ڕاپۆرتی کوردستانی

11:15 - 15/05/2019

رۆڵی بەدرخانیەکان لە پێشخستنی زمانی کوردیدا‌

پەیسەر

دوای تێکچوونی شۆڕشی بەدرخانیەکان  لە ساڵی ١٨٤٧دا، دەوڵەتی عوسمانی بەدرخانیەکانی لە هەرێمی بۆتانی باکوری کوردستانەوە بۆ ئەستەنبۆڵ و میسر و یۆنان و چەند وڵات و دوورگەیەکی  دیکە دوورخستەوە و بەم شێوەیە ئەم بنەماڵە شۆڕشگێڕەی کورد پەرش و بڵاوبوونەوە.

لەبەر بێ دەرەتانی لە بواری شۆڕشی چەکداریدا ، مێقداد مەدحەت بەدرخان بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی نەتەوەیی، رێگایەکی دیکەی تاقیکردەوە. ئەویش خزمەتکردنی کلتور و زمان و ناساندنی مێژووی نەتەوەی کورد بوو لەڕێی کاری ڕۆژنامەگەرییەوە.

میقداد مەدحەت بەدرخان کە لە قاهیرەی پایتەختی میسر لە غەریبی و ئاوارەییدا لەگەڵ خێزانەکەیدا دەژیا، لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی "ڕۆژنامەی کوردستان" دەرکرد کە لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان ئەو ڕۆژە وەک "ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی" دیاریکراوە.

مێقداد مەدحەت بەدرخان لە یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان دا دەڵێت: " من ڕۆژنامەیەکم بە ناوی کوردستان دەرکرد، ئامانجم لەم کارە ئەوەیە کە گەلی کورد لە بوارەکانی کلتوری، سیاسی، زمان، ئابوری و زانستەوە هۆشیار بکەمەوە".

ڕۆژنامەی کوردستان سەردەمی خۆی لە ڕووی هزری نەتەوەییەوە ڕۆلێکی بەرچاوی بینی و هەر چەندە بە زمانی کوردی – کورمانجی دەردەکرا، بەلام لە ڕووی داڕشتن و رێزمانی کوردییەوە زۆر پێشکەوتوو نەبوو بەڵام بەو دەرفەتە کەمە و سەرباری فشارەکانی دەوڵەتی عوسمانی تا ١٩ی نیسانی ١٩٠٩ بەردەوام بوو و دواتر لەلایەن دەولەتی عوسمانیەوە داخرا.

ڕۆژنامەی کوردستان و ژمارەیەکی دیکەی ڕۆژنامەی کوردی لەو ساڵانەدا دەرکران و هەموویان بە پیتی "ئارامی" بابەتەکانیان بڵاودەکردەوە و زۆربەشیان لەلایەن ئەندامانی خانەوادەی بەدرخانیەکان بەڕێوەدەبران.


میر جەلادەت بەدرخان و گۆڤاری "هاوار"

هەرچەندە فشارەکانی دەولەتی عوسمانی لە سەر خەباتی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ڕێگریکردن لە زمانی کوردی بەردەوام بوو، بەڵام ئەستێرەیەکی دیکە لە خانەوادەی بەدرخانیەکان، ئەم جارە بە شیوازێکی پێشکەوتووانەتر و بە پسپۆڕیەکی زیاترەوە مۆرکی خۆی لە مێژووی خەباتی کلتوری و زمانی کوردی دا.

جەلادەت عەلی بەدرخان لەڕووی ڕێزمان و وشەوە پسپۆری زمانی کوردی بوو، هەرچەندە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا دەژیا، دەستی بە چاپکردنی گۆڤارێک بە ناوی گۆڤاری "هاوار" کرد. بەر لە جەلادەت بەدرخان ژمارەیەک کەسایەتی لەوانە خەلیل خەیالی، محەمەد سالح بەدرخان و مناڵەکانی جەمیل پاشا هەوڵیاندا ئەلفابێی پیتی " لاتینی" بۆ زمانی کوردی بەکاربهێنن، بەڵام لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا ئەوە میر جەلادەت بەدرخان بوو کە توانی بە شیوازێکی نوێ ئەلفابێی لاتین بۆ زمانی کوردی بەکاربهێنێت و لە رۆژی ١٥ی ئایاری ١٩٣٢ دا یەکەمین ژمارەی گۆڤاری "هاوار"ی بە پیتی "لاتینی" چاپ کرد.

جەلادەت بەدرخان ژمارەیەک لە شاعیر و نووسەر و کەسایەتیی لەوانە عوسمان سەبری ، حەسەن هۆشیار ، کامەران بەدرخان، جگەرخوێن، نوورەدین زازا و قەدری جان لە دەوری خۆی کۆکردەوە و شێعر و بابەتی سیاسی، کلتوری، زمانەوانی، مێژوویی ئەو کەسایەتیانەی لە گۆڤاری "هاوار" دا بڵاودەکردەوە.

میر جەلادەت بەدرخان لە یەکەمین ژمارەی گۆڤاری "هاوار"دا دەڵێت: " زمانمان مێژوومانە، زمانمان کەرامەتمانە، کلتورمان لە زمانماندا شاراوەیە، وەرن با بە زمانی خۆمان قسە بکەین، وەرن بە کوردی قسە بکەین، وەرن بە کوردی یەکتریمان خۆشبوێت، وەرن با  زمانی کوردیمان خۆشبوێت".

گۆڤاری هاوار لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردیدا بە هۆی گرنگی نووسەرەکان و بابەتەکانی پێگە و بایەخێکی تایبەتی هەیە و بوو بە ئیلهامێک بۆ چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری دیکەی دوای خۆی، گۆڤاری هاوار تا ساڵی ١٩٤٣ واتە بۆ ماوەی ١١ ساڵ بەردەوام بوو و ٥٧ ژمارەی لێ چاپکرا.

گۆڤاری هاوار و جەژنی زمانی کوردی

لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆمیتەی کلتور و زمانی کۆنگرەی نەتەوی کوردستان ( کەنەکە) لە بارەی رەوشی زمانی کوردی و یەکخستنی زمانی کوردییەوە کۆبۆنەوەیەکیان ساز کردا و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا ١٥ی نیسان کە هاوکاتە لەگەڵ چاپکردنی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری "هاوار" وەکو جەژنی زمانی کوردی دیاری بکرێت، هەرچەند لەلایەن کەنەکەوە ئەو رۆژە وەک رۆژی زمانی کوردی دیاریکراوە و ساڵانە بە تایبەت لە باکور و رۆژئاوای کوردستان بەم بۆنەیەوە کۆڕوکۆبوونەوە بەڕێوەدەچێت بەڵام هێشتا ئەو رۆژە لە دوو بەشی دیکەی کوردستان واتە لە باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی جێ نەکەوتووە.