ڕاپۆرتی کوردستانی

01:32 - 29/05/2019

چاوپێکەوتنەکانی ئیمراڵی و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا‌

پەیسەر

چاوپێکەوتنی پارێزەران و عەبدوڵا ئۆجەلان و پەیامه‌كه‌ی بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکان، ئەو پرسیارەی دروست کرد کە ئایا پرۆسەی ئاشتی لە نێوان کورد و تورک ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌؟ هەرچەندە بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکەپە" کە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکاندا لە پارێزگای ئیستانبوڵ پێویستیان بە دەنگی کوردەکانە، هیچ ئاماژەیەکیان بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی نەداوە، بەڵام هەڵگرتنی گۆشەگیری لە سەر ئۆجەلان دوای هەشت ساڵ و ڕۆژێک دوای بڕیاری دووبارەکردنی هەڵبژاردنەکان لە ئیستانبوڵ، هیوایەکی خسته‌وه‌ ناو لایەنگرانی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستاندا.

هەر چەندە نەرمبوونی حکومەت لە بەرامبەر هێزە کوردییەکان و هەڵگرتنی گۆشەگیری لە سەر ئەجەلان، پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی شاری ئیستانبوڵەوە هەیە، بەڵام پێویستە حکومەتی ئاکەپە دەست بە دانوستاندنەکان بکاتەوە. لەبەر ئەوەی پێشبینیەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بە تەنیا ناتوانێت وا بکات کوردەکان لە ئیستانبوڵ دەنگ بە کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان بدەن.

هەروەها هەتا دانوستاندنەکان و پرۆسەی چارەسەری بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە فەرمی و لە سەر ڕاگەیاندنەکان نەبینرێت، ئۆجەلان و پارتی دیموکراتی گەلانیش ناتوانن داوا لە دەنگدەرە کوردەکان بکەن کە لە هەڵبژاردنەکاندا پشتگیری لە کاندیدی ئاکەپە بکەن، لە بەر ئەوەی ساردبوونەوەیەک لە نێوان دەنگدەرە کوردەکان و هەدەپەدا دروست دەبێت.

ئایا ڕێکەوتنی مەهەپە و ئاکەپە کاریگەری لە سەر پرۆسەی ئاشتی هەیە؟
زۆربەی هاوڵاتیانی تورکیا، داوای بێدەنگکردنی چەک و دانوستاندن دەکەن و هەندێکیان حکومەت و هەندێکیشیان پەکەکە بە هۆکاری کۆتاییهێنانی پرۆسەی ئاشتی دەزانن، بەڵام هێشتا باوەڕیان بە چارەسەری سیاسیانەیه‌ و ئەو داواکارییەیان لە هەموو لایەک هەیە بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌.

گه‌ر هیوایه‌ك مابێت بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی، هێشتا ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌كه‌دا ماوه‌ ئه‌ویش رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی نێوان پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا ( مه‌هه‌په‌ ) ئه‌كه‌په‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ وا ده‌كات پڕۆسه‌كه‌ جارێكی تر له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنه‌وه‌یدا سستی به‌خۆیه‌وه‌ ببنێت و پێناچێت، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد کارێکی ئاسان بێت.

لە گەڵ ئەوەی یەکێک لەو خاڵانەی کە مەهەپە و ئاکەپەش لە سەری ڕێکەوتوون، دژایەتیکردنی هەدەپە و پەکەکەیە، کە مەهەپە بە هەموو شێوەیەک دژایەتی چارەسەری پرسی کوردی بە ڕێگای دیالۆگ و دانوستاندن کردووە، بەڵام دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە بارەی دیداری نێوان ئۆجەلان و پارێزەرانی ڕایگەیاندبوو، سەردانی پارێزەران بۆ ئیمراڵی، کێشەیەک دروست ناکات.

هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلی لە لایەکەوەی پێشوازی لێکرا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە گۆمانی ئەوەی دروست کرد، ئاکەپە بەر لەوەی ڕێگا بە پارێزەران بدات سەردانی ئیمراڵی بکەن، لە گەڵ مەهەپەدا ڕێکەوتبێ و بەڵێنی ئەوەی پێدابێت کە بە هیچ شێوەیەک بۆ چارەسەری، ئۆجەلان ئه‌كته‌رێك نابێت و پێدەچێت کە تاکتیکێکی هەڵبژاردنەکان بێت.

رەوشی سوریا و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا
لە سوریا دانوستاندن لە نێوان هێزە گەورەکانی جیهان وهێزە سەرەکیەکانی ناوخۆی سوریابەڕێوەدەچێت، و تورکیاش ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەریەکانی لە سوریا کەمدەبێتەوە. پێدەچێت خۆنزیککردنەوە لە ئەکتەرە سیاسیە کوردەکان بە تایبەتی عەبدولا ئۆجەلانیش بۆ ئەوە بێت کە تورکیا شوێنپێی خۆی لە سوریا بەهێز بکاتەوە. 


ئەگەر لە سوریا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر سیستمی فیدڕاڵی رێككه‌وتن، کاریگەری لە سەر تورکیاش دروست دەکات و پرسی کورد لە تورکیاش دەکرێت بەو شێوەیە چارەسەر بکرێت. ئەگەر لە سوریا لە نزیکترین کاتدا دەست بە چارەسەرییەکی لەو شێوەیە بکرێت، لە تورکیاش دانوستاندنەکان لە نێوان کورد و حکومەت دەستپێدەکاتەوە و ئەو دانیشتنانەی کە لە نێوان ئۆجالان وحکومەتیش دا کراوە، هەرچەندە بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە فەرمیش نەبووە، بەڵام پێدەچێت ئامادەکاری بۆ قۆناغی دیکەی چارەسەری هەم لە سوریا و هەم لە تورکیاش بێت.

ئایا کەجەکە باوەڕی بە حکومەت هەیە؟
دوای سەردانی پارێزەران بۆ ئیمراڵی و بڵاوکردنی پەیامی ئۆجالان، کەجەکە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی فشاره‌كانی توركیا كه‌مبێته‌وه‌، ئاکەپە ئەو بڕیارەی دا. ئامانجێکی دیکەی ئاکەپە ئەوەیە، لە هەڵبژاردنەکانی ئیستانبوڵدا سوود لە دەنگی کوردەکان وەربگرێت.
هەرچەندە کەجەکە لە لایەک پێشوازی لە هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان کرد، بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، دەردەکەوێ کە بڕوایان بە هیچ شێوەیەک بە حکومەت نەماوە و بە گۆمانەوە سەیری هەموو هەنگاوێکی حکومەتی داد و گەشەپێدان دەکات و گۆمانی ئەوەشیان هەیە، دوای هەڵبژاردنەکان، دیسانەوە ڕێ لە سەردانی پارێزەران بۆ ئیمراڵی بگیرێت. کەجەکە لەو بڕوایەدایە کە ئۆجالان بە تەنیا داوای کردووە مانگرتنەکان کۆتایی پێبێنن و لەم قۆناغەدا داوای هیچ شتێکی دیکەی نەکردووە بە تایبەتی کە ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە ئاشکرایی دەڵێت، با کەس چاوەرێی قۆناغێکی نوێ نەکات.

هەدەپە بۆ پرۆسەکە ئامادەیە
یەکێک لە لایەنە سەرەکیەکانی چارەسەری پرسی کوردیش پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یە،له‌ هەموو کاتێک وەک ناوبژیوانێک لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا دا بینراوە. 
هەدەپە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان و کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکان خۆشحاڵە و هیوای بە چارەسەری پرسەکەکە هەیە.
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە دوایین کۆبۆنەوەی لە گەڵ ئەندامانی پارتەکەی لە ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی تاکڕەوی هیچ شتێک چارەسەر نابێت. هەموو کیشەیەک پێویستی بە دانوستاندن و کەشێکی ئارام هەیە. پێویستە حکومەتیش بەو ئاڕاستەیەوە هەنگاو بنێ، چونکە هیچ ڕێگایەکی دیکە نیە. ئەگەر ئاکپارتیش لە سەر هەڵوێستەکانی بەردەوام بێت. ڕۆژ بە ڕۆژ هێزە دیموکراتخوازەکان لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و هێزە تاکرەوەکانیش لاواز دەبن. هەروەها هەڵوێستی پارتەکەشی لەم قۆناغەدا ئاشکرا کرد کە لایەنگری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتین و لەو پێناوەشدا ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.