ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:32 - 06/06/2019

ئایا ئەمریکا داواکەی تورکیا قبوڵدەکات؟‌

پەیسەر

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا هێزەکانی لە سوریا بکێشێتەوە،تورکیا داوایکرد هەرێمێکی دژه‌فڕین لە باکوری سوریا، واتەڕۆژئاوای کوردستان، دروست بکرێت.

ئەو هەرێمە دژەفڕینەی تورکیا باسی دەکات، لە سنوری باکووری کوردستانەوە٣٢ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان ده‌گرێته‌وه‌ و درێژییەکەشی ٤٦٠ کیلۆمەترە.
تورکیا هەوڵدەدات تەنها خۆی هەرێمی دژەفڕین بەڕێوەببات، حکومەتی تورکیا دەڵێت، ئامانجی دووبارەکردنه‌وه‌ی ئەزموونی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری فوراته‌ لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباره‌كه‌، به‌ واتایه‌كی تر، دەیەوێت بەو شێوەیە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لەناوببات.


جێمس جێفری نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، لەبارەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ دروستکردنی هەرێمێکی دژەفڕین لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، تورکیا یەکینەکانی پاراستی گەل (یەپەگە) وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەبینێت و دەیەوێت هەرێمێکی دژەفڕین و ئارام لە ناوچەکه‌دا دروست ببێت بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت. وتیشی، لە مانگی تەمموزدا ترەمپ سەردانی تورکیا دەکات و پێشبینی دەکرێت بەرپرسانی تورکیا لەبارەی دروستکردنی هەرێمی دژەفڕین له‌باكووری سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ بکەن.

واشنتن و ئەنقەرە لەبارەی دروستکردنی هەرێمێکی دژەفڕین لە باکووری سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) کۆکن، بەڵام لە سەر چۆنیەتی دروستکردنی ئەو هەرێمە تا ئێستا ڕێكنەکەوتوون.

ئەمریکا دەیەوێت هەرێمی دژەفڕین لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی هاوپەیماناندا بێت، تورکیاش هەوڵدەدات ئەمریکا ڕازیبکات و خۆی هەرێمی دژەفڕین دروست بکات.
حکومەتە خۆجێیەکەی ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هەموو شێوەیەک دروستکردنی هەرێمی دژەفڕین لە لایەن تورکیاوە ڕەتدەکاتەوە، بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستانیش دەڵێن، تورکیا هەوڵ دەدات بەو ڕێگایە، ڕێ لە خۆسەریی ڕۆژئاوای کوردستان بگرێت.

نەبوونی متمانه‌ لە نێوان هیزە جیهانی و هەرێمییەکاندا، بە تایبەتی لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا، کە تورکیا لایەنێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی ئه‌ستانایە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران و رووسیا دا هەیە، ڕێگرییەکی گەورەیە لەبەردەم تورکیادا کە بتوانێت هەرێمی دژەفڕین کۆنترۆڵبکات. هەرچەندە تورکیا باس لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات و خۆی وا نیشاندەدات کە ئارامی سوریای دەوێت، بەڵام دەستوەردانەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕی سوریا ئاڵۆزتر دەکات، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا نییە.

ئەزموونی تورکیا لە سوریا بە تایبەتی لە عەفرین و هەرێمی شەهبای ڕۆژئاوای کوردستان، سەلماندی کە تورکیا هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەدا ڕاناگرێت. بەپێی بەڵگەکان، تورکیا دەستی بە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە کردووە و هاوپەیمانەکانی تورکیاش لەو ناوچانە، گروپە توندڕەوەکان و گروپه‌ ئیخوانییەکانن، کە ڕاستەوخۆ بوونی ئەمریکا لە سوریا ڕەتدەکەنەوە، ئەمەش بەو واتایه‌دێت كه‌ بڵاوکردنەوەی ئەو گروپه‌ چەکدارانە لە باکوری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش دەخەنە مەترسیەوە و لە سوریا جێپێی ئەمریکا لەق دەبێت. ئەمەش هۆکارێکیترە کە واده‌ككات هەرێمی دژەفڕین لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادا، لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە.

بارودۆخی تورکیا لە ئیدلب و دەوروبەریشی باش نییە و جارێکی تر لەو ناوچانە شەڕ لە نێوان گروپه‌ چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و رووسیا و ڕژێمی سوریادا دروست بووە.

سوریا هەوڵدەدات ته‌واوی خاکی سوریا بخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، رووسیاش بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لێدەکات. ئەگەر ئیدلبیش بە تەواوی لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە کۆنترۆڵبکرێتەوە، گروپه‌ چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بە ناچاری هەموویان لە عەفرین و هەرێمی شەهبا، کە لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە، کۆدەبنەوە. لەبەرئەوە وادەردەکەوێت تورکیا هەوڵبدات بە بییانووی دروستکردنی هەرێمی دژەفڕین یان هەرێمێکی ئارام، ئەو گروپانە بپارێزێت و لەو هەرێمەدا نیشتەجێیان بکات و لە لەناوچوون بیانپارێزێت. ئەمەش هۆکارێکیترە کە نەک ئەمریکا و کورد، بەڵکو ڕژێمی سوریا و رووسیاش پێشوازی لە داواکەی تورکیا بۆ دروستکردنی ئه‌و هه‌رێمه‌ نەکەن.

لە لایەکی دیکەوە بە پێی هەندێک سەرچاوەی هەواڵی ئەمریکا، چەند جارێک بە جیا لەبارەی ڕەوشی سوریا، بە تایبەتی ڕەوشی ئیدلب، لە گەڵ رووسیا کۆبووه‌تەوە و هەوڵێک هەیە کە ڕێگه‌چاره‌یه‌كی ئاشتییانه‌ بۆ ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا بوونی هێزەکانی ئێران ڕەتکراوەتەوە و باسیش لە ڕۆڵی تورکیا لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا نەکراوە، ئەمەش نیشانەیەکیترە کە پێناچێت داوای تورکیا بۆ دروستکردنی هەرێمی دژەفڕین لە ڕۆژئاوای کوردستان و کۆنترۆڵکردنی قبوڵ بکرێت.