ڕاپۆرتی کوردستانی

02:47 - 26/05/2019

تورکێک لەناو سەرکردایەتی کوردستاندا‌

پەیسەر

" ئەم خاکە سەدان ساڵە بەم شێوەیه‌یە"، كاتێك باوكی مرد، سری سوره‌یا ئۆنده‌ر ئه‌م دێڕه‌ی نووسه‌ری تورك ئۆرهان كه‌مالی له‌ناو په‌رتووكه‌كانی باوكیدا بەرچاو کەوت، هه‌ر ئه‌م دێڕه‌بوو هانی سڕی سوره‌یا ئۆنده‌ریدا خۆی لە ناو شۆڕش و سیاسه‌تدا ببینێته‌وه. 

 ئۆنده‌ر کە نووسین و سینەما و سیاسەتی تێکەڵکێش کردووە، ده‌ڵێت: " هونەرکێشەکان دەخاتەڕوو و سیاسەتیش چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە" لە سەر ئەم تێگەیشتنە، ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ هەوڵیدا هونەر و سیاسەت بۆ چارەسەری کێشەکان ئاوێتەی یەک بکات و لەو رێیەشدا باجێکی گەورەیدا.


سری سورەیا ئۆندەر کێیە؟
سیاسەتمەدار و نووسەر و ئەکتەر و دەرهێنەری سینەما سری سورەیا ئۆندەر لە خێزانێکی تورکمان، لە ٧ی تەموزی ساڵی ١٩٦٢ لە شاری سەمسوری باکوری کوردستان لە دایک بووە.

باوکی سەرۆکی ڕێکخستنی پارتی کرێکارانی تورکیا لە شاری سەمسور بوو، کاتێک تەمەنی هەشت ساڵ بوو، باوکی بە هۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد و لە گەل دایک و خۆشک و براکانی دا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵی باپیری، هێشتا منداڵ بوو کە لە دوکانێکی وێنەگری دا وەک شاگرد دەست بە کار بوو، خۆی دەڵێت، کاری وێنەگری بوو بە هۆکار کە لە کۆتایی دا خۆی لە ناو دنیای سینەما دا ببینێتەوە.

لە تەمەنی ١٦ ساڵی دا لە ناو ڕێکخراوێکی حکومی دا بۆ لەناوبردنی نەخۆشی مەلاریا، دەستی بە کارکردن کرد و هەر لەو سەردەمەشدا بە بزووتنەوە چەپ و سۆسیالیستەکان ئاشنا بوو و بەهۆی کار و چالاکییەکانی لە ڕێکخراوە حکومییەکە دوورخرایەوە و بە ناچاری لە دوکانێکی پەنچەرچی ئۆتۆمبێل دەستی بە کارکردن کرد.

ساڵی ١٩٨٠ دا لە زانکۆی ئەنقەرە لە بەشی زانستە سیاسییەکان وەرگیرا کە هاوکات بوو لەگەڵ کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلولی هەمان ساڵ، ئۆندەر و هاوڕێکانی لە دژی کودەتاچییەکان دەستیان بە چالاکی و خۆپیشاندان کرد و سەرەنجام دەستگیرکرا و دادگا بە تاوانی ئەندامێتی لە ڕێکخراوە نافەرمییەکان سزای ١٢ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپاند.

هەتا ساڵی ١٩٨٧ لە زیندان دا مایەوە و دواتر بەر لێبوردنی گشتی کەوت، دوای ئازادکردنی بوو بە شۆفێری بارهەڵگر و ٣ ساڵ لە کارەکەی بەردەوام بوو و دواتر تورکیای بە جێهێشت و لە کازاخستان و ئۆکراینا و روسیا ٣ ساڵ مایەوە.

دواتر لە سەر داوای ئەندازیارێکی هاوڕێی گەڕایەوە بۆ تورکیا و دەستی بە کاری بیناسازی کرد و سەرپەرشتی دروستکردنی باڵەخانەی " کاناڵ تورک"ی کرد، هەروەها لەو سەردەمەدا ژیانی هاوسەری پێکهێنا، بەڵام دوای ساڵێک و لە دایکبوونی کچێکیان، لە هاوسەرەکەی جیابوویەوە.

هەر چەندە کاری بیناسازی دەکرد، بەڵام لە نووسین و خوێندنەوە بە دوور نەبوو و نووسینەکانی کە لە هەندێک ڕۆژنامە و گۆڤاردا بڵاودەکرانەوە سەرنجی کەسایەتییە گەورەکانی تورکیای ڕادەكێشا، هاوکاتیش  سیناریۆی فیلمی دەنووسی.

لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لە ئەستەنبۆل کاتێک لە سەیرکردنی فیلمی "دیوار" لە دەرهێنانی  یەڵماز گۆنای دەگەڕایەوە، ڕیکلامی کۆمپانیایەک دەبینێت کە پێویستیان بە کەسێکی سیناریستەم سەردانی کۆمپانیاکە دەکات و لەو کارەدا وەردەگیرێت و سیناریۆی فیلمی " ئاشتی و پیرحەسەن" نووسی.

سڕی سورەیا ئۆندەر لە ساڵەکانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٠ دا وەک دەرهێنەر و یاریدەدەری دەرهێنەر و ئەکتەر بەشداری لە هەشت فیلمدا کرد کە بریتین لە " نێودەوڵەتی ، ئاخ منداڵەکان ، مرۆڤێکی بێ بەزەیی، زەماوەندی زۆمبیەکان، تەڵەی ئەژدیها، زمان، ژێرزەمین و زیندانی پیتی ئێف "، بێجگە لەوانەش سێ سیناریۆی فیلمی تەواو کردووە کە باس لە کۆمەڵکوژی مەڕاش، دیواری بەرلین، دروستکردنی بەنداوێک و بەشێک لە ژیانی کوردی باکوری کوردستان دەکات و زۆربەی ئەو فیلمانەی کە کاریشی تێدا کردووە، فیلمی کۆمیدی و ڕەخنەئامێزن.
لە ساڵی ٢٠١٠ دا وەک وتارنووس لە ڕۆژنامەکانی بیر گون، رادیکال و ئۆزگور گوندەم کاری کرد، لە ساڵی ٢٠١١ دا لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا وەک کاندیدی پارتی ئاشتی و دیموکراسی لە شاری ئەستەنبۆل خۆی هەڵبژارد و سەرکەوت.

لە ٣٠ی ئایاری ٢٠١٤ دا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" بۆ سەرۆک شارەوانی ئەستەنبۆل دیاریکرا بەڵام نەیتوانی زۆربەی دەنگەکان بە دەست بهێنێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ دا لە سەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" خۆی بۆ پەرلەمان کاندید کردەوە و بە پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئەنقەرە هەڵبژێردرا و لە هەمان کاتیشدا وەک یاریدەدەری یەکەمی هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە دەستنیشانکرا.

پەرلەمانتارە کۆمێدییەکەی تورکیا
سری سورەیا ئۆندەر لە دوو خولی پەرلەماندا بەهۆی دەربڕینی کێشەکان بە شێوەیەکی کۆمێدی و وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنانەی کە ئاڕاستەی هەدەپە و هاوڕێکانی دەکرا بە شێوەیەکی تەنزئامێز، وەک پەرلەمانتارە کۆمێدییەکەی تورکیا ناوبانگی دەرکرد.

لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی دا، لە وەڵامی پرسیاری " چۆن یەکڕیزی نێوان گەلانی تورکیا بەهێز بکرێت"دا ئۆندەر بەمجۆرە وەڵام دەداتەوە: " ڕۆژێک تورکێک و ئەرمەنییەک و کوردێک، بە دزیەوە دەچنە ناو باخی تورکێکەوە و میوەکانی دەدزن، بەڵام خاوەن باخەکە دەیان بینێت و هەرسێکیان دەستگیر دەکات، بە ئەرمەنیەکە دەڵێ، باشە ئەوە وتمان  کورد و تورکە موسڵمانن و من کێشەم لەگەڵیان نیە، تۆ کە کافری چۆن ئەوێری دزی لە باخەکەی من بکەیت؟  بە دڵی خۆی ئەرمەنییەکە دارکاریی دەکات، ئەوجا بانگی کوردەکە دەکات و دەڵێ باشە ئەوە وتمان تورکەکە هاوزمان و هاوخوێنی منە، تۆی کورد کە لە قەومی من نیت، چۆن ڕێ بە خۆت دەدەی دزی لە باخەکەی من بکەیت؟ بە دڵی خۆی کوردەکەش دارکاریی دەکات، ئەوجا بانگی تورکەکە دەکات و دەڵێت، باشی تو شەرم ناکەی لەگەڵ ئەو دووانەدا هاتووی و خیانەت لە هاوزمان و هاونیشتمانی خۆت ئەکەی؟ ئەویش دارکاری دەکات، دواتر هەرسێکیان کۆدەبنەوە و دەڵێن باشە خۆ هەرسێکمانی دارکاری کرد و ئێمە هیچ هەڵوێستێکمان نەبوو، دواتر ئەرمەنییەکە دەڵێ ئەگەر یەکەمجار کە منی بە تەنیا بانگ کرد، ئێوە هەڵوێستان هەبوایە، نەیدەتوانی هیچ کامێکمان دارکاریمان بکات". بەم شێوەیە ئۆندەر باسی لە کۆمەڵکوژی ئەرمەن و کورد و تورکە چەپەکان کرد کە ئەگەر خاوەنداریان لە یەکتری بکردایە ئەوا هیچ لایەکیان کۆمەڵکوژ نەدەکران.

لە قۆناغی پرۆسەی ئاشتی دا ڕۆڵی سەرۆکی بینی
ئۆندەر لە ساڵی ٢٠١٣ دا بە سەرۆکی وەفدی ئیمراڵی هەڵبژێردرا و وەک نێوەندگیر دەستیان بە دانوستاندن لە گەل حکومەت، ئۆجەلان و قەندیل کرد، لە نەورۆزی هەمان ساڵدا لە شاری ئامەد، پەیامەکەی عەبدولا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکەی خوێندەوە و هەتا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ چەندین جار لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی تورکیا و ئۆجەلان و بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل کۆبووەوە و ڕۆڵێکی گرنگی لە هەنگاوەکانی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا گێڕا.

لە کۆشکی دۆڵمە باخچەی ئەستەنبوڵ بە ئامادەبوونی ئەندامانی دیکەی شاندی ئیمڕالی و یاڵچین ئایدۆغان یاریدەدەری ئەو کاتەی سەرۆک وەزیری تورکیا و ژمارەیەک بەرپرسی تورکیا، پەیمانە ١٠ خاڵیەکەی نێوان حکومەت و پەکەکەی خوێندەوە، لە سەردانێکیدا بۆ ئیملالی، ئۆجەلان ڕۆلی ئۆندەری بە گرنگ وەسف کردووە و نازناوی سەرۆکی لێناوە.

هەوڵ و خەباتی ئۆندەر لە پێناو ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد و کۆتاییهاتن بە شەڕ نەک تەنیا نەگەیشتە ئامانجی خۆی، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە وەک تاوانبار لەقەڵەمدرا و سەردانەکانی بۆ ئیمرالی و قەندیل و بە تایبەتی خوێندنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان لە نەورۆزی ٢٠١٣ دا لە دژی خۆی بەکارهێنران.

کورد لە دیدی سری سورەیا ئۆندەرەوە
ئۆندەر لەبارەی کورد و کوردستانەوە دەڵێت " خاکی کوردستان، خاکی لەناوبردنی خەون و خەیاڵی کوردەکان بووە، بە سەدان ساڵە کوردەکان نە بە زیندوویی و نە بە مردوویی، هیچ کاتێک لە سەر خاکەکەیان نەحەساونەتەوە، لە بەر ئەوە کەس ناتوانێت بە خۆی بڵێت من سۆسیالیستم، ئەگەر لەپێناو دۆزی گەلی کورددا خەبات نەکات. لە تورکیاش ڕاستە کورد دەتوانێت ببێت بە هەموو شتێک، دەتوانێت ببێت بە بەڕێوبەر، پەرلەمانتار، سەرمایەدار و سەرۆکیش، بەڵام هیچ کاتێک کورد ناتوانێت ببێت بە کورد".

دوایین ووتەکانی ئۆندەر بەر لە سزادانی
لە ٦ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ دا، ئۆندەر لە لایەن ٢٦ مین دادگای سزا قورسەکانی ئەستەنبوڵەوە بانگهێشتکرا بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ "تیرۆر" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بە سەردا سەپێنرا.

ئۆندەر لە دوایین دیداریدا لە گەل ڕۆژنامەنووسان لە بەردەم دادگای ئەستەنبۆل ڕایگەیاند، بڕیاری دادگا بۆ ئەو کەسانەی کە داوای ئاشتی و دیموکراسی دەکەن، سوپرایزێک نیە، ئەم شەڕ و بیرکردنەوە ڕەشە، ئەوەندەی کە دەگۆترێت قووڵ نیە. هەر چەندە کۆمەڵێک ڕووداوی ناخۆش ڕوودەدەن، بەڵام ڕۆژانێکی خۆش بەڕێوەیە. ئێمە لە پشت هەموو هەنگاوێک و هەڵوێستێکی خۆمانین و باجەکەشی دەدەین.

سڕی سورەیا ئۆندەر لە ئێستادا لە زیندانی کاندرای شاری کۆجائەلی زیندانیکراوە و بەپێی بڕیاری دادگا هەتا ٣ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ لە زیندان دا دەمێنێتەوە.