ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:01 - 16/05/2019

ئه‌وشاره‌ى شاى ئێران راده‌ستیكردو كورد ١٢ساڵ به‌رگرى لێكرد‌‌

پەیسەر

لە سەردەمی رووسیای قەیسەریدا کاتێک پادشای قاجار، دەسەڵاتی لە ناوچەکانی باکووری ئێران لاواز دەبێت و توانای رووبەڕووبوونەوەی سوپای قەیسەری نابێ، مل دەدات بە پەیمانێک کە بە پەیمانی (ئاخال)ناسراوە و بەپێی ئەو پەیمانە، شارۆچکەی کوردنشینی فیرۆزە، رادەستی رووسیا دەکرێت.

فیرووزە یەکێک لە شارۆچکەکانی باکووری خوراسانی ئێران بوو، کە لە سەردەمی شاعەبباسی سەفەویدا خێڵی کوردی کۆچپێکراوی جەلالی تێدا نیشتەجێ کرابوو.

خێڵی جەلالییەکان بە سەرۆکایەتی عێوەزخان، دژی ئەو پەیمانە بوون و زۆر هەوڵیان دا رێگری لە جێبەجێکردنی بکەن و ماوەی ١٢ ساڵ شەڕیان بۆ کرد، بەڵام لە کۆتاییدا بە هێرشی سەربازی هاوئاهەنگی رووسیا و ئێران، کوشت و بڕ کران و لکێندران بە تورکمانستانەوە.


فیرووزە

شارۆچکەی فیرووزە تا پێش پەیمانی ئاخال، واتە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم، بەشێک بوو لە خاکی پارێزگای خوراسانی ئێران، لە داوێنی چیای کەپە داغ و لە سنوورەکانی باکووری شیروان کە بە مەودای ٢٠ کیلۆمەتر لە باشووری عیشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان، هەڵکەوتبوو.

فیرووزە هاوینە هەوارێکی سەرسەوز و بە پیت و پێزە، کە جگە لەوەی بە سەرچاوەی ئاو دەوڵەمەندە و بۆ کشت و کاڵ و ئاژەڵداری زۆر لەبار و پڕ سوودە، وەک ناوچەیەکی سنووریش پێگە و تایبەتمەندی ستراتیژی خۆی هەیە.

لە کاتی گواستنەوەی خێڵ و عێڵە کرمانجەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ پارێزگای خوراسان کە بە فەرمانی شاعەباسی سەفەوی کرا، ئەو ناوچەیە بەشێکی بەرچاو لە خێڵی جەلالییەکانی تیادا نیشتەجێ کرا و ئاوەدانیان کردەوە.

کوردە جەلالییەکان

زێدی سەرەکی کوردانی جەلالی ناوچەی ورمێی کوردستانی رۆژهەڵاتە، لە شار و گوندەکانی ماکۆ، شوت، خۆی، سەڵماس، چالدوران، چایپارە و پول دەشت نیشتەجێن. جەلالییەکان لە دوو قۆناغی دەسەڵادارێتی سەفەوی و پەهلەویدا کۆچی زۆرە ملێیان بۆ خوراسان و قەزوێن پێ کراوە. هەرچەند ژمارەیەکیان گەڕاونەتەوە بۆ زێدی باو و باپیرانیان، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆریان لە خوراسان و قەزوێنی ئێران و وڵاتی تورکمانستان دەژین.


پەیمانی ئاخال

پەیمانی ئاخال، پەیمانێک بوو کە لە نێوان رووسیای قەیسەری و پادشایی ئێراندا لە ٢١ی سێپتەمبەری ١٨٨١واژۆ کرا. بە پێی ئەو پەیمانە بەشێک لە سنوورەکانی نێوان رووسیا و ئێران سەرلە نوێ داڕێژرانەوە.

ئەو پەیمانە لە بارودۆخێکدا واژۆ کرا کە سوپای قەیسەری توانیبووی ناوچەکانی ئارال، سەمەرقەند، تاشکەند، بوخارا و خارەزم بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. شای ئێران کە ئەو سەرکەوتنانەی بینیبوو و خۆی لە بەرامبەر خانە تورکمانەکاندا لاواز دەبینی ملی بە هەژمۆنی رووسیا داو پەیمانەکەی واژۆ کرد.

لەو پەیمانەدا هێڵە سنوورییەکان لە بەرژەوەندی رووسیا داڕێژرابوونەوە، بەشێکی بەرچاو و گرنگ لە خاکی ئێران (وەک فیرووزە و دەوروپشتی) لکێندرا بە ئیمپراتۆرییەتی قەیسەرییەوە. واتە هەموو سەرچاوە ئاوییەکان کەوتنە ناو خاکی رووسیا و رووسەکان دەسەڵاتی ئەوەیان پەیدا کرد هەرکات بیانەوێ بە ئاسانی ئەو سەرچاوە دەوڵەمەندە ئاوییانە لە ئێران بگرنەوە و کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و ئاوەدانی ناوچەکانی خوراسان پەک بخەن.

پەیمانەکە بە هۆی ئەوەی لە ناوچەی ئاخال لە نێوان موئتەمینولمولک وەزیری دەرەوەی ئێران و ئیڤان زینۆویڤ نێڕدەی رووسیا واژۆ کرا بە (پەیمانی ئاخال) ناو نرا.  

راپەڕینی عێوەزخان

پەیمانی ئاخال زیانێکی گەورەی بە کوردە کۆچپێکراوەکانی فیرووزە دەگەیاند، جگە لەوەی ژیان و رەنجی ساڵانیان لە ناوچەکە بە فیڕۆ دەچوو، بەرەوڕووی داهاتوویەکی نادیاریش دەبوونەوە، چونکە فەرمانیان پێ کرابوو کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی دیکەی خوراسان.

کاتێک عێوەزخانی گەورەی خێڵی جەلالی، فەرمانی نەسرەدین شای قاجاری بۆ چۆڵکردنی شارۆچکەی فیرووزە پێ گەیشت، دەستبەجێ لەگەڵ گەورە پیاوانی دیکەی خێڵ چوونە لای شوجاعولدەولەی فەرمانڕەوای خوراسان و لەگەڵ ئەوەی ناڕەزایەتی توندی خۆیان پێ راگەیاند، دڵنیایان کرد لەوەی کە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نابن فیرووزە بەجێ بێڵن.


فەرمانڕەوای خوراسان ئاگاداری کردن کە ئەوە پەیمانێکە لە نێوان و شا و رووسیادا واژۆ کراوە و کەس هیچی لە دەست نایەت، بۆیە باشترە بچنە ئەو ناوچانەی لە باکووری خوراسان لە نێوان چناران و قووچان بۆیان دەستنیشان کراو، لەوێ زەوی و خانوویان پێ دەدرێت.

عێوەزخان بەو وەڵامە رازی نەبوو و چووە لای سەهامولدولەی بجنووردی کاربەدەستی باڵای شا، سەهامولدەولە پێی گوتن، چەند رۆژێکی دیکە شا دەچێتە شاری مەشهەد و بۆیان رێک دەخات بیبینن و قسەی خۆیانی لەگەڵ بکەن. کاتێک لە مەشهەد عێوەزخان و هاوڕێیانی ناڕەزایەتی خۆیان بە نەسرەدین شا گەیاند، شا راشکاوانە پێی گوتن"پەیمانێکە واژۆکراوە و دەبێت فیرووزە بەجێ بهێڵن".

بە پێی گێڕانەوەیەک، یەکێک لە پیاوانی جەلالی لەو کاتەدا ویستوویەتی بە خەنجەر هێرش بکاتە سەر شا و بیکوژێت، بەڵام عێوەزخان بەری پێ گرتووە. بەو شێوەیە جەلالییەکان دوای بێهیوابوون لە شا، بڕیاردەدەن بەو چەک و چۆڵە کەمەی هەیانە بەرەوڕووی رووسەکان ببنەوە و تا بۆیان دەکرێ بەرگری لە ناوچەکەیان بکەن.

١٢ ساڵ شەڕ و بەرگری

گەرووی مارکۆ تەنیا رێگەیەک بوو کە رووسەکان دەیانتوانی لێیەوە هێرش بکەنە سەر فیرووزە و داگیری بکەن. عێوەزخان و هاوڕێیانی ماوەی ١٢ ساڵ لەو گەرووە شەڕ و بەرگرییان کرد و سوپای قەیسەرییان لە پشت گەرووی مارکۆ هێشتەوە.


کاتێک رووسیا چیدی دڵنیا بوو لەوەی سوپاکەی بە تەنیا ناتوانێ لە گەرووی مارکۆ بپەڕێتەوە، تەتەری تایبەتی ناردە لای نەسرەدین شا و بە فەرمی داوای لێکرد هاوکارییان بێت بۆ داگیر کردنی فیرووزە.

بەو شێوەیە سوپای رووسیا و ئێران رێککەوتن لە پێش و پشتەوە و بە هاوئاهەنگی، عێوەزخان و چەکدارەکانی گەمارۆ بدەن و هێرش بکەنە سەریان و شکستیان پێ بێنن.

پێش ئەوەی هێرشی هاوئاهەنگی رووسیا و ئێران دەست پێ بکات، دەستەیەکی چەند کەسی هێزی جەلالییەکان کە بە هەڵە پێیانوابووە سوپای رووسیا بە فەرماندەیی کافمەن پاشەکشەی کردووە، دەکەونە بۆسەوە و دەکوژرێن، ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزەکە چەک و تەقەمەنی زۆر کەمی کردووە و بڕیاری کشانەوە تاوتوێ دەکەن.

بڕیارەکە وا تاوتوێ دەکرێت، کە خەڵکی شارۆچکەکە بە شێوەیەکی کاتی شار چۆڵ بکەن و هێزەکانی عێوەزخان بکشێنەوە بۆ ناو شارۆچکە و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ رووسەکان بکەن، لەگەڵ ئەوەی بەشێکیان لە چیاکان و بەرزاییەکانی پشت شارۆچکە جێگیر بن بۆ هێرشکردنی لەناکاو.


عێوەزخان دەبینێ شەکەتی بە رووخساری هێزەکەیەوە دیارە، بەڵام هێشتا ورەیان بۆ شەڕ و بەرگری بەهێزە، پێیان رادەگەیەنێت کە چەک و فیشەکیان کەم بووە و ئەگەر گەرووی مارکۆ بەجێ نەهێڵن لە چەند کاتژمێرێک زیاتر توانای بەرگریکردنیان نابێ و هەموویان دەکوژرێن، بۆیە لە نیوەی شەودا ژن و منداڵەکان لە شار دەگوازنەوە بۆ چیا و خۆیان لە ناو شاردا جیگیر دەبن و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن، چونکە بەو شێوەیە هەم زیانی کەمتریان پێ دەگات هەم ئەگەری شکستدانی دوژمن زیاترە.

بەڵام لەگەڵ خۆرهەڵاتن و پێش خۆرێکخستنەوەی تەواوەتی هێزەکانی عێوەزخان لە ناو فیرووزە، سوپای رووسیا لە گەرووی مارکۆ دەپەڕنەوە و هێرشێکی سەختیان دەکەنە سەر، هاوکات هەواڵیان پێ دەگات کە هێزەکانی نەسرەدین شا نزیک بوونەتەوە و دەیانەوێ لە پشتەوە پەلاماریان بدەن.

عێوەزخان راسپێردراوێک دەنێرێتە لای فەرماندەی هێزەکانی شا و داوای لێ دەکات لە هێرشکردن بۆ سەریان پاشگەز بێتەوە، بەڵام عەلائولدەولەی فەرماندە لە وەڵامدا دەڵێت" چونکە سەرپێچیتان لە فەرمانی شا کردووە ناتوانین پاشگەز ببینەوە و بۆ کوشتنتان هاتووین و چاوەڕێی شکست بن".

شەڕ بە تۆپهاوێژەکانی سوپای رووسیاوە دەست پێ دەکات و یەک بە یەک سەنگەرەکانی چەکدارانی عێوەزخان دەپێکرێن، پاشان تفەنگچییەکانی رووس پێشڕەوی دەکەن و کوشت و بڕێکی زۆریان لێ دەکەن بە رادەیەک کە نزیک ٣٠ چەکدارێکیان لێ دەمێنێتەوە.


ئەو چەکدارانەیش بە فەرمانی عێوەزخان پەنا دەبەنە بەر چیاکانی پشت فیرووزە کە هێزەکانی شا لەوێ چاوەڕێیان دەکەن و لە پشتەوە هورووژمیان دەکەنە سەر، بەو جۆرە لە پێش و پشتەوە فیشەکیان بە سەردا دەبارێ و لە ماوەیەکی کەمدا هەموویان دەکوژرێن.
عێوەزخان کە بە چاوی خۆی کوژرانی یەک بە یەکی چەکدارانی دەبینێ، خۆیشی لە کاتی بەهاناوەچوونی یەکێک لە چەکدارەکاندا دەپێکرێ و دەستبەجێ گیانی لە دەست دەدات.
بەو شێوەیە شارۆچکەی فیرووزە دوای ١٢ساڵ بەرگری دەکەوێتە ژێردەسەڵاتی رووسیا و لە خاکی ئێران جیا دەکرێتەوە.

بابەتێکی مایەی سەرنج ئەوەیە کە دوای کوژرانی عێوەزخان و لەناوچوونی چەکدارانی، خوشکەکەی بە ناوی تیفەگوڵ چەک هەڵدەگرێ و درێژە بە رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا لە ناوچەی فیرووزە دەدات و لە تۆڵەی قوربانیانی خێڵەکەی گورزی قورسیان لێ دەوەشێنێت.

فیرووزەی تورکمانستان

ئێستا فیرووزە ناوی گۆڕاوە بە ئارچابیل، دانیشتووانەکەی کە بە گشتی کوردی کرمانج بوون، هەندێکیان گوزراونەتەوە بۆ ناوچەی دیکەی تورکمانستان.

لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی کۆمۆنیستەکاندا ڤێلای تایبەتی بۆ حەوانەوەی سەرکردە گەورەکانیان تیادا دروست کرا. ئێستاش خەڵکانی ساماندار پشووی هەفتانەیان دەبەنە هاوینەهەواری فیرووزە و گەشت و سەیرانی لێ دەکەن، بەڵام ئێرانییەکان تەنیا لە بەرزاییەکانی شیراونەوە بە کامێرا دەتوانن جوانییەکانی فیرووزە ببینن. کوردانی جەلالیش هێشتا بە حەسرەتەوە بیری دەکەن و لە بۆنە جیاجیاکانیاندا بە سروودێکی تایبەت یادی قارمانێتییەکانی عێوەزخان دەکەنەوە.

سه رداران سیار بوون دانه وەر چییان               هه ردوو زەنگووین سەردیر بزدیان
گولیک لیکەت ژە ناڤ پیل، یێک ژه پیچییان        گو پسمامی ئاراز شەوتیم ژه تییان
                             ناموراد و پرئەرمان سەردارعیوەزخان