکو هیچ چالاکییەکی سەربازیی دژیی سوپای تورکیا ئەنجامنەدەن و تورکیاش هێرشەکانی بوەستێنێت. بەم جۆرەش تاکو ٢٣ی حوزەیران کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانی ئەستەنبوڵ دووبارە دەکرێتەوە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاکپارتی خۆی لە شەری پەکەکە بەدووربگرێت و توڕەیی کوردانی ئەستەنبوڵ بۆ خۆی کەمبکاتەوە.

* پەیامی ئۆجالان بۆ سوریا؛
تورکیا کە لە پرسی سوریادا چەقیووە و رووداوەکانی ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندی ئەودا نیین، پێویستییەکی زۆری بە رزگارکارێک هەیە. رزگاربوونی تورکیاش لە سوریا بە نێو دڵی کوردەکانی سوریادا دەڕوات کە پەیامێکی ئۆجالان بەسە بۆ کردنەوەی ئەم دڵە بەڕووی تورکیادا.

ئۆجالان دەڵێت: "ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین، له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیدا كێشه‌كانی سووریا دوور له‌ كولتووری شه‌ڕ، له‌م دۆخه‌ی كه‌ تیایدان له‌ چێوه‌ی یه‌كپارچه‌یی سووریا و به‌ ڕوانگه‌ی دیموكراتیی خۆجێیی كه‌ به‌ ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی مسۆگه‌ركراوه‌، پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێن. له‌م چێوه‌یه‌دا پێویسته‌ هه‌ستیارییه‌كانی توركیاش ببینرێن." هەردوو رستەی " له‌ چێوه‌ی یه‌كپارچه‌یی سووریا" و " پێویسته‌ هه‌ستیارییه‌كانی توركیاش ببینرێن" بۆ تورکیا دوو باڵن و ئەگەر بیەوێن دەتوانێت خۆی پێرزگار بکات.

تورکیا لە سەرجەم دانیشتنەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا و لە لێدوانەکانیشدا باسی لە ترسی دامەزراندی کیانی کوردی کردووە لە باکوری سوریا، بۆیە ئەم پەیامە روونەی ئۆجالان دەتوانێت دەرگایەکی گرنگ لە نێوان خۆرئاوای کوردستان و تورکیادا بکاتەوە. پەیامی ئۆجالان بۆ خۆرئاوای کوردستان کە دەبێت رەچای هەستیارییەکانی تورکیا بکرێت، جەختکردنەوەیەکی زیاتری ئۆجالانە بۆ گرنگی نزیکبوونەوەی تورکیا و خۆرئاوای کوردستان. تورکیا کە لە ناوخۆدا بە شکستخواردوو لە پرسی سوریا تۆمەتباردەکرێت، دەتوانێت ئەم پەیامە بکات بە هەلێک و لە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵدا سودی زۆری لێوەربگرێت.


سێیەم؛ لە کۆنگرەی رۆژنامونووسی پارێزەرەکانی ئۆجالاندا، دوو دەزگای میدیایی گرنگ ئامادە بوون. یەکەمیان ئاژانسی ئەنادۆڵی نزیک لە ئاکپارتی و ئەوی دیکەشیان ئاژانسی هەواڵی دەمیرئۆرەن کە لە مانگەکانی رابردوودا بە تەواوی لە ئاکپارتی نزیک بووەوە. لە کاتێکدا و بە تایبەتی ئاژانسی ئەنادۆڵ زۆر بە دەگمەن بەم شێوەیە رووماڵی رووداوێکی بەم جۆرەی تایبەت بە پرسی پەکەکە و ئۆجالان دەکات.

چوارەم؛ پرسی مانگرتووەکان و دیموکراسی لە تورکیا؛ یەکێک لە رەخنە قورسەکان ئاڕاستەی ئەردۆغان دەکرێت، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، پاشەکشەی دیموکراسیی، زۆری ژمارەی دەستگیرکراوان و خراپی رەوشی زیندانییەکانە.

ئەم دۆخەش ھێندەی تر دۆخی ئاکپارتی و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی نابووتتر و رەوایەتییە سیاسییەکەی داڕزاوتر کردووە. بەشێکی زۆری زیندانیکراوان کوردەکانن و بەشێکی ئەم زیندانیانەش مانگرتنی بێسنوریان لە خواردن راگەیاندووە (تاکو مردن).
تاکو ژمارەی کۆچکردوانی زیندانییەکان بەرزتر دەبێتەوە، رەوایەتییە میللی و سیاسییەکەی ئەردۆغان کاڵتردەبێتەوە.

پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ سنوردارکردنی مانگرتن، ئەگەری مردنی مانگرتووەکان کەمدەکاتەوە، بەم جۆرەش فشاری رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لەسەر تورکیا و ئەردۆغان کەمدەکاتەوە.

ئۆجالان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئێمه‌ ڕێز له‌ به‌رخۆدانی هه‌ڤاڵانی زیندانه‌كان و ده‌ره‌وه‌ ده‌گرین، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت به‌تایبه‌تی ده‌ستنیشانی بكه‌ین،‌ پێویسته‌ نه‌یگه‌یه‌ننه‌ ئاستێك باری ته‌ندرووستیی ئه‌وان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و ڕێ له‌ به‌رده‌م مردن بكاته‌وه‌. بۆ ئێمه‌ ته‌ندرووستیی ئه‌قڵی، جه‌سته‌یی و ڕۆحی ئه‌وان له‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌."

ئامانجی ئاکپارتی و ئەردۆغان لەم چاوپێکەوتنە
ئەگەر ئاکپارتی بە مەبەست و بۆ بردنەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەم ھەنگاوەی ھەڵنابێت، ئەوا دەتوانێت سودی لێببینێت و بە جوڵاندنی پرسی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری، بەشێک لە دەنگی دەنگدەرانی کوردانی ئەستەنبوڵ مسۆگەر بکات.

ئەوەی روونە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان چاوپێکەوتنەکەی ئۆجالان و پارێزەرەکانی و دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵدا ھەیە، چونکە ئەردۆغان لە سەرکەوتن دڵنیا نەبێت، زەخیرەی رێککەوتنی سیاسیی نەخستبێت و بردنەوەی مسۆگەر نەکردبێت، ناچێتەوە نێو ھەڵبژاردنێکەوە بۆ دووەم جار لە ئەستەنبوڵدا بیخات، لەبەرئەوەی ئەو کە لە ئەستەنبوڵەوە خۆری ناوبانگی ھەڵھاتووە، لە ھەمووان باشتر دەزانێت یاریکردنی بە چارەنووسی خۆت لە ئەستەنبوڵدا، چی باجێکی قورسی دەوێت و چەند مەترسیدارە.

لە گۆشەگیریی ئۆجالانەوە بۆ گۆشەگیریی ئەردۆغان
سەرەڕای ئەم خاڵانە، دەکرێت خوێندنەوەیەکی تەواو پێچەوانە بۆ ئەم رووداوە نوێیانە بکرێت؛
ئەگەرێکی نزیکە ئۆجالان یارییەکە پێچەوانە بکاتەوە و ئەم چاوپێکەوتنە بکات بە ھەلێک بۆ زیاتر گۆشەگیرکردنی ئەردۆغان.
واتە ئۆجالان بەم پەیامانەی، کۆتاییھاتنی گۆشەگیریی خۆی بکات بە سەرەتای گۆشەگیرکردنی ئەردۆغان.

داواکاریی ئۆجالان کە بۆ پەکەکە و خۆرئاوای کوردستان وەک فەرمانێکی "پیرۆز و تامەزرۆ" وەھایە، بۆ بێدەنگکردنی چەک لە دژی تورکیا و راگرتنی دڵی ئەنقەرە لە سوریا، پەیامێکی گرنگە بۆ ئەمریکا کە پەکەکە و خۆرئاوای کوردستان پشتیوانی واشنگتنن بۆ راگرتنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا و ھەڕەشەش نین بۆ سەر تورکیا، بۆیە ھیچ بیانوویەک لە دەستی تورکیادا نامێنێت بۆ ھێرشی سەر گەریلا و خۆرئاوای کوردستانیش.

ئەم ھەنگاوەش دەستی ئەردۆغان دەگرێت بۆ بەکارھێنانی ھەڕەشەی پەکەکە و خۆرئاوای کوردستان تاکو سۆزی دەنگدەرانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی دەوڵەت باخچەلی بەدستبھێنێت، چونکە گەرەنتی بەدەستھێنانی بەشێکی زۆری دەنگدەرانی ئەم پارتە، بەستراوەتەوە بە شەڕی پەکەکە و دژایەتیکردنی ئەزموونی خۆرئاوای کوردستان.

ئەم پەیامەی ئۆجالان دەکرێت درزێکی شاراوە و بێدەنگیش بخاتە نێوان ئەردۆغان و باخچەلی، چونکە ھەر نزیکبوونەوەیەکی ئەرۆغان لە کورد، لە باخچەلی و پارتەکەی (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست_مەھەپە) دووری دەخاتەوە، کە لە ئێستادا تاکە پارتی پشتیوانی گەورەی ئەردۆغانە.

ئەردۆغان لە ئێستادا ھەوڵ دەدات ھەم دڵی کورد رابگرێت، ھەم دڵی باخچەلی. بۆیە مانگەکانی مایس و حوزەیران و رۆژانی پێش ھەڵبژاردن، چارەنووسی ئاکپارتی لە ئەستەنبوڵ و تەواوی تورکیا دیاریدەکات.

رووداوەکان گەرمن و بە خێراییەکی زۆرەوە ھاوکێشەکان دەگۆڕن.

تورکیا لەو وڵاتانەیە ھەمیشە رووداوی چاوەڕواننەکراوی تێدا روودەدات. بۆیە ئەگەرەکان خێرا و چاوەڕواننەکراو گۆڕانیان بەسەردا دێن.

ساڵی ٢٠٠٩ بە دزەپێکردنی هەواڵی کۆبوونەوەی وەفدێکی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویج، قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا دەستیپێکرد، کە بەشیک لە چاودێرانی رەوشی تورکیا بە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناویدەبەن.

لە ١١ی ئایاری ٢٠٠٩ قۆناغێکی گرنگتری لە پڕۆسەی ئاشتی دەستیپێکرد، کاتێک سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا شتی باش سەبارەت بە کێشەی کورد روودەدەن و تەنانەت لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٠٩ و لە نێو فڕۆکەکەیدا لە میانی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووساندا، لە بری "باکوری عێراق" "کوردستان"ی بەکارهێنا، هەر لە ٩ی مایسی هەمان ساڵدا وتی، کێشەی کورد یەکەم کێشەی تورکیایە و هەر دەبێ چارەسەربکرێت.

راگەیاندنی ئاگربەست
چەند رۆژێک دواتر و لە ٣١ی مایسی ٢٠٠٩ پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند، بەو جۆرەش هەنگاوەکانی نزیکبوونەوەی کورد و دەوڵەتی تورکیا پێی نایە قۆناغێکی گرنگترەوە.

کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەحمەد تورک
لە ٨ی ئابی ٢٠٠٩ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا، لەگەڵ ئەحمەد تورک سەرۆکی پارتی کۆمەڵگەی دیموکرات ( دەتەپە)، سەبارەت بە پرسی کرانەوەی کورد کۆبوونەوە.

گەڕانەوەی ٣٤ گەریلا بۆ تورکیا
دواتر و لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩، لەسەر بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و وەک نیازپاکی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی کرانەوەی کورد، ٣٤ گەریلا لە دەروازەی سنوریی خابورەوە چوونەوە نێو تورکیا و لەلایەن ٥٠ هەزار کەسەوە پێشوازییان لێکرا.

پەیامی ئەردۆغان
لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ ئەردۆغان وتی، لە چوارچێوەی کرانەوەی دیموکراسییدا بە ئامانجی پڕۆژەی برایەتیی و یەکێتیی میللی دەگەن.

نەخۆشکەوتنی پرۆسەی کرانەوەی کورد
سەرەڕای هەنگاوە گرنگەکان، لە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٩ دادگای دەستوری تورکیا، بە کۆی دەنگ بڕیاری داخستنی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی دەرکرد و پەرلەمانتاریی هەریەک لە ئەحمەد تورک و ئایسەل توغلوکیشی خست.

ئۆجالان کرانەوەی کوردی رزگارکرد
عەبدوڵا ئۆجالان بۆ بەردەوامی کرانەوەی دیموکراسی رایگەیاند، لە رووی کرانەوەی دیموکراسییەوە هەلی چارەسەرێکی گرنگ لەنێوبرا، بەڵام هێشتا درەنگ نییە.

هەنگاوی فەرمی لەلایەن تورکیاوە
دوو مانگ دواتر و لە شوباتی ٢٠١٠ تورکیا هەنگاوی فەرمی ناو و بەشیر ئاتالای وەزیری ناوخۆ لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، (پاکێجی مافەکانی مرۆڤ)ی راگەیاند، کە بەپێی پاکێجەکە؛ لە زیندانەکاندا مۆڵەت بە زیندانییەکان درا بە کوردی، زمان و شێوەزارەکانی دیکەش چاوپێکەوتن لەگەڵ نزیکەکانیاندا ئەنجام بدەن. میدیا تایبەتەکان ٢٤ کاژمێر بە کوردی و هەر زمانێکی دیکە پەخش بکەن. ئەنجومەنی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە مۆڵەتدان بە دامەزراندنی ناوەندی لێکۆڵینەوە و ئەنیستیتو بە زمانە جیاوازەکان.

کاردانەوەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا
لە ١٨ی شوباتی ٢٠١٠ یەکەم کاردانەوەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەرامبەر پڕۆسەی چارەسەری راگەیەندرا و پارتی گەلی کۆماری سەبارەت بە چاوپێکەوتنەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ئۆسلۆ داوای پرساندنی حکومەتی لە پەرلەمان کرد و جەختیکردەوە، لە دەوڵەتێکی یاساییدا وەزیر لەگەڵ رێکخراوێکی "تیرۆریستی"دا چاوپێکەوتنی نهێنیی ناکات.

بۆچوونی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست
مانگی دواتر و لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٠، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستیش دژایەتی پڕۆسەی چارەسەری کرد و وتی، "مەکەونە نێو داوی کرانەوەوە -کرانەوەی کورد."

پەککەوتنەوەی پڕۆسەی چارەسەری
لە ١٦ی نیسانی ٢٠١٠ لوتوف تاش کە یەکێک بوو لەو ٣٤ گەریلایەی پەکەکە بۆ تورکیای ناردنەوە، بەهۆی بەکارهێنانی وشەی "بەڕێز" بۆ ئۆجالان، بڕیاری ١٠ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

پانزە رۆژ دواتر و لە ١ی مایسی ٢٠١٠، پەکەکە لە دەرسیم هێرشی کردە سەر بارەگایەکی سوپای تورکیا و بەهۆیەوە ٤ سەرباز کوژران و ٧ی دیکەش برینداربوون.

لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٠ و دوای دەستگیرکردنی ١٣ کەس لە ٣٤ گەریلا گەڕاوەکە، بەنگی یڵدز سەرۆکی گروپی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی و ئاشتی (بەدەپە) رایگەیاند، کرانەوەی کورد کۆتایی هات.

ئاگربەست
پەکەکە لە ١٣ی ئابی ٢٠١٠ رایگەیاند، تاکو ٢٠ ئەیلول چالاکییەکانیان لە دژی سوپای تورکیا رادەگرن.

ئۆجالان هەڕەشە لە تورکیا دەکات
لە ١٣ی مایسی ٢٠١١ ئۆجالان وتی، لەدوای ١٥ی حوزەیران پڕۆسەکە یان بە رێککەوتنێکی گەورە دەگات، یان شەڕێکی گەورە دەستپێدەکات. شەڕێکی گەورەش دەستپێبکات، حکومەت سێ مانگ بەرگە ناگرێت.

بڵاوبوونەوەی تۆماری دەنگی چاوپێکەوتنەکەی ئۆسڵۆ
بەپێی تۆمارە دەنگییە گومانلێکراوەکە کە ١٣ی ئەیلولی ٢٠١١ دزەی پێکرا، هاکان فیدان راوێژکاری میت دەڵێت، "لەسەر رێنمایی ئەردۆغان و وەک "نوێنەری تایبەتی" ئەو لەگەڵ ئۆجالان و پەکەکەدا کۆبوومەتەوە.

دەستپێکردنەوەی شەڕ
لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، گەریلاکانی پەکەکە لە شارۆچکەی چوکورجای سەربە شاری هەکاری، هێرشیان کردە سەر چەند خاڵێکی پۆلیس و جەندرمەی تورکیا و لە ئەنجامدا ٢٤ سەرباز گیانیان لەدەستدا.

کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی
لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١ پڕۆسەی ئاشتی گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، کاتێک لە هێرشیکی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەگوندی رۆبۆسکی سەربە  شارۆشکەی ئوڵودەرەی شاری شڕناخ، ٣٥ هاوڵاتی کورد گیانیان لەدەستدا.

هاکان فیدان لەلایەن دادگاوە بانگکرا ولە کۆشکی چانکایا بینرا
لە ٧ی شوباتی ٢٠١٢ لەسەر دۆسیەی چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ ئۆجالان و پەکەکەدا، داوەری گشتیی ئەستەنبوڵ بانگهێشتی هاکان فیدان راوێژکاری میت، ئەمرە تانەر راوێژکاری پێشووی میت و ئافێت گوینەشی جێگری کرد بۆ ئیفادەدان.
لە ٩ی شوباتی ٢٠١٢ سەعدوڵا ئەرگین وەزیری داد سەبارەت بە بانگهێشتنامەکەی دادوەری گشتیی ئەستەنبوڵ وتی، "هیچ تاوانێک نەکراوە، ئەرکێک جێبەجێکراوە".

هەمان رۆژ دوو کارمەندی ئاسایشی ئەستەنبوڵ لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

لە ١٠ی شوباتی ٢٠١٢ هاکان فیدان لەبری ئەوەی بچێت و لە دادگای ئەستەنبوڵ ئیفادە بدات، بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا گویلی سەرۆک کۆمار، رووی لە کۆشکی چانکایا کرد.

بڕیاری دەستگیرکردنی راوێژکاری پێشووی میت و جێگرەکەی
لە ١١ی شوباتی ٢٠١٢ بەهۆی نەڕۆشتنیان بۆ ئیفادەدان لەسەر دۆسییەی کەجەکە (کۆما جڤاکێن کوردستان)، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەمرە تانەر راوێژکاری پێشووی میت، ئافێت گوینەشی جێگری و دوو کارمەندی میت دەرچوو.

ئەردۆغان دانی بە چاوپێکەوتنەکانی ئۆسلۆ و ئیمرالی دا نا
٢٦ی ئەیلولی ٢٠١٢ ئەردۆغان وتی، چاوپێکەوتنەکانی ئۆسلۆ لە پێناو پڕۆسەی چارەسەریدا بووە و بەهۆی کەمتەرخەمیی و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن پەکەکەوە، کۆتاییان بە چاوپێکەوتنەکان هێناوە.

ئەردۆغان لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٢ وتی، هاکان فیدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی کورد چەند جارێک سەردانی عەبدوڵا ئۆجالانی کردووە.

وەفدی کوردی گەیشتنە ئیمرالی
لە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ ئەحمەد تورک و ئایلا ئاکات ئاتا پەرلەمانتاری بەدەپە سەردانی ئیمرالیان کرد و لەگەڵ ئۆجالاندا کۆبوونەوە.

فەتحوڵا گویلەن پشتگیری پڕۆسەی چارەسەری کرد
فەتحوڵا گویلەن لە ٨ی کانونی دووەمی ٢٠١٣،  پشتگیری خۆی بۆ پڕۆسەی چارەسەری راگەیاند.

کوشتنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی
لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣، گورزێکی کوشندە بەر پڕۆسەی ئاشتی کەوت، دوای ئەوەی لە شاری پاریس، هەریەک لە ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز چالاکانی کورد کوژران و پەکەکەش تورکیای بە ئەنجامدەری ئەم رووداوە تۆمەتبارکرد.


لە "پڕۆسەی ئیمرالیی"ەوە بۆ "پڕۆسەی چارەسەری"
ئەردۆغان لە ١٥ی شوباتی ٢٠١٣ وتی، دروستترە ناوی "پڕۆسەی چارەسەری" لە جێگەی ناوی "پڕۆسەی ئیمرالی" بە چاوپێکەوتنەکانی نێوان میت و ئۆجالان بدەین.

هۆشدارییەکانی ئۆجەلان بۆ دەوڵەتی تورکیا
لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٣ رۆژنامەی میلییەت، وردەکاریی چاوپێکەوتنی ئۆجالان و شاندی بەدەپەی بڵاوکردەوە. بەپێی زانیاری رۆژنامەکە ئۆجالان بە شاندەکەی وتووە، "نە زیندانی کراوە (داواکرابوو ئۆجالان لە ماڵێکدا دەستبەسەر بکرێت) نە لێبوردن، پێویست بەمانە ناکات، هەموومان ئازاد دەبین. سەربکەوم لەم کارەدا هەموان ئازاد دەبن، ئەگەر نا، بە ٥٠ هەزار کەسەوە شەڕ دەستپێدەکات. با هەموان بزانن نە وەک پێشووتر دەژین، نە وەک پێشوو شەڕ دەکەین."

چاوپێکەوتنی ئۆجالان و دەمیرتاش
١٨ی ئایاری ٢٠١٣ هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی گشتی بەدەپە، پەروین بوڵدان و سری سورەیان ئۆندەر پەرلەمانتارانی بەدەپە، چاویان بە ئۆجالان کەوت.

نامە بەناوبانگەکەی ئۆجالان و کشانەوەی گەریلا
لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٣ نامەکەی ئۆجالان لە ئاهەنگی نەورۆزی شاری ئامەددا خوێندرایەوە، کە تێیدا داوای کرد، گەریلاکانی پەکەکە لە خاکی باکوری کوردستان و تورکیا بکشێنەوە و ئاگربەست رابگەیەنن.

مەرجی ئەردۆغان بۆ کشانەوەی گەریلا
لە ٢٩ی ئایاری ٢٠١٣ ئەردۆغان رایگەیاند، بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات، پێویستە گەریلاکانی پەکەکە بەبێ چەک بکشێنەوە.

کۆمسیۆنی "مرۆڤە ژیرەکان"
لە ٣ی نیسانی ٢٠١٣ حکومەت بۆ ناساندنی پڕۆسەی چارەسەری بە خەڵک و هاندانی، کۆمسیۆنی "مرۆڤە ژیرەکان"ی دامەزراند و رۆژی دواتریش لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆبوونەوە.

کشانەوەی گەریلا
٢٥ی نیسانی ٢٠١٣ پەکەکە رایگەیاند، لە ٨ی مایسدا سەرجەم گەریلاکانی لە خاکی تورکیاوە بۆ خاکی عێراق دەکشێنێتەوە و لە رۆژی دیاریکراویشدا کشانەوەکە دەستیپێکرد.

قەرەیلان هۆشداری دا
موراد قەرەیلان سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی ئەو کاتەی کەجەکە وتی، دەوڵەتی تورکیا پڕۆسەکەی تێکداوە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گومان لای ئەوان.

جەمیل بایک ئەگەری کۆتایی پڕۆسەی چارەسەری راگەیاند
لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٣،  جەمیل بایک هاوسەرۆکی ئەو کاتەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە دەربارەی پرۆسەی چارسەری وتی، چاوپێکەوتنەکانی تورکیا لەگەڵ ئۆجالان لە دیالۆگەوە نەپەڕێنەوە بۆ رێککەوتن و حکومەت هەنگاو نەنێت، کۆتایی بە پڕۆسەکە دەهێنێنن.


هەنگاوەکانی حکومەت
لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ ئەردۆغان پاکێجی دیموکراسی راگەیاند، کە تێیدا رێگە بدرێت بە خوێندن بە زمانە جیاوازەکان، گۆڕانکاری لە بەربەستی هەڵبژاردن، گەڕاندنەوەی ناوە کوردییەکان بۆ گوندەکانی باکوری کوردستان و بەکارهێنانی پیتەکانی (خ، ق، و).

داواکاری چاودێری نێودەوڵەتی
گوڵتان کشاناک پەرلەمانتاری بەدەپە ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆسەی چارەسەری توشی گرفت بووەتەوە و پێویستە لایەنێکی دەرەکی چاودێری پڕۆسەکە بکات.

نوسینی کوردی لە شاری ئامەد
لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١، هەنگاوێکی گرنگ لە پڕۆسەی چارەسەری نرا، لەسەر باڵەخانەی شارەوانی ئامەد لە تەنیشت ناوە تورکییەکەدا، بە کوردیش نوسرا (شارەداریا باژارا مەزن ئامەد).

دامەزراندنی یەکەم پارتی کوردی بە ناوی کوردستان
لە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠١٤، بۆ یەکەم جار پارتێک بە ناوی کوردستان و بە یاسایی دامەزرا بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا.

بەدەپە رووی لە قەندیل کرد
هەریەک لە پەروین بوڵدان و ئیدریس باڵوکەن پەرلەمانتارانی بەدەپە لە ٢٧ی کانونی دووەمی ٢٠١٤، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی کەجەکە، روویان لە قەندیل کرد.

بارزانی: پڕۆسەکە سەرکەوتوو بێت، ئۆجالان ئازاد دەکرێت
مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان وتی، ئەگەر پڕۆسەی چارەسەری سەربگرێت، ئۆجالان ئازاد دەکرێت.

ئازادکردنی گیراوانی دۆسیەی کەجەکە
لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤ خەتیب دیجلە ئازادکرا و رۆژی دواتریش ٣٠ دەستگیرکراوی دۆسیەی کەجەکە ئازادکران.

ئازادکردنی ئۆجالان بەرامبەر دانانی چەک
بۆ دانانی چەک لەلایەن گەریلاوە، جەمیل بایک لە ١٠ی تەموزی ٢٠١٤ رایگەیاند، بۆ وەها کارێک چەند مەرجێکیان هەیە و گرنگترینیشیان ئازادکردنی ئۆجالانە.

ئازادکردنی دواین دەستگیرکراو
لە ١١ی تەموزی ٢٠١٤ دوایین دوو دەستگیرکراوی دۆسیەی کەجەکە ئازادکران.

ئۆجالان: خەریکە پەتی ئارامیمان دەپچڕێت
لە ٥ی ئابی ٢٠١٤ عەبدوڵا ئۆجالان رایگەیاند، نیگەرانە لەوەی کە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ دەوڵەتدا نەگەشتوون بە رێککەوتن و ئارامییان لەگەڵ بابەتەکەدا بەرەو کۆتایی دەچێت.

کۆبوونەوەی عەبدوڵا ئۆجالان و هاکان فیدان
هاکان فیدان لە ٢٠ ئابی ٢٠١٤ رووی لە دورگەی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجالاندا کۆبووەوە.

بەرپرسی تورکیای پڕۆسەی چارەسەری کێ بوو؟
یاڵجن ئاکدۆغان راوێژکاری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی رایگەیاند، بەسیر ئاتاڵای یاریدەدەری ئەردۆغان، خاوەنی پڕۆسەکەیە و دەتوانێت لەگەڵ هەر رێکخراو و کەسێکدا بیەوێت کۆببێتەوە.

پەیوەندی راستەوخۆی ئەنقەرە و قەندیل
لە ٢٣ی ئابی ٢٠١٤ بەشیر ئاتاڵای وتی، "ئارەزوو دەکەم راستەوخۆ لەگەڵ قەندیلدا گفتوگۆ بکرێت" و لە وەڵامیشدا جەمیل بایک ئاشکرایکرد، "ئێمە بەردەوام کراوە و ئامادەین، میدیا بێت، شاند بێت یان دەزگای نێودەوڵەتی."

سوپای تورکیا بەرەو عێراق و سوریا
لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ پەرلەمانی تورکیا رێگەی بە سوپا دا بچیتە نێو خاکی عێراق و سوریا.

 

ئۆجالان دوا کاتی بۆ پڕۆسەی چارەسەری دیاریکرد
لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، ئۆجالان ١٥ی هەمان مانگی دیاریکرد بۆ ئەوەی تورکیا لە پڕۆسەی چارەسەریدا هەنگاوی نوێ بنێت.

هەدەپە: کۆبانی بکەوێت، پڕۆسەی چارەسەری کۆتایی دێت
هەدەپە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ جەختیکردەوە، ئەگەر کۆبانی بکەوێت، پڕۆسەی چارەسەری کۆتایی دێت.

پەکەکە: تێپەڕاندنی سنور راگەیاندنی شەڕە
جەمیل بایک لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ وتی، تورکیا بەرپرسە لە دۆخی تورکیا (کوشتنی ٤٠ خۆپیشاندەری کورد کە دژی هێرشی سەر کۆبانێ لە شارەکانی تورکیادا رژانە سەر شەقامەکان) و کۆبانی. رێگەدانی پەرلەمانیش بە سوپای تورکیا بۆ هێرشی دەرەوەی سنور، راگەیاندنی شەڕە لەلایەن تورکیاوە، بۆیە ئەوانیش سەرجەم ئەو هێزانەی گەریلایان گەڕاندووەتەوە ناو تورکیا کە کشاندبوویانەوە.

تورکیا: ناچار نین بە پڕۆسەی چارەسەری
بوڵەنت ئارنچ وتەبێژی حکومەتی تورکیا نیشانەکانی کۆتایی پڕۆسەی ئاشتی راگەیاند و وتی، "مەجبور و مەحکوم نین بە پڕۆسەی ئاشتی."

دەمیرتاش: تەنها حکومەت و ئۆجالان دەتوانن کۆتایی بە پڕۆسەکە بهێنن
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیمەکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، تاکو حکومەت یان ئۆجالان نەڵێن "کۆتایی هات" پڕۆسەی چارەسەری بەردەوام دەبێت.

سەرەتای کۆتایی پڕۆسەی چار ەسەری
لە ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٤ جەمیل بایک رایگەیاند، خەلیفەی راستەقینەی داعش ئەردۆغانە نەک بەغدادی و دوو رۆژ دواتریش گوتی، چەکهەڵگرتن بەمانای مردن دێت.

رووداوەکانی دواتری تورکیا، هەڵبژاردنەکان، پێکدادانی سوپای تورکیا و گەریلا، پێشهاتەکانی سوریا و بەهێزبوونی خۆرئاوای کوردستان، پڕۆسەی چارەسەرئ خستە نێو تونێلێکی تاریکەوە.

لە ئێستادا پرسیاری سەرەکی لە میدیا و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا ئەوەیە، ئایا چاوپێکەوتنی عەبدوڵا ئۆجالان و پارێزەرەکانی هەنگاوێکی نوێی تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری یان رووداوێکە و ئامانجی شاراوەی لە پشتەوەیە؟