ڕاپۆرتی کوردستانی

02:10 - 30/05/2019

پەیمانی ئەرزەڕۆم و دوورخستنەوەی خانەوادەی میرنشینەکان‌

پەیسەر

ڕووخاندنی میرنشینەکان ڕێکەوتن. ئەوەبوو لە ساڵی ١٨٤٨ کۆتایی بە میرنشینی بابان و میرنشینی هەکاری هێنرا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو میرنشینانەیان بۆ ئیستانبوڵ و میسر و یەمەن و هه‌ندێک دورگەی نزیک لە یۆنان دووخرانه‌وه‌ و بەو شێوەیە میرنشینە کوردەکانیان كۆتاییان پێهێنرا.

هه‌ندێك کەسایەتی ئەو میرنشینانە بە تایبەت میرنشینی هەکاری "بەدرخانیەکان" لە ئیستانبۆڵ و شام و میسر و ئەوروپا، لە ڕێگای خەباتی ڕۆژنامەگەری و زمانەوە، ناوبانگی خۆیان پاراست، بەڵام هەندێک کەسیش لە ئەندامانی ئەو میرنشینانە، لە ناو وڵاتانی دیکەدا توانەوە.

نەوە بەناوبانگەکانی خالید پاشای بابانی لە تورکیا
وەک لە مێژووی دامەزراندنی میرنشینی بابانیەکاندا هاتووە، خالید پاشا لە ساڵەکانی (١٧٣٣ – ١٧٤٢) دا میرنشینی بابان بووە، بەڵام لە دوای ئەوەوە کوڕەکانی نەیانتوانیووە، جێگای باوکیان بگرنەوە و سالم پاشای ئامۆزایان دەسه‌ڵاتی گرتۆتە دەست و لە ساڵی (١٧٤٢ – ١٧٥٤) میری ئەو میرنشینە بووە.

کوڕەکانی خالید پاشا هەرچەندە لە ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ دوور بوون، بەڵام لە ناو دەوڵەتی عوسمانیدا خاوەنی پێگەی خۆیان بوون و ژمارەیەکیان وەک والی چەند شارێک و کاربەدەستی چەند ناوچەیەک دیاریکران.

یەکێك لەو کەسانەش نەوەی خالید پاشایە کە ناوی عەباسە. عەباس بەگ کوڕی یەحیا پاشای کوڕی عەلی بەگی کوڕی خالید پاشای بابانە، کە کاربەدەستێکی دەوڵەتی عوسمانی بووە و دوای ڕووخاندنی میرنشینی بابان بۆ ئەستەنبۆڵ نەفیکراوە و دوای ڕووخاندنی دەوڵەتی عوسمانیش نەگەڕاوەتەوە شاری سلێمانی.

عەباس بەگ هەر لە تورکیا ژیانی هاوسەرگیری لە گەڵ ژنێک لە نەتەوەی چەرکەز بە ناوی سارا خانم پێکهێناوە. کوڕی نەبووە و بە تەنیا دوو کچێ هەبووە و هەتا کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمینیش ژیاوە.

دوو خوشکە بابانیە بەناوبانگەکەی تورکیا
دیجلەخان و نەسلیخان کچەکانی عەباس بەگی نەوەی خالید پاشای بابانن. ئەو دوو ژنە لە سەردەمە جیاوازەکاندا ناوبانگێکی زۆریان لە تورکیادا هەبووە و نەوەکانی ئێستای تورکیاش دەیانناسن.

نەسلیخان بابان کە کچە گەورە بووە لە ساڵی ١٩١٧ لە ئیستانبۆڵ لە دایک بووە. لە فەڕەنسا خوێندنی باڵای تەواو کردووە. لە گۆڤاری "ڕۆژهەڵاتی گەورە" کە بە تورکی چاپکراوە، کاری کردووە، ژمارەیەک پەرتووکیشی وەرگێراوەتە سەر زمانی تورکی و بەش بەش لەو گۆڤارەدا بڵاویکردوتەوە.

نەسلیخان لە ساڵی ١٩٤١ دا لە گەڵ نەجیب فازیڵ کساکورەک شاعیری بەناوبانگی تورکیادا هاوسەرگیری کردووە و پێنج مناڵیان هەیە.نەجیب فازیڵ کساکورەک لە هەمانکاتدا موریدی شێخ عەبدولحەکیمی نەقشبەندی کوردی شاری وانی باکوری کوردستان بووە.

نەسلیخان بابان، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە زۆر بە باشی وەسفی کراوە و چەند جارێکیش لە لایەن کاربەدەستانی ئەو کاتەی حکومەتی تورکیا، دادگاییکراوە و دوای ساڵی شەستەکان کار و چالاکی نەبووە و ناوبانگه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه‌ و لە ساڵی ١٩٩٤ دا کۆچی دوایی کردووە.

دیجلەخان بابانیش کچی بچووکی عەباس بەگە. لە ساڵی ١٩٣٤ لە شاری ئیستانبۆڵ لە دایکبووە. هەر لە مناڵیەوە لە بەشی موزیکی خوێندنگایەکی حکومیدا دەستی بە خوێندن کردووه‌، لە تەمەنی ١٦ ساڵیشەوە دەستی بە گۆرانیووتن کردووە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٠ لە ڕادیۆی شاری ئیستانبۆڵ گۆرانیەکانی پەخشکراون و تا ساڵی ١٩٦٠ بەردەوام بووە.

لە ساڵی ١٩٦٠ دا بەشداری لە فیلمێک بە ناوی "شوفێر"دا کردووە. وەک ئەکتەری سەرەکی و لاوەکی بەشداری زیاتر لە ٨٠ فیلمی سینەمایی دا کردووە و بە یەکەک لە هونەرمەندە هەرە کۆنەکانی سینەمای تورکیا دادەنرێت و بە هۆی سەرقاڵبوونی بە کاری سینەما و موزیکەوە ، ژیانی هاوسەرگیری پێک نەهێناوە.

دیجلەخان لە ساڵی ١٩٧٨ دا بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە تەمەنی ٤٤ ساڵی دا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆچی دوایی کرد.

کورتەیەک لە مێژووی بابانیەکان

میرنشینی بابان (١٦٤٩-١٨٥٠) لە بنەڕەتدا بە ناوی فەقێ ئەحمەدی بابانەوە دامەزراوە. لە ساڵەکانی ١٦٨٦ بەدواوە بەھێز بووە و دواییش دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. 

دەسەڵاتی میرنشینی بابان دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠ ساڵێک لەمەوبەر. ئەم میرنشینە دەکەوێتە ناوچەی سلێمانییەوە، لە باشووری میرنشینی سۆرانەوە و تاکوو بەشێکیش لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. لە ڕۆژئاواشەوە تەواوی ناوچەی کەرکووکی دەگرتەوە. بەشێکی ناوچەی شارەزوور لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی باباندا بوو. پایتەختی میرنشینی بابان قەڵاچوالان بوو.ئیبراھیم پاشا، بە ناوی سلێمان پاشاوە، لە ساڵی ١٧٨٤دا دەستی بە درووستکردنی شارێک کرد و ناوی سلێمانیی لێ نا و دواییش کرا بە پایتەختی میرنشینی بابان.

عوسمانی و ئێران بە پێی ڕێککەوتنی پەیمانی قەسری شیرین میرنشینی بابانیان لە ناو خۆیاندا بەش کرد. ئیتر لە دوای ئەوەش میرنشینی بابان جارێ دەکەوتە ژێر دەستی عوسمانی و جارێکی تریش ژێر دەستی ئێران.

لە سەردەمی میرعەبدولڕەحمان پاشادا جارێکی تریش میرنشینی بابان بەھێز بووەوە و سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند. عوسمانییەکان لە ساڵی ١٨٢٢دا بە لەشکرێکی زۆر بەھێز و لەژێر سەرکردایەتیی مامەد پاشا، ھێرشی بردە سەر سلێمانی کە پایتەختی میرنشینی بابان بوو و توانییان شاری سلێمانی بگرن.

مەحموود پاشا لە دوای مردنی باوکی بوو بە سەرۆکی میرنشینی بابان و تاکوو ساڵی ١٨٣٤ دەسەڵات بە دەستی ئەو بوو و دوای ئەویش دەسەڵاتی میرنشینی بابان تاکوو ساڵی ١٨٥١ بە دەستی سلێمان پاشا بوو.