ڕاپۆرتی کوردستانی

10:07 - 28/05/2019

هه‌زار ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ده‌وڵه‌تێك به‌ناوی كوردستانه‌وه‌ بوونی هه‌بووه‌؟‌

پەیسەر

دەگوترێت بۆ یەکەمین جار بەکارهێنانی ناوی "ویلایەتی کوردستان" بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن سۆڵتان سنجاری سەلجوقیەوە بەکارهێنراوە کە بە تەنیا بەشێکی کەمی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتبوه‌وه‌. بەڵام سەدان ساڵ پێش سۆڵتان سنجاری سەلجۆقی لە سەردەمی دەوڵەتی مەروانیە کوردەکاندا، باکوری کوردستان، وەک "کوردستان" پێناسە کراوە و لە پەرتووک و بەڵگە مێژووییەکاندا تۆمارکراوە.

یەکێک لەو پەرتووکە مێژوویی و گرنگانەش، پەرتووکی "ماتەئۆسی ڕۆحایی" زانا و مێژوونووسی ئەرمەنی باکوری کوردستانە کە لە نیوان ساڵەکانی ( ١٠٤٠ – ١٠٥٠) دا لە شاری رۆحای باکوری کوردستان لە دایک بووە. هەرچەندە ساڵی لەدایکبوون و مردنی بە تەواوی نازانرێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە رووداوەکانی ساڵەکانی ٩٥٢ زایینی بۆ ١١٣٢ ی زایینی لە پەرتووکەکەیدا تۆمار کراون، دەگوترێت، لە نیوان ٧٠ بۆ ٨٠ ساڵی دا کۆچی دوایی کردووە.

"ماتەئۆس" کەسایەتیەکی ئایینی ئەرمەنی بوو و لەسەر زمانی کەسایەتی و کەسە بە تەمەنەکان و بە شیوەیەکی بێلایەن، ڕووداوەکانی ده‌یه‌كانی سەردەمی خۆی لە پەرتووکێک دا بە ناوی " Chronicle of Matthew of Edessa- ڕاستیە مێژووییەکان لە سەردەمی ماتەئۆسی ڕوحایی دا" تۆمارکردووە کە ناوی باکوری کوردستانی ئێستای وەک "کوردستان" بەکارهێناوە.

پەرتووکەکەی ماتەئۆس بۆ یەکەمین جار لە کلێسەیەکی ئەرمەنیەکان لە شاری قۆدس دۆزراوەتەوە و ڕۆژهەڵاتناسی فەڕەنسی" Jean Paul Louis François Édouard Leuge-Dulaurier( 1807 – 1881) " لە زمانی ئەرمەنیەوە بۆ سەر زمانی فەڕەنسی لە ساڵەکانی ١٨٥٠و ١٨٥٨ و ١٨٦٩ دا به‌ چه‌ند به‌شێك وه‌ریگیڕاوه‌ و بڵاویكردۆ‌ته‌وه‌.

لە سالێ ١٩٦٢ دا پەرتووکەکەی ماتەئۆس لە لایەن هراند دەر ئاندرسان نووسەری ئەرمەنی بۆ سەر زمانی تورکی وەرگێردراوە و ناوەندی مێژوویی تورکیاش لە ساڵەکانی ١٩٦٢ و ١٩٨٧ و ٢٠٠٠ دا سێ جار چاپی کردووە.

پەرتووکەکە لەلایەن " Ara Edmond Dostourian" لە ساڵی ١٩٩٣ دا وەرگێردراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.

خەرزی خەرزان، نووسەر و مێژوونووسی کوردی ناوچەی خەرزانی ئامەدی باکوری کوردستانیش لێکۆڵینەوەی لە سەر پەرتووکەکە کردووە و دەڵێت، لە پەرتووکە ئینگلیزی و فەڕەنسیەکەدا وەک خۆی و بێدەستکاریکردن باس لە "کوردستانیبوونی" ئەو شارانەی کە لە ژێر دەسه‌ڵاتی مەروانیەکان دابوون کراوە، بەڵام بە داخەوە، ناوەندی مێژوویی تورکیا کە سەر بە دەوڵەتی تورکیایە، لە کاری وه‌رگێرانی پەرتووکەکە بۆ سەر زمانی تورکی دا وشەی کوردستانیان دەرهێناوە و پەرتووکەکەیان شێواندووە.

خەرزی خەرزان بەشێکی ئەو ڕووداوانەی لە ئینگلیزیەوە وەرگێڕاندۆتە سەر زاراوەی "کورمانجی" و لە دەستپێکی نووسینەکەیدا باسی لە سەردەمی (دەوڵەتی مەروانی ٩٨٥ – ١٠٩٦ ز) کردووە و دەڵێت، دەوڵەتی مەروانی لە سەردەمی پاشایەتی "ناسرو دەولە ئەحمەد (١٠١١ – ١٠٦٣ ز)دا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرفراوان بووە و پەیوەندیەکی باشی لە گەڵ بێزه‌نتی و عەباسیەکان دا هەبووە. 

دەوڵەتی مەروانی لە سەردەمی "ناسرودەولە" دا لە رۆحاوە بۆ هەکاری، لە ماردینه‌وه‌ بۆ هەرێمی سەرحەد، لە خارپێتەوە بۆ ئەرزەرۆم و لە ئەرزەرۆمەوە بۆ جه‌زیره‌ی بۆتان دەسەڵاتدار بووە، واتە لەسەدا ٧٠ باکوری کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە کوردەدا بووە.

ناسرەدەولە" پاشایەکی زیرەک و ژیر بووە و بێ شەر توانییەتی سنورەکانی دەوڵەتەکەی فراوان بکات. لە سەردەمی ئەودا لە ئامەد، فارقین، خەرزان و جه‌زیره‌ی بۆتان، بیناسازی پەرەی سەندووە و کوردەکان لە بارودۆخێکی زۆر باش دا ژیاون. ناسرودەولە" ڕێزێکی زۆر لە نەتەوەکانی دیکەی وەکو مەسیحی و ئەرمەنی گرتووە و لە بەر ئەو هۆکارەش بووە کە توانیویەتی سنوری دەوڵەتەکەی فراوان بکات و ماتەئۆسیش درکی بەو ڕاستیە کردووە و لە پەرتووکەکەیدا باسی کردووە.

خەرزی خەرزان جەنگێکی مێژوویی نێوان مەروانیەکان و عەرەبەکانی شاری رۆحای باکوری کوردستانی کە لە پەرتووکەکەی "ماتەئۆس" دا باسی لێ کراوە، لە گەڵ شیکاریەکانی خۆی دا تێکەڵ بە یەک کردووە کە دەریدەخات مەروانی و دراوسێکانی، ووشەی کوردستانیان بۆ خاکی کوردەکان بەکارهێناوە.

شیکاریەکەی خەرزی خەرزان و شەڕی نێوان مەروانی و عەرەبەکان لە پەرتووکی "ماتەئۆس" دا
"بە پێی تۆمارەکانی "ماتەئۆس" لەو سەردەمەدا سێ قەڵا لە شاری ڕۆحای باکوری کوردستان هەبووە. دوانیان لە ژێر دەسەڵاتی والییه‌كی مەروانیەکان بە ناوی "شاپاڵ دا بووە و قەڵایەکیش لە ژێر فەرمانڕەوایی "ئۆتەیر" والی عەرەبەکان دا بووە.

"ماتەئۆس" لە پەرتووکەکەدا باس لە عەرەببوونی "ئۆتەیر" دەکات، بەڵام باسی لە ڕەچەڵەکی "شاپاڵ" والی مەروانیەکانی نەکردووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لەدەوڵەتی مەروانی دا هەموو پۆستە گەورەکان بە دەست خانەدانە کوردەکان بووە، پێشبینیدەکرێت،"شاپاڵیش" کورد بێت.

لە نیوان شاپاڵ و ئۆتەیردا ناکۆکیەکی زۆر هەبووە و هەردووکیان هەوڵیان بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان لە شاری ڕۆحا و دەوروبەری داوە. لە ساڵی ١٠٣٢ دا "شاپاڵ" والی مەروانیەکان لە کۆبۆنەوەیەکدا لە لایەن ئۆتەیرەوە دەکوژرێت و قەڵایەکی مەروانیەکان داگیر دەکات.

مەروانیەکان بە تەنیا قەڵایەکیان بە دەستەوە دەمێنێت و فەرماندەیەکی مەروانیەکان بە ناوی "سەلمان" قەڵای دووەمی مەروانیەکان دەپارێزێت و داوای هێزی پشتەوانی لە شاری فارقینی پایتەخت دەکات. "ناسرودەولە" پاشای مەروانیەکان، فەرماندەیەکی گەورەی سوپاکەی بە ناوی "رەئیس باڵ" و هەزار سوارچاک بۆ ڕۆحا دەنێرێت. لە ئەنجامی شەڕێکی خوێناویدا رەئیس باڵ سوپای عەرەبەکان تێکدەشکێنێت و "ئۆتەیر" دەکوژێت و قەڵای مەروانیەکان و قەڵای عەرەبەکانیش کۆنترۆڵ دەکات و شاری ڕۆحا بە تەواوی دەکەوێتە دەستی مەروانیەکان.

هاوسەری ئۆتەیریش ئاڵایەکی ڕەش دروست دەکات و بە ناو هەموو عەشیرە عه‌ره‌به‌كاندا دەگەڕێت و پێان ڕادەگەیەنێت، كورده‌كان، هاوسەرەکەیان کوشتووە و رۆحایان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە. عەشیرە عەرەبەکانیش کۆدەبنەوە و دەست بە هێرشێکی گەورە بۆ سەر "رەئیس باڵ" و هێزەکەیدا دەکەن.

ناسرودەولەش هێزێکی گەورە کۆدەکاتەوە و خۆی فەرماندەیی سۆپای مەروانیەکان دەکات و بەرەو ڕۆحا بەڕێدەکەون، پاشان لە نزیک شاری ڕۆحا عەرەبەکان هێرش دەبەنە سەر مەروانیەکان و لە بەر زۆری ژمارەی سوپای عەرەبەکان، مەروانیەکان پاشەکشێ ده‌کەن و دەگەڕینەوە بۆ فارقین.

رەئیس باڵ و هێزەکەشی هەرچەندە بەرگری لە شاری ڕۆحا دەکەن، بەڵام هێزە عەرەبەکان فشارێکی زۆریان بۆ دێنن و رەئیس باڵ پەیامێک بۆ ناسرودەولە دەنێرێت و دەڵێت، من و سوپاکەم لە بارودۆخێکی خراپداین و هەڕەشەیەکی گەورەش لە سەر "کوردستان" هەیە.

ناسرودەولەش جارێکی دیکە "سەلمان" دەنێرێتە ڕوحا و فەرمان بە "رەئیس باڵ" دەکات کە بگەڕینەوە بۆ "فارقین". "ناسرودەولە" و "رەئیس باڵ" لە فارقین کۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن، بۆ ئەوەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان لە دەست نەدەن، شاری ڕۆحا و هەرسێ قەڵاکەی رادەستی عەرەبەکان بکەن.

بەو شێوەیە "ماتەئۆس" لە پەرتووکەکەیدا باس لەو ڕووداوە دەکات و وشەی "کوردستان" بۆ وەڵاتی مەروانیەکان بەکاردەهێنێ و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ناوی کوردستان لە سەردەمە جیاوازەکاندا بەکارهێنراوە.

"ماتەئۆس" لە پەرتووکەکەیدا دەڵێت، کە داستانی ئەو جەنگەی لە زاری "رەئیس باڵ" فەرماندەی گەورەی مەروانیەکانەوە بیستووە و تۆماری کردووە. بەمەش دەردەکەوێ کە مەروانیەکان بە تەواوی دەوڵەتێکی کوردیان هەبووە و لە کاروباری دەوڵەتەکەیاندا وشەی کوردستانیان بۆ وەڵاتەکەیان بەکارهێناوە.

مێژوونووسان و دەوڵەتانی دراوسێش ناوی دەوڵەتەکەیان بە دەوڵەتی "مەروانی"  یان "مەروانیە کوردەکان" هێناوە، بەڵام لە ڕاستیدا مەروانیەکان دەوڵەتەکەیان وەک "دەوڵەتی کوردستان" پێناسە کردووە.

خەرزی خەرزان لە نووسینەکەیدا ڕەخنەیەکی زۆری لە هراند دەر ئاندرسان نووسەری ئەرمەنی گرتووە و دەڵێت، دەستی لە نرخە مێژووییەکان هەڵگرتووە و ئەرکە مێژوویی و زانستیەکەی بەجێنەگەیاندووە و لە وەرگێڕە تورکیەکەدا ووشەی "کورد" و کوردستانیان دەرهێنراوە و هەوڵیان داوە مێژووی گەلی کورد بشێوێنن.