ڕاپۆرتی کوردستانی

01:02 - 16/05/2019

کوردە موحافزکارەکان هیوایەک بۆ سەرکەوتنی داود ئۆغلۆ‌

پەیسەر

ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆک وەزیری پێشووی تورکیا کە ماوەیەک سەرۆکایەتی پارتی داد و گەشەپیدان  "ئاکەپە"ی کرد، لە راگەیاندنی حزبێکی نوێ نزیک بووەتەوە و بڕیارە دامەزراندنی حزبەکەشی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان رابگەیەنێت.
بەشی تورکی ماڵپەری دۆیچە ڤێلای ئەڵمانی بەپێی ژمارەیەک سەرچاوەی نزیک لە داودئۆغلۆ ئەو دەنگۆیانەی پشتڕاست کردەوە و دەڵێت، داود ئۆغلۆ بۆ سەرخستنی حزبە نوێیەکەی بە دوای  "کوردە موحافزکارەکان" دا وێڵە و ئامادەکاری بۆ  ئەوە دەکات کە پێش جەژنی رەمەزان لە ئێوارەخوانێکی گەورەدا لە شاری ئامەد حزبەکەی ڕابگەیەنێت.


کێن ئەوانەی داودئۆغلۆ پشتیان پێ دەبەستێت؟
ئەحمەد داودئۆغلۆ لەو چارچێوەیەدا سەردانی زۆربەی بەرپرسەکانی ئێستا و پێشووی ئاکەپەی کردووە و دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئەوان  هێشتا بەردەوامە.

لەناو ئەو کەسانەی داودئۆغلۆ سەردانی کردوون، محەمەد شیمشەک  وەزیری پێشووی دارایی و ئابوری تورکیا، جەودەت یڵماز وەزیری پێشووی گەشەپێدان کە کوردن و نەعمان کورتولموش یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی هەن بەڵام بە پێی زانیارییەکان، داواکەی داودئۆغلۆیان رەتکردووەتەوە، داود ئۆغلۆش هێشتا بێ هیوا نەبووە لەو سێ کەسە و لای خۆیەوە چاوەرێ دەکات جارێکی دیکە بە پێشنیازەکەیدا بچنەوە.

عەبدوڵا باشچی یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی ئاکەپە و رەمزی ئاڵتون پەرلەمانتاری پێشووی ئەو پارتە، پێشنیازەکەی داودئۆغلۆیان قبوڵ کردووە و لە هەموو کۆبوونەوە و سەردانەکاندا یاوەری دەکەن.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بەشی تورکی دۆیچ ڤێلا بڵاویکردووەتەوە، داودئۆغلۆ هەوڵێکی زۆری لەگەڵ عەلی باباجان وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیای داوە کە لە دامەزراندنی حزبەکەیدا یارمەتیدەر بێت و بەڵێنیشی پێداوە کە باشترین پۆست وەربگرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە باباجان خاوەنی پێگەیەکی گرنگە لە ناو ئاک پارتیدا و نزیکەی ٣٥ پەرلەمانتاری ئەو پارتە بە دەوری ئەو کەسایەتییەوەن خۆی خەونی سەرۆک بوونی هەیە و ئەوەشی بە ڕاشکاوانە بە داودئۆغلۆ وتووە هەربۆیە داودئۆغلۆ لێی بێهیوا بووە.

هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا باس لەوەش دەکرا کە عەبدوڵا گول سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیاش لە دامەزراندنی پارتەکەی داودئۆغلۆدا هاوکارە بەڵام تا ئێستا گول بێدەنگە و لەو مشتومڕە بەدوورە.


کوردە موحافزکارەکان هیوایەک بۆ سەرکەوتنی داودئۆغلۆ
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئەحمەد داودئۆغلۆ لە شارەکانی ئامەد، باتمان و بینگۆل سەردانی زۆربەی ئەو کەسایەتییە موحافزکارە کوردانەی کردووە کە ئەندامی ئێستا و پێشووی پارتی داد و گەشەپێدانن و بە شێوەیەکی نهێنیش خۆی لە کوردە موحافزکارەکانی ناو پارتە کوردییەکانیش نزیک کردۆتەوە. کادیرەکانیشی دوورکەوتنەوەی ئاکەپە لە چارەسەری پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی کوردە موحافزکارەکان بەکاردەهێنن و ڕاگەیاندنی پارتەکەی لە شاری ئامەدیش بۆ ئەوەیە کوردە موحافزکارەکان لە گرنگی پێگەی خۆیان لای داودئۆغلۆ تێبگەن.


دواین هەڵوێستی  ئەحمەد داوودئۆغلۆ لە سەر ئاکپارتی
ئەحمەد داودئۆغلۆ لە ٢٢ی نیسانی ئەمساڵدا  لە پەیجە فەرمییەکەی ل سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رەخنەی لە سیستمی ناوخۆیی ئاکەپە و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەو پارتە گرت و بێ ئەوەی ناوی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە بهێنێت، ڕایگەیاند، ئاکپارتی بە تەنیا لەلایەن کەسێکەوە بەڕێوە دەبرێت و بڕیارەکان بە دەست تاکە کەسێکەوەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دابوو کە  پێویستە سەرۆک کۆمار بە یەک چاو سەیری هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بکات و نابێت سەرۆک کۆمار لە هەمان کاتدا سەرۆکی گشتی پارتێکیش بێت.

داودئۆغلۆ رەخنەی لە بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی لە ئەستەنبۆل گرت و ڕایگەیاند، بڕیاڕەکەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئەستەنبۆل زیانێکی گەورە بە تێگەیشتنی هاوبەشی هزری لە تورکیا دەگەیەنێت.


ئەحمەد داودئۆغلۆ کێیە؟
لە ٢٦ی شوباتی ١٩٥٩ لە پارێزگای کۆنیا لە دایک بووە. دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکا دا بە دەست هێناوە.

لە نەوەدەکان دا لە ژمارەیەک زانکۆ، ڕۆژنامە و ئەکادیمیا سەربازییەکان دا کاری کردووە، دوای دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان  و هەتا ساڵی ٢٠٠٩ لە گەڵ ژمارەیەک باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی تورکیادا کاری ڕاوێژکاری کردووە و لە هەمان کاتدا ڕاوێژکاری تایبەتی ئەردۆغان بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە بووە.

لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو و لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ سەرۆک وەزیری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکپارتی  بوو.

لە ٢٢ی نیسانی  ٢٠١٦ دا بە هۆی ناکۆکی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ئاکپارتی کشایەوە.

ئەحمەد داوئۆغلۆ خاوەنی کتێبی  "قوڵایی ستراتیژیی" یە کە باس لە سیاسەتی عوسمانی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دا دەکات. لە کتێبەکەدا باس لەوە دەکات کە پێویستە تورکیا پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دروست بکات کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا بوون.