ڕاپۆرتی کوردستانی

02:57 - 19/05/2019

سیستمی جاشایەتی لە باکوری کوردستان لە سەردەمی عوسمانییەوە تا سەردەمی ئەردۆغان‌

پەیسەر

بۆ تێگەیشتین لە دیاردەی جاشایەتی پێویستە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان، مێژوو، دۆخی ئابوری و سیاسی، ناسنامە، مرۆڤناسی و سیاسەتی ئەو ناوچەیە یان خود ئەو هەرێم و وڵاتە بکرێت کە جاشایەتی تیایدا بەربڵاوە. 

جاشایه‌تی بریتییه له هاوکاریکردنی دوژمن، بەشێک لە ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا ئاماده‌ن دژ به گه‌له‌که‌ی خۆیان له گه‌ڵ دوژمندا هاوکاری بکەن، ئەمە پێناسەیەکی سادەیە بۆ جاشایەتی. بەڵام هۆکارەکانی جێی پرسیار و لێکۆڵینەوەن. لە زۆربەی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان دا ئەو دیاردەیە هەیە، هۆکارەکانیشی زیاتر بۆ خراپی دۆخی ئابوری و کاریگەری ئایین و مەزهەبەکان لە سەر کۆمەڵگا، تەبانەبوونی تاکەکانی کۆمەڵگا، یەکنەخستنی هزری نەتەوەیی و نەخوێندەواری دەگەڕێتەوە.


کورد و جاشایەتی
کوردستانیش وەک وەڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کاریگەری ئایین و کلتوری هۆزی بەسەرەوەیە و هزرێکی یەکگرتووی نەتەوەیی تیایدا گەشەی نەکردووە و گیانی یەکترقەبوڵنەکردن لە ناویاندا زاڵە، پشکی خۆی لەو دیاردەیە وەرگرتووە. لە باشوری کوردستان دیاردەی جاشایەتی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا گەیشتە لوتکە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکوری کوردستان هەتا ئێستا ئەم دیاردەیە بەردەوامە و  لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە چوارچێوەی گروپی بچووک بچووکدا بە نهێنی کاریان لە گەڵ ڕژێمدا کردووە.
 لە کوردستان جاشەکان بە دوو شێوە بەکارهێنراون، لە هەندێک قۆناغدا دژی وڵاتانی دیکە و لە کاتی شۆڕشی نەتەوەیی کوردیشدا لە دژی حیزبە کوردستانیەکان  بەکارهێنراون و زۆربەی جار لە دوای لەناوبردن و سەرکوتکردنی شۆڕشە کوردییەکاندا جاشەکانیش فەراموشکراون.


سیستمی جاشایەتی لە باکوری کوردستان
لە سەردەمی ململانێی نێوان دوو ئیمپراتۆری سەفەوی و عوسمانی دا، هەر دوو ئیمپراتۆرییەکە گەلی کوردیان وەک ئامرازێک بۆ دژایەتیکردن و شەڕ لە دژی یەکتر بەکارهێناوە، بەشێک لە هۆزە کوردییەکان لە دژی هاوزمانی خۆیان و نەتەوەکانی دیکە هاوکاری لایەنێکی دیکەیان کردووە. بەڵام مێژووی بە سیستماتیک کردنی جاشایەتی لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم کە "سوارەی حەمیدییەی" دامەزراند.

سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە ساڵی ١٨٩٠ دا بۆ ڕێگریکردن لە بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی ڕوسەکان و ئەرمەنەکان بڕیاریدا لە ویلایەتەکانی باکوری کوردستان سوپایەک لە خەڵکی خۆجێیی پێک بهێنێت، لە ئەنجام دا لە شارەکانی ئەرزەرۆم، ئامەد، وان، روحا، ئەرزینگان و مووش بە فەرماندەیی سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان "سوارەی حەمیدییەی" دامەزراند.

"سوارەی حەمیدییە" کە لە سەرەتادا موچەی باش و خزمەتگوزاریی باشیان لەلایەن دەولەتی عوسمانییەوە پێشکەش دەکرا، لە رێگای پەرورەدە و ورووژاندنی هەستی ئایینیەوە لە دژی  ئەرمەنەکان و کوردە ئێزدیەکان و بەشێک لە کوردە عەلەوی و سونەکان کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ عوسمانییەکاندا نەبوو بەکارهێنران و دەستیانکرد بە کوشتن و تاڵانکردن و قەڵاچۆکردنی نەیارانی عوسمانی، بە بیانوی "کافر" بوون و پشتگیریکردنی روسیا، ئەرمەن و ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ کران و زۆربەی ئەو کوردە ئێزدی و ئەرمەنانەی کە تا ئێستاش لە سوریا، ئەرمینیا، روسیا و جۆرجیا و تەنانەت ئۆکرانیاش دەژین، ئەو کاتە لە ترسی سوارەکانی حەمیدییە ڕوویان لەو وڵاتانە کردووە،  ئارام تیگران، خاراپێتێ خاچۆ، عەگیدێ جمۆ، فەیزۆیێ ڕزۆ،  شەرۆیێ برۆ کە هەموویان هونەرمەندی بە توانا بوون پاشماوەی ئەو کوردە ئێزدیی و ئەرمەنانەن کە کاتی خۆی لە ترسی سوارەکانی حەمیدییە کوردستانیان جێهێشتووە.


سوارەکانی حەمیدییە کە لە سەرەتاوە دەوترا ئامانجی دامەزراندنیان بۆ هەڕشەی دەرەکییە، بەڵام دواتر زیاتر لە دژی کورد خۆی بەکارهێنران، دوای مردنی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە ساڵی ١٩٠٩ دا سوارەکانی حەمیدییە کاریگەری و ژمارەیان کەم کرایەوە و لە سەردەمی پارتی " ئیتحاد و تەرەقی" دا ناوەکەی بۆ سوارەکانی عەشایەر گۆڕدرا و تەنانەت لەلایەن بەرپرسە تورکەکانەوە وەک سووکایەتی پێکردن بە "سوارەکانی حەشەرات" ناودەبران.

دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیا لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە، کوردەکان وەک بەشێک لە سوپای هاوبەشی کورد و تورک لە دژی بەریتانییەکان شەڕیان کرد و ئەتاتورک بەڵێنی بە کوردەکان دا کە لە ناو کۆماری تورکیا دا مافی ئۆتۆنۆمی یان ود خۆبەڕێوەبەری بۆ کورد دابین دەکرێت، بەڵام دوای خۆکۆکردنەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا، بەڵێنی تورکەکان وەک بڵقی سەر ئاو تەقیەوە و هیچ مافێکی نەتەوەیی بۆ کورد دابین نەکرا.

لە بەر ئەو هۆکارەش، لە چەند دەڤەری باکوری کوردستان کوردەکان دەستیان بە شۆرشی چەکداری لە دژی دەوڵەت کرد، لەوانەش شۆرشی ئاگری، شۆرشی شێخ سەعیدی پیران و شۆرشی سەیید ڕەزای دەرسیم بوو، لەو کاتە دا دەوڵەت ژمارەیەک لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی کۆکردەوە و لە دژی شۆرشەکان بەکاری هێنان کە ئەمەش سەردەمێکی دیکەی "جاشایەتی" لە باکوری کوردستان بوو، بەڵام هەر لە دوای لەناوبردنی شۆرش و شەهیدکردنی سەرکردەکان، "جاشەکانیش" دوورخرانەوە و تەنانەت ژمارەیەک سەرۆک جاشیش لە سێدارەدران.


شەری پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا و سیستەمی جاشایەتی
دوای دەستپێکردنی شەڕی چەکداری لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لە ساڵی ١٩٨٤ دا، شەڕ لە باکوری کوردستان لە ماوەیەکی کەم دا پەرەی سەند و دوای ساڵێک و لە ٢٦ی ئازاری ١٩٨٥ دا دەوڵەتی تورکیا دەستی کرد بە چەکدارکردنی خەڵکی گوندەکانی باکوری کوردستان لە ژێر ناوی " کۆروجو" کە بە واتای پارێزەر دێت. لە سەرەتادا ئامانجی حکومەت دامەزراندنی ئەو کەسانە بە شێوەیەکی فەرمی نەبوو و بڕیار وابوو دوای کۆتایی هاتنی گەیلاکانی پەکەکە جارێکی دیکە چەکەکان کۆبکرێنەوە، بەڵام شەرەکە زیاتر پەرەی سەند و  دەولەت ناچار بوو جاشەکان بە فەرمی دابمەزرێنێت و مووچەیەکی دیاریکراو و ماف و ئیمتیازاتیان بۆ دابین بکات.

لە سەرەتادا زیاتر لە ٢٠ هەزار کوردی باکوری کوردستان لە گوند و قەزا و ناحیەکان وەک "کۆروجو" جاش دامەزران و مافەکانیان بریتیبوون لە: لە کاتی نەخۆشی درێژخایەن دا  خانەنشین دەکرێن، لە ئەگەری کوژرانیان ناویان بە شەهید تۆمار دەکرێت، خۆیان و خانەوادەکانیان لە نەخۆشخانە و شوێنە گشتیەکان دا بێبەرامبەر خزمەتیان دەکرێت، موچەیان بەپێی ئەو سەردەمەی کە تیایدا دەژین لە ئاستێکی باڵادا دەبێت و تەمەنی وەرگرتنی جاشەکانیش لە نیوان ٢٠ بۆ ٥٠ ساڵە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، لە ئێستادا لە باکوری کوردستان نزیکەی ٤٨ هەزار جاشی فەرمی هەن کە موچە وەردەگرن و ٢٥ هەزار جاشی نافەرمی بێ موچە هەن، نزیکەی ٢٠ هەزار جاش خانەنشین کراون، هەتا ئێستاش هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی کوژراوی جاشەکان ئاشکرا نەکراوە.

بە پێی ئامارێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا، نزیکەی ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لەلایەن جاشەکانەوە کوژراون و بریندارکراون. هەر بەپێی ڕاپۆرتیکی  ئەو کۆمەڵەیە، جاشەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە بێسەروشوێنکردنی ١٧ هەزار هاوڵاتی کورد لە نەوەدەکاندا.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش، نزیکەی ٢٥ هەزار جاش لە بەر کەمتەرخەمی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ جاشیش بە تۆمەتی " تیرۆر" دادگایی کراون.