لێکۆڵینەوە

06:36 - 26/05/2019

فاکتەرو دەرکەوتەکانی دڵە ڕاوكێی تاقیكردنەوەكان و چۆن ڕوبەڕوی ببینەوە ؟‌

عومەر عەبدول

هەموو ساڵێکی نوێی خوێندن بە پێکەنین و دڵخۆشی دەست پێ دەکات ، بۆ ئەوەی کە لە دڵی خوێندکاران جوانترین وێنەی یادگاری لەگەڵ هاوڕێیان تۆمار بکات ، بەڵام هەر زوو دڵەڕاوکێ و دودڵی جێگای ئەو دڵخۆشی و پێکەنینە دەگرێتەوە ، ئەوەش ئەو کاتەی خوێندکاران نزیک دەبنەوە لە کۆتایی ساڵ و کەشی تاقیکردنەوەکان کە لێوان لێون لە دڵەڕاوکێ و دودڵی و ترس .

زۆرجار ئەم حاڵەتە دەگاتە کێشە و گرفتی خێزانی و پاڵەپەستۆی دەرونی، کە دەرئەنجامی ئەمەش دڵەڕاوکێی لێدەکەوێتەوە لە کاتی تاقیکردنەوەکان لای خوێندکاران، بێگومان تاقیکردنەوەکان ترسێکی زۆری هەیە و ناتوانین دان بەو راستیەدا نەنێین ، تەنانەت زۆر دەگوترێت کاتێك پرسیار لە (ناپلیۆن) کرابێت لە چی شتێک زۆر دەترسیت؟  لە وەڵامدا گوتویەتی تاقیکردنەوەکان.
 
بەڕاستی دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەکان چیە ؟ ئەی دەرکەوتەو فاکتەرەکانی چین ؟ چۆن ڕو بە ڕوی ببینەوە ؟ 
دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەکان، بریتیە لە دۆخێکی هەڵچونی دەرونی کاتی کە بەسەر خوێندکاردا دێت ، هاوکات هەڵچوونێکی دەرونی و فیزیکیی نائاسایی ، کە لە ئەنجامی باوەڕ کردنیەتی بەوەی کە توشی شکست دەبێت لە تاقیکردنەوەکان یان ناتوانێت وەکو پێویست وەڵام بداتەوە . یان ترس لە مانەوەو کەوتن و کاردانەوەی خێزانی ، یان لەبەر لاوازی متمانەبون بە خۆی و حەزی سەرکەوتن بەسەر ئەوانی تردا ، یان زۆر جار لە بەر هۆکاری تەندروستی . دەرکەوتەکانی دلەراوکێ تاقیکردنەوەکان 

1-فاکتەرە دەرونیەکان... . دڵەڕاوکێ و ترس و هەست کردن بە تەنگەبەریی و خنكان،  نائارامی .بیر کردنەوەی نێگەتیڤ لەبارەی شکستەوە و زوو هەڵچون و توڕەبون . . کۆنترۆڵ لەدەست دان بە هۆی ئەو ترس و دڵەراوکێیەوە کە کاریگەری نێگەتیفی دەبێت لەوەی وەریگرتووە و لەبەری کردوە و دەیهێنێتەوە یاد . . وەستانی عەقڵ و بیرکردنەوەی کە ئەوەش دڵەڕاوکێیەکەی زیاد دەکات . . لەدەست دانی حەزی خواردن و تێکچونی خەو .

2-. فاکتەری فیزیکیی . لێدانی دڵ بە ناجێگیری و خێرایی هەناسەدان . وشکبوونەوەی گەروو عارەق کردنەوەی زۆر . هەست کردن بە ساردبونەوە . ئازاری سک و سەرەگێژە کە لای کچان زیاترە ئەم حاڵەتە . زۆر میز کردن زۆر جاریش سکچون . ئەم دەرکەوتانە دەرکەوتەی فیزیکیی ئاسایین و لە ئەنجامی هەستیاری دەمارەکان بە شێوەی نەویستراو و هەرەوها ڕژانی مادەی (ئەدرینالین) لە خوێندا .

3-. فاکتەری لاوەکی ئەوەش کۆمەڵێ ڕەفتارە کە دڵەراوکێ کەمدەکاتەوە وەک نەچوون بۆ قوتابخانە و دوری لە تاقیکردنەوەکان ، یان سەرقاڵبوون بە تەلەفزیۆن و یاری و خوێندنەوەی چیرۆک و گۆڤارەکان. فاکتەرەکانی دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەکان . کەسێتی ڕاڕاو دودڵ . فشاری زیاد لە پێویستی خێزان بۆ دەرچون هێنانی نمرەی بەرز . هەڵوێستەکانی هەڵسەنگاندنی خوود . نائامادەیی خوێندکار بۆ تاقیکردنەوەکان و بەرزی ئاستی خواستەکانی . تۆخ کردنەوەی ترس لە تاقیکردنەوەکان لەلایەن خێزانەوە و گرتنە بەری ڕێ و شوێنی تەقلیدی وەک هەڕەشەی سزادان . . حەزی لە ڕادەبەدەری خوێندکار بۆ یەکەمی و سەرکەتن بەسەر ئەوانی تردا و هەندێ جار هەستی خۆ بەکەم زانین لە بەرامبەر خوێندکارانی هاوڕێی. لاوازی متمانە بە خۆبون . هەست کردن بە دوورەپەرێزی و لەگەڵ هاوڕێکانی و تێکەڵی نەکردنیان، کێشەی تەندروستی ، خراپی سیستمی پرسیار دانان،  ئەو ترسەی هەندێ مامۆستا ئەیخاتە دڵی خوێندکارەوە کە زۆر جار مامۆستا وەک تۆڵە بەکاری دەهێنێت ، ترسی بیر چونەوە ، ترس لەوەی نەتوانێت لە کاتی دیاری کراودا وەلام بدەیتەوە.. 

لەبەر ئەوە خوێندکاری بەڕێز بزانە کە:
1- ئەگەر ترست هەیە لەوەی کە ئەوەی لەبەر کردوە بیرت بچێتەوە ، ئەوە دڵنیابە ترس و وەهمێک زیاتر نیە ، یان لە بیر چونەوەیەکی کاتییە ، چونکە ئەوەی لەبەرت کردوە لە یادەوەریتا ماوەتەوە بە تایبەت ئەگەر ڕێچکەیەکی باشت پەیڕەو کردبێت بۆ کۆشش کردن ، ئەو هەر زانیاریەک کە پێت وایە پێشتر لەبەرت کردوە و نەیەتەوە بیرت یان پێت وایە نازانی ، ئەوا نیگەران مەبە چونکە یادەوەری هەڵدەسێت بە دەرکردنی فەرمان بۆ دەستەکان لە وەلامدانەوەی دروستدا. 

2- ئەگەر دڵەڕاوکێیەکەت بەهۆی قوڕسی پرسیارەکان یان شێوازەکەیەوە یە (وەک دەق یا بابەت یا لەو جۆرە) ئەوا ئەوە بخەرە مێشکتەوە کە ئەم پرسیارانە ئامادەسازییان بۆ کراوە لە لایەن لیژنەی پسپۆڕەوە و دۆخی تایبەتی خوێندکار لەبەرچاو گیراوە تێیدا .

3- بێ گومان تۆ ئامادەسازیت کردوە هەر لەسەرەتای ساڵەوە کەمتەرخەم نەبویت ، وەلەگەڵ مامۆستاکاندا بە وانەکاندا چوونەتەوە و هەمو وانەکانت بە ڕێکوپێکی خوێندوە ، وە ئەوەی لەسەر تۆ بوە بەجوانی ئەنجامتداوە لە ئەرک و پەرپرسیارێتی ، دەی کەواتە تۆ ئامادەیت و گرفتت نیە لە تەواوی ساڵەکە نەک هەر ئەو چەند ڕۆژەی تاقیکردنەوەکان ، کەواتە هیچ مەترسەو دودڵ مەبە .

4-ئەبێ بزانیت کە خۆ بەکەم زانین هەستێکە خۆت بەرپرسیاریت لێی ، دەبێ ئەوەش بزانیت کەتۆ خوێندکارێکیت هەمان وزەو توانات هەیە کە هاوڕێکانت هەیانە ، هەربیرکردنەوەیەك  لەترس و دڵەڕاوکێ و لەدەستدانی متمانە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ئاستی ڕاستەقینەی خۆت و تەنانەت توانا زانستیەکانیشت .

5- دەبێ بزانیت ئەو کاتەی دیاری کراوە زۆر گونجاوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و پێداچونەویان بە چەند قات .

6- بێگومان دەزانیت کە جیاوازیت هەیە لە ئاستەکاندا لەگەڵ هاوڕێکانت ، بۆیە ئەگەر هاوڕێکەت لەتۆ باشتر بوو، ئەوە کۆتایی نیە و لەزۆر بواری تردا  تۆ لەوان نایابتری. 

چۆن بە گژ دڵەڕاوکێ کاتی تاقیکردنەوەکاندا بچینەوە ؟ 
بێ گومان لە ڕێگەی هەنگاوی دروستی (سەعی) كۆشش کردنەوە کە ئەمانەن :

 1- ڕێگای گشتی : وەک ئەوەی خوێندکار بابەتەکە بە شێوەیەکی گشتی بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکی گشتی لا دروست ببێت ، پاشان بەسەریدا بچێتەوە بۆ تا هەموی تەواو دەکات ، لەم ڕێگەیەوە سود لەو بابەتە کورتانە وەردەگرێت کە لەیەکەوە نزیکن .

2- ڕێگەی دابەشکردن :واتە ئەو بابەتانەی بەیەک دەخۆن بەیەکەوە سەعی تێدا بكەن، 

ڕێگەی دابەشکردن :واتە ئەو بابەتانەی بەیەک دەخۆن بەیەکەوە سەعییان تێدا دەکەیت ، لێرەدا خۆت بڕیاری کۆکردنەوەی بابەتەکان دەدەیت بەو شێوەیەی گونجاوە بۆ کۆنترۆڵ کردنی ، کە ئەم رێگایەش گونجاوە بۆ بابەتە درێژەکان کە گرانە پێکەوە بەستنیان. 


ڕێگای تێکەڵ : ئەمەش تێکەڵ کردنی هەردو ڕێگاکەی پێشوە پێکەوە . فەراهەم هێنانی ژینگەیەکی گونجاو لە ماڵەوە : کۆمەڵێ بنەما هەیە پێویستە ئاگاداری بی لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا و دەبێ پابەند بی پێیانەوە.

1- ڕێکخستنی کات و دانانی پلانێکی گونجاو بۆ وانەکان.
2- وەرگرتنی پشوو لەو کاتەی هەست بە ماندوو بوون دەکەیت.
3- دیاری کردنی شوێنی گونجاو لە ڕوی بێدەنگی و ڕوناکی و با ەتەکانی دیکە.
4- دوور کەوتنەوە لە ژووری نووستن چونکە بەردەوام دەبێ باوێشک بدەیت.
5-سەعی کردن لە وانە زانستیەکاندا لەسەر کاغەز وەک بیرکاری و فیزیا و کیمیا و تەنانەت زیندەوەرزانیش بۆ ئەوەی بیرت نەچێتەوە.
6-گرنگی دان بە سیستەمی خواردن بە شێوەیەكی تەندروست.
7- ڕێکخستنی کاتی خەو بە زیاد وکەم بەشێوەی بەرنامە . 

هەندێ ئامۆژگاری بۆ پێش تاقیکردنەوەکان:
1- هەوڵ بدە متمانەت بە خۆت هەبێ و هیچ شتێک نەتترسێنێ .
2- کاتی ژەمە خواردنەکان ڕێک بخە و پشو وەرگرە با بە باشی ئامادە بیت.
3-کاتی تاقیکردنەوەکان بزانە بە وردی و لە یادی نەکەی.
4- شەوی تاقیکردنەوەکان زوو بخەوە با ئاسودە بیت و ماندوێتی زیانت پێ نەگەیەنێت.
5- بەیانی زوو هەستە ژەمی بەیانی بە ڕێکی بخۆ ، چونکە زیان بە یادەوەری دەگەیەنێت ئەگەر گرنگی پێ نەدەیت.
6- نە زوو بڕۆ بۆ وێستگەی تاقیکردنەوەکان نە درەنگ ، بەڵکو لە کاتی گونجاودا بۆ ئەوەی توشی دڵەڕاوکێ و دودڵی و نەبیت.
7- پێش تاقیکردنەوە لەگەڵ هاوڕێکانت وتو وێژ لەسەر وانەکان مەکە چونکە تۆ پێشتر خۆتت ئامادە کردوە .
8- زۆر بە وردی پرسیارەکان بخوێنەرەوە و هیچ پەلە مەکە لە وەلامدانەوە.
9-یەکەم جار لە پرسیارە ئاسانە کانەوە دەست بکە بە وەلام دانەوە و ئەوانەشی کە گومانت هەیە چان جارێک بە مسوەدە ئەزمونی بکە و دواتر وەڵامبدەرەوەو ئاگات لە کاتەکە بێت.
10- کاتەکان دابەش بکە بۆ وانەکان و ڕێکیان بخە و دڵنیا بە لەوەی تۆ سەر دەکەویت

بەهیوای سەرکەوتن بۆ هەموو خوێندکارانی خۆشەویست سەرچاوە :
عین الجمهوریە