ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:14 - 31/05/2019

راپرسییه‌كان; ئیستانبوڵ دەنگ بەپارتەكەی ئەردۆغان ناداتەوە‌

پەیسەر

سەرەڕای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاو پارتەكەی (پارتی دادوگەشەپێدان)ی دەسەڵاتدار، هەوڵێكی زۆریاندا، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەئیستانبوڵ ئەنجامبدرێتەوە، بەڵام ئەنجامی راپرسییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەوە دەردەخەن، ئەو شارە دەنگ بەو پارتەی سەرۆك كۆمار نادەنەوە.

ئەنجامەكان ئەوەش دەردەخەن، پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بەجیاوازی سێ خاڵ لەپێش پاڵێوراوەكەی پارتی دادوگەشەپێدانەوەیە، كە هەڵبژاردنەكە مانگی داهاتوو بەرێوەدەچێت.

لەئێستادا پارتی دادوگەشەپێدان (ئاكەپە) هەموو هەوڵێكی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردنەكە ئەنجامێكی جیاواز لەهەڵبژاردنی پێشوو بەدەستبهێنێت و  ئەكرەم ئیمان ئۆغڵو پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) سەركەوتن بەدەستنەهێنێت، كە هەڵبژاردنی پێشوو بەجیاوازییەكی كەم لە بینالی یەڵدرمی كاندیدی ئاكەپەی بردەوە.

دۆراندنی شارەوانی ئیستانبوڵ، بەگەورەترین شكست بۆ پارتی دەسەڵاتدار لە 16 ساڵی رابردوو ئەژماركرا، لەو كاتەوەی دەسەڵاتی لەتوركیا گرتووەتە دەست، بۆیە ئێستا نایەوێت هەمان ئەزموونی بەسەردا بێتەوە.

ئاكەپە بەتۆماركردنی چەندین سكاڵا وایكرد، كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا ئەنجامی هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ هەڵبوەشێنێتەوەو بڕیارە لە ٢٣ی حوزەیران جارێكی تر هەڵبژاردن بۆ شارەوانی ئەو شارە ئەنجامبدرێتەوە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكە، چەندین ناوەندو دەزگای تایبەت بەهەڵبژاردن چەند راپرسییەكیان ئەنجامداوە، كە ئەنجامەكان وەهان كاندیدەكەی ئاكەپە جارێكی تر بەرانبەر كاندیدەكەی جەهەپە دەدۆڕێتەوە.
 
لەو بارەشەوە ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێكی پارتی دادوگەشەپێدان بڵاویكردەوە، كە راپرسییەكانی پێشوو ئەوەیان دەرخستووە، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو بەجیاوازییەكی زۆر لەپێش پاڵێوراوی ئاكەپەوە دەبێت، بەڵام راپرسییەكانی ئەم دواییە، (كە لەلایەن پارتەكەیەوە ئەنجامدراوە) جیاوازییەكە بۆ سێ‌ خاڵ كەمبووەتەوە.

لەلایەكی ترەوە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو بەتوندی رووبەڕووی ئەو دەنگۆیانە بووەوەو بە "درۆ" ناوی بردن، بەوەی باوەڕ بەو راپرسیانە ناكات‌و دڵنیایە لەسەركەوتنی خۆی لەهەڵبژاردنی داهاتووش.
 
ئیمام ئۆغڵو باسی لەوەش كرد، پارتەكەی ئەردۆغان لەكاتی دەسەڵاتداری ئیستانبوڵ سامانێكی زۆری شارەكەی بەهەدەرداوە، بەڵام ئێمە دەبینە رێگر لەو بوارەو داوای لەخەڵكی كرد دەنگی پێبدەن.