ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:23 - 06/12/2018

ئەو ئایەتوڵڵایانەی کوڕەکانی خۆیان کوشت‌

پەیسەر

وادیارە ئایەتوڵڵاکانی ئێران لە سیاسەتدا زۆر بێ بەزەیین، تەنانەت بەزەییان بە منداڵەکانی خۆشیان نایەت، بەر لە سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ بەڵێنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەرییان بە خەڵكی ئێران دا، تەنانەت ئەیانوت مارکسی و شیوعییەکانیش لە حکومەتی ئیسلامیدا ئازادن، بەڵام هەر لە یەکەم رۆژەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە دەستیانکرد بە سڕینەوە و لەناوبردنی نەیارەکانیان.

 

سەرەتا لە لایەنگرانی رژێمی پاشایەتییەوە دەستیان پێکرد، بە سەدان کەسیان لێ دەستگیرکردن و لە دادگای چەند خولەکیدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندن، دواتر دەستیانکرد بە سەرکوتکردنی هێزە کوردییەکان، حەوت مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕش بە فەرمانی ئایەتوڵڵا خومەینی هێرش کرایە سەر کوردستان، جگە لەو کەسانەی لە شەڕەکاندا کوژران، بە بڕیاری سادق خەڵخاڵی سەدان هاوڵاتیی بە بەبێ بڕیاری دادگا لەسێدارەدران، دواتر دەستیانکرد بە سەرکوتی هێزە چەپەکان، بەسەدان کەس لە ئەندامانی هێزە چەپەکانیش لەسێدارەدران.

 

لە دوای چەپەکان سەرکوتکردنی هێزە ئیسلامییە نەیارەکان دەستی پێکرد، ئەبولحەسەنی بەنی سەدر یەکەمین سەرۆک کۆماری ئێران کەسێکی ئیسلامی بوو بەڵام دوای ساڵێک لەگەڵ ئایەتوڵڵا خومەینی ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە، متمانەی لێ سەندرایەوە و رایکرد بۆ دەرەوەی وڵات، لایەنگرەکانیشی لەناوخۆی وڵات سەرکوتکران، موجاهیدینی خەلقی ئێرانیش رێکخراوێکی ئیسلامی بوو، بەڵام خوێندنەوەیەکی جیاوازی لە ئیسلام هەبوو، ئەم رێکخراوەیە لەڕووی رێکخستن و جەماوەرەوە بەهێزبوو، دوای دوو ساڵ لە سەرکەوتنی شۆڕش پرۆسەی لەناوبردنی ئەم رێکخراوەیەش دەستی پێکرد، بە درێژایی هەشتاکان هەزاران ئەندامیان دەستگیرکران و لەسێدارەدران.

 

بەشێک لە منداڵانی ئایەتوڵا بەناوبانگەکانی ئێران ئەندام و لایەنگری موجاهیدینی خەلق و هێزە چەپەکان بوون، ئەوانیش بێ بەزەییانە لەسێدارەدران، تەنانەت هەندێکیان بە بڕیاری باوکیان لەسێدارەدران یان باوکیان بە دەستگیرکردنی داون.

 ئایەتوڵڵا محەمەدی گەیلانی

لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش بووە سەرۆکی گشتیی دادگاکانی شۆڕشی ئێران، سێ کوڕی ئەندامی رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران بوون، یەکێک لە کوڕەکانی لە شەڕێکدا لەنێوان سوپای پاسداران و هێزەکانی موجاهیدینی خەلقی ئێران کوژراوە، دوو کوڕەکەی دیکەشی لە حوزەیرانی ١٩٨١ لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندامی دیکەی موجاهیدین دەستگیرکران، ئایەتوڵڵا محەمەدی گەیلانی بۆ خۆی کە سەرۆکی دادگاکانی شۆڕش بوو بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هەر دوو کوڕەکەی دەرکرد و لەسێدارەدران، بەهۆی ئەم هەڵوێستەیەوە لەناو بەرپرسانی ئێراندا کەسێکی ڕێزلێگیراو بوو.

 ئایەتوڵڵا ئەحمەدی جەننەتی


لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێرانەوە بە یەکێک لە بەهێزترین و دەستڕۆیشتووترین ئایەتوڵڵاکانی ئێران دادەنرێت، ساڵی ١٩٨٠ بە بڕیاری ئایەتوڵڵا خومەینی  دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی چاودێری دەستور و ماوەی ٢٦ ساڵیشە سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە، ماوەی دوو ساڵیشە سەرۆکی ئەنجومەنی خیبرەکانی کۆماری ئیسلامییە کە ئەرکی ئەنجومەنەکە هەڵبژاردنی رێبەری ئێرانە، ٩٢ ساڵی تەمەنە و لە باوەڕپێکراوترین کەسە نزیکەکانی خامنەییە و یەکێک لە کوڕەکانیشی بە ناوی عەلی جەننەتی ماوەی شەش ساڵە وەزیری رۆشنبیری ئێرانە.

یەکێک لە کوڕەکانی ئایەتوڵڵا جەننەتی ناوی حسێن جەننەتی بوو، بەر لە شۆڕش بە تۆمەتی ئەندامێتی رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران چەند ساڵێک لە زینداندا بوو، لە دوای شۆڕشیش یەکێک لە کەسە ناسراوەکانی موجاهیدین بوو، کاتێک پەیوەندییەکانی موجاهیدین و کۆماری ئیسلامی تێکچوو، حسێن جەننەتی پشتگیری لە شەڕی چەکداریی موجاهیدینی خەڵقی لە دژی کۆماری ئیسلامی کرد.

ئایەتوڵڵا جەننەتی نەزری کردبوو ئەگەر کوڕەکەی بکوژرێت یان دەستگیر بکرێت و لە سێدارەبدرێت بۆ ماوەی چل رۆژ بەڕۆژووبێت.

پاییزی ١٩٨١ لە شەڕێکدا حسێن کوژرا، عەلی جەننەتی کوڕی ئایەتوڵڵا جەننەتی لەمبارەیەوە دەڵێت باوکی بۆ ساتێکیش بۆ کوژرانی کوڕەکەی دڵگران نەبووە، دەشڵێت تا ئێستا نازانین گۆڕەکەی لە کوێیە و هەرگیزیش نەمانویستووە بزانین لە کوێ بە خاک سپێردراوە.

غولامڕەزا حەسەنی

بە ڕەگەز تورکێکی ئازەری بوو و خەڵکی ورمێ بوو، نوێنەری خومەینی و خامنەیی بوو لە پارێزگای ورمێ، بۆ زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەهێزترین و بە دەسەڵاتترین کەسی پارێزگاکەی بوو، ئەندامی یەکەم خولی پەرلەمانی ئێران بوو،  وتاربێژی نوێژی هەینی ورمێ بوو کە بە قسە توندەکانی لە دژی نەیارانی کۆماری ئیسلامی ناسرابوو، ساڵی ١٩٧٩ ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە سەرهەڵدانی شەڕی نێوان دوو پێکهاتەی کورد و ئازەری لە شاری نەغەدە کە بە دەیان هاوڵاتی مەدەنی کورد کوژران و بە هەزاران کەسیش ئاوارەبوون، بە وتەی هەژار موکریانی لە ساڵی ١٩٧٩دا بۆ دووبەرەکی نانەوە لەناو کورددا دەستی هەبووە لە هەڵدانەوەی گۆڕەکەی مەلا مستەفا بارزانی لە شنۆ کە پارتی لەو کاتەدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی پێ تۆمەتبارکرد و بووەهۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی سێ ساڵە لەنێوان پارتی و حیزبی دیموکراتدا.

کوڕێکی غولامڕەزا حەسەنی بە ناوی ڕەشید حەسەنی بیروباوەڕی مارکسی هەبوو و ئەندامی رێکخراوی فیداییەکانی گەلی ئێران بوو، لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩، یەکێک لە کەسە دیار و ناسراوەکانی رێکخراوی فیداییەکان بوو و سەرۆکی لقی پارێزگای ورمێی رێکخراوەکەشی بوو.

غوڵامڕەزا حەسەنی خۆی دەڵێت قسەی لەگەڵ کوڕەکەی کردوە واز لە بیروباوەڕی مارکسی بهێنێت بەڵام بە قسەی نەکردووە، هەربۆیە رۆژێک شوێنپێی کوڕەکەی خۆی هەڵدەگرێت و شوێنی خۆحەشاردانەکەی دەبینێتەوە، هێزە ئەمنییەکان رادەسپێرێت دەستگیری بکەن و ئەگەریش بەرگری کرد ئەوا بیکوژن، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان دەستگیریان کرد، بە بڕیاری باوکی دەنێردرێتە تەورێز بۆ ئەوەی لەلایەن دادگای شۆڕشەوە سزا بدرێت، دادگای شۆرشیش بەپەلە لەسێدارەیاندا.

حەسەنی خۆی دەڵێت هەرگیز پەشیمان نەبووە لەوەی کوڕەکەی دەستگیرکردەوە و رادەستی دادگای شۆڕشی کردوە، چونکە هەست بەوە دەکات کە ئەرکی ئایینی و نیشتمانی خۆی بەجێهێناوە.

ئایەتوڵلا عەلی مشکینی


سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی خیبرەکانی ئێران بوو، دوای ئەوەی سێ کوڕی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تاوانی ئەندامێتی لە موجاهیدینی خەلق دەستگیر کران لە راگەیەنراوێکدا سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد و داوایکرد سزا بدرێن، کوڕەکانی دواتر لە سێدارەدران.

جگە لەم حاڵەتانە، نمونەی دیکەی ئەو ئایەتوڵلایانەش هەن کە خۆیان لەسەرەتاوە لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بوون بەڵام بەهۆی بیروبۆچوونی جیاوازی سیاسی کوڕەکانیانەوە بوونەتە قوربانی لەوانە ئایەتوڵلا حەسەنی لاهوتی ئەشکەوەری.

حەسەن لاهوتی لە پاریسەوە لەگەڵ خومەینی گەڕایەوە بۆ ئێران، لەو وێنەیەدا دەبینرێت کە خومەینی لە فرۆکەکە دادەبەزێت، دوو لە کوڕەکانی زاوای هاشمی رەفسەنجانین، هەر ئەویش بوو کە فەرمانی دامەزراندنی سوپای پاسدارانی لە خومەینی وەرگرت.

دوای ئەوەی ناکۆکی کەوتە نیوان بەنی سەدر و خومەینییەوە، پشتگیری لە بەنی سەدر کرد و لەگەڵ حیزبی کۆماری ئیسلامی کە خامنەیی و رەفسەنجانی و بەهەشتی سەرکردایەتیان دەکرد ناکۆکی قوڵی هەبوو، یەکێک لە کوڕەکانیشی بە ناوی وەحید لاهوتی ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی موجاهیدینی خەلق بوو، لە ئۆکتۆبەری ١٩٨١ هێزە ئەمنییەکان کوڕەکەیان دەستگیرکرد و بردیانە بینای پلاسکۆی تاران و لەوێ کوشتیان، دوو رۆژ دواتر هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئایەتوڵڵا لاهوتی و ئەویشیان دەستگیرکرد، چەند کاتژمێرێک دوای دەستگیرکردنەکەی ژارخواردیان کرد  و کوشتیان، بەڵام هەواڵەکەیان وا بڵاوکردەوە کە بە جەڵدەی دڵ مردوە.

فاتیمە رەفسەنجانی کچی رەفسەنجانی و بوکی ئایەتوڵڵا حەسەنی لاهوتی دەڵێت، لە دوای کوژرانی حەسەن لاهوتی، رەفسەنجانی داوای لە کچەکانی و زاواکانی واتە سەعید و حەمیدی لاهوتی کردوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بەدوای دۆسیەی کوژرانی باوکیان نەکەون و بێدەنگی لێ بکەن، بەڵام دوای ٢٥ ساڵ کچەکانی رەفسەنجانی و کوڕەکانی لاهوتی لەڕێی پزیشکی دادەوە دڵنیابوونەوە کە ئایەتوڵڵا لاهوتی ژارخوارد کراوە.

حوجەتولئیسلام عەلی گوڵزادەی غەفوری


لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی خیبرەکانی ئێران و خولی یەکەمی پەرلەمانیش ئەندامی پەرلەمان بوو، ساڵی ١٩٨١ لە ماوەی دوو هەفتەدا دوو کوڕی بە ناوەکانی محەمەد سادق و محەمەد کازم بە تاوانی ئەندامێتی لە رێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە سێدارەدران، دوای ئەو رووداوە بۆ ماوەیەک لە پەرلەمان مانی گرت و دواتر وازی لە ئەندامێتی پەرلەمان هێنا و بۆ هەمیشەش جلی مەلایەتی فڕێدا، حەوت ساڵ دواتر کچێکی بە ناوی مریەم و زاواکەشی لەسێدارەدران.

یەکێک لەو کەسانەی کە رزگاری بوو حسێن خومەینی کوڕەزای خومەینی بوو، حسێن لە سەردەمی شۆڕشی ئێراندا گەنج بوو و لە ڕووی سیاسییەوە پێچەوانەی باپیری بیری دەکردەوە و لایەنگری ئەبولحەسەنی بەنی سەدر بوو، لە لوتکەی ناکۆکییەکانی نێوان خومەینی و بەنی سەدردا، حسێن خومەینی لە مەشهەد لە وتارێک بە توندی داکۆکی لە بەنی سەدر کرد، کاتێک خومەینی ئاگادار دەکرێتەوە بڕیار دەدا بە دەستگیرکراوی بیگەڕێننەوە بۆ تاران، وتبووشی ئەگەر چەکی پێ بوو تەقەی لێ بکەن.

دوای دەستگیرکرانی ، بە بڕیاری خودی ئایەتوڵڵا خومەینی هەر چەشنە چالاکییەکی سیاسیی لێ قەدەغە دەکرێت، حسێن خومەینی دوای چەندین ساڵ بێدەنگی لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی محەمەد خاتەمی لە دەرفەتێکدا ڕایکرد بۆ دەرەوەی وڵات و لە چاوپێکەوتنێکدا وتبووی هەر لە سەرەتاوە سەبارەت بە سیستمی سیاسیی و پرسی ویلایەتی فەقیهه دژی بیروبۆچوونەکانی باپیری بووە و باوەڕی بە کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٦دا گەڕایەوە بۆ ئێران و ئێستا کەسێکی بێ دەنگ و بێ هەڵوێستە.