04:38 - 06/12/2018
فالح فەیاز .. راگری هیلالی شێعی و نەهێشتنی كەمپی ئەشرەف
فالح فەیاز یەكێكە لە یاریكەرە سیاسیەكانی نێو گۆڕەپانی عێراق، ئەو تەنها ناوی لەناواندایە، ئەگینا ئەو كەسایەتیەكی پشتی پەردەیەو لەپشتی روداوەكان و راوەستانی كەسایەتیەكانەوەیە، بەكورتی دەكرێت پێی بگوترێت (بكەر نادیار)ی روداوە ئەمنیەكانی عێراقە.
كاتێك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو دەچێتە سەربازگەیەكی تایبەت بۆ بینین و پشكنینی فڕۆكە (f16)، فالح فەیازی لەتەنیشتەوەیە، كاتێكیش نوری مالیكی و هادی العامری(دوو سەركردەی حیزبی دەعوە) لەسەر گۆڕی (مونتەزەر مەحمەداوی) سەركردەی حەشدی شەعبی راوەستاوەن، فەیاز دووبارە لەتەنیشتیانەوە وەستاوە، عەبادی كاتێك بۆ چارەسەری كێشەی (داعش )لەپارێزگای ئەنبار لەگەڵ پارێزگارەكەی (صهیب الراوی) كۆدەبێتەوە فەیاز بێدەنگ و گوێ قوڵاخ لەتەنیشتیەوە دانیشتووە.
سەرەڕای نازناوە زۆرەكانی ئەو پیاوە (ئەندازیاری كارەبا، شێخی عەشیرە، موستەشار) بەڵام ئەو نازناوەكەی (راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی)یەكەی پێخۆشە كە پێی دەڵێن (حاجی)، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە تا ئەم دواییانە نازناوی حاجی لەنێو كایەی سیاسی عێراق دا تەنها لەیەك كەسی تر نراوە ئەویش (حاجی قاسمی سولەیەمانی) راوێژكاری سەربازی و سەركردەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەو پێدەچێت ئەوە بەشێك بێت لەو حەزەی كە پێی خۆش بێت پێی بگوترێت (حاجی). میدیاكان ئاماژەش بە نوری مالیكی دەكەن كە نازناوی (حاجی ) هەڵگرتووە بەڵام (پاشگر)ی (ئەبو ئیسرا)ی لەگەڵە و تەنها (حاجی)یەكە نیە، هەندێكی تر خۆشحاڵی خۆی بەو نازناوە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە ناوبراو (باكگراوند)ێكی ئیسلامیانەی هەیە .
فەیاز سەر بە عەشیرەتی (البوعامر)ە و لەبنەماڵەیەكی ئاینداری پارێزكاری شێعەیەو لەبەر ئەوەی هاوسنووری عەشیرەتە سونیەكانن تێكەڵاوی و لێك تێگەیشتنی زۆر لەنێوانیاندا هەیە، پێگەی عەشیرەتەكەی فەیاز دەكەوێتە نزیك بەغدادی پایتەخت لە باكووری رۆژهەڵات بەرەو پارێزگای دیالە كە هەمووی لە پێكهاتە سونیەكانی عێراقن و پەیوەندی باشیان لە گەڵ عەشیرەتی (البوعامر)هەیە.
فەیاز سەركردەی دیاری حیزبی دەعوەی ئیسلامیە و سەر بە (الاصلاح)یەكانە كە وەزیری دەرەوە(پێشوو) سەرۆكایەتی ئەو رەوتەی دەكرد، لە حكومەتەكەی نوری مالیكی دا بووەتە بە پلەی وەزیری بوەتە بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەویی، بەهۆی تواناو شارەزاییەكەیەوە بوەتە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق. دواتر تەیاری (العطاء).
فەیاز كەسێكی هێمن و لەسەر خۆیەو كەمتر حەز لە گۆڕانكاری و دەركەوتن دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا وەك دەڵێن سێ خەسڵەتی گەورەی پێكەوەدراو فەیاز لەوانی تر جیادەكاتەوە ئەوانیش بریتین لە (نهێنی پاراستن و نیهَینی كاركردن، عەشایەری و پارێزگاری لە بنەماكانی عەشایەری، پیشەگەری و شارەزا بوون لەو كارەی كەدەیكات). یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی كە لەبواری ئاسایشی دا لەگەڵی كار دەكات بەم شێوەیە باسی دەكات : فەیاز زۆر كەم قسە دەكات، لێدوانی رۆژنامەوانی زۆر كەمە، ئەو حەزی بەوەیە كارەكان بە بێ>ەنگی و نهێنی و دوور لەچاوی میدیاكان ئەنجام بدات، ئەمەش یارمەتیدەرێكی زۆر باشی بووە لە سەركەوتنەكانی دا.
لەبارەی تێوەگلانی زۆرینەی بەرپرسە عێراقیەكان لە گەندەڵی و كێشەی دارایی و بەتاڵان بردنی سامانی وڵات ، ئەو بەرپرسە ئەمنیە رایگەیاندووە لەبەر ئەوەی فەیاز لە بنەماڵەیەكی دەوڵەمەندن پێویستی بە پارەو لادانی پارە نیە، هەر ئەو بەرپرسە ئەمنیە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەم كەسایەتیە لەلایەن ئێرانی و عێراقی و تەنانەت خودی ئەمەریكیەكانیشەوە سەرنج لەسەر نیەو هەمووان پەسەندی دەكەن، لەبەر ئەوەی یەكێكە لەبەرپرسە باڵاكانی عێراق كە لەكاتی جەنگی دژی داعش دا بەردەم ئامادەگی هەبووەو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەپەویەندی بەردەوام دا بووە. بەپێی سەرچاوەكان لەكاتی خۆپیشاندانەكانی 2013 ی پارێزگاكانی رۆژئاوای عێراق ئەو داوی خۆڕاگری و هێوری لە نوری مالیكی كردووە بۆ ئەوەی نەكەوێتە هەڵەوە.
بە وتەی شارەزایانی ئەمنی لە عێراق، مەترسیدارترین دۆخ لە عێراق دا پەیوەندی بە سێ بابەتی گرنگەوە هەیە كەدەبێت چارەسەر بكرێن : یەكەم لاوازی و فشۆڵی ناوخۆیی حكومەتی داهاتووی عێراق. دووەم كێشەی تائیفی و جیاكاری نەتەوەییە لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق بەتایبەتی كێشەی نێوان بەغداد و حكومەتی هەرێمی كرودستان.سێیەمیش دەستێوەردانی دەرەكی لەكێشە ناوخۆییەكانی عێراق. بەتایبەتی لەبواری ئاودا كە سەرچاوە ئاویەكانی عێراق هەمووی لەوڵاتانی دراوسێوە هەڵدەقوڵێن و لەم بوارەشدا فەیاز شارەزایی زۆر باشی پەیدا كردووە..
فالح فەیاز لە ساڵی 1956 لە بەغداد لەدایك بووە ، ساڵی 1977 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری كارەبایی دا بەدەست هێناوە لە زانكۆی موسڵ ، لەكۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابوردودا پەیوەندی كردووە بە حیزبی دەعوەی ئیسلامی، ساڵی 1980 لە لایەن حیزبی بەعسەوە دەگیرێت و بڕیاری زیندانی هەمیشەیی بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام دوای پێنج ساڵ لە زیندانی ئەبو غرێب ئازاد دەكرێت.
لەبەر شارەزایی و توانای فەیاز لە لایەن حكومەتی عێراقییەوە كراوەتە بەرپرسی چەندین كەیسی گرنگی ئەمنی، لەوانەش:
1- پەیوەندیەكانی نێوان حكومەتی عێراق و وڵاتانی عەرەبی.
2- بەرپرسی پەیوەندیە نێو خۆییەكانی سەرجەم پێكهاتەو حیزبە عێراقیەكان.
3- بەرپرسی پرۆسەی دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی عێراقی بە چاولێگەریی (كارت ملی) ئێران.
4- سەرۆكی لیژنەی هاوبەش بۆ نەهێشتن و داخستنی (كەمپی ئەشرەف) ی سەر بە موجاهیدینی خەلقی ئێرانی لە پارێزگای دیالە .
5- لە زۆرینەی كۆڕو كۆبوونەوەكانی تایبەت بە عێراق بەشداری كردووە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان و وڵاتانی عەرەبی.
6- سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەی (حەشدی شەعبی) یە.
فەیاز پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ سەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیەو بەتایبەتی لەگەڵ عەلی شەمخانی (سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران) بە پێی سەرچاوەكان لە دیدارە تایبەتیەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە دەبێت عێراق و ئێران لە پەیوەندی هەمیشەیی دا بن بۆ ئەوەی پێكەوە روو بەڕووی نەیارو دوژمنە هاوبەشەكانیان ببنەوە.
شارەزایانی ئەمنی باس لەوە دەكەن فالح فەیاز لینكی پەیوەندی نێوان حكومەتی عێراقی و بەشار ئەسەد بووە، هەر بۆیە زۆرینەی بۆچوونەكان لەسەر ئەوەن كە فەیاز یەكێكە لەدرێژە پێدەرانی سیاسەتی ئێران و تۆخ كردنەوەی (هیلالی شێعی)، لەبەر ئەوە تەیاری سەدری و ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانی عێراقی و حیزبە سیاسیەكان لە عێراق نیگەرانن لەوەی كە ببێتە وەزیری ناوخۆ لە حكومەتەكەی (عادل عبدالمهدی)دا. بە پێی سەرچاوە میدیاییەكان حاجی قاسمی سولەیمانی رۆڵی سەرەكی هەیە لە پشتیوانی كردن و پێشنیاركردنی و داوای لە لایەنگرانی خۆی و عادل عبدالمهدی بە دانانی فەیاز وەك (وەزیری ناوخۆ)ی ئەو وڵاتە.