ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:10 - 23/05/2019

مێژووی ١٢ هەزار ساڵەی کورد ئاو ده‌یبات‌

پەیسەر

لە چەند مانگی داهاتوودا، پاشماوە و مێژووی ١٢ هەزار ساڵەی کوردەکان دەکەوێتە ژێر ئاوی بەنداوی ئڵیسو، کە بڕیارە دوای تەواوبوونی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩ەوە دەست بە گلدانەوەی ئاو بکات.

لە شارۆچکەی حەسەن کەیفی سەر بە شاری باتمان، مێژوویەکی نوێ دەستپێدەکات، مێژوویەک بەبێ ماڵەکانی، بەبێ شوێنە مێژووییەکانی، بەبێ پاشماوە ١٢ هەزار ساڵییەکەی و بەبێ خەیاڵەکانی ئەو خاکە بۆ داهاتووی خەڵکەکەی.

بەنداوەکە تەنها مێژووە مادییەکەی نا، بەڵکو دەیان زیندەوەر و رووەکی ناوچەکە دەخاتە ژێر رێڕەوی ئاوەکەیەوە و کۆتایی بە کلتوور و مێژوویەکی هەزاران ساڵەش دەهێنێت، کە ساڵانە دەیان هەزار گەشتیار بۆ بینینی روو لە ناوچەکە دەکەن.

بەنداوی ئڵیسو کە داهاتێکی گەورە بۆ تورکیا پەیدا دەکات و دەبێتە چوارەم بەنداوی تورکیا لە رووی بەرهەمهێنانی وزەوە، دانیشتوانەکەی بە هەڕەشەیەکی گەورەی دەزانن بۆ سەر ژیان و مێژوو و رابردوویان.
 
گواستنەوەی حەسەن کەیف
بۆ ئەوەی ژێر ئاوی بەنداوەکە نەکەون، حکومەتی تورکیا کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بۆ دانیشتوانی حەسەن کەیف دەکاتەوە. کۆمەڵگەکە سەرجەم هۆیەکانی ژیانی تیدایە، وەک شارەوانی و قایمقامییەت، مزگەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانە و پارک.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، تاکو حوزەیرانی ٢٠١٨، دوو ملیار و ٧٥٠ ملیۆن لیرە بۆ کارەکانی کۆمەڵگە نوێیەکە خەرجکراوە.

کۆمەڵگەکە لە ٧١٠ شوێنی نیشتەجێبوونی ١٦٠ مەتری پێکدێت و بە دانیشتوانی ناوچەکە دەدرێت.

کەمبوونەوەی وەبەرهێنان
ئەحمەد ئاکدەنیز سەرۆکی گۆڤاری کلتوریی حەسەن کەیف بە (بی بی سی) راگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی دەیان ساڵە دەنگۆی دروستکردنی ئەم بەنداوە هەیە و لەبەر نادڵنیایی خەڵکی ناوچەکەوە، وەبەرهێنان رووی لەم ناوچەیە نەکردووە، بۆیە دەیانەوێت بە زووترین کات پڕۆژەکە تەواو ببێت و دەست بە ژیانی نوێ بکەن.

زیانەکانی بەنداوەکە
ئەو کەسانەی دژ بەم پڕۆژەیەن ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی ئەم بەنداوەوە، ١٩٩ شوێنی نیشتەجێبوون و ٢٨٩ شوێنی ژینگەیی دەکەونە ژێر ئاوی بەنداوەکەوە.

بەپێی قسەی چالاکوانانی ناوچەکە، ژمارەیەک شوێنی مێژوویی هێشتا لەژێر خاکدان و پێویستە پێش ئەوەی ببن بە ژێر ئاوی بەنداوەکەوە، دەربهێنرێن و لە فەوتان رزگاربکرێن.

دەستپێکردنەوەی گەشتوگوزار
لەگەڵ ئەوەی دانیشتوانی ناوچەکە پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە کۆتایی بە هاتنی گەشتیاران بۆ شوێنەکەیان دەهێنێت، بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن، دوای تەواوبوونی بەنداوەکە حەسەن کەیف پێگە گەشتوگوزارییەکەی بەدەستدەهێنێتەوە و بەلەم و تەلەفریک بۆ ناوچەکە دابیندەکرێت.

گواستنەوەی شوێنە مێژووییەکان
لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە بەردەوام ترسیان هەیە شوێنەوارە مێژوییەکان ژێرئاو بکەون، بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، شوێن و پاشماوە مێژووییەکان بۆ کۆمەڵگە نوێیەکە دەگوازرێنەوە و حه‌وت لەو پاشماوە مێژوویانەش بۆ ناوچە نوێیەکە دەگوازرێنەوە.
شوێنە نوێیەکە
ئەو خێزانانەی خانووە نوێیەکان وەردەگرن، تاکو پێنج ساڵ هیچ پارەیەک بە حکومەت نادەن و دواتر و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ پارەکە بۆ حکومەت دەگەڕێننەوە.

کارەکان بۆ شوێنە مێژووییەکان
هاوکات لە ٢٨٨ شوێن کنەوپشکنین بۆ شوێنەواری مێژوویی کراوە، دوو پرۆژه‌ لە ٥٥ شوێنی رووی زەویی ناوچەکەدا کراوە و بۆ ئەم کارەش لەلایەن وەزارەتی گەشتوگوزار و کەلتورەوە، ١٠٣ ملیار و ٤٦٨ ملیۆن لیرەی تورکی بودجە دابینکراوە.

گواستنەوەی مەرقەدی زەینەل بەی
یەکێک لە شوێنە مێژووییەکان مەرقەدی زەینەل بەی بوو کە لە ١٢ی ئایاری ٢٠١٧ گوسترایەوە بۆ ناوچە نوێیەکە، بەڵام چالاکوانە ژینگەییەکان باس لەوە دەکەن بەشێوەیەکی خراپ گوستراوەتەوە.

داواکاریی عێراق دەربارەی ئاوی بەنداوەکە
بڕیاربوو لە مانگی ئازاری ٢٠١٨ گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکە دەستپێبکات بەڵام لەسەر داوای حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ مانگی شەش دواخرا.

مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ پەرلەمانی عێراق دیسان داوایەکی پێشکەش بە ئەنقەرە کردبوو بۆ دووبارە دواخستنی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکە، چونکە بەو هۆیەوە بڕێکی زۆری ناوچەکانی عێراق کە دەکەونە سەر رووباری دیجلە، تووشی کەمئاویی بوون، بەڵام کارەکانی گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکە دوو رۆژ پێش ئەو داواکارییە دەستیان پێکردبوو.

هەربۆیە حەسەن جەنابی وەزیری پێشووی ئاوی عێراق رایگەیاندبوو، تورکیا بە گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکە، دوو پەیماننامەی واژۆکراوی نێوان هەردوو وڵاتی پێشێلکردووە.

مێژووی پڕۆژەکە
بۆ سەد ساڵ دەچێت تورکەکان خەون بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجەوە دەبینن و ئامادەکارییەکانی دەستکردن بە کاری دروستکردنی پڕۆەژەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٤ و لە ساڵی ١٩٧٥دا کۆتایی بە رێکارەکانی ئامادەکارییەکانی پڕۆژه‌ کرا، لە مانگی ئابی ٢٠٠٦ رەجەب تەیب ئەردۆغان بەردی بناغەی پڕۆژەی بونیادنانی بەنداوەکە و وێستگە کارەباییەکەی دانا، کە ئەو کات سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو، بەڵام کاتی دەستکردن بە دروستکردنی بەنداوەکە بۆ ساڵی ٢٠١٥ دواکەوت و پێشتریش و لە ساڵی ٢٠٠٨ دەست بە هەندێک لە کارەکان کرابوو.

ناوی بەنداوەکە لە چییەوە هاتووە؟
وشەی ئڵی لە بنەڕەتدا (ئڵک)ە، بەڵام بۆ کورتکردنەوە و لەسەر زمان ئاسان هاتن، (ک) نەماوە. وشەکە واتە ئاوێک نە گەرم بێت و نە سارد و فێنک بێت. (سو) واتە ئاو، هەمووی واتە ئاوی فێنک، رەنگە ئەوەش ئاماژە بێت بۆ ئاوی دیجلە لە ناوچەکەدا.

شوێنی جوگرافی بەنداوەکە

بەنداوەکە لەسەر رووباری دیجله‌ و لە نێوان هەردوو شاری ماردین و شڕناخدا دروستکراوە.

بەنداوەکە بە ١٣ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی گویچلو کۆناکی سەر بە شاری شرناخ دوورە و کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شارۆچکەی دارگێچیتی سەر بە شاری ماردینەوە بە دووری ١٥ کیلۆمەترە و ٤٥ کیلۆمەتریش لە سنوری سوریاوە دوورە.

توانای بەرهەمهێنانی وزەی بەنداوەکە
بەنداوەکە هێزی بەرهەمهێنانی کارەباکەی هەزار و ٢٠٠ مێگاواتە و بەم جۆرەش دەبێتە چوارەم بەنداوی تورکیا لە ڕووی بەرهەمهێنانی وزەوە.

داهاتی وزەی پڕۆژەکە
ساڵانە داهاتی وزەی بەرهەمهێنراوی پڕۆژەکە دەگاتە دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن لیرەی تورکی و بەمەش دەبێتە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی داهاتی تورکیا.

تایبەتمەندی وزەی پڕۆژەکە
بەنداوەکە شه‌ش تۆرباینی گەورەی هەیە، لە کۆتایی شوباتی ٢٠١٩، چوار لە تۆرباینەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان دابەزێنران، کاری سەرجەم وێستگەکانی بەنداوەکە تەواوکراون و بەشەکانی وزەی بەنداوەکە ئامادەن بۆ وەرگرتنی ئاو.

تایبەتمەندییەکانی بەنداوەکە
بودجەی بەنداوی ئڵیسو هه‌شت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن لیرەی تورکییە. بەنداوەکە لەو جۆرانەیە کە ناواخنەکەی بە بەرد پڕکراوەتەوە و رووی دەرەوەشی بە کۆنکرێت داپۆشراوە. لە رووی قەبارەی شوێنی هەڵگرتنی ئاو و درێژیی رووی سەرەوەی (بەم جۆرە دروستکردن) گەورەترین بەنداوی جیهانە.

١١ ملیار مەتر سێجا توانای هەڵگرتنی ئاوی هەیە و پانتایی دەریاچەکەشی ٣١٨ کیلپۆمەتر و نیو دووجایە.

پێنج شار لەسەر سنوری بەنداوەکەیە و ١١ شارۆچکە و ١٠٨ گوندی ئەم شارانەش کەوتوونەتە ناو سنوری ئەم بەنداوەوە کە بریتین لە ئامەد، باتمان، ماردین، سیرت و شڕناخ.

بەرزی رووی  پێشەوەی (بەربەستەکە) ١٣٥ مەتر، درێژییەکەی ١٧٧٥ مەترە و پانییەکەشی لە بەشی سەرەوە نۆ مەترە و لە خوارەش پانییەکەی زیاتر لە ٦٠٠ مەترە.

دیجلە وەک خەونی دەیان نەوە
ئڵیسو له‌سه‌ر رووبارێک دروستکراوه‌ که‌ درێژییه‌که‌ی نزیکەی ١٩٠٠ کیلۆمه‌تره‌ و ٥٢٣ کیلۆمه‌تری به‌ ناو خاکی تورکیادا ده‌ڕوات، ئه‌ویش رووباری دیجله‌یه‌.

٩٠٠ ساڵ پێش ئێستا، زانای میکانیکیی کورد، ئیبن رەزاز ئه‌لجه‌زیری بۆ سود وه‌رگرتن له‌ ئاوی رووباری دیجله‌ چه‌ند ئامێرێکی داهێنا، سه‌دان ساڵ دواتریش، حکومه‌تی تورکیا یه‌کێک له‌ به‌نداوه‌ گه‌وره‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌م رووباره‌ دروستکرد.
به‌نداوی ئڵیسو سیمبولی پڕۆژه‌ی گاپه‌ و گه‌وره‌ترین به‌شی ئه‌م پڕۆژه‌ گه‌وره‌یه‌ی حکومه‌تی تورکیایه.

گاپ (پڕۆژه‌ی ئه‌نادۆڵی باشوری رۆژهه‌ڵات)، له‌ ستراتیژیترین و گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیایه‌ و زیاتر له‌ بیست به‌نداوی گه‌وره‌ و بچوکی له‌خۆگرتووه‌.