ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:43 - 02/06/2019

چوار کۆمپانیای گەورە، ڕاپرسیەکانیان ئاشکرا کرد‌

پەیسەر

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە ژێر فشاری پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکەپە" و پارتی نەتەوەپەرستی گەل "مەهەپە"دا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری لە پارێزگای ئیستانبوڵ ڕەتکردەوە و بڕیاریدا لە ٢٣ی ئەم مانگەدا جارێکیتر لەو شارە هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە.

گۆڕانکاری بە سەر کاندیدانی "ئاکەپە" و "جەهەپە"دا نەهاتووە و ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کاندیدی جەهەپە و بیناڵی یڵدرمیش کاندیدی ئاکەپە و مەهەپە، پێشبڕکێ لە سەر بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکانی ئیستانبوڵ دەکەن.

دەنگدەری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"ش ڕۆڵێکی سەرەکییان لە یەکلاییکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکه‌دا ده‌بێت، "ئاکەپە" و "جەهەپە"ش بەجیا هەوڵی ڕازیکردنی "هەدەپە" و دەنگدەرە کوردەکان دەدەن لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ئیستانبوڵدا پشتگیرییان بکەن.

لەلایەکی تره‌وه‌ چوار کۆمپانیای گەورەی تورکیا، ئەنجامی ڕاپرسییەکانیان لەبارەی هەڵبژاردنه‌كه‌ی ئیستانبوڵه‌وه‌ بڵاوکردەوە، بە پێی ئه‌و چوار ڕاپرسییە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، کاندیدی "جەهەپە" لە بەرامبەر بیناڵی یڵدرم بە ڕێژەیەکی کەم لە پێشەوەیە.


کۆماپانیای کۆنسەنسوس
 هەزار و 40 کەس لە هاوڵاتیانی ئیستانبوڵ بەشدارییان لە ڕاپرسیەکەی کۆماپانیای کۆنسەنسوسدا کردووە. بە پێی ئەنجامه‌كانی ڕاپرسییەکە ٥٠.٢%ی بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکه‌دا دەنگ بە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ دەدەن، ٤٨.١%ی بەشداربووانیش پشتگیری خۆیان بۆ بیناڵی یڵدرم دەربڕیوە، ١.٧%ی بەشداربووانیش پشتگیرییان لە پارتەکانی تر کردووە.

به‌پێی ڕاپرسییه‌كه‌ی کۆنسەنسوس، دەرکەوتووە کاندیده‌كه‌ی "جەهەپە" ئیمامئۆغلۆ بە ١٣ هەزار و ٧٠٠ دەنگ لە پێش کاندیدی ئاکەپەوەیە و دەندەگانی یڵدرم لە نێوان ٤٨.١% و ٤٨.٣% دەبێت و ناتوانێت بە سەر ئیمامئۆغلۆدا سەربکەوێت.

کۆمپانیای ڕاوێژکاری ماک
له‌ ڕاپرسیەکەی کۆمپانیای ڕاوێژکاریی ماکیشدا به‌ هه‌مان شێوه‌ کاندیده‌كه‌ی "جەهەپە" لەپێش کاندیدی "ئاکەپە"یە.

له‌م ڕاپرسییه‌شدا ١١ هەزار کەس بەشدارییان کردووە و به‌پێی ئەنجامه‌كان ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ ٥٠.٣% و بینالی یڵدرم ٤٨.٢%ی دەنگەکانیان بە دەستهێناوە، بەو پێیەش ئیمامئۆغلۆ دەتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.


کۆمپانیای ئۆپتیمار
کۆمپانیای ئۆپتیماریش ئەنجامی ڕاپرسیەکی خۆی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ئاشکراکردووە و دەڵێت، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ ٥٢%ی دەنگەکان بە دەست ده‌هێنێت، لە نێوان هەردوو کاندیدەکەشدا جیاوازییەکی بەرچاو نابینرێت، بەڵام پێدەچێت کە کاندیدی "جەهەپە" بتوانێت جارێکی تر لە هەڵبژاردنەکه‌دا سەربکەوێت و پۆستی سەرۆکی شارەوانی پارێزگای ئیستانبوڵ بەدەست بهێنێت.

حلمی داشدەمیر، سەرۆکی کۆمپانیای ئۆپتیمار ڕایگەیاندووە، دەستیان بە ڕاپرسیەکی تر کردووە و چەند ڕۆژێك به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی هەڵبژاردنەکه‌ ئاشکرای دەکەن.


کۆمپانیای پییار
کۆمپانیاکە بۆچوونی هاوڵاتیانی ئیستانبوڵی لە بارەی خۆشەویستییان بۆ ئەو دوو کاندیدە وەرگرتووە، زۆرینەی ئەو کەسانەی بەشدارییان تێداكردووه‌ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، بە شیاو زانیوە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا کە لە ٣١ی ئازاری پێشوودا بەڕێوەچوو، لە شاری ئیستانبوڵ ٨ ملیۆن و ٨٦٦ هەزار و ٦٢٠ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ڕێژەیە ٨ ملیۆن و ٥٤٧ هەزار و ٩٤ کەس دەنگیاندا.

ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کاندیدی "جەهەپە" ٤ ملیۆن و ١٦٩ هەزار و ٧٦٥ دەنگی به‌ده‌ستهێنا و بیناڵی یڵدرم کاندیدی "ئاکەپە"ش ٤ ملیۆن و ١٥٦ هەزار و ٣٦ دەنگی بە دەستهێنا، بەڵام له‌سه‌ر تانه‌ی "ئاكه‌په‌" و "مه‌هه‌په‌" ئەنجامی هه‌لبژاردن له‌ پارێزگاكه‌دا ڕەتکرایەوە