ڕاپۆرتی کوردستانی

02:35 - 05/12/2018

ئەو کوردەی سی ساڵ بە بێدەنگیی جێگری سەدام بوو‌

پەیسەر

گەنجێکی تەمەن بیست ساڵان دەبێ کە لە یەکەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کورد  لە مانگی ئابی ١٩٤٦ لە شاری بەغدا وەکو ئەندامێک بەشداری دەکات. بەڵام کاتێک بە کۆمەڵکوشتن و جینۆسایدی کورد لە عێراق دەگاتە لوتکە، ئەو گەنجە جێگری سەدام حسێن سەرۆک کۆماری عێراقە... ئەویش تەها محێدین مەعروفە کە بۆ زۆربەی عێراقییەکان تەنیا ناوێکی بێ ڕەنگ بوو.

دەرچووی کۆلیژی حقوقە لە زانکۆی بەغدا، لەڕێی هاوڕێیەتی ئیبراهیم ئەحمەدەوە تێکەڵی دنیای سیاسەت دەبێ

تەها ساڵی ١٩٢٦ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، بنەماڵەکەیان بە ئەسڵ لە ناوچەی (سنە)ی رۆژهەڵاتی کوردستان هاتوونەتە سلێمانی، بەڵام کوڕانی حاجی مەلا محێدین هەرزوو تێکەڵی دنیای رۆشنبیریی و ئیداریی دەبن لەم شارەدا بە جۆرێک لە دوو قۆناغدا قادر ئاغای کوڕە گەورەی حاجی مەلا محێدین دەبێتە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی (١٩٤٤ - ١٩٥٤).

 

تەها محێدین مەعروف دەرچووی کۆلیژی حقوقە لە زانکۆی بەغدا ساڵی ١٩٤٦ دوای تەواوکردنی زانکۆ، لەڕێی هاوڕێیەتی ئیبراهیم ئەحمەدەوە تێکەڵی دنیای سیاسەت دەبێ. لە یەکەم کۆنگرەی پ.د.ک لە شاری بەغدا مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٦ بە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی هەڵدەبژێردرێ. ئەو کۆنگرەیە بە نهێنی لە ماڵی (سەعید فەهیم) بەئامادەبوونی ٧٠ ئەندام بەسترا و تێیدا مەلا مستەفا بارزانی کە ئەو کات لە مهابادی پایتەختی کۆماری کوردستان بوو، بە سەرۆک و  شێخ لەتیفی حەفید بە جێگری یەكەم و كاكە زیادی كۆیە بە جێگری دووەمی سەرۆك هەڵبژێردران.

تەها لەسەر پشکی باڵی جەلالیی بووە بە وەزیر لە حکومەتی بەعسییەکاندا، بەڵام تەها زیاتر لە بەعسەوە نزیک بوو تا لە جەلالیی

دوای یەکەمین کۆنگرەی پارتی، لە ئەدەبیاتی پ.د.ک و مێژووی ئەم حزبەدا ئیتر ناوی تەها محێدین مەعروف نابینرێتەوە، بەشیک لەوانەی لە نزیکەوە ئەو پیاوە دەناسن دەڵێن: کەسێکی خۆپارێز و دوور لە سەرکێشیی بووە، بەهۆی ئەوەی پارتی چۆن دەبێتە حزبی یەکەم و پێشڕەوی کورد لەو قۆناغەدا، هەروا دەبێتە یەکەم وێستگەی پڕ لە ململانێ و ناکۆکی سیاسی لە نێوان سەرکردەکانیدا، بۆیە تەها محێدین مەعروف نەیتوانیوە ببێتە یاریکەرێکی ناو ململانێکان.


لە دوورەپەڕێزییەوە بۆ دەسەڵات
کاتێ بەعسییەکان ساڵی ١٩٦٨ جارێکی تر لەڕێی ئینقلابەوە دێنەوە سەر دەسەڵات، داوا لە بەشێک لە حزبەکان دەکەن بەشداری بکەن لە حکومەتەکەیاندا. کوردیش بەشێک دەبن لەوانەی خوازیارن رایان بکێشنە ناو حکومەتەکەیانەوە. بەهۆی ئەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە مەلا مستەفا بارزانی جیابووبوونەوە، بەعسییەکان داوا لە هەردوولایان دەکەن بەشداری بکەن. باڵی بارزانی بە دوو وەزارەت و مەکتەبی سیاسی بە وەزارەتیك، بەڵام بەهۆی ئەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی بەشداری دەکەن مەلا مستەفا رەتی دەکاتەوە نوێنەر بنێرێتە ناو حکومەتەوە. بەمەش شانسێک دێتە بەردەم تەها محێدین مەعروف تا وەکو هەڵبژێردراوی باڵ مەکتەبی سیاسی و لەسەر حسابی کورد بچێتە ناو حکومەتی عێراقەوە لە کاتێکدا تەها سەر بە هیچ لایەکیان نەبووە.

 

لە کتێبی "پەنجەکان یەکتر دەشکێنن" نەوشیروان مستەفا نووسیویەتی: تەها لەسەر پشکی باڵی جەلالیی بووە بە وەزیر لە حکومەتی بەعسییەکاندا، بەڵام تەها زیاتر لە بەعسەوە نزیک بوو تا لە جەلالیی.

تەها محێدین مەعروف سەرەتا لە وەزارەتی ئەشغال و ئاوەدانکردنەوە دەست پێدەکات. هەر دوای وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی لە حکومەتی عێراق، ئیتر وردە وردە تەها دەبێتە ئەندامی حزبی بەعس و وەکو بەعسییەک درێژە بەکارەکانی دەدات.

  

تەها محێدین مەعروف هێدی هێدی لەناو دەسەڵاتی عێراق بە سەرۆکایەتی بەعسییەکان جێ پێی خۆی قایم دەکات. ساڵی ١٩٧٠ دوای رێککەوتننامەی ١١ی ئازار دەبێتە باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا، دواتر وەکو باڵیۆز دەچێتە ولاتەکانی ئەلبانیا و ماڵتا و تا ساڵی ١٩٧٤ لە سلکی دیپلۆماسی عێراقدا دەمێنێتەوە. لەو ماوەیەدا بەعسییەکان ستایشی دەکەن بەهۆی ئەوەی باڵیۆز و دیپلۆماتکارێکی سەرکەوتوو و جێی باوەڕیان بووە.

 

ساڵی ١٩٧٥ دوای شکستهێنانی شۆڕشی ئەیلول و داگیرکردنەوەی کوردستان لەلایەن سوپای عێراقەوە، سەدام حسێن تەها محێدین مەعروف دەکات بە جێگری خۆی وەکو سەرۆک کۆمار. ئیتر تەها وەکو جێگرێکی بێدەنگ  وبێ کیشە تا رۆژی کەوتنی یەکجارەکی سەدام لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ لەو پۆستەدا مایەوە.

رەنگبێ تەها محێدین مەعروف یەکەم کەسبێ لە ژیاندا ٣٠ ساڵی رێک بێ کێشە و بێنەوبەردە لەگەڵ سەدامدا لەسەر یەک کورسی هەڵیکردبێ. سەدام بەوە ناسرابوو هەمیشە ئەو هاوڕێ و هاوڕێبازانەی خۆی لەناو دەبرد ئەگەر بیزانیایە مەترسی بۆ پلان و دەسەڵاتەکانی دروست دەکات. بەڵام دیارە تەها " مەترسی بۆ پەزەکان نەبووە".

پیاوێکی یاساناس و رۆشنبیرێکی سەردەمی خۆی بووە، بەلام بەهۆی ئەوەی حەزی بە سەرکێشیی و کێبەرکێ نەبوو هیچکام لەو بەهرانەی دەر نەدەکەوت.

لەو ساڵانەیش کە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بووە، زۆرجار لە کوردستانەوە بنەماڵە و کەسایەتییەکان چوونەتە لای بۆ واسیتە و تەکلیفکردن لێی ئیتر هەر کەسە و بۆ کیشەیەک. بەڵام بە دەگمەن رێکەوتووە تەها محێدین مەعروف وەکو جێگری سەدام حسێن ئیشوکاری بۆ ئەو کەسانە کردبێ کە چوونەتە بەر دەرگاکەی.

بۆ گاڵتە و پێکەنین چیرۆکێک دەگێڕنەوە کە ژنێکی کورد دەچێتە لای تەها محێدین مەعروف و تکای لێدەکات تا واسیتەیەکی بۆ بکات بۆ ئەوەی مێردەکەی لە سێدارە نەدرێ. کەچی تەها محێدین مەعروف پاش کەمێک بێدەنگیی سەری دەخورێنێ و دەڵێ: بەخوا ئەو کێشەیەی تۆ واسیتەی گەورەی دەوێ!

ژیرێکی لەسەرخۆ و ئارام
بەگوێرەی قسەی ئەو کەسانەی لە نزیکەوە تەها محێدین مەعروفیان ناسیوە، ئەو پیاوە زمانزانێکی باش بووە و بێجگە لە کوردی، زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی بە باشی زانیوە. پیاوێکی یاساناس و رۆشنبیرێکی سەردەمی خۆی بووە، بەلام بەهۆی ئەوەی حەزی بە سەرکێشیی و کێبەرکێ نەبوو هیچکام لەو بەهرانەی دەر نەدەکەوت.

کەسێکی کەمدوو بووە، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا زۆر بە کەمیی قسەی کردووە. زۆربەی ژیانی لە شاری بەغدا بەسەر بردووە، زۆر کەم گەڕاوەتەوە سلێمانی و کوردستان. سەبارەت بە کیشەی کورد و بزووتنەوەی سیاسی  وچەکداری لە عێراق، تەها محێدین مەعروف پێیوابووە بزووتنەوەیەکی سەرکەوتوو نابێ و سەرکردەکانی ناتوانن بە باشی سەرکردایەتی بکەن. بۆیە دوای چوونی بۆ ناو حکومەتی عێراق و حزبی بەعس، هەمیشە خۆی بە دوور گرتووە لە حزب  وسەرکردەکانی کورد، لە هەر شوێنێکدا باسی کورد و کوردستان کرابێ، تەها بێدەنگیی لێدەکرد و هیچی نەدەوت!

هەرچەندە ئەندامی یەکەم کۆنگرەی پ.د.ک بووە لە ساڵی ١٩٤٦ و بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی و لەو کۆنگرەیەدا مەلا مستەفا بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردراوە، بەڵام تەها محێدین مەعروف هەرگیز نێوانی لەگەڵ مەلا مستەفادا نەبووە و زیاتر مام جەلال و باڵ مەکتەبی سیاسی بە رەواو و شایستە زانیوە " مام جەلالی خۆشەویست بەڵام هەمیشە تێبینی هەبوو لەسەر سیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی" هاوڕێیەکی نزیکی تەها وا دەڵێ.

داواکراوێکی بێتاوان!
ساڵی ٢٠٠٣ کە دەسەڵاتی بەعس کۆتایی پێهێنرا، تەها محێدین مەعروفیش وەکو دەیان سەرکردەی حزبی بەعس لەلایەن ئەمریکای سەرکەوتووەوە داوا کرا تا دەستگیریان بکەن. دواجار تەها محێدین بە ئاسانی کەوتە دەستی ئەمریکییەکان بەڵام چونکە هیچ بەڵگەیەکی تاوانباریی لەسەر نەبوو، هەرزوو ئازاد کرا. دوای ئازادبوونی تەها هەروەکچۆن بە بێدەنگیی ژیا، ئاواش بە بێدەنگیی و دوور لە جاوی میدیاکان گەڕێنرایەوە بۆ کوردستان و لە شارۆچکەی دوکان لە خانوویەکدا نیشتەجێکرابوو.

تەها محێدین مەعروف تا مرد بە زگوردی ژیا و هەرگیز خێزانی پێکەوە نەنا، دواجار رۆژی  ٧ی ئابی ٢٠٠٩ بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە وڵاتی ئوردن کۆچی دوایی کرد و لە شاری هەولێر بە خاک سپێردرا. مردنەکەی تەها هیچ دەنگدانەوەیەکی نەبوو لەبەر ئەوەی ئەو پیاوە هەرگیز نەکەوتە بەرچاوی میدیای نەک کوردستان بەڵکو خودی میدیای حزبی بەعس و عەرەبیەکانی دیکەش.