ڕاپۆرتی کوردستانی

05:30 - 16/05/2019

ئۆپۆزسیۆن ئه‌زمونێكى دیكه‌ى په‌رته‌وازه‌ى پیشاندا‌

پەیسەر پرێس

لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌زمونێكى دیكه‌ى په‌رته‌وازه‌یی كارى خۆیان پیشانى خه‌ڵكدا، كاتێك دواى كۆبوونه‌وه‌و دانوستانى سێ لایه‌نه‌ رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كاندیدێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌گه‌رچى پێشتر به‌شێك له‌و لایه‌نانه‌ ئه‌م پرسه‌یان وروژاند، به‌ڵام له‌نێوان سێ لایه‌نه‌كه‌و ناوخۆى هه‌ریەكه‌شیان بۆچوونى جیاواز سه‌باره‌ت به‌م پۆسه‌ هه‌بوون، له‌كۆتاییدا كاندیدیان پێشكه‌ش نه‌كرد.

نه‌وه‌ى نوێ، كۆمه‌ڵى ئیسلامى، یه‌كگرتووى ئیسلامى، هه‌ریه‌كه‌یان بۆچوونێكیان هه‌بوو، یه‌كه‌میان حه‌زى ده‌كرد كاندیدى ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت به‌ڵام له‌ناوخۆیان دوو ئاراسته‌ بوون كه‌ دواتر ئاڕاسته‌ى دووه‌م په‌سه‌ندكراو كاندیدیان نه‌بوو، كۆمه‌ڵى ئیسلامیش به‌ هه‌نگاوه‌كانى دیاربوو به‌شێكیان حه‌زیان به‌وه‌ده‌كرد كاندیدیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌كۆتاییدا ئه‌مانیش كشانه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌، یه‌كگرتووش بڕیاریدا قه‌ره‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌كه‌وێت، نه‌ كاندیدیان هه‌بێت نه‌ پشتیوانى هیچ كاندیدێك بكه‌ن.

نیوه‌ڕۆى ١٥ی ئه‌م مانگه‌، دواى سێ رۆژ ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم كرایه‌وه‌، پێنج كه‌س ناوى خۆیان راده‌ستى په‌رله‌مان كرد، دیارنییه‌ چه‌ندیان به‌ فه‌رمى په‌سه‌ند ده‌كرێن و ده‌بنه‌ كاندید، نێچیرڤان بارزانى و فه‌رهاد پیرباڵ و دوو پارێزه‌ر و هاوڵاتییه‌كى دیكه‌ ناوى خۆیان راده‌ستكردووه‌، هیچ لایه‌نێكى سیاسى دیكه‌ ناویان وه‌ك كاندید پێشكه‌ش نه‌كردووه‌.

كاوه‌ عه‌بدولقادر ئه‌ندامى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، له‌ناو فراكسیۆنى ئه‌وان دوو راى جیاواز هه‌بوو، راى یه‌كه‌م پێى وابوو ده‌بێت كاندیدیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر كاندیدى ده‌سه‌ڵات، راى دووه‌میش پێیان باش نه‌بوو كاندیدیان هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌وان بایكۆتى پرۆسه‌ى ده‌رچوواندنى یاساكه‌یان كردبوو، دواجار راى دووه‌م په‌سه‌ندكراو كاندیدیان پێشكه‌ش نه‌كرد.

ساغ نه‌بوونه‌وه‌ى ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر هه‌بوونى كاندیدێك، لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆنى رووبه‌ڕووى هه‌ندێك لۆمه‌كرده‌وه‌، بۆچوونێك دروستبوو كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ ناتوانن هه‌ماهه‌نگیان هه‌بێت و پێكه‌وه‌ وه‌ك به‌ره‌یه‌ك كاربكه‌ن، یاخود ئیراده‌ى یه‌كگرتوویان نییه‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات، هه‌ڵوێسته‌كانیان به‌نده‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ و له‌هه‌ندێك سوچه‌وه‌ گرێدراوه‌ به‌ رێگای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.

كاوه‌ عه‌بدولقادر بۆ په‌یسه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بۆچى لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن نه‌یانتوانى له‌سه‌ر كاندیدێك رێبكه‌ون گوتى"كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ره‌تیان كرده‌وه‌ كاندیدیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئێمه‌، له‌ناو ئێمه‌ش له‌ناو جوڵانه‌وه‌كه‌و له‌ناو فراكسیۆنه‌كه‌ش راى جیاواز هه‌بوو  كه‌ كاندیدمان هه‌بێت، بێگومان له‌و پرسه‌ ده‌بوو ئۆپۆزسیۆن ده‌بوو هاوڕابان له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، منیش ئه‌و ره‌خنه‌یه‌م هه‌یه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ڵام به‌شێك له‌و لایه‌نانه‌ پابه‌ندن به‌بڕیارى سه‌رووى خۆیان، به‌شێكیان تا ئێستا یه‌كلانه‌بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شدارده‌بن له‌ حكومه‌ت یاخود نا، به‌شێكیشیان گوتاریان نه‌رمه‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات". 

كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌رێگه‌ى فراكسیۆنه‌كه‌یه‌وه‌، پێشتر به‌یانێكى بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند، تاووتوێى ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ كاندیدیان هه‌بێت بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم یاخود نه‌بێت، به‌پێى زانیارییه‌كان سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى ئه‌و فراكسیۆنه‌ ئاماده‌یى پیشان دابوو كاندید بێت، به‌ڵام فراكسیۆنه‌كه‌ دواى رۆژێك به‌یانى دووه‌مى بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند، به‌ فه‌رمى وه‌ك حزب هیچ كاندیدێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم پێشكه‌ش ناكه‌ن، ده‌نگ به‌ هیچ كاندیدێكیش ناده‌ن.

موسلیم عه‌بدوڵا قه‌سرێ ئه‌ندامى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، وه‌ك فراكسیۆن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كۆنه‌بووینه‌وه‌، به‌ڵام راى جیاوازمان هه‌بوو كه‌ كاندیدمان هه‌بێت یاخود نا، بڕیاربوو له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو و نه‌وه‌ى نوێش هه‌ماهه‌نگى هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ش سه‌رى نه‌گرت، پێم وایه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌روا بابه‌تێكى ئاسان نییه‌ له‌سه‌رى رێكبكه‌ویت، ره‌نگه‌ هۆكارى ئه‌وه‌بێت كه‌ ئه‌و نزیكى و هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن نه‌بێت بۆ هه‌نگاوێكى له‌وجۆره‌. قه‌سرێ ره‌تیكرده‌وه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى كۆمه‌ڵ بۆ نه‌بوونى كاندید په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ تا ئێستا به‌ نیازى به‌شداری بن له‌ حكومه‌ت به‌ گوته‌ى خۆى ئه‌نجومه‌نى سیاسى پێى باش نه‌بووه‌ كاندیدى كۆمه‌ڵ هه‌بێت بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، سه‌دا ٨٠ش یەکلایی بووەتەوە کە كۆمه‌ڵ به‌شدارى حكومه‌ت ناكات.

فراكسیۆنى یه‌كگرتوو به‌ بڕیارى سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ى هه‌رزوو رایگه‌یاند، كه‌ هیچ كاندیدێكیان بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم نابێت و پشتیوانى هیچ كاندیدێك ناكه‌ن، شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو، پێى وانییه‌ په‌رته‌وازه‌یى ئۆپۆزسیۆن هۆكار بووبێت بۆ ئه‌وه‌ى كاندیدیان نه‌بێت، ده‌ڵێت هه‌ماهه‌نگى نێوان ئۆپۆزسیۆن خراپ نییه‌و له‌ ئاستێكى باشدایە.

شێركۆ جه‌وده‌ت بۆ په‌یسه‌ر گوتى، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لایه‌نه‌كان ئۆپۆزسیۆن رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هیچ كاندیدێكیان نه‌بێت، یه‌كگرتوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ره‌تیكرده‌وه‌ كاندیدى هه‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ى سیسته‌مه‌كه‌ نه‌بوو به‌ په‌رله‌مانى بۆیه‌ش له‌ سیسته‌مێكى له‌وجۆره‌ پێیان باش نه‌بوو كاندیدیان هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ش ناكرێت ئۆپۆزسیۆن كاندیدى بۆ سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى باڵاى جێبه‌جێكردن هه‌بێت له‌كاتێكدا له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌و ئۆپۆزسیۆنه‌.

ئۆپۆزسیۆنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان كه‌ خاوه‌نى ٢١ كورسین، به‌ ده‌ستپێكێكى باش ده‌ستیان پێنه‌كرد، وه‌ك به‌ره‌یه‌كى یه‌كگرتوو به‌رامبه‌ر به‌ره‌ى ده‌سه‌ڵات ده‌رناكه‌ون، پرۆژه‌ى هاوبه‌شیان نییه‌و كارى پێكه‌وه‌ییان له‌ ئاستێكى نزمدایه‌، هه‌ندێك جاریش ركابه‌رى یه‌ك ده‌كه‌ن و هه‌ڵمه‌تى راگه‌یاندن دژى یه‌ك به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، له‌ شه‌قامیش نابینرێن و باس له‌ كارتى شه‌قام ناكه‌ن دژى ده‌سه‌ڵات. به‌پێى ئاماژه‌كان بێت تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن له‌م خوله‌ ئه‌زمونى قۆناغێكى لاواز ده‌كات.