ڕاپۆرتی کوردستانی

06:26 - 04/12/2018

عه‌لى باپیر..له‌ خانوه‌ قوڕه‌كانى كه‌نجاره‌وه‌ بۆ سه‌رمه‌شقى كاروانى ئیسلامى له‌ كوردستان‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

کۆتا رۆژی ئایاری ٢٠٠١ دوای نۆ مانگ لە کۆنگرەی بێ ئەنجامی تەوێڵە و مشتومڕ و کۆبوونەوه‌، کاتێک کاروانی لاندکرۆزەرەکانی پێشمەرگە و شوێنکەوتووانی عەلی باپیر و ھاوڕێ نەھزەکانی لە ھەڵەبجەوە بەرەو خورماڵ و ئەحمەدئاوا بەڕێکەوتن و حزبێکی نوێیان راگەیاند، باپیر قەلەقی ئەوە بوو کە چۆن رەوتە تازەکەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بزوتنەوە تێبپەڕێنێت، بەڵام ئەوە ماوەیەکی زۆری نەویست.

 

حزبەکەی عەلی باپیر و کۆنە نەھزەکان بەھێواشی ھەڵکشان، تا لە دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاڵای سەرمەشقی یەکەم حزبی ئیسلامییان لە ھەرێمی کوردستان گرتە دەست و پێش یەکگرتووش کەوتن، ئەگەرچی ئەمە لە ھاوکێشەی نوێی سیاسیدا ژمارەیەکی گەورە نییە، بەڵام کەسە نزیکەکانی عەلی باپیر پێیان وایە ئەو توانی لە ھەلومەرجێکی سەختدا که‌ نیوەی خەڵکی ناڕازی نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان پارێزگاری لە پێگەی حزبەکەی بکات ئەوەش کارێکی ئاسان نەبوو.

عەلی باپیر وەتمان، لەساڵی ١٩٦١ لە گوندی کەنجارەی ناوچەی پشدەر لە دایک بووە، ئەو لە تەمەنێکی کەمدا تێکەڵی خوێندنەوەو نوسین بوو، ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری مێژووی ئەون ده‌ڵێن، ئەو بە توانای خۆی لەسەر پێیەکانی خۆی وەستاوە، چونكه‌ کوڕی بەرپرس و سەرۆک عەشیرەت و پیاوی ناودار نەبووە.

کەسایەتی ئەو بەوە ناسراوە، زۆرجار رەخنە لە واقیعی باو دەگرێت و ھەمیشە قاچێکی لەناو نیگەرانیدا ھێشتووەتەوە، سەرەتای دەستپێکی کاری سیاسیشی ھەر بەرەخنە دەستپێکرد، کاتێک لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا بەشداری کۆنگرەی سنەی بزوتنەوەی ئیسلامی کردوو لەگەڵ دامەزراندنیدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکە دیاریکرا، بەڵام ھەر دوای گەڕانەوەی کتێبێکی بەناوی (دەرد و دەرمانی بزوتنەوە) دەرکرد کە رەخنە بوو لە واقعی حزبەکەو ناروونی ئامانج و شلوشۆڵی و پەرتەوازه‌یی ئامرازە سیاسییەکانی.

ئەو كارەشی توشی تەنگ و چەڵەمەی زۆری کردووە تا ئەوەی زۆر جار بە تەفرەقەچی و تەکەتولچێتی تۆمەتبارکراوە، ئەو وەڵامی خۆی ھەیەو پێی وایە ئەوقسانه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی به‌رامبه‌ری ده‌كرێت بۆ گۆڕانكاریی. عەلی باپیر لە دوای گەڕانەوەی لە کۆنگرەی ساڵی 1987ی سنە سەرپەرشتی یەکێک لە ھێزەکانی پێشمەرگەی بزوتنەوەی لە پشدەر کرد، کە ناوی ھێزی حەمزە بوو، ھەرچەندە ئەوە دەرفەتێکی گەورەتری بە باپیر دا کە لە تەمەنێکی کەمدا دەسەڵات و ھێزی بگرێتەدەست، بەڵام نزیکەکانی دەڵێن، ئەو لە پاڵ ئەوەشدا بەردەوام رێنمایی و نامەکانی خۆی وەک بانگخوازێک لە رێکخستنەکانی بزوتنەوە بڵاوده‌کرده‌وە، بەوەش لەناو رێکخستەکانی حزبەکەیدا پێگەی خۆی قایمتر کرد.

دوای راپەڕێن ھێزەکەی باپیر گۆڕا بۆ مەڵبەند، پێگەی ئەو لە حزبەکەیدا بەھێواشی بەرەو پێش چوو تا لە ساڵی ١٩٩٣ بووه‌ بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئەوەش ھەلێکی ئاڵتونی بوو بۆ چەسپاندنی پرۆژە سیاسییەکەی کە لە سەردەمێکی زوترەوه‌ کار بۆ دەکرد، لەوێ مەنھەجێکی بۆ کاری رێکخستنی حزبەکەی نوسییەوە و تۆڕی کاریگەری فراوانتر بوو، ئەوەش وایکرد مەنھەجەکەی لە رێکخستن دەربچێت و ببێت بە جوڵانەوە.

ئەوانەی لە ناو رووداوەکانی ئه‌وكاتی بزوتنەوەبوون دەڵێن، خاڵێکی دیکە کە ھێزی پێبەخشیوە مانەوەی نزیکەکانی بوو لە دەورووبەری، دوای چەند ساڵێک مانەوەی لە بەرپرسی رێکخستن لە ساڵی ١٩٩٧ پێگەی ئەو لە حزبەکەی گه‌یشته‌ ئاستێک کاتێک جەمسەرەکان روونتر بوونەوە لە کۆی ١٨ ھێزی ناوچە جیاوازەکانی بزوتنەوە نۆ ھێزیان لەسەر عەلی باپیر ساغ بوونەوەو پشتی ئەویان گرت، بێگومان ئەوەش بەشێک لە سەرکردایەتی حزبەکەی نیگەران و توڕەکرد.

عەلی باپیر بەوە ناسراوە لەسەر کێشەکان کەمدووەو ھەوڵ دەدات بەبێ دەنگی کێشەکان چارەسەر بکات و بە ئاسانی ناکۆکییەکان ناگەیەنێتە مریشکە رەشە، تەنانەت ئەو کاتەشی سەرکردەی دیاری کۆمەڵ ئارام قادر، کێشەکانی لەگەڵ حزبەکەی گەیشتنە بنبەست، باپیر بۆ کۆتاییەکەشی ھەر رێکكەوتنێکی کرد، رێککەوتنێکی مەبدەئی کە ھەردوولا بێدەنگ بن و روونکردنەوە نەدەن لەسەر کێشەکە.

لە گەرمەی ناکۆکییەکانی بزوتنەوەدا کاتێک ناکۆکییەکان دەکوڵێن و لەلێواری تەقینەوەن، ساڵی ١٩٩٧ كه‌ پێگەی باڵەکەی لە دۆخێکی باشدایە، نامیلکەیەک لەژێر ناوی (تەزکییه‌ و برایەتی) دەنوسێت، و باس لە گرنگی برایەتی و کاری ھاوبەش و چارەسەری کێشەکان دەکات، و داوای تەبایی دەکات.

دوای ساڵی ١٩٩٧کێشەکانی بزوتنەوە زیاتر ھەڵئاوسان و چیتر رەشماڵی حزبەکە بە سەر ھەمویانەوە نەماوەیە، دوای ئەوە جگە لە ھێڵی عەلی باپیر، چەند خەتێکی دیکە دەرکەوتن، بەڵام ھێڵی دیار ھەر باپیرییەکان دەبن، ئەوەش وایکرد خەتی گشتی بزوتنەوە کە عەلی عەبدولعەزیز رابەری ئەوکات و کەسانی بنەماڵەکەی و چەند کەسێکی دیکە سەرپەرشتییان دکرد بکەونە خۆیان و وایکرد ھەنگاوێکی سیاسی بنێن کە بە زیان بۆیان شکایەوە ئەوەش یەکگرتن بوو لەگەڵ نەھزە.

رەنگه‌ گه‌وره‌ترین گرێ كوێره‌ لە ژیانی سیاسی عەلی باپیردا قۆناغی دروستکردنی یەکبوون بێت، ئەو کات بۆچوونێک ھەبوو لەناو بزوتنەوە کە بە یەکگرتنی نەھزەو بزوتنەوە جەمسەرەکان کاڵتر دەبنەوەو حزبەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی، به‌وپێه‌یی كه‌سی یه‌كه‌می هه‌ردوو حزب نه‌هزه‌و بزوتنه‌وه‌ برا بوون (مه‌لاسدیق و مه‌لا عه‌لی) ئەوەش مەترسی ئەوەی بۆ عەلی باپیر ھەبوو پرۆژە سیاسییەکەی وەلا بنرێت و دەنگی نزمتربێتەوە، بەڵام ئەو بە ئاسانی گرێکەی کردەوەو کردییە دەرفەت، کاتێک پێش کۆنگرەی ساڵی ٢٠٠٠ی تەوێڵە خۆی لەگەڵ نەھزەکان رێککەوت و زۆرینەی کۆنگرەیان مسۆگەرکرد، ئەوەش وایکرد کۆنگرەکە به‌ ئەنجام نەگات و دەرگای چارەسەر داخرا.

دوای نۆ مانگ لە کۆبوونه‌وەو مشتومڕ دواجار ئەو دوو جەمسەرە کۆمەڵی ئیسلامییان راگەیاند و قۆناغی ئەمیری عەلی باپیر دەستیپێکرد، ھەرچەندە سەرەتا بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕێن، بەڵام زۆری نەویست کاتێک یەکێتی لەو دوو ملیۆن دینارەی دەیدا بە بزوتنەوە نیوەی بۆ کۆمەڵ رەوانەکرد.

ئەمیرەکەی کۆمەڵ کە ساڵانێکی زۆر لەناو ململانێی سیاسی حزبایەتیدا ژیاوە، بەڵام کەم کەس ئاگاداری زۆربەی شتەکانی ئەو پیاوەن و زۆربەی بابەتەکانی لە دڵی خۆیدا ھێشتووەتەوە، بۆ خۆشی جارێک باسی ئەوەیکردووە کە تەنانەت (حەسەن بابەکرد) کە تەنھا ھاوڕێیەتی لەسەردەمی ھێزی حەمزەوە لەگەڵی مابێتەوە ھەمووشتێکی ئه‌و نازانێت.

عەلی باپیر لە ھەولێر دەژی و زۆربەی بارەگا سەرکییەکانی حزبەکەشی لە سلێمانییە زۆربەی کاتیش لەگەڵ پارتی دانویان نەکوڵاوە پێکەوە، ھەرچەندە كچی بنه‌ماڵه‌یه‌كی بارزانی هاوسه‌ری كوڕه‌كه‌یه‌تی، باپیر تێکەڵی زۆربەی سەرکردەکان دەکات، بەڵام بەوتەی نزیکەکانی دۆستایەتییەکی تایبەتی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا ھەبووە و ئەو سەرکردەیەی خۆش ویستووەو چەند جارێکیش ئەوەی نەشاردووەتەوە باسی باوەڕ و مەبدەئە نەگۆڕەکانی نەوشیروان مستەفا و ھەستی ھاوڕێیانەی خۆی بۆ ئەو کردووە.

سەختترین قۆناغ لە ژیانی عەلی باپیردا ٢٢ مانگی زیندانی بووە، کاتێک لە تەموزی ٢٠٠٣ لە نزیک دووکان لەلایەن ھێزێکی ئەمەریکی دەستگیرکراو لە بەغدا زیندانی کرا، ئەو لە باسی ھەستی خۆی بۆ ئەو زیندانیکردنە دەڵێت،"زۆر لەسەر دڵم قورس بوو، پێم خۆش بوو سەد جار بمرم بەڵام جارێک کەلەپچە نەکرێم، لە ژیاندا تاقیکردنەوەی زۆر سەخت ھاتووەتە رێم، بەڵام ئەوەم لە ھەموویان پێی سەختتر بوو، زۆر لام ئیھانە بوو".

ئەو بەوە ناسراوە بۆچوونەکانی خۆی لەناو حزبدا ناسەپێنێت، لە کۆبوونەوەکانی حزبەکەی پشتی رای زۆرینە دەگرێت، تەنانەت لە یادوەرییەکانی خۆیدا باس لەوە دەکات ئەو دژی بڕیاری مانەوە بووە لە خورماڵ و ئەحمەد ئاواو داوایکردووە ئەوێ جێبھێڵن، پێش ئەوەی لەلایەن ئەمەرییکیەکانەوە ساڵی ٢٠٠٣ ھێرش بکرێتە سەر بارەگاکانیان، بەڵام زۆرینەی سەرکردایەتی لەگەڵ مانەوە بوون.

باپیر ئێستا کەمتر دەست وەرداتە وردەکاری دارایی و ئیدارەدانی حزبەکە، بەڵام بێ ئاگاش نییە، بەشێک لە کادیرانی حزبەکەی گلەیی ئەوەی لێدەکەن کاتی کەمتر بۆ حزب تەرخان دەکات، وەڵامی ئەو ئەوەیە، کە ئەنجومەنی سیاسی و ئۆرگانی دیکە ھەیە کە دەبێت کاری خۆیان بکەن، بەڵام ئەوەش واینەکردووە کۆمەڵ بێ عەلی باپیر توانای ئێستای ھەبێت.

وەک کەسانی ئاگادار لە وردەکاری کێشە و کارەکانی کۆمەڵ دەڵێن، تا ئێستا ھەموو ناکۆکییەکان بۆ یەکلاکردنەوە دەچنە لای ئەو، داواجار ئەو یەکلاییان دەکاتەوە، کێشەی باپیر کێشەی زۆربەی سەرکردەکانی دیکەیە ئەویش نەبوونی جێگرەوەیە، وەک کادیرانی حزبەکەی دەڵێن، لەمپەڕی سەلەفی بۆ ئەو پەڕی سۆفی گوێ لە ئەمیر دەگرن، بەڵام کەسێکی دیکە لەناو حزبەکە بوونی نییە ئەو رۆڵە ببینێت، ئەوەش وادەکات سێبەری عەلی باپیر بەسەر حزبەکەوە بۆھەمیشە بمێنێتەوە و ئەو رۆڵپێدانەشی بە ئۆرگانەکانی حزب کاریگەری ئەوتۆی نەبێت.

رۆڵی تاقانەی ئەو لە چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵ سیمای کارەکتەرێکی تاکڕەوی بە عەلی باپیر داوە بەوپێیەی ئەگەر ئەو دوا وێستگەی چارەسەری هەموو کێشەکانی حزبەکە هەر خۆی بیت ئەوا هەموو ئۆرگانەکانیش هەر لەژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی ئەودا دەبن، رەخنەگران لە ئەمیرەکەی کۆمەڵ باس لەوەش دەکەن کە باپیر نەیارەکانی دوور دەخاتەوە و دەرفەتی رکابەرییان پێ نادات.

لەدواین ھەڵبژاردنی پەرلەمان ئەو خۆی سەرپەرشتی راستەوخۆی بانگەشەی حزبەکەی کرد، ھەموو ئەو کەسانەی لە ناو ئۆرگانەکانی کۆمەڵ کاربەدەستن و پەیسەر پرسیاری رۆڵی عەلی باپیری لێکردوون لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان، کۆک بوون لەسەر ئەوەی کۆدی مانەوەی پێگەی حزبەکە، ئەمیرە.

ھەرچەندە ئەو ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەی بەدڵ نییەو پێی وایە بە گشتی ئیسلامی سیاسی پاشەکشەی کردووە، بەڵام ئێستا ئیدی به‌ پلەی یەک چاوەکان لەسەر کۆمەڵ-ن وەک حزبی یەکەمی ئیسلامی لە ھەرێم، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە حزبەکەی ئەمیر لەم قۆناغە تازدا دەتوانێت بەرووی ھەموو کۆمەڵگەدا بکرێتەوەو قەرەبووی پاشەکشەی گشتی ئیسلامییەکان بکاتەوە، ئایا کۆمەڵ دەتوانێت خۆی بۆ قۆناغێکی دورتر ئامادە بکات و لە ئێستادوە نەھێڵیت دەردی بێ باپیری تواناو بەرەوپێشچوونەکانی وشک و سیس بکات؟