ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:58 - 03/06/2019

ئایا تورکیا بڕیاری خۆی داوە؟‌

پەیسەر

پرسی کڕینی سیستمی بەرگریی مووشەکیی "ئێس-٤٠٠"ی ڕووسی لە لایەن تورکیاوە، جارێکی تر بووەتە پرسی سەرەکی نێوان بەرپرسانی تورکیا و رووسیا و ئەمریکا. حکومەتی تورکیا هەوڵدەدات لە لایەک سیستمی "ئێس-٤٠٠" بکڕێت و لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا ڕازیبکات و لێی زویر نەبێت.

حکومەتی واشنتنیش هەڵوێستێکی توندی نیشانداوە و دەڵێت، پێویستە تورکیا بڕیاری خۆی بدات. یان ئێمە، یان ڕووسیا هەڵبژێرێت، بەو پێیەش ئەگەر تورکیا سیستمە مووشەکییەکەی ڕووسیا بکڕێت، فڕۆکەی پێشکەوتووی "ئێف-٣٥"ی ئەمریکی لە دەست دەدات و پێدەچێت داهاتووی لە سوریا و عێراق و ئەوروپاش بکەوێتە مەترسییەوە.

تورکیا لەوە دەترسێت، ئەگەر پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئەمریکا تێکبچێت، جیهان پشتگیریی تەواو لە خۆبەڕێوەبەرایەتی باکوری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بکات، کە وەک مەترسییەکی گەورە لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت.

هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە، هاوپەیمانی ناتۆ کارەکانی تورکیا هەڵپەسێرێت، کە ئەمەش کاریگەری لە سەر هاوکاری چەک و بازرگانی نێوان تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبێت.


لەلایەکی ترەوە ئەگەر تورکیا ڕێککەوتنی مووشەکیی "ئێس-٤٠٠" هەڵوەشێنێتەوە، ئەگەری هەیە ڕووسیا هەموو ڕێککەوتنەکانی لە گەڵدا هەڵوەشێنێتەوە. یەکێک لەو پەیمانانەش لەبارەی پارێزگای ئیدلب و عەفرین و هەرێمی شەهبای ڕۆژئاوای کوردستانە، کە لە کۆبوونەوەی سۆچی لە نێوان ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیادا ئیمزاکرابوو.

ئەمەش وادەکات، هێزەکانی ڕووسیا و هێزەکانی ڕژێمی سوریا ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە بەرامبەر گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دەستپێبکەن و کار لە سەر ئەوەش بکەن، تورکیا و گروپەکانی لە عەفرین و هەرێمی شەهبا دەرپەڕێنن، کە ئەوەش لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوای کوردستاندایە و دیسانەوە تورکیا بە مەترسی لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.

لە دوایین لێدوانیدا خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا، لە بارەی هەڵوێستی ئەمریکاوە وتی، دەبێت هەموو لایەک ئەوە باش بزانن، ڕێککەوتنەکە ئیمزاکراوە و کۆتایی پێهاتووە و ئەگەر ئەمریکاش لێمان دووربکەوێتەوە، خۆمان جیهانێکی تایبەت بە خۆمان دروست دەکەین.

حامی ئاکسۆی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاندووە، هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە دواخستنی وەرگرتنی (ئێس-٤٠٠) دەکەن لەلایەن تورکیاوە لەسەر خواستی ئەمریکا، دوورن لەراستییەوە و تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە کە لیژنەیەک لە سەر ئەو پرسە و پرسی ڕادەستکرندی فڕۆکەی "ئێف-٣٥" لە نێوان ئەوان و ئەمریکادا پێکبهێنرێت و لەو بڕوایەدان دەتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن.

دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کریملینیش لەبارەی ڕێککەوتنی (ئێس-٤٠٠) ئاماژەی بەوەکرد، ڕێککەوتن لە گەڵ تورکیادا کراوە. هەموو شتێکیش لە کات و بە پێی ئەو پلانەی کە داڕێژراوە، بەڕێوەدەچێت.

مۆرگان ئۆرتاگوس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش نیگەرانی وڵاتەکەی لەوبارەیەوە نیشاندا و ڕایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیادا باشتر بکات، بەڵام بە کڕینی سیستمی "ئێس-٤٠٠" پەیوەندییەکانیان تێکدەچن و ئەنجامێکی خراپ بە دوای خۆیدا دێنێت.

بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا، وڵاتەکەیان ١٧٥ ملیار دۆلاری لە پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەی "ئێف-٣٥" دا خەرجکردووە و تورکیا لەگەڵ (ئەمریکا، ئوسترالیا، بەریتانیا، دانیمارک، ئیتاڵیا، کەنەدا، هۆڵەندا، نەرویج) یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە پڕۆژەی دروستکردنی ئەو فڕۆکەیەدا بەشدارە و ئەگەر ئەمریکا لە سەر دەرکردنی تورکیا لەو پرۆژەیەدا سوور بێت، دەتوانێت داوای قەرەبوو بکات.

لە لایەکی ترەوە تورکیا هەوڵدەدات لە ئەگەری دەرکردنیدا لە پڕۆژەی "ئێف-٣٥" ئەلتەرناتیڤێک بدۆزێتەوە. باسی ئەوەش دەکرێت کە تورکیا و رووسیا چەند جار لە سەر کڕینی فڕۆکەی "سو-٥٧"ی ڕووسی وتووێژیان کردووە و پێدەچێت لە ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرەدا، ڕووسیا ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە تورکیا بفرۆشێت.

بە پێی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا و ڕووسیا، وادیارە حکومەتی تورکیا خۆی یەکلاییکردووەتەوە و بە پێی ڕێککەوتنەکەی نێوانیشیان بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە، سیستەمی مووشەکیی "ئێس-٤٠٠" بگاتە دەست تورکیا و تا ئێستاش دیار نییە ئەمریکا چ هەڵوێستێک نیشان دەدات.