ڕاپۆرتی کوردستانی

05:49 - 23/05/2019

حیزبوڵلای تورکیا کەی و بۆ چ مەبەستێک دامەزرا؟‌

پەیسەر

لەمەڕ مێژووی دامەزرانی حیزبوڵلای تورکیا دوو خوێندنەوەی جیاواز هەیە، بۆچوونێکیان ئەوەیە کە حیزبوڵلا لە دوای کودەتا سەربازییەکەی کەنعان ئێڤرن  لە ڕێککەوتی ١٢ سێپتەمبەری ١٩٨٠ بە دەستپێشخەری موحەمەد حوسێن یەلماز ناسراو بە حوسێن وەلی ئو‌غلو دامەزراوە.

ڕوانگەیەکی دیکەش  کە زیاتر لە  باکوری کوردستان برەوی هەیە، ئەوەیە کە مێژووی دامەزرانی هوداپار دەگەڕێندرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩، بەپێی ئەم تێڕوانینە حیزبوڵلا یان خود هوداپار ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن سێ دەرچووی حوجرە ئیسلامییەکان و   ئەندازیارێکی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی تورکیا  و حوسێن وەلی ئۆغلو دامەزراوە.

حوسێن یەلماز کێیە و خەڵکی کوێیە؟

حوسێن یەلماز ناسراو بە حوسێن وەلی ئۆغلو  ساڵی ١٩٥٢ لە باتمان لە باکوری کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی ناوەندی لە ماردین و خوێندنی باڵای لە بواری ئابوری لە ساڵی ١٩٨٠ لە ئەنکەرە تەواو کردووە.

لە قۆناغی زانکۆدا بە توندی دەکەوێتە ژێر کاریگەری بۆچوونەکانی سەعید نورەسی و پەرتوکی " رسائل نور" ی نورەسی دەخوێنێتەوە، ئەو پەرتوکە یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە لە ناو ڕەوتی ئیخوانولموسلمیندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت.

هەر لەو قۆناغەدا دەبێتە ئەندامی یەکیەتی خوێندکارانی نەتەوەیی تورک، ساڵی ١٩٧٨ دەبێتە خاوەن ئیمتیاز و بەڕێوەبەری گۆڤارێک بە ناوی "ئوممەت".

وەلی ئۆغلو لە ماوەی دوو ساڵدا دوو شکستی سیاسی تام دەکات

 ساڵی ١٩٧٩ حوسێن وەلی ئوغلو وەک پاڵێوراوی هێزە موحافزەکارەکان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی تایبەت بە یەکیەتی کرێکارانی نەوت لە باتمان کرد، لەو هەڵبژاردنەدا پاڵێوراوی هێزە چەپەکان بە جیاوازییەکەی زۆرەوە بە سەرۆکی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا، ماوەیەکی کورت دوای ئەم شکستە و لە ساڵی ١٩٨٠ خۆی بۆ پۆستی قایمەقامی مێردین کاندید کرد کەچی لەم هەڵبژاردنەشدا دۆڕا.
دوای ئەم دوو شکستە لە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دەستی بەکارکردن کرد کە خاوەنەکەی شەوکەت کازان وەزیری دادی تورکیا لە حیزبی " رەفا " بوو، حیزبی رەفا حیزبێکی ئیسلامی بوو کە لەلایەن نەجمەدین ئەربەکانەوە دامەزرابوو،  حوسێن ئوغلوش لە قۆناغی زانکۆوە پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ نەجمەدین ئەربەکان دروست کردبوو.

کاریگەری خومەینی و عەلی شەریعەتی لەسەر دامەزرێنەرانی هوداپار
گروپی دامەزرێنەرانی هوداپار بەر لە دامەزرانی حیزبەکە لە ژێر ناوی " کۆمەڵەی زانایانی ئیسلامی" چالاکیان دەکرد و زیاتر لە کتێبخانەیەک بە ناوی " کتێبخانەی زانست" بە کاری ڕێکخستنەوە سەرقاڵ بوون.
دەستەی دامەزرێنەری هوداپار لە ژێر کاریگەرییەکی بۆچوونەکانی خومەینی و  عەلی شەریعەتی دابوون، بە سرنجدان بە شۆڕشی ١٩٧٩ ئێران کە دەرئەنجامی پەیوەندی مەلاکان و ڕووناکبیرانی دینی بوو، دەکرێت بە هەمان گەز و ڕبە هەڵسەنگاندن بۆ هوداپاریش بکرێت.
"مەلا ئەمین کینیک" یەکێک لە مەلا دیار و پلەبەرزەکانی ئەو گرووپە بوو، ئیسماعیل ئاڵتوسیش نمونەی رووناکبیرێکی دینی بوو کە لە کەسە دیارەکانی حیزبوڵڵا بوو بەڵام دوای ماوەیەک لە ڕێکخراوەکە دوورکەوتەوە و بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لێی کرابوو هیچ کات نەیوێرا ڕەخنە لە ڕێکخراوەکە بگرێت، سمایل ئاڵتووسی لە چاوپێکەوتنێکدا بە فەرمی ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئامانج لە دامەزرانی حیزبوڵلا پێکهێنانی حکومەتێکی ئیسلامی بوو.

دوای کودەتاکەی ١٩٨٠ی کەنعان ئێڤرن، حوسێن داود ئوغلو دەگەڕێتەوە باکوری کوردستان و سەردانی  ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەکات و لەگەڵ مەلا و شێخە کوردەکان بە تایبەت باوەڕمەندانی تەریقەتی نەقشبەندی کۆدەبێتەوە.
لە ٥ ساڵی سەرەتای چالاکییەکانی بەشێکی بەرچاوی ئیخوانییەکانی باکوری کوردستان لە دەوری کۆبوونەوە.
هەر لەو ماوەیەدا ڕوانگەی دژە سۆفیگەری لە حوسێن داود ئوغلودا بەهێز دەبێت و بەهۆی ئەوەی مەلا و سەیدە کوردەکانی بە مونافیق ناوبردبوو، کۆمەڵێک لەو کەسانە لە رێکخراوەکە جیابوونەوە.
دوای ئەوەی کۆمەڵێک لە ئەندامانی هوداپار لە رێکخراوەکە دوور کەوتنەوە، ئەو گروپە دەستیکرد بە تیرۆرکردنی کۆمەڵێک مەلا و بارەگای ناوەندیشی بۆ ئامەد گواستەوە.

پەیوەندییەکانی ئێران و حیزبووڵلای تورکیا
دوای گواستنەوەی بارەگای سەرەکی هوداپار بۆ ئامەد پەیوەندییەکانی ئەو گروپە لەگەڵ ئێران دەستی پێکرد، ڕۆشەن چاکر یەکێک لە توێژەرانی بە ناوبانگی تورکیە باس لە هاوکارییە دارایی و پەروەردەیی  و سیاسییەکانی ئێران بۆ ئەم گروپە دەکات، بە بڕوای شاکر ئێران بە مەبەستی دامەزرانی حکومەتێک لەسەر بنەمای شەریعەت و ڕووخانی ڕژێمی تورکیا پشتگیری کردوون.

کۆمەڵێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن حیزبوڵلا لە سێ بەش بە ناوەکانی گروپی زانست، گروپی مەنزل و گروپێکی دیکە پێکهاتووە، لەو نێوانەدا گروپی مەنزل لەگەڵ ئیتلاعاتی ئێران، گرووپی زانست لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران و گرووپەکەی دیکە کە ناوەکەی نەزانراوە لەگەڵ سوپای پاسداران لە پەیوەندی دابوون. لە نەوەدەکاندا وێنەیەکی وەلی ئۆغڵو لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە ڕۆژنامەی حوڕییەتی تورکی بڵاو بووە، جگە لەوەش مەلا مەنسور گوزلسوی لە ڕێبەرانی گروپی مەنزل لە ئێران بووە و بۆ چارەسەری نەخۆشی شیرپەنجەش هەر سەردانی ئێرانی کردووە و هەر لە ئێرانیش مردووە.

حزبوڵلا شەڕ لە دژی کورد دەکات

ڕۆشەن چاکر لە توێژینەوەیەکی دیکەی خۆیدا دەڵێت سەرەڕای ئەوەی ئامانجی ئەو گروپە ڕووخانی ڕژیمی تورکیا بوو، کەچی حزبوڵلا هیچ کات بەرەنگاری ڕژێمی تورکیا نەبووەوە، بەپێچەوانەوە دەستیکرد بە سەرکوتی گروپە ڕکەبەرەکانی خۆی و کوشتنی چالاکانی سیاسی کورد، تێزابیان دەکرد بە ڕوخساری ئەو ژنانەی حیجابیان نەبوو، ڕۆشەن چاکر لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی "حزبوڵلا لە زمانی خۆیەوە" دەنووسێت ئەم قۆناغە لە چالاکییەکانی حیزبوڵا لە ساڵی ١٩٩١ کۆتایی پێدێت و لەدوای ئەم قۆناغەوە شەڕ لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان دەست پێدەکات و بە تایبەت لە ساڵی ١٩٩٦ بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی سوپا و میت هێرشەکانی حیزبوڵا بۆ سەر پەکەکە و لایەنگرانی پەکەکە گەیشتە لوتکەی خۆی، ئەو قۆناغە هاوکاتە لەگەڵ كڵپەسەندنی شەڕی چەکداری پەکەکە لەدژی سوپای تورکیا.

قۆناغی شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە بە تیرۆرکردنی "میکایل بایرۆ" کادیری ئاسوری پەکەکە لەلایەن محەمەد عەتا زەنگین ئەندامی حزبوڵلاوە دەستی پێکرد، بە گشتی لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩١ هەتا ١٩٩٥ی زایینی ٥٠٠ کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکە لەلایەن حیزبوڵاوە تیرۆرکران.

بە وتەی محەمەد کورت توێژەری باکووری کوردستان ژمارەی قوربانیانی تیرۆرەکانی حیزبوڵا هەزاران کەس بووە و لە نەوەدەکاندا حزبوڵلا وەک جێبەجێکاری پلانەکانی میت و ژیتەم دەستی هەبووە لە تیرۆرکردنی ١٧ هەزار کەس کە بە " تیرۆری بکەر نادیار" ناسراون، کەچی حیزبوڵلا لە ئەدەبیاتی خۆیدا ئەو تیرۆرانەی بە قەساس ناوبردووە و بە بنەماگرتنی شەریعەت ڕەوایی پێدەبەخشین.
تیرۆرەکانی حیزبوڵا یان هوداپار تەنیا ئەندامانی پەکەکەی نەدەگرتەوە بەڵکو مەلا و ڕووناکبیرانی دینی، رۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدار و چالاکانی ژنان و هەموو ئەوانەی بە پێی ڕێوشوێنی ئیسلامی نەدەژیان کەوتنە بەر هێرشی ئەو ڕێکخراوەیەوە.
بەوتەی ڕۆشەن چاکر، دەوڵەتی تورک بە تەواوی خۆی لەو کارانەی حزبوڵلا گێل کردبوو بەهۆی ئەوەی حیزبوڵلای لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بەکار دەهێنا.

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان حیزبوڵا و دەوڵەتی تورکیا ڕۆشەن چاکر نووسیوویەتی: بە پێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری ئەنادۆڵ لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٦ نزیکەی ١٥٥٠ ئەندامی حیزبوڵلا دەستگیرکراون، ئەو ژمارە لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٠ دەگاتە زیاتر لە ٦٠٠٠ کەس. بە وتەی چاکر ئەو ئامارانە دەیسەلمێنن ئەو کاتەی حیزبوڵلا لە دژی پەکەکە لە شەڕدا بووە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی نەداوە کێشەیان بۆ دروست بکات.

ئۆغلو لە ئەستەنبوڵ کوژرا
١٧ جانیوەری ساڵی ٢٠٠٠ لە چالاکییەکی هاوبەشی سوپا و پۆلیستی تورکیا وەلی ئۆغڵو کە بە چالاکی "بیکوز" ناسراوە لە ئەستەنبوڵ کوژرا، دوای کوشتنی ئۆغلو لەکۆی ٢٠ هەزار کەس کە ناویان لەناو بەڵگەنامەکانی حیزبوڵلادا هاتبوو و میت دەستی بەسەر ئەو بەڵگەنامانەدا گرتبوو تەنیا ٤٠٠٠ کەسیان دەستگیرکران.

بەوتەی چاکر هۆکاری دەستپێڕانەگەیشتن بە دۆسیە و ئەرشیفەکانی حیزبوڵلا کە بە ئەرشیفی "بیکوز" ناسراوە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی قوڵی ئەو گروپە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ئەرگەنەکۆن، پۆلیس تەنیا  بەرپرسانی پلە بەرزی حیزبوڵای دەستگیرکرد.

 ساڵی ٢٠٠٣ زۆربەی ئەندامانی حیزبوڵلا لەگەڵ بەرپرسانی پێشووی ئەو حیزبە پەیوەندیان درووست کردەوە و هەوڵی بووژانەوەی رێکخراوەکەیاندا، گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ساڵی ٢٠٠٤ ئەو دەرفەتەی بۆ ئەندامانی حزبوڵلا دروستکرد جارێکی دیکە لە ژێر ناوی " ڕێکخراوی هاوپەیوەندی مستەفا ڕەسوڵ اللە" دەست بە چالاکییەکانی خۆیان بکەنەوە.
حیزبوڵلای ئەو قۆناغە، هەڵگری باوەڕێکی سەلەفیانەیە بەڵام هیچ کارێکی تووندوتیژی ئەنجام نەدا، ساڵەکانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٦ لە ئامەدی باکوری کوردستان ٨ کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد و گەورەترین دەرکەوتنی  ئەم گروپە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک بوو لە دژی بڵاوبوونەوەی کارتۆنێک لە سەر پێغەمبەری ئیسلام لە وڵاتی دانیمارک.
ساڵی ٢٠١٠ پۆلیسی تورکیە بە تاوانی درێژەدان بە چالاکییە تیرۆریستیەکانی حیزبوڵلا بڕیاری داخستنی ئەم گروپەی دا،  بەڵام بەپاساوی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی چەپ و پارتی ئاشتی و دێموکڕاسی کوردەکانی باکور حیزبوڵلا جارێکی دیکە هاتەوە مەیدان، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٢ ئەندامانی ئەو گروپە لە چوارچێوەی حیزبێکی نوێدا بە ناوی هوداپار دەستیان بە چالاکی کردەوە.

هوداپار لە ١٧ی سێپتەمبەری ٢٠١٢ دامەزرا و ئۆفیسی سەرەکیان لە ئەنکەرە کردەوە، هوداپارتیستی لە زمانی تورکیدا بە واتای حیزبوڵلای عەڕەبی دێت و لە ئێستادا  لەگەڵ ڕێکخراوی "ئەویندارانی پێغەمبەر" بە تایبەت لە مەولودییەکاندا سەرقاڵی چالاکین.

لە پێرەو و پڕۆگرامی ئەو حیزبەدا هاتووە نەک تەنیا کوردەکان، بەڵکو هەموو موسڵمانانی تورکیاوە لەلایەن دەسەڵاتی سێکیولاری ئەو وڵاتەوە ستەمیان لێکراوە و لەو باوەڕەدان سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران دەبێت بە سەرهەڵدانێکی ئیسلامی ناوببرێت.

محەمەد کورت لە توێژینەوەکەی خۆیدا دەڵێت هوداپار هێندە لە کوردایەتی بێزار و ڕق لە دڵە بە جۆرێک هەر کاتێک وشەی کوردایەتی یان کوردیتی بەر گوێیان دەکەوێت یەکسەر تۆمەتبارت دەکەن بە ناسیۆنالسیت بوون.
لەم دوایانەدا پشتگیریان لە ڕێفراندۆمەکەی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی  سیستمی سیاسی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی کرد و پشتگیریان  لە هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ و هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و جەرابلۆس کرد.